"گەنجانی پەلکەزێڕینە بەنزیکەیی پێنج جار زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت بەبەراورد بە جیاڕەگەزخوازان"، ئەمە بەگوێرەی ترێڤەر پڕۆجێکت کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی ئەمەریکییە کار دەکات لەسەر ڕێگرتن لە خۆکوشتن لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەدا.
خۆکوشتن هۆکارێکی گەورەی مردنی کەنجانە. بەگوێرەی داتای ترێڤەر پڕۆجێکت، گەنجانی پەلکەزێڕینە کە لەخێزانی قبوڵنەکار و پەسەندنەکارەوە دێن ٨.٤ جار ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت. ئەو ڕقەی کە لە ئەندامی خێزانەوە دێت دیارە گرانترین شتە کە ڕووبەڕووی عێراقییانی کویر دەبێتەوە و بەبێ هیچ هاوکارییەک لە حکومەتەوە فشارەکە ئەوەندەی تر گران دەبێت. زۆرێك لە ئێمە هاوڕێ یان خێزانی پەلکەزێڕینەمان هەیە کە دەناڵێنن. گوێمان لێدەبێت چەندێک دەیانەوێت هەڵبێن بۆ وڵاتێکی تر کە تیایدا هەست بە ئارامی بکەن و بتوانن بە ئاشکرایی و کراوەیی بژین، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوژینی ڕۆحیان بکەن، منداڵ بەخێوبکەن، یاخود تەنها لە کوژران بەدووربن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ئێمە هاوڕێمان لەدەستداوە کە هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە هەستبکەن بینراون و گوێیان لێگیراوە. ئەو هاوڕێیانەمان ژیانی خۆیان کۆتایی پێهێنا وەک کاردانەوەیەک بۆ گێچەڵ و هەراسانکردن، هۆمۆفۆبیا، خراپ مامەڵەکردن، دەسترێژی و خەمۆکی. خۆکوشتن گاڵتە و گەپ نییە، وە ئەو کەسانەی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە شێت یاخود لاواز نین. کەسانی پەلکەزێڕینە لە زۆرترین مەترسی خۆکوشتندا دەبن کاتێک خێزان و هاوڕێکانییان بە ئاڕاستەی سێکسییان دەزانن. کاتێک خێزانێک دەزانن کچەکەیان یاخود کوڕەکەیان کویرە، هاوسەرگیری زۆرەملێ شتێکە کە خێزانەکە وەک چارەسەرێک دەیبینن لەکاتێکدا هەندێک خێزانی تر کوشتنی شەرەف هەڵدەبژێرن ئەگەر مێ بێت، یان وازلێهێنان و حاشالێکردن ئەگەر نێر بێت. یەکێک لە چەندین مردنی بەئازار مردنی کچێکی گەنجە کە ناوی تارا بوو. تارا قوربانی ڕق و هۆمۆفۆبیا بوو کە وای لێکرد کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت لە تەمەنی تەنها ٢٠ ساڵیدا. ئەمڕۆ، کەوسەر کە هاوڕێی نزیکی تارا بوو، باسی چیرۆکی تارامان بۆ دەکات و دەڵێت "تارا تەنها خوێنکارێکی کۆلێژ بوو کاتێک ژیانی هەڵگەڕایەوە. ئەو خوێنکاری ئەندازیاری بوو وە ئامانجی ئەوە بوو ببێت بە ئەندازیارێکی سەرکەوتوو. ئەگەر ئەو لەژیانا مابا، ئێستە تەمەنی ٢٤ ساڵ دەبوو. تارا ئاژەڵانی خۆشدەویست، بەتایبەتی باڵندە، وە ڕەنگە دڵخوازەکانی سەوز و مارۆنی بوون. ئەو حەزی لە گۆرانی وتن و کتێب خوێندنەوە بوو وە چەندین ئامانج و گۆڵی گەورەی هەبوو کە دەیویست بەدییان بهێنێت. تارا هاوڕەگەزخواز بوو وە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵ کیژێکدا و یەکترییان خۆشدەویست. دوو کیژەکە بڕیاریان دابوو کە عێراق بەجێبهێڵن و پلانی هەموو شتێکیان دانابوو. لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتبوون لەوانەش چۆنییەتی ڕۆیشتن لە عێراق، ئەو شوێنەی بۆی بچن، وە کەی بڕۆن. بەڵام بەداخەوە، شتەکان وا بەباشی نەڕۆشتن. تارا ئامۆزایەکی هەبوو کە چەند جارێک داوای کردبوو بۆ هاوسەرگیری بەڵام تارا ڕەتی دەکردەوە. ئامۆزاکە دەیزانی کەسێک هەیە لە ژیانی تارادا، بەڵام نەیدەزانی ئەو کەسە کچە. لە کاتێکدا تارا سەرقاڵی پلاندانان و ژیانی ڕۆژانەی بوو، ئامۆزاکەی بەباشی زانی کە مۆبایلەکەی تارا هاک بکات، هەموو نامەو پەیامەکانی بخوێنێتەوە، وە هەموو وێنەکانی خۆی و خۆشەویستەکەی ببینێت، پاشان هەموو شتەکان نیشانی خێزانی تارا بدات و داوای تارا بکاتەوە دووبارە. وای زانی کە ئەمە وای لێدەکات نەتوانێت ئەم جارە ڕەتی بکاتەوە. ئامۆزا شەڕەنگێزەکە ئەوەی دەستکەوت کە دەیویست. مۆبایلەکەی تارای هاک کرد، وە بەڵێ تارا لەگەڵ کەسێکدا بوو، بەڵام کەسەکە کوڕ نەبوو وەک ئەوەی ئامۆزاکە چاوەڕوانی دەکرد. ئەو بەبێ هیچ دوودڵییەک هەموو شتەکانی نیشانی دایک و باوکی تارا دا کە ئەوانیش لە تارایان دا و بیرییان لە کوشتنی کردەوە. بەڵام ئامۆزاکەی ویستی پلانەکەی خۆی سەربخات، بۆیە دووبارە داوای هاوسەرگیری لێکردەوە و خێزانەکەی دوودڵ نەبوون لەسەر ئەوەی بە زۆر تارا بە شوو بدەن ئەم جارەیان. پاش ماوەیەک لە مامەڵەی خراپ و دەمەقاڵێ، تارا بوو بە دەستگیرانی کوڕەکە. خێزانەکە دڵنیابوون لەوەی تارا ڕانەکات یان داوای یارمەتی لە کەسێک بکات. بۆیە ئەوان مۆبایلەکەیان لێسەند و لەماڵ بەندییان کرد. تارا نەیدەتوانی داوای یارمەتی لە کەس بکات و کچەهاوڕێکەشی نەیدەتوانی بۆیە ئەوەی تووانیان بیکەن تەنها چاوەڕوانی و هیوا خواستن بوو بۆ دەزینەوەی ڕێگەچارەیەک. وادیارە کە تارا بیرۆکەی تری هەبووە لە مێشکیدا جگەلە بیرکردنەوە لە جێهێشتنی ماڵ. وادیارە کە بیرۆکی مردن ئارامی پێبەخشیوە. چەند ڕۆژێک پێش ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی، تارا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. وەک هەر وا، تارا نەما! تەنانەت منیش بەوەم نەزانی هەتا خوشکەکەی پێی وتم. تەنها ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە تارا مردنی بەلاوە خۆشتربوو لەوەی پیاوێک دەستی لێبدات. بیرم دێت لە دوواین ڕۆژەکانیدا، کاتێک قسەمان دەکرد، تارا کۆمەڵێک شتی دەووت وەک ئەوەی چەندە منی خۆشدەوێت وە کە چەند شانازی بە ناسینی منەوە دەکات. ئەو پێی دەوتم کە هیچ شتێک دەربارەی من هەڵە یان چەوت نییە و داوای لێدەکردم بەهێزبم و نەهێڵم کۆمەڵگا بمڕوخێنێت. هەروەها باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو چەند هیلاک و ماندووە. بەداخەوە، لە کاتی تارادا هیچ ڕێکخراوێک لەناو وڵاتەکەدا نەبوو کە تارا خۆی یاخود کچە هاوڕێکەی داوای یارمەتییان لێبکات و هیچ کەسێکی تر نەبوو لایەنی ئەوان بگرێت. لەڕاستیدا هیوایەکی زۆر نەبوو بۆ ئەو دووانە، چونکە ئەگەر هەبووایە ئەو مردنی هەڵنەدەبژارد. من هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ئۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت بۆیە بیستنی هەواڵی مردنی تارا زۆر ئازاربەخش بوو. تا ئەم ڕۆژەش لەو هەواڵ و تاسەیە چاک نەبوومەتەوە. وە بێزارکەرترین شت ئەوەیە کە لەم هەموو ساڵەدا، چیرۆکی تارام بۆ کەس نەگێڕاوەتەوە چونکە منیش خێزانێکم نییە خۆشی بوێم ئەگەر بزانن من هاوڕەگەزخوازم. دەبوو چیرۆکی ئەو وەک نهێنییەک بهێڵمەوە چونکە ئەگەر بۆ خەڵکی باس کەم ئەوا دەڵێت کە ئەو شایەنی ئەوە کە بەسەری هاتووە یان کە تارا کەسێکی خراپ و کچێکی خراپ بووە. بۆیە دەبوو ئەو هەموو خەم و توڕەییە لەناخما هەڵبگرم و لەژیان بەردەوامبم وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت. تا ئەمڕۆش، نازام چۆن توانیم خۆم دەربێنم لەو قۆناغە تۆقێنەرە. تەنها ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بەڕاستی کاتێکی زۆر دژوار بوو بۆم. هیوای من ئەوەیە کە هیچ کەسێک بەوەدا تێنەپەڕێت کە تارا پێیدا تێپەڕی وە ئەوەمان لەیادبێت کە هەموومان رۆژێک دەمرین بۆیە با پەلەی لێنەکەین. ڕۆحی ئەو لە ئارامیدایە ئێستا و دڵنیام ئێستا لە شوێنێکی باشترە." وەک کەسێکی کویر کە لە وڵاتێکی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەژی، لەیادت بێت کە هەموو ڕوژێک تۆ بە جەنگێکدا تێدەپەڕیت وە لەبەر ئەوە تۆ پاڵەوان و براوەیت بە مانەوە لە ژیاندا. بزانە کە تۆ بەتەنیا ڕاناوەستیت و وە کە ژیانت دەکرێت بگۆڕێت و بەرەو باشتر بڕوات. ئەگەر کەسێکیت کە بە دەست بیرۆکەی خۆکوژییەوە دەناڵێنیت و پێویستت بە کەسێکە قسەی لەگەڵ بکەیت، پەیوەندی بکە بە ئیمەیڵی : hello@irarqueer.org ئێمە دەتنێرین بۆ پزیشکێکی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز کە بتوانێت پاڵپشتی دەروونیت بکات و گوێت لێبگرێت. هەمیشە بزانە کە تۆ لەمەدا تەنها نیت.
