لەبەرئەوەی تا ئەمڕۆش ڕەگەزگۆڕان (ترانسجێندەر، ترانس) لە جیهاندا بەرزترین ڕێژەی مردنیان هەیە لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە جیهاندا، گۆڕانێکی ئەرێنی لە نەخشاندنی وێنەیەکی ڕوون دەربارەی ئەوەی ئایا ڕەگەزگۆڕان لە ڕاستیدا کێن زۆر گرنگە.
پێویستە یەکتر فێری ئەوە بکەین کە چۆن ڕێز لە جیاوازییەکان بگرین کە هەریەکێکمان دەکەن بە تاکێکی تایبەت و ناوازە. بۆ ئەوەش پێویستە هەمیشە لەیادمان بێت کە جیاوازبوون هەمیشە بە مانای خراپ یاخود سەیروسەمەرە نایەت، تەنها بە مانای ئەوە دێت کە پێویستە کەسەکان خۆیان بەو جۆرە بناسێنن کە ئاشتی ناخیان دەداتێ. ئەمڕۆ یادی ڕۆژی جیهانیی بینراویی ڕەگەزگۆڕان دەکەینەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر تاوانەکانی ڕق و جیاکاری دژ بە کەسانی ڕەگەزگۆڕ کە لە جیهاندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبەوە. لە عێراقدا، وەک زۆرێک لە وڵاتانی تر، ڕەگەزگۆڕان ئەوانەن کە لەبیر دەکرێن و قبوڵ ناکرێن، لەبەر ئەوەی زۆر لە عێراقییان، لە نێوانیشیاندا ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، ڕەگەزگۆڕان قبوڵ ناکەن. لەبەرئەوە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری هێشتا پێویستە و هەر پێویست دەبێت هەتا ڕەگەزگۆڕان مافی یەکسانیان پێدەدرێت وەک کەسانی تر. بۆ ئەم ڕۆژە تایبەتە، عێراق کویر دەخوازێت پەیامی خۆشەویستی و پاڵپشتی بڵاو بکاتەوە کە لەلایەن ڕەگەزگۆڕانی عێراقی و پاڵپشتیکارانی عێراق کویرەوە بۆ هەموو ڕەگەزگۆڕانی عێراق نووسراون. ئەو پەیامانە لەلایەن کەسانێکەوەن کە لە پێشینە و باوەڕ و ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری جیاوازەوە هاتوون بەڵام هەموویان خاوەنی هەمان خولیای گۆڕینی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەن کە دەیانەوێت دەنگی ئێوەی ڕەگەزگۆڕان نزم بکەنەوە: " ڕۆژی جیهانیی بینراویی ڕەگەزگۆڕاندا، ئێمە ئاهەنگ بە ئێوەوە دەگێڕین، هاوڕێیانی ڕەگەزگۆڕمان و هەرکەسێک کە بکەوێتە ژێر چەتری ڕەگەزگۆڕییەوە. ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین بەوانەوە کە هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە دەست بکەن بە گەشتی ڕۆشتن بەرەو ئەو ژیانەی خۆیان دەیخوازن، وە ئەوانەش ئە جارێک دەستییان بەو گەشتە نەکردووە. هەر وەک لاڤێرن کۆکس دەڵێت "ئێمە لە شوێنێکداین کە زیاتر و زیاتر کەسانی ڕەگەزگۆڕ دەیانەوێت بێنە پێشەوە و بڵێن ئەوە منم." بە هەموو هاوڕێیانی ڕەگەزگۆڕمان دەڵێین، ئێوە بینراون. بۆ هەموو ئەوانەی کە هەموو ڕۆژێك بە دژواریدا تێدەپەڕن، ئێوە خۆشەویستن. ئێمە ئەوە نین کە کەسانی تر بەناوی ئێمەوە دەیڵێن، ئێمە ئەوەین کە خۆمان بۆخۆمانی دەخوازین و دەیزانین، وە ئێمە ئەوەین کە خۆشمان دەوێت. ئێمە لێرەین بۆ پاڵپشتیکردن لەوەی تۆیت وە لەوەش کە خۆت هەڵیدەبژێریت. بۆ هەمووتان، ڕۆژی بینراوی ڕەگەزگۆڕان پیرۆزبێت." