چ ئەوەی یارییەکت شكاندبێت یان لەلایەن منداڵانی تری گەڕەکەوە لێت درابێت، وەک کوڕێک بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەسێک پێی گوتوویت کە نەگریت. نەک لەبەرئەوەی بەسەرهاتەکە شایەنی گریان نەبووبێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی کوڕان نابێت بگرین. نابێت لاواز دەربکەون ئەگەرنا کەس بە هەندیان وەرناگرێت. پیاوان و کوڕان هەمیشە پێیان دەوترێت کە هەستەکانیان بنێژن و بەتەنها مامەڵە لەگەڵ ئازاری جەستەیی وئازاری ناخدا بکەن.
شتەکان زۆر باشتر نابن لە کاتی گەورەبووندا، لە ڕاستیدا، ئەگەر زۆرە تووشی پەستانی زیاتر ببیت لە دەوروبەرەوە. "ئەگەر دەتەوێت بگریت، بڕۆ لە شوێنێکدا خۆت بشارەوە، هەرگیز مەگری لەبەردەم هاوژین، خێزان، یان هاوڕێکانتدا دەنا لەدوای ئەوەوە بەهەند وەرتناگرن." لەوانەیە لەساتێكی ژیانتدا ئەم ئامۆژگارییەت وەرگرتبێت. پیاوەتی ژەهراوی پەستان دەخاتە سەر پیاوان و هەندێک لەم پیاوانە هەوڵ دەدەن ئەم پەستانە دەرببڕن لەڕێی توندوتژی و مامەڵەی ڕەقەوە دژی منداڵ یان خێزانەکانییانەوە. توێژینەوەیەک کراوە لەلایەن سەرۆکی بەشی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی گرەیتەر گود، "داکەر کێلتنەر"، و توێژینەوەکە دەری دەخات کە مرۆڤ توانای هەیە نەک تەنها شەش هەست هەست پێبکات، بەڵکو توانای هەستکردنی هەیە بە بیست و حەوت هەست. ئایا بە ڕای تۆ پیاوانی ئێـمە توانای دەربڕینی چەندێک لەم هەستانەیان هەیە؟ هەستەکانی وەک ترس، ڕۆمانس، و خەمباری قورسترە لەسەر پیاوان دەری ببڕن بە بەراورد بە ژنان، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە دروستدەکات لەنێوان ژن و پیاواندا لەڕووی ئەوەی کە دەبێت چۆن بن. وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، ئەگەر زۆرە هەست بە هەمان پەستان بکەیت لەلایەن کەسانی دەوروەرتەوە و ئەمەش توانای هەیە کە وردەوردە باوەڕبەخۆبوونت کەم بکاتەوە و گرانتری بکات لەسەرت کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکانتدا بکەیت. هەست دەکەیت کە دەبێت بەگوێرەی کەسانی دەوروبەرت گۆڕانکاری لەخۆتدا بکەیت. بۆیە هەندێک لە پیاوان تەنیایی هەڵدەبژێرن. تەنهایی لەوانەیە ئارامترو سەلامەتترین شوێن بێت. پیاوەتی ژەراوی هەمیشە هەستەکانی وەکو شەرمەزاری و تاوانباری دەداتە پاڵ ئەو پیاوانەی کە ناتوانن هەستەکانیان بەڕێوەبەرن. جگەلە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن لەوانەیە یەکێک بێت لەو شتانەی کە پیاوان بیری لێدەکەنەوە کاتێک لەوە دەگەن کە لە زۆربەی بارەکاندا، بەتەنیا دەمێننەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ هەستکردنیان بە کەمی و گرانی. یوسف کە پیاوێکی عێراقی هاوڕەگەزخوازە، دەڵێت، "کۆمەلگای عێراقیمان پیوەتی پێناسە دەکات بەوەی پیاو دەبێت شێوە و ڕووکەشی چۆن بێت و چۆن ڕەفتار بکات. پیاوەتی پێناسەدەکرێت بە سمێڵ، ماسولکە، مووی لەش، توڕەیی و هەستکردن