0 Comments
پێناسەیەکی سادە بۆ چەمکی "ستێریۆتایپ"، کە بە کوردی واتاکەی لە "بیرۆکەی هەڵە" نزیکە، بریتیە لە هەر بیرۆکە یان باوەڕێکی هەڵە کە خەڵکی هەیانە دەربارەی شتێک یان کۆمەڵەیەکی خەڵکی. ڕۆڵی ستێریۆتایپ بە گشتی ئەوەیە کە خەڵکی بخاتە چەند پۆلێنێکەوە تا پێشبینیکردنی ئەوەی کەسێک چییە یاخود چی نییە ئاسانتربێت، لەم ڕێگەیەشەوە کۆنترۆڵکردنیان ئاسانتربێت. بە دەیان ستێریۆتایپمان هەیە لە جیهاندا کە دادپەروەر نین و ژەهراوین. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە نموونەیەکی ئەم بیرۆکە هەڵانەن کە جەخت دەخەنە سەر دەستگرتن بەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە کاردەکەنە سەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکەو ڕێگەیان لێدەگرێت خۆیان بن. بۆیە تا زووتر تێکیان بشکێنین باشترە.
پەستانی بەردەوام لەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە تا بە شێوازێکی دیاریکراو مامەڵە بکەن یان تۆنێکی دیاریکراو قسە بکەن یان بە شێوازێکی دیاری کراو جل لەبەر بکەن تا بە هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز یان ڕەگەزگۆڕ ناوبنرێن بەستانێکی زۆر دەخاتە سەریان. ئەو پەستانە وا لە زۆریان دەکات کە ڕقیان لەخۆیان بێت و پێویستییەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن بۆ ساڵانێک، تا دووربن لە ڕەخنە و مامەڵەی خراپ. نموونەی ئەم بیرکردنەوە هەڵانە لە هەموو جیهان هەیە، ئەمانەش هەندێکن لەوانەی باون: "تۆ پیاویت، چۆن بێت ماکیاژ دەکەیت؟ دەبێت هاوڕەگەزخواز بیت" ئەمەیان دەکرێت یەکێکی زۆر باو بێت کە هەمووان پێی دەزانن. باوەڕ وایە کە ماکیاژ ئامرازێكە کچان بەکاری دەهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوڕان، کە ئەمەش باوەڕێکی کۆنە و پێویست ناکات باسی بکەین. ماکیاژ ئامرازێکە بۆ ئەوەی خەڵکی گرنگی بەخۆیان بدەن و جوان دەربکەون. هەموو ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن هاوڕەگەزخواز نین و بە دڵنیاییەوە پیاوەتییان بە هیچ جۆرێک کەمتر نییە لەوانەی ماکیاژ ناپۆشن. ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن، جا ئاڕاستەی سێکسییان هەر چییەک بێت، ئازاترینن چونکە بڕیار دەدەن ئەوە بکەن کە دەیانەوێت بەسەر پەسەندکردنیان لەلایەن خەڵکییەوە. گرنگە ئەوەش باس بکەن کە تەنها پیاوان نین کە قوربانین لێرەدا چونکە ژنان و کچانیش پەروەردە دەکرێن لەسەر ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن بەپێی پێویست باش نین تا لەگەڵیان بن و وە ئەوان هاوڕەگەزخوازن کە هێشتا خۆیان ڕانەگەیاندووە. گرنگە کە هۆشیاری بەرزبکەینەوە دەربارەی ئەم بابەتە تا کۆمەڵگا بگات بە ئاستێکی قبوڵکردن کە ڕێگە بە هەمووان بدات ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت لەگەڵیان بن بەبێ ئەوەی ئەم هەموو سنوورانە کاریان تێبکات. "ئەگەر هەمیشە تیشێرت و بلوزی فش لەبەر بکەیت، هیچ کوڕێک تۆی ناوێت" با ئەمە بە ڕاستی بڵێین، ژنان هەمیشە ڕەخنەیان لێدەگیرێت هەرچییەک بپۆشن. یان زۆر کورتە، یان زۆر درێژە، یان زۆر گەورەیە، یان زۆر بچووکە. ژنانی جووتڕەگەزخواز لەوانەیە لە هەمووان زیاتر ڕەخنەیان لێبگیرێت لەسەر ستایلیان چونکە کە جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە ژنانەی بزانێت، ئەوا ئەوان وەک جیاڕەگەزخواز دەبینرێن بەڵام دەڵێن ئەوان نمایشی جووتڕەگەزخوازی دەکەن بۆ سەرنجی خەڵکی. ئەگەر کچانی جووتڕەگەزخواز جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە پیاوانەی دادەنێت، ئەوا ئەوان بە هاوڕەگەزخواز دەبینرێن. "ڕەنگی قژت دەکەیت بە پەمەیی یان سەوز، بە هیچ جۆرێک ناکرێت تۆ جیاڕەگەزخواز بیت" لە عێراق، ڕەش، زەرد، و قاوەیی بە ڕەنگی پرۆفیشناڵ و پەسەندکراو دادەنرێن بۆیە گۆڕینی ڕەنگی قژت بۆ هەر ڕەنگێکی تر لەوانەیە تووشی کێشەت بکات. لەوانەیە هەلی کارێک لەدەستبدەیت تەنها لەبەر ئەوەی قژت پەمەییە یاخود لەبەر ئەوەی کە خاوەن کارەکە وا دادەنێت ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر وەرگرتنی کارمەندی نوێ بەجۆرێک کە کار نەکاتە سەر ناوبانگی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی نەرێنی. وەرگرتنی کارمەندێک کە ڕەنگی قژی جیاواز بێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی ناوبانگی کۆمپانیاکەو لەدەستدانی کڕیارەکانی. جگە لە ئەگەری لەدەستدانی هەلی کار، بێگومان ڕەخنەت لێدەگیرێت و ڕۆژانە کەسایەتیت پرسیاری لەسەر دەکرێت لەلایەن هاوڕێ و کەسانی نەناسراو و ئەندامانی خێزانەکەتەوە. دەبێت ملیۆنێک جار بیر بکەیتەوە پێش گۆڕینی ڕەنگی قژت کە لەوانەیە لێی پەشیمان ببیتەوە بەهۆی ئەو کێشانەی لەوانەیە توشت ببن بەهۆیەوە. "تۆ بە پیاوی تەواو دانانرێیت هەتا ژنێک سکپڕ نەکەیت" گومانی تێدانییە کە کەسانی ڕەگەزگۆڕ ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی جیاکاری دەبنەوە و بەداخەوە، ڕێژەیەکی زۆریان ساڵانە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن بەهۆی ڕق و کینە و مامەڵەی خراپەوە. کۆمەڵکا پارێزگارەکان هاوڵاتییانیان پۆلێن دەکەن بۆ پیاو و ژن و لەسەر هەر یەکێکیان کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دادەنێن بۆ بەدیهێنانی هەندێک شتی دیاریکراو تا بە ئاسایی و شیاو لەقەڵەمبدرێن. پیاوانی ڕەگەزگۆڕ وەک پیاوی ڕاستەقینە نابینرێن چونکە ناتوانن ژنان سکپڕ بکەن و بەراوردەکرێن بە پیاوانی ناڕەگەزگۆڕ کە لێرەدا ئەوان خاوەنی ئیمتیازن. "پیاوانی ژنانە و و ژنانی پیاوانە هەموویان هاوڕەگەزخوازن" پیاوان دەبێت دەنگیان گڕ ببێت، جەستەیان گەورەبێت، و قژیان کورت بێت. زۆرینەی خەڵك پیاو بەم خەسڵەتانە دەناسنەوە و باوەڕیان وایە کە ئەو پیاوانەی ئەم خەسڵەتانەیان نییە هاوڕەگەزخوازن. پیاوانی هاوڕەگەزخواز، بەتایبەت ئەوانەی ڕەفتاریان مێینەیە، بە لاواز دەبینرێن و لەبەر ئەوە بەپێی پێویست باش نابینرێن تا بچنە ناو بواری سەربازی یاخود پۆلیس یان هەر کارێکی تر کە بە پیاوابە ببینرێت. بە هەمان شێوە، هەموو ژنان و کچانی پیاوانە/کوڕانە وا دادەنرێن کە وەک هاوڕەگەزخواز گەورەببن. زۆر خەڵک لە مێشکی خۆیاندا ئارەزووی سێکسی کچان و ژنانی پیاوانە و کوڕانە دادەنێن و بەمەش ئاڕاستەی سێکسیان. بۆ ئەوەی ڕوون بێت، زۆرێک لە ژنان حەزیان لە قژی کورتە، حەزیان لە یاری ئەلیکترۆنییە، وە چێژ دەبینن لە لێخوڕینی بارهەڵگر، بۆیە با فێربین ئەم شتانە ئاسایی بکەینەوە. ستێریۆتایپ یاخود بیرۆکە هەڵەکان دەربارەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە زۆرن، نادادپەروەرن و وە زۆربەی ئەو شتانەی خەڵک دەربارەی یەکتر بیری لێدەکەنەوە لە کۆتاییدا زۆر جار هەڵە دەردەچن. کەس ناتوانێت شووناسی جێندەری یاخود ئاڕاستەی سێکسی یەکێک بخەمڵێنێت بە سەیرکردنی نینۆک یاخود جلوبەرگ یاخود قژیان. خەڵکی، جا هەر چۆنێک حەز بکەن خۆیان پێناسە بکەن، دەبێت ئازادی ئەوەیان هەبێت کە ستایل و شێوەی خۆیان بگۆڕن بەو شێوەیەی کە خۆیان هەست بە ئارامی و شانازی بکەن کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەن. با هەموومان کار بکەین لەسەر پێچەوانەکردنەوەی ئەو خوو و نەریتە ژەهراوییانەی کە فێرکراوین و با جێگایەکی ئارام بدەین بە یەکتری بۆ بوون بەوەی خۆمان دەمانەوێت. عیڕاق کویر بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی دەکات کە لەم مانگەوە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە دەکات. بەڕێوبەرە تازەکە ئەزموونی چەندین ساڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵ و گروپی جیاواز. بۆرد و تیمی عیڕاق کویر بەپەرۆشن بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوبەرە نوێیەکە لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا. ئەمیر عاشور، دامەزرێنەری عیڕاق کویر و سەرۆکی بۆرد دەڵێت "وەک دامەزرێنەری عیڕاق کویر، داهاتووی ڕێکخراوەکە و داهاتووی بزوتنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە گرنگترین شتن بۆ من. شتێکی گەلێک سەرەکی بوو کە یەکێک هەڵبژێرین کە بەسۆز بێت بۆ کارەکە و خۆی بۆ تەرخان بکات. هەموومان لە بۆرد باوەڕمان وایە کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی هەڵبژێردراو کەسی ڕاستە بۆ سەرکردایەتی کردنمان. ئێمە هەموومان ئامادە و بەپەرۆشین بۆ فەراهەمکردنی سەرکەوتنی بەڕێوبەرەکە و لەڕێگەی ئەویشەوە سەرکەوتنی ڕێکخراوەکە و بزوتنەوەکە."
بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر ئەوەی هەڵبژاردووە کە لە ئێستادا ناسنامەی بە نەزانراوی بهێڵێتەوە چونکە ئەو هیوای وایە کە هەڵبستێت بە کاری مەیدانی زیاتر لەناو عێراقدا. لەگەڵ دەسبەکاربوون بە پلە نوێیەکەی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر هەندێک لە بیرەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای عیڕاق کویردا هاوبەشی پێدەکات. دەڵێت: "لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، بەشداری کاری چەندین ڕێکخراوم کردووە کە بۆ مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵە جیاوازەکان داکۆکیان کردووە. لە هەموو کارێکمدا، هەمیشە خۆم تەرخانکردووە بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان، جا چ ژنان، ئاوارە، ڕزگاربووانی داعش یاخود کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلگەزێڕینە بووبێتن لە عێراق. کارکردن لەگەڵ ئەم کۆمەڵانەدا هەلی ئەوەیان پێبەخشیم کە خۆم و جیهان بەشێوازێکی جیاواز ببینم. ئەمڕۆ، باوەڕم وایە کە من کەسێکی باشترم بەهۆیانەوە. بەئەندامبوون لە عیڕاق کویر بژاردەیەکی ئاسان بوو. من لە سەرەتای دەمەزراندی عیڕاق کویرەوە ئاگام لە کاری ڕێکخراوەکە بووە و شوێنی کەوتووم. ئەو کارەی عیڕاق کویر پێی هەستاوە بۆ کۆمەڵگای کویر لە عێراق ئەندێشەبەخش بووە بۆ من و هانی دام کە ببمە ئەندامێک لە تیمەکە. لەگەڵ هاوکارە نوێیەکانمدا، خۆمان تەرخانکردووە و بەپەرۆشین بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی تەنانەت زۆرتر لە عێراقییان. لەڕێگەی کارکردن لەگەڵیان، دەمانەوێت پەرە بە کاری داکۆکیکردنمان بدەین لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێوەدەوڵەتیش، وە دەنگی هەموویان بەرزبکەینەوە تا بیستراوبن. ئەمڕۆ، لەگەڵ بەشداریکردنم لەم تیمە بێوێنەیەدا، من زۆر بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵیان و هەروەها کارکردن لەگەڵ ئەندامانی بۆرد، فەندەرەکانمان (پارەبەخشان)، وە لایەنە هاوبەشەکانمان. دەخوازم سوپاسی هەمووان بکەم بۆ متمانە و پاڵپشتییان. دەزانم کە بەیەکەوە دەتوانین دهاتوویەکی باشتر بۆ ڕێکخراوەکە وە بۆ هەموو عێراقییانی کویر بونیاد بنێین عیڕاق کویر بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بۆردێکی نوێ بۆ ڕیکخراوەکە دیاری کراوە کە پێکهاتووە لە حەوت کەسی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. دەستبەکاربوونی ئەم بۆردە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ عیڕاق کویر و هەرەوەها بۆ بزوتنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق، بەپێی ئەوەی کە عیڕاق کویر یەکەمین ڕێکخراوی گشتیی ناسراوە کە بۆردێکی هەبێت تەنها لە کەسانی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە پێکهاتبێت. بۆردە نوێیەکە، کە دامەزرێنەری عیڕاق کویریش لەخۆدەگرێت، ئەندامەکانی بەش و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و شووناسی جیاوازی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەنوێنێت. ئەندامەکانی بۆردەکە جۆرەها ئەزموونی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەهێن کە ئەوان لە سێکتەری جیاوازدا کار دەکەن، لە نێوان ئەو سێکتەرانەشدا کاری ناحکومی و قازانجنەویست، کاری ڕێکخراوی مرۆیی، پەروەردە و ئابووری. زۆرینەی ئەندامانی بۆردەکە هەڵیانبژاردووە کە لە ئێستادا ناسنامەیان نەناسراو بێت لەبەر ئەو مەترسییە ئەمنییانەی دەبن ئەگەر ناسنامەیان گشتی بێت. بەڵام ئەم بژاردەیە کار ناکاتە سەر کارامەیی و توانایان بۆ خزمەتکردنی ڕێکخراوەکە و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی عێراقی. لە ڕاستیدا، هەموو ئەندامانی بۆردەکە سوورن لەسەر بەکارهێنانی پەیوەندییەکانییان و ئەو سەرچاوانەی بۆیان بەردەستە بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوەکە و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق. یەکێک لە ئەندامانی بۆرد دەڵێت "من بەشداریم لە عیڕاق کویردا کرد چونکە کۆمەڵەیەکم دۆزییەوە کە تیایدا بتوانم خۆم بم، پەیوەندی دروست بکەم، لە ئەزموونی کەسانی هاوشێوەوە فێرببم. دەمەوێت جیهان بزانێت کە ئێمە هەین و کە ئێمە هەمیشە دان بەخۆماندا دەگرین. دەمەوێت بەردەوامبم لە پاڵپشتیکردنی عیڕاق کویر تا ئەو کاتەی لە هەر شارێکی عێراقدا ئۆفیسێکمان دەبێت."
ئەندامێکی دیکەی بۆرد دەڵێت "بەشداریم کرد لەبەر ئەوەی باوەڕم وایە هەموو کەسێک شایەنی خۆشەویستی و ڕێزە وەک خۆی. هەموو کەسێک شایەنی ئەوەیە ئازاد بێت و بەبێ ترس بژی. ئێمە لە عیڕاق کویر باوەڕمان بە عێراقێکی ئارامترە بۆ هەموو عێراقییان بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسی وە/یان شووناس و دەربڕینی جێندەری." ئەو تیشک دەخاتە سەر کاریگەری کاری عیڕاق کویر و ئاواتەکانی بۆ داهاتوو؛ "هیوام وایە بتوانین جێگایەکی ئارامتر بۆ هاوڵاتییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دروستبکەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و داکۆکی کردن تا عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە وەک یەکسان لە قەڵەمدەدرێن، وە دەشزانم داهاتوو بۆ ئێمە باشتر دەبێت." بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، ئەندامانی بۆردەکە سوورن لەسەر کارکردن لەگەڵ بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر و ئەندامانی تری ستافی ڕێکخراوەکە، نەک تەنها بۆ پاڵپشتیکردنی عیڕاق کویر بۆ بەردەوام بوون لەو کارەی وا بۆ نزیکەی حەوت ساڵە دەیکەین، بەڵکو هەروەها بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی کارمان بۆ ئاستی بەرزتر و بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەک لە عێراق کە تیایدا مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە پارێزراو بێت. عەمرو ئەلقازی کە کەسێکی نادوانەیی ٣١ ساڵە و گلامرو وەک ناوی دراگی خۆی بەکاردەهێنێت چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە وەک دراگ کوینێک کە لە پێشینەیەکی عەرەبی و ئیسلامییەوە هاتووە. عەمرو لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەرنامەی لایڤی دراگ پێشکەشدەکات. ئەو باسی منداڵی خۆیمان بۆ دەکات و ئەو بەربەستانەی پێیدا تێپەڕیوە تا لە کۆتاییدا گەیشت بە خۆشبەختی و هەستکردن بە بەهێزی.
عەمرو دەڵێت، " لە تەمەنی منداڵیمدا لە نێوان بەحرەین و دوبەیدا دەژیام تا تەمەنی ١١ ساڵی. بەشی زۆری ئەزموونم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش بوو- جەختکردنەوەی کەلتوورەکەم لەسەر خێزانم زۆر بە دڵ بوو، وە ماڵیشمان دایمە پڕ بوو لە خزم و دەنگەدەنگ. خوانە خێزانییەکانمان هەمیشە گەورە بوون، وە ڕیزگرتن لە گەورەکانمان هەمیشە گرنگ بوو. من ئەو جەختە لەسەر گرنگیدان بە خێزان نابینم لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، بە تایبەتی لەگەڵ بەتەمەنەکان، کە ئەمە شتێك بوو هەستی ئارامی و گەرمی پێدەبەخشیم لەکاتی گەورەبوونمدا. کاتێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیام، چەند ئەزموونێکی نەرێنیم هەبوو- بەتایبەتی کاتێک وانەکانی ئیسلام ئاگاداریان دەکردمەوە دەربارە دەرەنجامە جەهەننەمییەکانی هاوڕەگەزخوازی، کە ئەمەش زۆر منی دەترساند دەربارەی خۆم؛ لە ئیسلامدا "ژماردنی گوناهەکان" زۆر هەیە، وە کاتێک بۆم دەرکەوت من جیاوازم، نەخۆشی دەروونی وەسواسم بۆ پەیدا بوو، چونکە زۆر نیگەران بووم و دەترسام لەو گوناهانەی کۆم دەکردنەوە. بۆیە بەڵێ، تەندرووستی دەروونیم داڕما زۆر بە خێرایی لەو کاتەدا. ژیانم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوەم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. هەر وەک دیارە، تەمەنم کەم بوو کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم، بەڵام ڕاستیت پێبڵێم، گفتۆگۆ دەربارەی ژیانی کەسانی کویر و دەرکەوتنییان زۆر کەم بوو، بەو ڕادەیەکی کە من لەڕووی زمان و لەڕووی هزرەوە تێگەیشتنم بۆ بابەتەکە نەبوو. وابزانم ئەوەش ئەوەندەی تر ترسەکەمی زیاد کرد، چونکە تەنانەت دڵنیا نەبووم لەوەی کە ئایا ئەزموونەکانی من پەسەندن یاخود ڕێیان پێدراوە بوونیان هەبێت و ئەوەش وای لێکردم هەست بە نەبینراوی بکەم. لە تەمەنی منداڵیمدا، ئەڵلا سەرچاوەی خۆشەویستی و پاڵپشتیی بێمەرج بوو؛ بەڕاستی من باوەڕم وابوو کە منی خۆش دەبێت هەرچۆنێک بێت، وە ئەمەش هەستێکی ئارامبەخش بوو. کاتێك دەستم کرد بە فێربوون دەربارەی دۆزەخ، وە دەرەنجامە تۆقێنەرەکانی گوناهەکاری، ئەڵڵا کەمتر ئارامبەخش بوو وە بوو بە تۆقێنەر. ئەڵلا بەشێوازێک لە شێوازەکان ڕۆڵی دیکتاتۆرێکی پیاوسالاری وەگرت لەجیاتی سەرچاوەی ئارامییەکی دایکانە. دەربارەی پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەکەم بەتایبەتی لەگەڵ دایکم، دەتوانم بڵێم دایکم یەکێکە لە پێکەنیناویترین ئەو کەسانەی ناسیومن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو توند و پارێزگارە، ئەو بۆ وێنەو فرمانی کۆمەڵایەتی دەژی و هەموو بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی وەک شەوێک لە مێت گاڵا دەبینێت. پێش ئەوەی ئاراستەی سێکسیم ببێتە کێشەیەک لە خێزانەکەدا، یارمەتی دایکمم دەدا بۆ خۆگۆڕین و جۆرە پەیوەندییەکی نهێنیمان هەبوو کە بەند بوو لەسەر کێبڕکێی ژنێتی. لە زۆر ڕووەوە، ئەو سەرەتای خۆشویستنی من بوو بۆ دراگ. بۆیە کەسایەتییە دراگەکەم، گلامرو، تا ڕادەیەکی زۆر ئاماژە و یادێکە بۆ ئەو ئەو دایکەی کە خۆشـمدەویست و بە نموونەم ڕاگرتبوو پێش ئەوەی شتەکان ئاڵۆزببن. ئەو کاردانەوەیەکی زۆر توندی هەبوو بەرامبەر بە ئاراستەی سێکسی و شووناسی جێندەریم لە کاتی هەرزەکاریمدا، کە برینی گەورەیان لە هەستمدا بەجێهێشت، هێشتا لە هەوڵی چاکردنەوەی ئەو برینانەدام. بەڵام من هیچ کینەیەکم هەڵنەگرتووە. ئەو قوربانیی بارودۆخ و دەوروبەری خۆی بووە، ئەو ئەوەی دەکرد کە بەتێگەیشتنی ئەو پێویست بوو بکرێت تا بمپارێزێت لە پەسەندنەکردنی کۆمەڵگا، هەرچەندە ئەو شتەشی چەند بە ناشرینی کردبا. دوای هەموو ئەوەی ثێیدا ڕۆیشتم، هەوڵی من بۆ چاکبوونەو ەو قبوڵکردنی خۆم لە ساڵە کۆتاییەکانی تەمەنی ٢٠ەکاننمدا دەستی پێکرد. لەم کاتەدا من ٦ ساڵ بوو دراگ کوین بووم، بەڵام دراگەکەم لەم کاتەدا تەنها ڕووکەشێک بوو- من بە جیهانم دەوت کە من باشم و بەتەواوەتی شانازی دەکەم بەخۆمەوە و بە شووناسە کویرەکەمەوە، لە کاتێکدا هێشتا گەلێک شورەیی و شەرم و برین و تاسانی منداڵی لە ناخمدا مابوو. تەنها لە تەمەنی ٢٧ ساڵیمدا بوو کاتێک دەستمکرد بە بەکارهێنانی دراگ وەک ڕیگایەک بۆ ئاشنابوون بە برین و لایەنە هەستیارەکان و تاسەکانم. لەسەر شانۆ توانیم هەموویان تاووتوێ بکەم و چاک ببمەوە لێیان. بە شێوازێک، دراگەکەم پێویستی کرد زۆر ڕاستگۆتر ببێت تا ئەمە ڕووبدات. وە بیرم دێت کاتێک لە یەکەمین لایڤی دراگمدا زۆر پەشۆکاو و شێواو بووم. نەمدەزانی خەریکی چیم و هۆڵێکم لە زانکۆ گرتبوو بۆ پێشکەشکردنی. ناشرین بووم و زۆر دەترسام. بەڵام ئەو ساتەی چوومە سەر شانۆ، باوەڕبەخۆبوونێكم لە خۆمدا بەدیکرد کە هەرگیز نەمدەزانی هەمە. ڕەخنەی زۆرم بۆ دێت و هەڕەشەم لێدەکرێت لەلایەن ئەو ڕەگەزپەرستانەوە کە ڕقیان لەوەیە من گاڵتە بە کەلتووری بەریتانی دەکەم لە بەرنامەکانمدا، کەسانی دژ بە ڕەگەزگۆڕان هەمیشە ڕقم بۆ دەنێرن، وە هەڕەشەم بۆ دێت لەلایەن موسوڵمانانەوە کە ڕقیان لەوەیە من گۆرانی بۆ ئەڵڵا دەڵیم لە کاتی لایڤەکانمدا. بەڵام لە هەمووی زیاتر، خۆشەویستیم بۆ دێت لەلایەن ئەو کەسانەوەی دێن پاڵپشتی لە من بکەن، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەستی پێوە دەگرم و جەختی دەخەمە سەر. خۆشەویستییەکە ڕق دەخنکێنێت. سەرەڕای ئەو هەموو ڕق و کینەیە، من بەردەوامم لەکردنی ئەوەی خۆشم دەوێت و کارکردن بۆ کتێبەکەم کە ناوی "یونیکۆرن"ە (واتا ئەسپی تاک شاخ). کتێبەکە یاداشتنامەیەکە کە دەچێتە باسی ئاشتکردنەوەی شووناسی کویر و موسوڵمان بوون لەگەڵ یەکتردا، وە بەتایبەتیش هەوڵی تێگەیشتن لە پەیوەندیم لەگەڵ دایکم. ئەم کتێبەم نووسی بۆ ئەوەی کە کەسانی تری کویری عەرەب شوێنێکیان هەبێت خۆیانی تێدا ببیننەوە و هەستەکانی خۆیان پرۆسە بکەن، هەرەوەها وەک ڕێگەیەک بۆ پرۆسەکردنی زام و تاسانەکانی خۆم و بەجێهێشتنیان. پەیامی من بۆ کەسانی کویری عێراقی کە ڕووبەڕووی ڕق و کینە دەبنەوە ئەوەیە کە لەبیریان بێت، خەڵکی هەرچۆنێک بیانەوێت باوەڕبکەن، تێبگەن لەوەی کە هەڵەی ئێوە نییە. ئەڵڵا تۆی خۆش دەویت وەک ئەوەی کە هەیت، وە خێزانەکەی کە خۆت هەڵیدەبژێریت بوونی هەیە لە دونیادا و چاوەڕێی تۆ دەکات." دەتوانیت گلامرو بدۆزیتەوە لەسەر ئینستاگرام و تویتەر تێبینی: ئەم وتارە لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە. لە هەردوو زمانەکەدا جێناوە کەسەییەکان بەپێی ڕەگەز دەگۆڕڕێن، بەڵام لە کوردیدا وا نییە، بۆیە لەوانەیە هەندێک بەشی وتارەکە بە زمانی کوردی واتا تەواوەکە نەبەخشن.
من یەکێکم لە چەندین کەسی نادوانەیی عێراقی کە هیوای لەدەستداوە تێبینی: ئەم وتارە لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە. لە هەردوو زمانەکەدا جێناوە کەسەییەکان بەپێی ڕەگەز دەگۆڕڕێن، بەڵام لە کوردیدا وا نییە، بۆیە لەوانەیە هەندێک بەشی وتارەکە بە زمانی کوردی واتا تەواوەکە نەبەخشن. نادوانەیی یاخود "نەنباینەری" چەمکێکە تێگەیشتن لێی ئاسانە، بەڵام زۆرێک لە کەسەکانی هیچ بیرۆکەیەکیان نییە دەربارەی. لە کاتی منداڵێدا، لەوانەیە پرسیارت لە دایکت یان باوکت کردبێت لە واتای چییە کە "پیاو" یان "ژن" بیت، وە بەلایەنی زۆرەوە وەڵامەکەیان ئەمە بووە، "کاتێک دایکێک منداڵێکی دەبێت، پزیشکەکە سەیری جەستەی منداڵە تازە لەدایکبووەکە دەکات و ڕەگەزی منداڵەکە دیاری دەکات. ئەگەر ڕەگەزەکە مێ بوو، ئێمە جێناوی مێینەی بۆ بەکاردەهێنین و ئەگەر ڕەگەزەکە نێر بوو، جێناوی نێرینەی بۆ بەکاردەهێنین. هەندێک منداڵ لەوانەیە گەورەببن و هەمان ئەو جێناوانە بەهاربهێنن کە لەکاتی لەدایک بووندا بۆیان دانراوە، وە هەندێکی تر لەوانەیە هەست بکەن جێباوەکانیان بگۆڕڕن و لێرەشەوە چەمکی "نادوانەیی" دێتە کایەوە. کەسانی نادوانەیی جێیان نابنەوە لە قاڵبە نەریتییەکانی "ژن" و "پیاو"، یاخود "نێر" و "مێ"، بۆیە ئەوان بڕیاردەدەن ئەو جێناوانە بەکاربهێنن کە لەگەڵ دۆخی ناوەکییاندا لەو کاتەدا دەگونجێت. هەر وەک هەموومان دەزانین، ژنان جێناوە کانی "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" بەکاردەهێنن لەکاتێکدا پیاوان " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی " بکاردەهێنن. بەڵام ئەی کەسانی نادوانەیی؟ لەکاتێکدا هەندێک کەسانی نادوانەیی بڕیاردەدەن جێناوی "ئەوان" بەکاربهێنن، هێشتا هەندێکیان هەن کە هەر "ئەو: هي بە عەرەبی، شی/هێر بە ئینگلیزی" وە " ئەو: هو بە عەرەبی، هی/هیم بە ئینگلیزی " بکاردەهێنن و هەندێكی تریان جێناوی تر بەکاردەهێنن. هەروەک چۆن کەسانی نادوانەیی دەتوانن ئەو جێناوانە هەڵبژێرن کە لەگەڵیان دەگونجێت، ئەوان دەشتوانن دەربڕین و دەرخستەی جێندەریان بە شێوازی خۆیان دەرببڕن لەڕێگەی ڕەفتار و جل و بەرگەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵیاندا بگونجێت و هەست بە ئارامی بکەن، وە کەسانی دەوروبەرییان دەبێت فێرببن کە بەڕێزبن لەگەڵیان و مامەڵەیان گونجاو بێت. لەکاتێکدا کە خەڵکی لە هەندێک وڵاتی تری جیهاندا زانیارییان هەیە دەربارەی کەسانی نادوانەیی، خەڵکی لە عێراق هێشتا هەر بوو جیناوە باوەکە بەکاردەهێنن کە بریرین لە "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" وە " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی ". لێرە لە عێراق، جێناوەکانی خەڵکی هەر زوو بڕیاری لەسەر دەدرێت لە کاتی لەدایکبووندا و هەمان جێناو بەکاردێت تا دەمرن. هیچ بیرکردنەوەیەک نییە دەربارەی کەسانی نادوانەیی و ئەمەش لەوانەیە وا لەم کەسانە بکات هەست بە نامۆیی بکەن. وەک عێراقییەک کە بیەوێت پاڵپشتی لە کەسانی نادوانەیی بکات، پرسیار لە هەموو کەسێک بکە کە تازە دەیانناسیت دەربارەی جێنەوەکانیان لەجیاتی ئەوەی خۆت بیخەمڵێنیت چونکە لە ڕاستیدا ناتوانیت بزانیت کە کەسێت لە ناخەوە چۆن هەستدەکات. لە سەرەتاوە، لەوانەیە مایەی سەرلێتێکچوون بێت کە دەربارەی جێناوی کەسەکان پرسیار بکەیت و فێر ببیت، لەوانەشە جار جار هەندێک جار هەڵە بکەیت، بەڵام ئەوەی گرنگە بریتیە لەوەی لە هەوڵدان بەردەوامبیت. زۆرێك لە کەسانی نادوانەیی عێراقی ئەزموونی خراپییان هەبووە کە پێویستە باسیان لێوەبکرێت و نوور یەکێکە لەوان. نوور کەسێکی نادوانەیی چواردە ساڵە کە جێناوەکانی "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" بەکاردەهێنێت. نوور هەرگیز هەستی نەکردووە کە جێناوەکانی " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی"، کە لەگەڵ لەدایکبووندا بۆی دیاریکراوە، ئەو جێناوە بووە کە لەگەڵ شووناسی ئەودا دەگونجێت. ئەو دەڵێت " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی" لەلایەن هەمووانەوە بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن پێم، بەڵام هەرگیز بەلای منەوە ڕاست نەبووە. لەکۆتاییدا دەستم کرد بەبەکارهێنانی ئەو: "هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی"، کە بەلامی منەوە ڕاستتر بوو. ئەگەر یەکێک پرسیارم لێبکات کە نادوانەیی چییە، من دەڵێم جۆرێکە لە هەستکردن بەخۆت کە گوێ نادات بە پێوەر و ستانداردەکانی کۆمەڵگا بۆ ڕۆلە جێندەرییەکان کە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی دروستکراون. زۆر بە ئاسانی، نادوانەیی بوون بە واتای ئازادی دێت بۆ هەڵبژاردنی خۆت. من زۆر گرنگی دەدەم بە فاشن بۆیە ئەو جلوبەرگەی دەیپۆشم زیاتر لەژێر کاریگەری ئەمەدایە بە بەراورد بە شووناسی جێندەریم. گرنگ نییە بەلامەوە کە ئایا بابەتێکی جل و بەرگ یان فاشن پیاوانە یان ژنانە بێت. بەڵکو گرنگترین شت بەلامەوە ئەوەیە کە جوان دەربکەوم. حەزیشم لە مەیک ئەپە! بەڵام دەبێت زۆر وریا بم ئەگەر بیدەم لە دەمووچاوم. مەیک ئەپ تەنها کاتێت دەکەم کە درەنگ بێت لە ژوورەکەی خۆمدا کاتێک ماڵەوە خەوتوون و دەبێت بیسڕمەوە پێش خەوتن. کەمێک دەکەم کاتێک دەچم بۆ ئەو شوێنانەی کەسانی تری کویری لێیە، وەک ئاهەنگ و بۆنەی تر وا. تەنها یەک کات هەبوو کاتێک مەیک ئەپ بە دەمووچاومەوە بووبێت لە دەرەوە لە شوێنێکی گشتیدا، ئەمەش هەمان ڕۆژ بوو کە هەوڵی خۆکوشتنم دا. بەداخەوە، خێزانەکەم پاڵپشتیکارم نییە! هەمیشە دەمەقاڵێمانە و ئەم دەمەقاڵێیانە زۆرجار دەبن بە شتی زۆر خراپ. هەندێک جار، جلەکانم دەبینن، کە بەلای ئەوانەوە نەشیاوە لە کۆمەڵگای عێراقی ئێمەدا لەبەربکرێن، وە بەشێوەیەکی زۆر ناشرین و ڕەق کاردەدەنەوە. ئەم دەمەقاڵێیانە زۆرجار کۆتاییان دێت بە دەستدرێژی جەستەیی، جنێودان و سزادان. بەداخەوە، لەدەرەوی ماڵیش بەهیچ شێوەیەک باشتر نییە. بە چەندین شێوە گێچەڵم پێدەکرێت، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە مۆڵەکان و پارکەکان و شوێنە گشتییەکان، تەنانەت لە خوێندنگەش. هەوڵمدا لەگەڵ دایکمدا باس لە ئاڕاستەی سێکسی بکەم بە شێوەیەکی گشتی وە دەربارەی شووناسی خۆم بەتایبەتی، بەڵام کاردانەوەکەی زۆر خراپ بوو. ئەو تووڕەب بوو وە بە باوکمی گوت و زۆر کێشە ڕوویدا بۆیە هەرگیز ئەم بابەتەم نەکردەوە لەدوای ئەوەوە. بەداخەوە، قسەکردن لەگەڵ چارەسازێکی دەروونی بەهیچ شێوەیەک باشتر نەبوو لە قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکمدا. بە دزی دایک و باوکمەوە دەچم بۆلای چارەسازی دەروونی! هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە تەنانەت چارەسازەکەش دژی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەیە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ناتوانم بە ڕاستگۆیی قسەی لەگەڵ بکەم دەربارەی شووناسم. قەبوڵنەکردم لەلایەن کەسانی هاوتەمەنمەوە لە خوێندنگا، ململانێ بۆ لەبەرکردنی ئەوەی دەمەوێت، وە ئەزموونکردنی گێچەڵ و هەراسانکردنی بەردەوام وای لێکردم کە ویستنم بۆ ژیان لەدەستبدەم و وای لێکردم کە ئاواتی ئەوە بخوازم کە جیاواز بوومایە لەو شێوەیەی ئێستە هەم. پێنج مانگ تێپەڕیەوە لەو کاتەوەی یەکەم جار هەوڵی خۆکوشتنم دا و تەنها چەند هەفتەیەک لەدوای دوا هەوڵی خۆکوشتنم. چەند جارێک ویستم خۆم هەڵبواسم بەڵام هەرجارێک ویستبێتم ئەوە بکەم، لە کۆتاییدا لە نەخۆشخانە خەبەرمبووەتەوە. لە دوایین هەوڵمدا، ویستم قۆڵم ببڕم بەڵام دووبارە لە نەخۆشخانە خەبەرم بووەوە و خێزانەکەم لە دەوروبەرم بوون. ئەو ڕۆژە خوێنی زۆرم لەدەستدا بۆیە ماوەیەکی ویست تا چاک بوومەوە! وە کە چاک بوومەوە، خێزانەکەم هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کە هەڵم دەدەنە سەرجادە ئەگەر هەر شتێکی لەو شێوەیە بکەم دووبارە. بارودۆخەکە خراپە، بەڵام هەمیشە هیوام وایە کە شتەکان بەهەر شێوەیەک بێت بەرەو باشتر بڕۆن و لە شوێنێک خەبەرم بێتەوە کە خەڵکی باشتری لێبێت کە لێم تێبگەن و منیان خۆشبوێت بەو جۆرەی کە هەم." رەند عیڕاق کویر دوای نزیکەی حەوت ساڵ، واز لە پلەکەم دەهێنم وەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری عیڕاق کویر. دامەزراندنی عیڕاق کویر و سەرکردایەتی کردنیی گەورەترین شەرەفی ژیانم بووە. بەیەکەوە لەگەڵ هاوکارەکانم و هاوپیشەکانم، توانیمان سەرچاوە و بەرهەم دروستبکەین بۆ عێراقییانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە) کە پێشتر نەبوون. هاوکاری یاسایی و تەندروستیمان پێشکەش کردووە و ئارامگەمان (شێڵتەر) بۆ سەدان کەس دابینکردووە کە پێویستییان پێی بووە. بەرنامەی ڕادیۆییمان بەرهەمهێناوە کە مافەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە تاووتوێ دەکات و باسی کەسانی کویر دەکات و بەرنامەکانمان گەیشتوون بە هەزاران کەسانی عێراقی. هەروەها، فشار (لۆبی)مان خستووەتە سەرکردەکانی جیهان تا فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراقی بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی مرۆڤی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەدا بنێت. هەوڵەکانی فشارمان بوونە مایەی ئەوەی کە حکومەتی عێراقی لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دان بە مافی ژیاندا بنێت بۆ هەموو هاوڵاتییان بەبێ گوێدانە شووناسی جێندەری و ئاڕاستەی سێکسییان. لەگەڵ ئەوەی کە من واز لە پلەکەم دەهێنم، بەڵام بە تەواوەتی عیڕاق کویر بەجێناهێڵم. من دەبمە یەکێک لە ئەندامەکانی بۆردی ڕێکخراوەکە لەگەڵ شەش کەسی تری بلیمەت کە عێراقین و سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەن! بەیەکەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە زۆر بە پەرۆشەوە کار بکەین بۆ هاوکار کردنی تیمی عیڕاق کویر بەهەرجۆرە هاوکارییەک کە لە تواناماندا بێت تا دڵنیابین لەوەی تیمی عێڕاق کویر بەردەوام دەبێت لەو کارە مەزنەی دەیکات.
جگە لە بۆردە نوێیەکە، عیڕاق کویر بەڕێوبەرێکی جێبەجێکاری نوێی دەبێت. بەڕێوبەرە نوێیەکە کە هەڵیبژاردووە لە ئێستادا بە نەناسراوی بمێنێتەوە، ئەزموونی چەندین ساڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ ڕێکخراوەکە و سوورە لەسەر ئەوەی کاری عیڕاق کویر بەرەو ئاستێکی بەرزتر ئاڕاستە بکات. بەیەکەوە لەگەڵ ئەندامانی تری تیمەکەدا، هەموویان سوورن لەسەر ئەوەی بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوامبن لە داکۆکی کردن بۆ کەسانی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. ئەو هەنگاو و دەستکەوتە مێژووییانەی پێیان گەیشتین لە عیڕاق کویر توانای بەدیهاتنیان نەدەبوو بەبێ هەموو ئەو کەسانەی هاوبەشی و هاوکاری ڕێکخراوەکەیان کردووەو پاڵپشتییان لێ کردووە. هەموو ئەو خۆبەخشانە و ئەو عێراقییە کویرانەی باوەڕیان بە ئێمە بووە، وە کەموو ئەو لایەنە هەمانهەنگیکار و پاڵپشتکیارانەی کە سەرچاوە و شارەزاییەکانی خۆیان بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان بە بزوتنەوەکەمان. وە لە هەمووی گرنگتر، هاوپیشە و هاوکارانم لە عێراق کویر، چالاکوانانی گەنجی کویر کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ بەرگریکردن لە عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە و مافەکانیان. کارکردن لەگەڵ ئێوە و فێربوون لە هەمووتانەوە دیارترین بەشی ژیانی کاردکردنم بووە. ئەمیر عاشور- مانگی شەشی هەموو ساڵێک بە مانگی شانازی ناودەبرێت و هەلێکی نایابە بۆ چالاکوانانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕێنە تا بتوانن چەندەها جۆر بۆنەی جیاوز رێکبخەن بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی ئەو جیاکارییەیەی ڕووبەروی کۆمەڵەی پەلکەزێڕیە دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا و هەروەها کاریگەرە ئەرێنییەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەسەر کۆمەڵگا.
چەندەها ڕێکخراوی مرۆیی کە هەوڵ بۆ یەکسانی کۆمەڵە پەرەوێزخراوەکان دەدەن بەتایبەتی کۆمەڵەی پەلکەزێرێنە زانیاری زۆر پڕبەها بڵاودەکەنەوە دەربارەی ئەم مانگە. زانیارییەکانیش لە ڕێگای سۆشیەڵ میدیاوە بڵاودەکەنەوە تا بتوانرێت زۆرترین خەڵک پێیان بگەن و بخوێنرێنەوە. سێ کەس لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی عێراقەوە بە ناوی کەریم و مارسیلین و سارا چیرۆکی خۆیان لەگەڵ ئێمە هاوبەشی پێدەکەن و باسی ئەوە دەکەن کە مانگی شانازی چ واتایەکی بۆ ئەوان هەیە. "کاتێک کە خۆمم وەک کویر قبوڵ کرد، توانیم جیاوازییەکانی خەڵکانی تریش قبوڵ بکەم" -کەریم، پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٣ ساڵ لە شاری نەجەف کەریم دەڵێت: "تێگەیشتن لە سێکسخوازی و ئاڕاستەی سێکسی خۆم و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە یارمەتی دام چواردەورم پڕبکەم لەو کەسانەی کە پشتگیریم لێدەکەن و یارمەتیم ئەدەن ئەوەندە متمانەم بەخۆم بێت تا بتوانم بەڕاستی خۆم بم" ئەشتوانم بڵێم کە هاوڕێ نزیکەکانم گۆڕاون لەو کاتەوەی کە هاوڕەگەزخوازی خۆمم ئاشکرا کردوە و پشتگیری خۆمم بۆ کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بڵاوکردۆتەوە. کاتێک من توانیم بە ڕاستی خۆم بم چەند هاوڕێیەکم لە دەست دا چونکە پشتگیریان لێندەدەکردم بەڵام لە هەمان کاتدا چەند هاوڕێیەکی ترم ناسی لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کە زۆر لە هاوڕێکانی پێشووم تێگەیشتووتر بوون وهەلی ئەوەیان پێبەخشیم کە خوم بم و ئاڕاستەی سێکسیم دەرببڕم بە ئارامی. ئەوەی زۆر بەلامەوە جوانە دەربارەی مانگی شانازی ئەوەیە کە چەند بایەخ بە کۆمەڵەی پەلکەزیڕینە دەدرێت! هەموو دونیا باسمان دەکات و هەلێکمان ئەیەنێ زانیاری و هۆشیاری و خۆشەویستی بڵاوبکەینەوە. وەکو ئەندامێکی کۆمەڵگاکە دەتوانم بلێم بە هەبوونی یان بە بێ پستگیری بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێرنە هەر دەژین و بوونمان دەبێت. بەردەوام دەجەنگین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و ناوەستین تاوەکو نادادپەروەری و سەرکوتکاری کۆتاییان پێدێت." "هەموو کەس شایەنی خۆشەویستییە! جا ئەو خۆشەویستییە لە کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەزەوە یان ڕەگەزێکی تر بێت، ئەمە نابێت کێشە یاخود هەڕەشەیەک بێت بۆ هیچ کەسێک." -مارسیلین، کچێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٠ ساڵ. "لەو ڕۆژەوەی بە ئاڕاستەی سێکسیی خۆم ئاشنابووم، هەمیشە بە وریاییەکی زۆرەوە ئەو کەسانەم هەڵبژاردووە کە ئاڕاستەی سێکسی خۆمیان بۆ ئاشکرابکەم، چونکە دەزانم کە خەڵکی لەوانەیە ڕق و کینەیەکی زۆرت ئاڕاستە بکەن کاتێک بزانن تۆ لەوان جیاوازیت. هەوڵ دەدەم کە ژمارەی ئەو کەسانی بە ئاڕاستەی سێکسیم دەزانن بە زۆر کەم بهێڵمەوە و هەمیشە کەسانێک هەڵدەبژێرم کە مێشک کراوە و پاڵپشتیکاربن! بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، هەندێک لە هاوڕێکانم لەدەستدا کاتێک زانییان من پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکەم. جا خەڵکی هەرچۆنێک ئەو لەو کەسانە بڕوانن کە کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەزیان خۆشدەوێت، چ وەک شتێکی پیس یاخود وەک نەخۆشییەکی دەروونی لێی بڕوانن، هێشتا باوەڕم وایە کە هەمووکەسێک دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و بەهای بزانرێت و خۆشبویسترێت وەک ئەوەی کە هەیە. بۆ من، هەموو مانگێکی ساڵ وەک مانگی شانازییە چونکە من هەمیشە سەربەرزم بەوەی کە سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەم. بەڵام دەشزانم کە چەندین گۆڕانکاری لەوانەیە بەدیبێن بە یادکردنەوەی ئەم مانگە هەموو ساڵێک. مانگی شانازی گرنگە چونکە وەک ماتەمینی و یادهاتنەوەیەکە بۆ هەموو ئەو ئەو کویرانەی کوژراون یان ئەشکەنجەدراون، یاخود کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە دەرەنجامی ئەو هەموو ڕق و کینەیەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە. وەک کویرانی عێراق، با ئەوە لە یاد نەکەین کە عێراق جێگایەکی ئارام و سەلامەت نییە بۆ ئێمە، بۆیە پێشنیاری من بۆ ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق ئەوەیە کە هەمیشە وریابن لەوەی کە شووناسی خۆیان بۆ کێ ئاشکرا دەکەن. پێویست ناکات شووناسی کویری تۆ ئاشکرا بێت تا بوونت پەسەندبکرێت، بۆیە زۆر لەخۆت مەکە و بە کەسانێک بڵێیت کە لەکۆتاییدا ئازارت پێ بگەیەنن. هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت کە شاردنەوەی شووناست لەبەر ئەوە نییە کە تۆ هەڵەیت یاخو شتێکی هەڵە دەکەیت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە تۆ لە شوێنێک دەژیت خەڵکی ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەیان نییە کە قبوڵت بکەن. خۆتان خۆشبوێت، هەمیشە پاڵپشتی لە یەکتر بکەن و سەلامەت بن." " کاتێک بۆم دەرکەوت من گشتڕەگەزخوازم هیچ گۆڕانکارییەک لە کەسایەتیمدا ڕووی نەدا، بەڵام وای لێکردم کە بە وریایی و نائارامییەوە لە دەوروبەرم بڕوانم، چونکە ئەوانەی دەوروبەرم هەموویان پاڵپشتیکار یان تێگەیشتوو نەبوون." -سارا، كچێکی گشتڕەگەزخوازی تەمەن ٢٠ ساڵ لە هەولێر "لەو کاتەوەی ڕاستگۆ بووم دەربارەی ئاڕاستەی سێکیسم، ژمارەیەکی زۆر هاوڕێم لەدەستدا و دووچاری خراپ مامەڵەکردن و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونیش بوومەوە. ڕاستە من ئەو کەسانەم لەدەستدا، بەڵام هەلی ئەوەشم بۆ ڕەخسا کە خەڵکی تازە بناسم لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەوە، یاخود کەسانی پاڵپشتیکار کە منیان خۆش دەوێت وەک خۆم. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە کویربوون، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک عێراق، باشی و خراپی خۆی هەیە. بەداخەوە، مانگی شانازی شتێکە کە بەئەزموونم نەکردووە، بەڵام چەندین کەس دەناسم کە بە دژواری و ستەمدا ڕۆیشتوون و جەنگیون تا جێگایەکی بچووک بۆ پەسەندکرنی کۆمەڵگاکەمان لە جیهاندا بکەنەوە، هەروەها کەسانی تریش کە ژیانی خۆیان لەدەستاوە لەپێناو مافەکانی کۆمەڵگاکەماندا و من بەرزترین ڕێزم بۆ ئەم کەسانە هەیە و هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا جێگایەنی فراوانترمان بۆ بکرێتەوە لە کۆمەڵگادا. تا ئەو کاتەی هەلی ئەوەم بۆ دەڕەخسێت بەشداری لە ئاهەنگێکی شانازیدا بکەم، هەوڵ دەدەم لەسەر ئینتەرنێت بەئەزموونی بکەم. پەیوەندیم هەیە لەگەڵ کەسانی کویر لە چەدین وڵاتانی جیهانەوە کە وێنە و وردەکاریم بۆ دەنێرن دەربارەی بۆنەکانی مانگی شانازی و من ئاواتەخوازم ڕۆژێک لەگەڵیان بم. تا ئەو کاتە و تا ئەو کاتەی عێراقییانی کویر هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت ئاهەنگ بگێڕین بەو شێوەیەی دەیخوازن، بە ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەڵێم کە پاشەکشە لە شووناسی خۆیان نەکەن و هەمیشە هەوڵ بدەن ڕق پشتگوێ بخەن. ڕوژێک دێت کە پاڵپشتی و خۆشەویستی بەدەستدێنین لەم کۆمەڵگایدا یاخود لە دانەیەکی تردا." لە بەربواری ١٧ەی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٠دا، دوای چەندین ساڵ لە توندوتیژی بەرامبەر کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە و پۆلێنکردنی هاوڕەگەزخوازی لە ژێر نەخۆشی دەروونیدا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بڵاویکردەوە کە هاوڕەگەزخوازی چیتر وەک نەخۆشی دەروونی تەماشا ناکرێت.
پاشان دوای بەرواری ١٧ەی ئایاری ساڵی ٢٠٠٥ چەندەها وڵاتانی جیهان لەم رۆژەدا ئاهەنگیان گێڕا و سەرەتا بە "ڕۆژی جیهانی دژی جیاکاری بارەمبەر هاوڕەگەزخوازی" ناسرا. پاشان هەردوو وشەی "ڕەگەزگۆڕی" و "جووت ڕگەزخوازی"یشی پێوە لكێنرا و بۆ ئاسانکاریش خەڵک بە وشەی کورتکراوەی "IDAHOBIT" ئاماژەیان بەم ڕۆژە دەکرد. هەربۆیە ١٧ەی مانگی ئایار بەروارێکی زۆر بەنرخ و گرینگە بۆ سەدەها خەڵک لە سەرانسەریی جیهاندا بەتایبەتی لەبەر ئەوەی دەتوانن هاوڵاتیان ئاگادار بکەنەوە دەربارەی ئەو توندوتیژیەیەی ڕۆژانە ڕووبەڕوی جووتڕەگەزخوازان و پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕان دەبێتەوە. ئایا چۆن ئەم ڕۆژە لە ئیراقدا ڕەنگی دایەوە؟ پێشتر ئاهەنگ بۆ ڕۆژی جیهانی دژی جیاکاری بارەمبەر هاوڕەگەزخوازی و ڕەگەزگۆڕی و جووت ڕەگەزخوازی لە ئیراقدا بینراوەو بەڕێوە چووە بەڵام هەرگیز کاردانەوەیەکی پەسەندی نەبووە. لە بەرواری ١٧ەی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ لە پایتەختی ئیراق، واتە لە شاری بەغداد، بە ئەمادە بوونی باڵیۆزاخانەکانی کەنەدا و بەریتانیا و ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپی ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای پەلەکەزێڕینە بەڕێوە چوو بەمەبەستی ئاهەنگ گێڕان بۆ ئەم ڕۆژە بە نرخە. زۆری نەخایان هاتاوەکو هەواڵەکە لە هەموو شوێنێکدا ڕەنگی دایەیەو و هەموو کەسێک تێبینی و ڕاوبۆچوونییان دەربارەی ڕێوڕەسەمەکە بڵاوکردەوە. چەندەها کەناڵی هەواڵی تەلەفزیۆنی و چەندەها سەکۆی جیاوازی سۆشەڵ میدیا سەرقاڵ بوون بە ئەو کارەی باڵیۆزخانەکان لە بەغداد ئەنجامیاندا. کەمینەی خەڵک دڵ خۆش بوون و شانازیانان دەکرد بەڵام زۆرێنەی خەڵک ناڕەزاییەکی تەواویان دەربڕی. بەپێی ڕاپۆرتێکەی ئالێکس مەکدۆنەڵد لە کەناڵی (میدڵ ئێست ئای)،دوای ماوەیەکی کورت پاش هەڵکردنی ئاڵاکە سیاسەتەمەدارانی ئیراقی ناڕەزایی خۆیان دەربارەی کردارەکە بڵاوکردەوە و هەروەک یەکێک لە نەخۆشییە دەرونییەکان ئاماژەیان بە هاوڕەگەزخوازی دەکرد. جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێراق دژی بیرۆکەی هاوڕەگەزخوازیە هەرچەندە ئەگەر یاسای ئیراق وەکو کارێکی نایاسایی لەقەڵمیشی نەدات. "لە ئێواری یەکشەممەدا، وەزارەتی دەرەکی ئیراقی وتارێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا نوسرابوو هاوڕەگەزخوازی دژی "ڕەوش و خووی پیرۆزی هەموو ئایینە خواوەندیەکانە" و وتیشی پێویستە هەر کارێک و ڕێوڕەسمێک لە ئیراق بەڕێوە بچێت "پابەندی یاساکانی و دابونەریتی وڵاتەکە بێت." تا ئێستاش ئیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە کرداری جیاکاری بەرامبەرهاوڕەگەزخوان ناسراوە و شوێنیکی مەترسیدارە بۆ ئەو هاوڵاتی و گەشتیارەنەی بەشێکن لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەو هاوڕەگەزخوان+. لە ڕاستیدا کێشەکە لە یاسای ئیراقی و بڕیارو وتەی ئەو سیاسەتمەدارانەی جیاکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان+ دەکەن گەورەترە! ناخی کێشەکە ڕاو بیروبۆچونی خێزانی ئیراقیە دەربارەی هاوڕەگەزخوازی. زۆرینەی ئیراق لە ژێر دەسەڵاتی بۆچوونی ئاینی و دابونەریتی کۆمەڵگەدایە و یاسای وڵاتەکە ڕۆلێکی گرینگ نابینێت لە نەهێشتنی یاخود بەرەنگاربونەوی توندوژی بەربامبەر ئەندامانی کۆمەڵگاکە. ئەمەش دوو پرساری گرێنگی لێدەبێتەوە، ئایا خێزانەکان چۆن مامەڵەدەکەن لەگەڵ نەوەکانیان ئەگەرهاتوو یەكێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان هاوڕەگەزخواز یاخود جووتڕەگەزخواز یاخود ڕەگەزگۆڕ دەرچوون؟ وە ئایا کاردانەوەی حکومەتی ئیراقی بەرامبەر توندوتیژی و کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازن+ چۆن دەبێت؟ زۆربەی خێزانە ئیراقیەکان لەلایەن عەشیرەتەوە پشتیگیری دەکرێن و بە دەیان عەشیرەت هەن کە یاساو دابونەرێتی تایبەتی خۆیان هەیە و ئامانجیان بەردەوامبونی دابونەریتەکانیانە لە ڕێی نەوەکانیانوە. لە هەندێک بەشی وڵاتەکە، ئەم عەشیرەتانە دەسەڵاتیان لە حکومەتی ئیراقی زیاترە ئەمەش واتە عەشیرەتەکە ئازادە لە دیاریکردنی جۆری سزادانی ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان. چیرۆکەکان لە عەشیرەتێکەوە بۆ عەشیرەتێکی تر دەگۆردرێن بەڵام زۆرینەی کات هەندێکان دەکوژرێن و هەندێکیان بەزۆر دەدرێن بە شوو. بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم عەشیرەتانە جیاکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و جووتڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕان دەکەن کە ئەمەش وا لە توندوتیژی بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان+ دەکات ئاسایی دەربکەوێت. جێی سەرسوڕمان نییە کە ڕێژەی جیاکاری دژی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە چەند بەرزە! منداڵانی خوار تەمەن ٥ساڵان گاڵتە بە هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆران دەکەن. زۆرینەی کات دایک و باوکەکان نەوەکانیان فێردەکەن کە جیاکاری بەرمابەر هاوڕەگەزخوازان+ بکەن و لە ڕێی توندوتێژی و قسەی ناشرینەوە دەری ببڕن. لە کۆمەڵگادا کوشتن و ئازاردان و هەڕەشکردنی خەڵکی تەنها لەبەر ئەوەی بەشێکن لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە وەکو شتێکی ئاسای سەریدەکرێت. منداڵانیش هەر وا فێردەکرێن کە کاتێک شتێکی جیاوازیان بینی بە ڕق و کینەوە مامەڵایان لەگەڵدا بکەن. ئەم ڕقە ناوەکیەش لەگەڵیاندا گەورەدەىێت و گەشە دەکات و دەگاتە ئەو کاتەی کە لەگەڵ قسەی ناشرین، توندوتیژی جەستەیشی لەگەڵدا ئەنجام بدەن. هەر بۆیە کێشەکە لە ئیڕاقدا ئەوەنە گەورەیە چونکە کەس نییە دژی توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان+ بوەستێتەوە. لە لایەکەوە حکومەت بە هیچ جۆڕیک پارێزگاری لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان+ ناکات و لەلایەکی تریشەوە ئەو خێزانانەی لە لایەن عەشیرەتەوە پاڵپشتی دەکرێن ئازادن لە پەێڕەو کردنی هەموو جۆرە سزایەک بەرامبەر ئەو کەسانەی بوونیان هەڕەشەیە بۆ دابونەریتی کۆمەڵگەکەیان و بەبێ هیچ دەرئانجامێک لەلاین حکەمەتەوە ڕقی خۆێان دەرئەبڕن. رەند عیڕاق کویر ئەمڕۆ یادی ڕۆژی بینراویی ژنانی هاوڕەگەزخواز دەکەینەوە! کە هەلێکی باشە بۆ تیشک خستنە سەر هەموو ژنانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، کە لەڕووی هەست و سۆز وە/یان سێکسییەوە مەیلیان بەرەو ژنانی ترە. سەرەڕای هەموو سەختییەکانی ژیانی ژنانی هاوڕەگەزخوازی عێراقی، ئێمە داواتان لێدەکەین کە بەهێز بن، شانازی بەخۆتانەوە بکەن و هەرگیز گوێ لەوانە مەگرن کە ڕق و کینەیان لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەیە. تەنها یەک ڕۆژت نییە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە هاوڕەگەزخوازبوونتەوە، هەموو ڕۆژێک هەلێکە بۆ ئاهەنگ گێڕان و شانازیکردن.