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: رەفیف، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە بەغدادەوە. "من وەکو خۆم پاڵپشتی لە کەسانی ڕەگەزگۆڕ و مافەکانییان دەکەم. باوەڕم وایە کە شتێکی زۆر سەرەکی و گرنگە کە پاڵپشتیی خۆمان ببەخشین بە یەکێک لەو کۆمەڵانەی کە بە زۆرترین ڕادە پەراوێزخراون و بەهەڵە لێیان تێگەیشتراوە لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و لە جیهاندا بە گشتی. کەسانی ڕەگەزگۆڕ دووچاری هەموو جۆڕێک جیاکاری دەبنەوە و بوونیان بە هەڕەشەیەک دادەنرێت بۆ سەر بەهاکانی پیاوسالاری و سەرمایەداری، کە چەقیان بەستووە لە ڕۆڵە جێندەرییە سەرکوتکارەکان و دەبنە هۆی توندوتیژی جێندەری کاتێک کەسەکان بەشداری لەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە جێندەرییانەدا ناکەن کە بەپێی ڕەگەزی بایۆلۆجی بۆیان دیاریکراوە. کەسانی ڕەگەزگۆڕ بەرەنگاری دیدی دوانەیی جیاکاری جیهان دەکەن. بوونیان بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەم نەریتە کۆمەڵایەتییە پشتگوێخەرانە ڕاست نین. ئێمە وەک فێمینیست، چالاکوان و داکۆکیکاران پێویستە بجەنگین بۆ مافەکانی هاوڕێکان و خێزانەکانمان کە ڕەگەزگۆڕن. هەروەها کۆمەڵگایەکی پاڵپشتیکار زۆر سەرەکی و بە بەهایە بۆ هەر تاکێک کە بەرەنگارییەکانی ژیاندا تێدەپەڕێت، وە ئەمەش زۆڕ ڕاستە بۆ کەسانی ڕەگەزگۆڕ." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: ژیر بەزاز، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە سلێـمانییەوە. “دەزانم چەند گرانە کە تاکێکی کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتیی وەک ئێمە بیت و دەتوانم بیر لە ڕادەی ئەو ووزە نەرێنی و وشە ناشرینانە بکەمەوە کە ڕۆژانە دەیانبیستیت و کە لە زاری نەک تەنها کەسانی نەناسراوەو بەڵکو لە زاری کەسانی نزیک لە خۆشتەوە دێن کە لە ڕاستیدا دەبوو ئە کەسانەبوونایە کە پاڵپشتییان لێدەکردیت و لە هەمووان زیاتر تۆیان قبوڵبکردایە. بەڵام پێویستە تۆ ئەوەش بزانیت کە من و چەندین کەسانی تری وەک من هەمیشە پاڵپشتیکاری تۆ دەبین و ئەموومان ئامادەین کە ئەو خۆشەویستی و ئاشتی و پاڵپشتییەت پێببەخشین کە پێویستت پێیەتی. لە هەمووشی گرنگتر، ئێمە ناوەستین تا تۆ دەبیتە خاوەنی هەموو ئە ئازادییەی شایەنی تۆیە. ئامۆژگاری من بۆ تۆ ئەوەیە کە نەهێڵیت هیچ کەسێک ئازارت بدات و بە کەمت بزانێت، جا ئەو کەسە هەر کێیەک بێت. لەم ژیانەداو دژ بەم کۆمەڵگایە بجەنگە کە برسییەتی تۆ لەناوبەرێت و لەیادت بێت کە هیچ شتێک بە ئاسانی نایەت. هیوادارم ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بهێنیت. خۆشەویستی و پاڵپشتی و ڕێز بۆ تۆ دەنێرم جا لە هەرکوێیەک بیت." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: کەوسەر، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە تورکیاوە. "من کوڕێکم لە جەستەی کچێکدا لەدایکبووم. پەیامی من بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە بارودۆخێکی وەک ئەوەی مندان. دەزانم دەربارەی هەموو ئەو دژواری و شەڕە ناوکییانەی تۆ پێیدا تێدەپەڕیت، بەڵام پێویستە لە یادت بێت کە ئێمە تایبەتین بۆیە تکایە ڕقت لە خۆت نەبێت یان خەفەت لە بارودۆخت بخۆیت. ئەزموونی ئێمە تایبەتییە، بەهەموو ئەو باشی و خراپییەی پێیدا تێدەپەڕین. بەڵام دەبێت بزانیت کە هیچی خەتای خۆت نییە چونە ئێمە وەک کەسانی ڕەگەزگۆڕ ئاسایین وەک هەموو کەسانی تر. ئەوەی لێت داوا دەکەم بریتییە لەوەی گرنگییەکی باش بەخۆت بدەیت. خۆزگە دەمتوانی هەریەکێک لە ئێوە ببینم کە ئێستا ئەم پەیامە دەخوێنێتەوە. ناتوانم دەری ببڕم خۆشەویستیم بۆ هەمووتان چەند زۆرە و ناتوانم وەسفی هەستەکانم بکەم چونکە دەزانم کەسانی وەک من زۆرن. خۆتت خۆش بوێت و بەهای خۆت بزانە. هیوادارم بە هەموو خواست و ئاواتەکانت بگەیت و سوپاس بۆ بەخشینی کاتی خۆت بۆ خوێندنەوەی ئەم پەیامە." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: هانا، ڕەگەزگۆڕێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە کەربەلاوە. بۆ ئەوانەی ئەم بڵۆگە و ئەم نامەیە دەخوێننەوە، ئەزانم بارودۆخەکە خراپە و کاتێکی سەختە بۆ تۆ. دەزانم کە زۆرێک لە خەڵکی مامەڵەیان جوان و هاوڕێیانە نییە، دەزانم کە تۆ گوێت لە زۆر لە کەسانی گێچەڵکار بووە و بە زۆر کێشەدا تێپەڕیویت کە هیچ مانایەکییان نەبووە، بەڵام دەمەوێت بزانیت کە تۆ لەمەدا بەتەنها نیت. پێویستە خۆشی ببینیت لەو سەرکەوتنە بچووکانەی پێیان گەیشتوویت و ئەو هەنگاوە بچووکانەی ناوتن بەرەو گەیشتن بە جێندەری ڕاستەقینەی خۆت. دەمەوێت بزانیت کە ئێمە تۆمان خۆشدەوێت و دەزانین بە چ ناڕەحەتییەکدا تێدەپەڕیت. دەنگت بیستراوە، وە ئێمە ئامادەین یارمەتیت بدەین. هیوای ڕۆژانێکی جوانتر و کاتی خۆشبەختی زیاتر و داڕمانی دەروونی کەمترت بۆ دەخوازم و هیوادارم هەرگیز بە شتێکدا تێنەپەڕێت کە تووشی داڕووخانت بکات. هەمیشە لەبیرت بێت کە زەردەخەنەیەک لەسەر دەمت بێت و لە جەنگین بەردەوامبە چۆنکە ڕۆژێک دێت هەموو شتەکان باشتر دەبن." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: نورا، ڕەگەزگۆڕێک لە بەغدادەوە. رەند عیڕاق کویر
0 Comments
تەندروستی و ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی عێراقییانی کویر بەدوایدا دەگەڕێن: لە دیدی پزیشکەوە3/24/2021 بەگشتی کەرتی تەندروستی لە عێراق باشترین نییە ئەگەر بەراوردی بکەین بە وڵاتانی تر. وە لەگەڵ بەربڵاوی هۆمۆفۆبیا (ڕق و کینە دژ بە هاوڕەگەزخوازان) لە نێوان پزیشکان و پەرستاران و دەرمانسازانەوە کە لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن، پێویستییە تەندروستییەکانی عێراقییانی وەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەدەگمەن دابین دەکرێت.