بە پاراستن. کۆمەڵگاکەمان دەڵێت کە پیاوی ڕاستەقینە دەبێت توند و ڕەق بێت و دەبێت زۆر بە ڕوونی ئەوە دەربخات لەڕێگەی جووڵە و ڕەفتار و بیرکردنەوەیەوە." "من ئەگەر خۆم پێناسەی پیاوەتی بکەم، لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگادا هاوڕا نابم. بە تێڕوانینی م، پیاوەتی ئەوە بە شێوازێكی زانایانە بیربکەیتەوە و ڕەفتار بکەیت، جا ئەوە توند بێت یان نەرم. بریتیە لە کردەوەکانی پیاو بۆ سوودی گشتی کۆمەڵگاکەی بەبێ گوێدانە شێوەی و ڕووکەشی. ئەوە گرنگە کە کردەوەکانی سوود بە کۆمەڵگاکەی بگەیەنێت." یوسف دەشلێت کە کۆمەڵگاکەمان چەند سنوورێکی بۆ پیاوان داناوە بەوە کە پێیان دەڵێت مایەی شەرمەزارییە فرمێسکێک بڕێژیت و کە پیاو نابێت لایەنە لاوازەکانی بۆ هیچ کەس دەربخات چونکە کە ئەوە نیشانەی پیاوەتی نییە. "پیاو نابێت هەستەکانی بۆ هاوژینەکەی دەرببڕێت لە شوێنی گشتیدا چونکە ئەوە شتێک نییە کە پیاو بیکات! نابێت ڕێگەی پێبدات کە شتێک لەبەربکات شوێنێکی جەستەی دەربخات چونکە لە مێشکی ئەودا خێزانەکەی بووکەڵەیەکە و دەست گرتن بەسەر جلوبەرگیدا شێوازێکی دەربڕینی پیاوەتییەتی." "ئەگەر بمانەوێت دەربارەی زیانی پیاوەتی ژەهراوی قسە بکەین بۆ پیاوان بە تایبەتی، ئەوا یەک وشە دەتوانێت وەسفی ئەوە بکات کە بریتیە لە وشەی "مردن". هاوڕەگەزخواز لەلایەن کۆمەڵگا و ئاینیشەوە قەدەغەکراوە. تەنانەت پیاوانی ڕەگەزگۆڕێش لە دیدی عیراقییەوە وەک پیاوی تەواو نابینرێن، بەڵکو وەک پیاوانێک کە هیچ پیاوەتییان تێدا نییە." "وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، کەسایەتییەکی بەهێزم بۆ خۆم دروستکردووە کە ڕێگەم پێدەدات کە خۆم بەدووربگرم لەو پیاوانەی کە بیر لە ئازاردانم یان گێچەل پێکردنم دەکەنەوە یاخود بیانوەستێنم. من بەو ڕێگەیە سەلامەتی خۆم دەپارێزم لە شوێنە گشتییەکاندا." "سەبارەت بە ماڵەوە، من هەست دەکەم بەوەی ماڵەوە پێشوازیم لێدەکەن و بۆ من ماڵەوە شوێنی ئارامیمە چونکە دەزانم جیهانی دەرەوە چەند گرانە بۆ من و کەسانی وەک من." "بۆ من پیاوەتی بە واتای ئەوەدێت کە کەسانی تر بتوانن پشتت پێببەستن، ئەوەی کە چاودێری کەسانی تر بکەیت، جێگای متمانە بیت و کەسێک بیت کە هێز ببەخشت بە کەسانی تر کاتێک لە بارودۆخی دژواردا بن، وە هەستت هەبێت. من هاوڕا نیم لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگای عێراقیمان بۆ پیاوەتی. بۆمن ئەو پێناسەیە هیچ واتایەکی نییە. بۆ ئەوان، پیاوەتی واتا توندوتیژی، زاڵی، شێوە و ڕووکەشی پیس و ناڕێکخراو"، جەیک پێمان دەڵێت. جەیک پیاوێکی هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی خۆی بۆ گێڕاینەوە کە چۆن پیاوەتی ژەهراوی کاری کردووەتە سەر ژیانی. دەڵێت کە پەستانی بەردەوامی خێزانەکەی لەسەری کە کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ بەسەربەرێت بووەتە خوێک بۆی. هەرچەندە ئێستا بەتەنها دەژی، هێشتا ناتوانێت واز لەو خووە بهێنێت و زۆربەی کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ دەباتە سەر یان لەگەڵ هاوڕێکانی. "بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە چەوتەی پیاوەتی لایەنی نەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە بووەتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و توندوتیژی خێزانی. پیاوانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەبێت مامەڵە لەگەڵ پێوەر و ستانداردەکانی کۆمەڵگا بۆ پیاوەتی بکەن و ئەمەش پێویستی دەکات لەسەریان کە بەشێوازێک بژین دژی سرووشتی ڕاستەقینەی خۆیان و ویستی خۆیان بێت. ئەم ستانداردانە هۆمۆفۆبیای خودی دروستدەکەن (واتا کە هاوڕەگەزخوازان ڕقیان لە شووناسی خۆیان بێت یان لێی بترسن) و دەبێتە هۆئ جیاکاری بەرامبەر بەو کوڕانەی کە "نەرم"ن یان "کچانە"ن، کە هەندێک جار لەوانەیە جیاڕەگەزخوازیش بن بەڵام هەر هەراسان دەکرێن و گێچەڵیان لەگەڵدا دەکرێت." "هەرگیز نەمتوانیوە بە ئازادانە هەستەکانی خۆم دەرببڕم نە لە دەوروبەری خێزانەکەم و نە لە دەوروبەری هاوڕێکان یان تەنانەت کەسانی نەناسراو. کە منداڵ بووم، بە ترسناکترین شیوە کە بتوانیت بیری لێبکەیتەوە تێهەڵدانم خواردووە. هەر کاتێک گریابام یان باوکم منی بینیبا لەکاتی گریاندا، تەنانەت لەکاتی نووستنیشدا، تێگەڵدانم دەخوارد. ئەم ئەزموونە ناشرینە هەسێکی نەرێنی لە ناخمدا دروستکرد و ئێستا تەنها لە کاتێکدا بەتەنیابم دەتوانم بگریم یان هەستەکانم دەرببرم." "وەک کەسێکی باڵغ، ئەم سنوورانە بە چەندین شێوە منیان گرتووەتەوە و هەلەکانی بەردەمی منیان سنووردار کردووە. بۆنموونە ناتوانم ئاوازی ڕاستەقینەی دەنگی خۆم بەکاربهێنم یاخود بەو شێوازەی دەیخوازم بڕۆم، قسەبکەم، و نان بخۆم یان بەو شێوازەی دەمەوێت دەستەکانم بجوڵێنم. ناتوانم ئازادانە تێڕوانینی خۆم دەرببڕم دەربارەی زۆرینەی بابەتەکان و هەرکاتێک ئەوە بکەم دەبێت ئاگام لە شێوازی دەربڕینی خۆم بێت." جەیک باوەڕی وایە کە ڕاگەیاندن، کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر کاردەکەنە سەر کۆمەڵها. بۆیە پێویستە ئەمانە بەشێوازێک بەکاربهێنرێن کە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت. ئەو دەڵێت ئەگەر پێناسەی پیاوەتی وردەوردە بگۆڕدرێت لە پیاوی ڕەفی پیسی ڕیشنی توندوتیژەوە بۆ پیاوی نەرمونیانی مامناوەند کە جێگای متمانەبێت و جلوبەرگی ئازادبێت، چەندین شتی باش ڕوودەدەن." "هەروەها بەکارهێنانی نموونەی پیاوانێک کە بەشێوازێکی ژەهراوی پیاوانە نین لە سەرچاوە ئاینییەکاندا، وەک یوسفی کوری یەعقوب یان یەسوعی مەسیح، ئەمە لەوانەیە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت." جا تۆ وەک خوێنەرێک، بەڕای تۆ چۆن دەکرێت پێناسەی پیاوەی لە گۆمەڵگادا گۆڕانکاری لەسەر بکرێت؟ پێویستە ڕێکخراوەکان و حکومەت جەخت لەسەر چ شتێک بکەنەوە تا چەند هەنگاوێك لە کۆمەڵگایەکی نەرمونیان نزیک ببینەوە؟ وە لە کۆتاییدا، ئایا تۆ وەک هاوڵاتییەکی عێراقی، دەتوانیت چی ببەخشیت بەو کەسانەی کە بەدەست پیاوەتی ژەهراوییەوە دەناڵێنن تا باشتر ببن؟
0 Comments
بۆ دەیان ساڵ و بەهۆی تابووی کەلتوررییەوە کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگای عیڕاقیدا گرتووە، ڕۆڵی ژنان و کچانی عیڕاقی لە کۆمەڵگادا ئێجگار سنووردار بووە. بە بەراورد بە پیاوان و کوڕان، کچانی عیڕاق هەلی یەکسانیان پێنەبەخشراوە تا هانینان بدات سەربەخۆبن و پاڵپشتی خێزانەکانییان بکەن.
دوای شەری سالێ ٢٠٠٣، گۆڕانکاریی زۆر لە وڵاتەکەدا هاتنە کایەوە کە دەرگای بۆ ژنان کردەوە بەشداری لە دەستی کاردا بکەن. یارمەتی ژنان پێویست بوو چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان یان لە شەڕی ٢٠٠٣دا یان دواتر لە ٢٠١٤دا کوژران کاتێک داعش سەری هەڵدا و دەستی بەسەر چەند شارێکی عیراقیدا گرت. ژنان بو کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵیش خۆیان گونجاندووە، بەڵام هێشتا یەکسان نین لەگەڵ پیاواندا لە ڕووی ماف و یاداشتی کارکردنەوە. کۆمەڵگا چەند بوارێکی دیاریکردووە بۆ ژنان کە کاری تێدابکەن، لەوانەش مامۆستایی و پەرستاری کە ئەمەش بۆشاییەکی دروستکرد و پیاوان پڕیانکردەوە. تا ئەمڕۆش، نەبوونی ژنان لە چەند بوارێکدا دەبینین، وەک سیاسەت، بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیا. لە جیهاندا ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەری تووشبوونیان بە جیاکاری زیاترە و لە عیڕاقیشدا بەهەمان شێوەیە. بەهۆی بوونی سنوور و کۆتی کۆمەڵایەتی کە ژنان و كچانی عیڕاقی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوانەی خاون پێداویستی تایبەتن بەربەستی زیاتر لە بەردەمیاندایە. لەبەر ئەوەش کۆمەڵگای عیڕاقی پێویستی بە چالاکوانی كچ و ژنە کە پێگەی ژنان بەهێزبکەن تا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بکەن بەشێوەک کە بەهێزتریان بکات. ئایە ئەلقەیسی، کە میدیاکار و چالاکوانێکی عیڕاقییە، میوانی ڕێزداری ئەمڕۆمانە تا باسی خولیا و ئازایەتی خۆی بکات کە هانی دا دوای خەونەکانی بکەوێت. لەگەڵ ئەوەی ئایە لە تەمەنێکی کەمی ژیانیدا جەنگی لەگەڵ نەخۆشی شیرپەنجەدا کرد، ئایە گەورەبوو وە بوو بە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگای عیڕاقی کە هانی ژنانی تر دەدات سەرکردایەتی ژیانی خۆیان بکەن و و گۆڕانکاری ئەرێنی بەدیبهێنن. دەتوانیت کورتەیەکمان بدەیتێ دەربارەی خۆت و کارەکەت؟ من ئایە ئەلقەیسیم و بنەچەم شاری بەغدادە. لە زانکۆی بەغداد ئەدەبی ئینگلیزیم خوێندووە. ئێستا وەک پێشکەشکار کار دەکەم لە کەناڵی تەلەفزیۆنی UTV، کە کەناڵێکی ناوداری عیڕاقییە. چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ شێرپەنجەی مۆخی ئێسک. چ وانەیەک فێربوویت لەو ئەزموونە بەئازارەوە؟ چیرۆکی من لەگەڵ شێرپەنجەدا لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی پێکرد. تەمەنم تەنها شەش ساڵ بوو کە دەرکەوت نەخۆشی شێرپەنجەی مۆخی ئێسکم هەیە لە قاچی ڕاستمدا ئەوەش بووە هۆی بڕینەوەی قاچم و وەرگرتنی چارەسەری تیشکیی شێرپەنجە. باشترین شێواز بۆ وەسفکردنی ئەزموونەکە، ئەوەیە کە بڵێم ئەزموونێکی "بێ تاوان و پاک" بوو، چونکە من منداڵ بووم کە ئەمە ڕوویدا. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە قۆناغێکی پڕ لە دوودڵی و نادڵنیایی بوو. چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن. چۆن خولیای ئەو کارە بوویت و چۆن دەستت بە کارکردن کرد لەم بوارەدا؟ هەرچەندە ئەزموونی من تەنها دوو ساڵە، خولیای من بۆ ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی خوێندنی ئامادەیی. ماوەی ساڵێک گەڕام و زانیاری و کارامەیی خۆمم پەرەپێدا لە بوارەکەدا. دواتر هەلم بۆ ڕەخسا کار بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بکەم لەسەر ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لەماوەی ساڵانی کارکردنت لە ڕاگەیاندندا، هیچ جیاکارییەکەت بەرامبەر کراوە بەهۆی ژنبوونتەوە یان بەهۆی قاچە دەستکردەکەتەوە؟ لە ڕاستیدا تووشی چەند بەربەستێک بووم بەهۆی چەند هۆکارێکەوە. یەکەمیان بریتیبوو لە تەمەنی کەمم، چونکە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا هاتمە ڕاگەیاندنەوە. دووەم هۆکار ئەوە بوو کە من کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم کە لەم بوارەدا کار دەکات لەسەر شاشەی عیڕاقی. هەوڵدانم و کارکردنی زۆر و بەسۆزم و کۆڵنەدانم یارمەتییان دام بە ئامانجەکانم بگەم و تەنانەت زیاتریش هەوڵبدەم و کار بکەم. جگەلە پەسەندکردنی کۆمەڵگا، کاردانەوەی خێزانەکەت چۆن بوو بەرامبەر بە کارەکەت؟ کاردانەوەی خێزانەکەم توند بوو کاتێک دەستم کرد بە کارکردن، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم پێچەوانەی جارانە. بەگوێرەی ئەزموونی تۆ، هاتنە ناوەوەی ژنانی عێڕاقی بۆ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێت گاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگا؟ بەشداربوونی ژنان لە هەموو بوارەکاندا و چوونە ناو هێزی کارەوە گۆڕانکارییەکی گەورە بەدیدێنێت چونکە ژنان بە تایبەتی خاوەنی بیروڕا و هزر و دیدی خۆیانن دەربارەی هەندێک بابەت. بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی بەتایبەتی پێویستی دەکات کەسەریان ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزبێت و کەسانی دیار و بێوێنەبن تا ببنە پێشکەشکاری سەرکەوتوو. پەیامی تۆ بۆ چالاکوانانی ئازای عیڕاقیی وەک خۆت چییە؟ پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە کۆڵنەدەن و هەمیشە بەرەنگاری بکەن لەگەڵ خۆیان و کۆمەڵگا و تەنانەت خێزانەکانییان تا بگەنە سەرکەوتن، چونکە لەوانەیە هەر ژنێک ببێتە هۆکاری ئەوەی ژنێکی تر بەرەو باشتر بگۆڕێت. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
October 2024
Categories |