بۆ ئەم ڕۆژە، ئیسرا و خەولە کە دوو ژنی هاوڕەگەزخوازی عێراقین چێرۆکە شاد و خەمناکەکانی خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە: ئیسرا دەڵێت، "لە منداڵیمەوە خەونم بەوەوە بینیوە کە ببم بە ئەکتەر. لەبەر ئەوەی لە خێزانێكی هونەری بووم کە حەزیان لە شانۆ و مۆسیقا بوو، ئەوان پاڵپشتیان لە خەونی من دەکرد کە بچمە بەشی شانۆ. بۆ من، یەکێک بوو لەو شێوە کەمانەی کە دەمتوانی ئازادانە خۆمی پێ دەرببڕم. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا چوومە بوارەکەوە. لەسەر شانۆ گەورە بووم و منداڵییەکی زۆر بەختەوەرم هەبوو! من هەر زوو بە هاوڕەگەزخوازی خۆمم زانی چونکە ڕێگەم پێدرابوو لایەنە جیاوازەکانی شووناسم دەرببڕم و خێزانەکەم پاڵپشتیان دەکردم. کاتێک تەمەنم بوو بە ١٦ ساڵ، کچێکی تازە هاتە پڕۆگرامەکەوە. هەر زوو بووین بە هاوڕێ. ئەو زۆر جوان بوو. کات ڕۆیشت و لە یەک نزیکتر بووینەوە. هەستم دەکرد سەرنجم ڕادەکێشێت و هەستم بۆی هەیە! بەتەواوەتی لە واتای هەستەکان تێنەدەگەیشتم، بۆیە بە دایک و باوکمم وت. هەردووکاین پێێان ووتم کە ئەمە بە نهێنی بهێڵمەوە چونکە لەوانەیە بمانخاتە مەترسییەوە. ئەوان ڕەتیان نەکردمەوە و یارمەتییان دام تێبگەم لە واتای هەستەکانم تێبگەم. بۆیە ئاموژگارییەکەیانم وەرگرت و بە کچەکەم نەوت کە ئەوم بەدڵە. هاوڕێیەتییەکەمان بەردەوام بوو تەنانەت دوای ئەوەی ئەو وازی لە وانەکانی شانۆ هێنا. بە یەکەوە دەچووینە دەرەوە بۆ قاوەخانەو بەیەکەوە دەچووین بۆ باراڕ. هەستم کرد کە ئەویش هەست بۆ من پەیدا دەکات بەڵام هیچم نەوت چونکە دەترسام، هەتا ڕۆژێک بەتەنیا لە ژوورەکەی ئەو بووین و ماچی کردم. چاوەڕوانم نەدەکرد، ئەویش ڕاڕا بوو. ووتی" بۆ ماوەیەکی زۆر دەمویست ئەمە بکەم. بوورە، هەراسانم کردیت؟" منیش ووتم نەخێر!! منیش هەستەکانی خۆمم بۆ درکاند. لەو کاتەوە بە یەکەوە بووین بەبێ ئەوەی بە کەس بڵێین. تەنانەت بە دایک و باوکیشـم نەووت. ڕۆژێک چووینەوە بۆ ماڵی ئەوان و سەیری فیلمێکمان کرد لەسەر لاپتۆپەکەی لە ژووری نووستنەکەی و ماچی کردم. لە کاتی ماچ کردندا، براکەی هاتە ژوورەوە. بە قژ ئەوی ڕاکێشا و لێیدا. منیان دەکرد و داوایان لێکردم هەرگیز نەگەڕێمەوە بۆ ماڵیان ئەگەر نا تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەن. دوای چەند ڕۆژێک، هەواڵم پێگەیشت کە کوژراوە. ماڵەوەیان بە خەڵکیان دەووت کە لەحەمام بەسەر سەریدا کەوتووە. هەر بەو جۆرە! کەس پرسیاری زیاتری لێنەکردن. کچێکی گەنجی جوان کوژرا لەبەر خۆشویستنی یەکێک، وە بە خێرایی کوژراو لەبیرکرا لەلایەن کۆمەڵگا و خێزانەکەیەوە وەک ئەوەی ئەو کچە هەرگیز بوونی نەبووبێت!" خەولە دەڵێت، "چوار ساڵ لەمەو بەر تەڵاقم وەرگرت دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری. هاوسەرگیریان پێکردبووم لەگەڵ یەکێک لە ئامۆزاکانم. هاوسەرگیری دارێژڕاو لە کەربەال، کە منی لێ دەژیم، زۆر باوە. کچێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە هاوسەرگیری نەکردبێت قبوڵنەکراوە. لە خێزانێکی وەک خێزانی مندا، كچان دەبێت لە تەمەنێكی دیاریکراودا شووبکەن، ئەرکەکانی ژیانی هاوسەرگیری جێبەجێ بکەن، منداڵیان ببێت، منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و ژنێکی باش بن. بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ، من شوێن هەموو ئەو ڕێسایانە دەکەوتم کە بۆم دانرابوو لەلایەن خێزانی خۆمەوە، تایەفەکەمەوە، ئاین و کۆمەڵگاوە. من تەنها کەس بووم کە هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو بەسەر ژیانی خۆمدا. هەستەکانی خۆم، بیرو فیکرەکانم و شووناس و ناسنامەی خۆمم پشتگوێ خستبوو. لەو کاتەوەی تەڵاقم وەرگرت ئینجا دەستم کرد بە بیرکردنەوە لەوەی من کێم و چیم لە ژیان دەوێت. دوای تەڵاقەکەم، کاتیکی زۆرم لە ژوورەکەی خۆم بەسەربرد. هەمیشە دەمویست تەنیا بم، دوور لە خیزانەکەم و هەموو کەس. ئەو کاتە بوو کە بەڕاستی دەستم کرد بە گوێگرتن لە خۆم و بیرکردنەوە بۆ خم. وردە وردە گەیشتم بەو باوەڕەی هەموو ئەو هەستە "سەیر"انەی بۆ ژنی تر هەمبوون، سەیر نەبوون. ئەوە هەستی ڕاستەقینەی من بوو. من ئاڕاستەی سێکسی و هەست و سۆزم بۆ ئافرەت بوو. بەڵام بەوەم نەزانیبوو، چونکە چۆن پێی بزانم کاتێک من هەموو ژیانم پێم وتراوە کە دەبێت پێاوێکی باش بدۆزمەوە! هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ئەوە هەڵبژاردەیە هەبێت کە لەگەڵ ژنێکدا بم. سێ ساڵ لەمەوپێش بوو کاتێک خۆشەویستی ژیانم ناسی. من دەچووم هەندێک پێداویستی ماڵ لە دووکانێک بکڕم کاتێک دراوسێکەمانم بینی. بلوزێکی شینی لەبەردا بوو کە چاوەشینەکانی دەردەخست. ئەو جوانترین کەسە کە تا ئێستا بینیبێتم. دەستمان کرد بە نووسین بۆ یەکتر. باسی هەموو شتێکمان دەکرد. دەمتوانی هەموو شتە گرنگەکان و شتە کەسییەکانی ژیانی خۆمی بۆ باس بکەم. پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەهێزتر دەبوو. لەبەر ئەوەی دراوسێ بووین، سەیر نەبوو کە کاتێکی زۆر بە یەکەوە بەسەر بەرین. دایکمان پەیوەندییان لەگەڵ یەک باش بوو وە دەیانهێشت کە لەماڵەوە سەردانی یەکتری بکەین. ڕۆژێکیان، لەسەر جێگا پاڵکەوتبووین و گوێمان لە گۆرانی "انکتبلي العمر"ی گۆرانیبێژ شیرین دەگرت، دەستمان بەر دەستی یەک دەکەوت. باسی خۆشەویستیمان دەکرد، پاشان بۆ یەکەمین جار ماچی یەکمان کرد. ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانمدا کە لە هەمان کاتدا هەست بە ئارامی و هەست بە ترسیش بکەم. لەو کاتەوە ئێمە بە یەکەوەین. هەموو کاتێک یەک دەبینین و قسە دەکەین. خێزانەکانمان هێشتا نازانن. وا دەزانن تەڵاقەکەم خەمباری کردووم. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کات لە ئێستا دڵخۆشتر نەبووم." رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
May 2023
Categories |