کاتێک باس لە گرفتەکانی تەندروستی دەکەین، مەبەستمان لە دان ئێشە و هەڵامەتی ئاسایی نییە. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پێویستیان بە نەشتەرگەری و پشکنینی نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگای سێکسەوە و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی هەیە کە لە هیچ جێگایەکی وڵاتەکەدا بەردەست نین. لەبەرئەوەش زۆربەی هاوڕەگەزخوازان خۆیان بەدووردەگرن لە سەردانکردنی پزیشكان وە یاخود کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن، باسی ئاڕاستەی سێكسییان ناکەن لای پزیشکان چونکە هەندێک لە پزیشکان تەنها یارمەتیدان ڕەتناکەنەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا دەبنە مایەی کێشە و گرفتی زیاتر بۆ نەخۆشەکان و دەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و سترێس سەرەنجامی تانە و هەڕەشە. عیڕاق کویر چیرۆکی دوو پزیشکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە ئامادەن یارمەتییە تەندروستییەکانیان پێشکەشی هەموو عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز بکەن و هیوایان وایە کە یارمەتی ئەوان ببێتە مایەی چارەسەرکردنی هەنێک لە کێشەکان و هانی پزیشکانی تر بدات کە هەمان جۆری یارمەتی پێشکەش بکەن. د. ئەنجێلۆ (ناوی خوازراو) کە خوێندکارێکی پزیشکیی عێراقییە و پزیشكی گشتی و نەشتەرگەری دەخوێنێت لە زانکۆی بەغداد چیرۆکی خۆیمان بۆ باس دەکات کە چۆن دەستی کرد بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. "نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوپێش، دەستمکرد بە ڕێچکەی داکۆکی کردن لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا وەک "وۆرڵد مێریت". لەو کاتەدا، ڕاوێژم پێشکەش دەکرد و هۆشیاریم بڵاودەکردەوە لەنێوان کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە زۆربەیان خزم بوون. ئەو پاڵپشتییە مەعنەوییە گەشەی کرد و بوو بە شتێکی جیاواز کاتێک بووم بە خوێندکارێکی پزیشكی پێنج ساڵ لەمەوپێش. پاش بەدەستهێنانی ئەزموون، دەستمکرد بە پێشکەشکردنی ڕاوێژی پزیشکیم بۆ ئەوانەی پێویستییانە بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسییان. وەک پزیشکێک کە لە وڵاتێکدا دەژی و کاردەکات کە تیایدا هاوڕەگەزخوازی بەنایاسایی دادەنرێت، چەند کاتێک هەبووە کە بینیومە پیاوانی ڕەگەزگۆڕ چ ترسێکیان هەیە کاتێک دەهاتن بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هەندێکیان تایبەتمەندی مێینەیان هەموو کە وایکردبوو کەسانی دیکە بە ئاسانی سەرنجیان بدەن و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن لەبەر ئەو هۆکارە. جگەلە ترس، ئەوان شەرمەزار بوون لە ڕەگەزگۆڕی خۆیان و زۆر شەرمیان دەکرد تا مامەڵە لەگەڵ کەسانی دیکەدا بکەن لەکاتێکدا هەندێک ڕەتیان دەکردەوە کە ڕەگەزگۆڕن کاتێک نەخۆشی ئایدزییان تێدا دەستنیشان دەکرا. وەک پزیشکێکی هاوڕەگەزخواز، بەتەواوەتی تێدەگەم بۆچی ئەوان ئەم جۆرە هەستانەیان هەبووە. هەروەها من ناشتوانم لە شوێنی کارکردنمدا باسی ئاڕاستەی سێکسی خۆم بکەم چونکە زۆر باش دەزانم کە کۆمەڵێک کێشەی زۆر بەدوایدا دێت ئەگەر ڕاستگۆبم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. ڕێگایەک بۆ ئەوەی من بەردەوام بم لە بەخشینی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بریتیە لە بەخشینی ئەو خزمەتگوزاییانە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە. لەم ڕێگەیەوە دەتوانم لەوە دڵنیابم کە هەموومان سەلامەتین. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ داوای هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی تایبەتی ناکەن! هەموو ئەوەی پێویستیانە بریتیە لەوەی کە ئەوان بتوانن ئەو خزمەتگوزارییانە بەدەسبهێنن کە عێراقییانی دیکە هەیانە. خەڵکی لە کۆمەڵگادە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ چەندین جۆری هەوکردن و نەخۆشیی گواستراوە لەڕێگەی سێکسەوە، بۆیە پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی یەکەمییان دەستبکەوێت کە ئەمە مافی هەموو هاوڵاتییەکە. من داوا دەکەم لە ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازی عێراقی کە گرنگی بەخۆیان بدەن. تەندروستیی جەستەییان کاردەکاتە سەر نەک تەنها تەمەنیان بەڵکو کاردەکاتە سەر هەموو لایەنێکی تری ژیانیشیان. هەروەها کاردەکاتە سەر ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێن. بۆیە تکایە ئەگەر هەستتکرد نەخۆشیت دوودڵ مەبە لە بەدەستهێنانی ئەو یارمەتییە تەندروستییەی پێویستت پێتەتی. وە ئەگەر زۆر دەترسیت لە سەردانی کردنی نەخۆشخانە، هیوامان وایە گروپێکی پزیشکان دروست بکەین کە خۆمان سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بین یان ئەوانەی پاڵپشتیکاری کۆمەڵگاکەن تا بتوانین ئەو یارمەتییەت پێببەخشین کە پێویستت پێیەتی یان بتگەیەنین بە پزیشک و دەرمانساز و نەخۆشخانەی دیکە کە بەخێرهاتنت بکەن. دووبارە دەیڵێمەوە، تەندروستیت گرنگە. پاش دەرچوونم لە زانکۆ، وە چ لە عێراق بم یان لە دەرەوەی عێراق، من ئامادەم هەموو زانستی خۆم و کاتم پێشکەش بکەم بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ چونکە لەوە تێدەگەم چەندگرانە خزمەتگوزاری تەواو بەدەستبهێنیت. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی خزمەتگوزاری پزیشکی بە ئێوە بۆیە ئەگەر هیچ پرسیارێک یان گرفتێکتان هەیە دەربارەی تەندروستیت، پەیوەندی بکە بە عیڕاق کویرەوە تا بە منت بگەیەنن." داڤید (ناوی خوازراو) پزیشکێکی گشتیی عێراقییە و هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی داڤیدا دەستپێدەکات کاتێک چەند کەسێکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پەیوەندییان پێوەکرد تا بپرسن دەربارەی کێشەی تەندروستییان کە پەیوەندی هەموو بە ئاڕاستەی یاخود ڕەفتاری سێکسییانەوە. داڤید دەڵێت کە ئەوانەی پەیوەندییان پێوەکردبوو بۆ یارمەتی زۆر دەترسان لەوەی بڕۆنە لای پزیشکێکی تر لەترسی ئەوەی دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بن. "سەرنجی ئەوەم دا کە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خزمەتگوزاری تەندروستیی ڕێک و پێکییان نییە، لە نێوانە ئەوانەشدا خزمەتگوزاری سادە و سەرەتایی. ئەوەش دەستپێکردنی ئەزموونی من بوو تا ببمە پزیشکێک ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات. بەدرێژایی ئەزموونم، سەرنجی ئەوەم دا کە ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشیکییەکان دەگۆڕێت بەپێی ئاڕاستەی سێکسیی نەخۆشەکە. جۆری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکە، چۆنییەتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکە، وە ئەو چارەسەرەی کە دەدرێت بە نەخۆش هەمووی زۆر دەگۆڕێت بەگوێرەی ئاڕاستەی سێکسی نەخۆشەکان. بەداخەوە، هۆمۆفۆبیا (ترس و ڕق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) زۆر بەربڵاوە لەنێوان کارمەندادنی تەندروستیدا هەر لە پزیشکەوە تا دەرمانساز و پەرستیار و ئەوانەی تریش. ئەو هۆمۆفۆبیایەش وا لە هەندێک لە پێشكەشکارانی تەندروستی دەکات کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەکاری بهێنن بۆ هەڕەشە کردن لە کەسانەی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یان بەکارهێنانی وشەی ناشرین بەرامبەریان. پێشنیاری من ئەوەیە کە ئەگەر سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یت ئەوا پزیشكەکەت بە ئاگاوە هەڵببژێرە، ئەگەر دەتوانیت بگەیت بە پزیشکێک کە خۆی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت یان مێشك کراوە بێت، ئەوە باشترین بژاردە دەبێت. ئەگەر نا، هەتا دەتوانیت خۆت بەدوور بگرە لە باسکردنی ئاڕاستەی سێکسی یان شووناسی جێندەریت و ئەگەر پرسیارت دەربارەی ئەوانە لێکرا، ئەوا ڕەتی بکەرەوە کە تۆ کویریت یان ڕەتی بکەرەوە کە تۆ سێکست کردووە چونکە لە زۆربەی بارەکاندا ئەم وردەکارییانە پەوەندییان نییە بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانەوە، بۆیە زیاتر جەخت بکەرە سەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە و بە ووردی باسییان بکە و شتەکانی تر باس مەکە. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی یارمەتیی پزیشکی بۆ هەر کەرسێک کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت لە چوارچێوەی دەسەڵات و توانای خۆمدا وەک پزیشکێکی گشتی وە بۆ گرفتە تەندروستییەکانی پەیوەندیدار بە جەستە و تەندروستیی دەروونیشەوە." چۆنیەتی داواکردنی یارمەتی تەندروستیی لە عیڕاق کویر عیڕاق کویر هیوای وایە کە گشت ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ تەندروست و سەلامەت بن. ئاسان نییە کە سەر بە کۆمەڵگاکە بیت لە عێراق و بۆیە عیڕاق کویر لە هەوڵی ئەوەدایە کە جێگای ئارام دروست بکات. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدانی هەریەکێکی لە ئێوە کە پێویستی بە خزمەتگوزاری تەندروستیی کتوپڕ هەیە کە لەوانەیە لە نەخۆشخانە بەردەست نەبێت. بۆ ئەوەی ئێـمە یارمەتیت بدەین، ئیمەیڵێک یان نامەیەکمان بۆ بنێرە بۆ هەژمارە فەرمییەکانمان لەسەر سوشیاڵ میدیا و و پێمان بڵێ گرفتەکەت چییە و ئێمە چۆن بتوانین یارمەتیت بدەین. رەند عیڕاق کویر ئەمڕۆ، ڕێکخراوی عیڕاق_کویر یادی شەشەمین ساڵی دامەزراندنی دەکاتەوە. دەمانەوێت سوپاسی هەر تاکێکی عێراقی سەر بە کۆمەڵگای_هاوڕەگەزخواز+ بکەین کە باوەڕی پێمانە، لایەنە هاوبەشەکان، لایەنە هاوکارەکان و پاڵپشتیکاران بکەین بۆ یارمەتیدانمان لە گەورەبوون و خزمەتکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە عێراقییانی کویر. سۆز و دڵسۆزی ئێـمە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەر عێراقییەکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز سەلامەت و ئارام دەبێت و وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراقی دانی پێدا دەنرێت.
پاڵپشتیکاران ئەو کەسانەن کە خۆیان شووناسی خۆیان نادەنە پاش کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، واتا سەر بە کۆمەڵگاکە نین بەڵام پاڵپشتی لە مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن. ئەوان دەجەنگن بۆ بنبڕکردنی هۆمۆفۆبیا، ترانس فۆبیا و بایفۆبیا واتە ترس و رق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز، وە دەجەنگن تا کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز مافی مەدەنی یەکسان بەدەستبهێنن وەک هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا.
پاڵپشتیکار دەکرێت کێ بیت؟ دەکرێت هەر کەسێک بێت کە بیەوێت ببێت بە پاڵپشتیکار. وەک ئەندامێکی سەر بە کۆمەڵگاکە، دەکرێت خوشکوبراکانت، مامۆستاکانت، هاوڕێکانت، وە تەنانەت باپیر و داپیرەت دەکرێت پاڵپشتیکارت بن! تەنها شت کە داواکراوە لەوان ئەوەیە کە تۆ قبوڵبکەن، لێت تێبگەن، وە پاڵپشتیت بکەن بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسیت. ئەوەش دەبێت شێوازی مامەڵەکردنیان بێت نەک تەنها لەگەڵ تۆ، بەڵکو لەگەڵ هەموو کەسانی دیکەی دەوروبەرییان. بۆچی پاڵپشتیکاران گرنگن بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی؟ تا ئەمڕۆش کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کەمایەتییە. ئەمەش واتا دەرەنجام و کاریگەریی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە یەکسانی تا ڕادەیەکی زۆر بشت دەبەستێت بە هەموو کەسانی تر کە سەر بە زۆرینەن. لەبەر ئەوە، هەبوونی پاڵپشتیکار لە پەناماندا دەنگێکمان دەداتێ بگەین بە ژمارەیەکی زۆتر لە خەڵکی لە کۆمەڵگادا. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەم کۆمەڵە جیاوازانەی عێراقدا یارمەتیمان دەدات پاڵپشتیکاری زیاتر بەدەستبهێنین. پاڵپشتیکاران یارمەتیمان دەدەن خۆشەویستی بڵاو بکەینەوە. دەجەنگن بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگا هەیەتی لەسەر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، ئەنانەت لە کاتە سەختەکانیشدا کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خۆیان ناتوانن بجەنگن. وەک پاڵپشتیکارێک، کامانەن ئەو ڕێگایانەی کە بتوانم پاڵپشتیی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی بکەم؟ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عێراق لەوانەیە زۆر مەترسیدار بێت بەهۆی ئەو هۆمۆفۆبیایەی لە گشتی وڵات باوە. بەڵام هێشتا پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگاکە مەحاڵ نییە. ئەگەر دایک و باوکت ڕقیان لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نییە یاخود لێیان ناترسن، لەوانەوە دەستپێبکە. لێیان بپرسە ئایا چی دەزانن دەربارەی هاوڕەگەزخوازی و زانیارییەکانییان ڕاست بکەرەوە ئەگەر هەڵەن. خوشک و براکانت ڕۆشنبیر بکە. لەوانەیە بۆت دەربکەوێت کە خۆت برا یاخود خوشکێکی کویرت هەبێت! ئەگەر وابوو، ئەوا ڕۆشنبیرکردنی خۆت لەوانە باشتر و خۆشتریش بێت. نیشاندانی پاڵپشتیت دەکرێت خۆی ببینێتەوە کە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لەبیرت بێت کە سەلامەتی خۆت پێش هەموو شتێکە، بۆیە زانیاری تەنها لەنێوان ئەو کەسانەدا بڵاو بکەرەوە کە لێت نزیکن و متمانەیان پێدەکەیت و دەزانیت نابنە مایەی کێشە بۆت. زانیاری دەربارەی هاوڕەگەزخواز شەیر بکەو بڵاوی بکەرەوە، ڤیدیۆی یوتیوب پۆست بکە کە تیایدا کەسانی ڕەگەزگۆڕ (ترانس) باسی چیرۆکی ئاشكراکردنی خۆیان دەکەن، یان کاری هونەری شەیر بکە کە باس لە سەختییەکانی هاوڕەگەزخوازبوون بکات. هەزاران سەرچاوە هەیە لەسەر ئینتەرنێت کە دەتوانیت کەسانی دیکە هان بدەیت سەیریان بکەن. بۆت دەردەکەوێت پاش ماوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەن کە ئارەزووی زانینی زیاتریان هەیە دەربارەی بابەتەکە. ڕێگایەکی دیکە بریتیە لە کاریج خۆبەخشی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کار لەسەر مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوز+ دەکەن. کاری خۆبەخشی نزیکترت دەکاتەوە لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە بە چەندین دژواری و سەختیدا تێپەڕیون بەهۆی شووناسییانەوە. فێربوون دەربارەی ئەم ئەزموونانە لەوانەیە چاوت بکاتەوە و هانت بدات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەک. کاری خۆبەخشتی هەلت پێدەبەخشێت کە تۆڕێک پێکبهێنیت لەگەڵ پاڵپشتیکارانی تر لە وڵاتدا. عێراق کویر بەخێرهاتنی پاڵپشتیکاران دەکات کە دەیانەوێت پاڵپشتی لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بکەن. لەگەڵ ئەمانە هەموویدا، ئاسانترین ڕێگا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکار وەک پاڵپشتیکارێک ئەوەیە کە کەسێکی میهرەبان بیت. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز لە عێراق بەردەوام دووچاری گێچەڵ و بێڕێزی دەبنەوە کە لەوانەیە وایان لێبکات هەموو کەسان لەخۆیان دووربخەنەوە، بۆیە میهرەبانی لەگەڵ ئەماندا بەهایەکی ئێجگار گەورەی دەبێت. ئەگەر هەلی ئەوەت هەبوو هاوڕێیەتی کەسێکی سەر بە کۆمەڵگاکە بکەیت، هەوڵبدە گوێیان لێبگریت، نیشانیان بدە کە ئەوان بەبەهان، وە کاتی ئەوەیان پێ ببەخشە تا لەخۆیان و پێویستییەکانیان تێبگەن. پاڵپشتیکاران سەرەکین بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە عێراق ئەگەر بیان ناسیت یاخود نا، پاڵپشتیکاران ڕۆڵێکی بنچیەیی دەبینن لە ڕاستکردنەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانمان و بەخشینی هێز و توانا بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. بە هەر جۆرێك لە جۆرەکان پاڵپشتیکاران پاڵپشتی خۆیان پیشان بدە، هەوڵەکەکانیان جێگای پێزانینە و ڕۆژێک دەمانگەیەنێتە کۆمەڵگایەک کە زیاتر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ قبوڵبکات. رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |