هەمیشە جێی سەرسوڕمان و تێڕامانە کە ببینین ئایا چۆن بیانییەک کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کار دەکات لە ژیانی کۆمەڵگای عیڕاقی و گۆڕانکارییەکانی ڕوودەدەن دەڕوانێت. ئەم جارەیان چاوپێکەوتنم لەگەڵ د. لین ڕۆز ئەنجامدا کە جێگری بەڕێوبەری سەنتەری پەرەسەندن و توێژینەوەی جێندەرە لە زانکۆی ئەمەریکی عێراقە لە سلێمانی، وە پڕۆفیسۆری بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو ماوەی پێنج ساڵە لە سلێمانی دەژی و پێشتریش لە چەند شارێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا ومەکسیک ژیاوە. لەم چاوپێکەوتنەدا د.لین وەسفی بارودۆخەکە دەکات لە عیڕاق، بەتایبەتی بارودۆخی کۆمەڵگای هاوڕەگەخواز+و ئەو نەبوونی پاڵپشتییەی لەمێژەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
ماوەی چەندە بۆ مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کار دەکەیت؟ من دەیان ساڵە چالاکوانی مافەکانی مرۆڤم، کە مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یش لەخۆدەگرێت. چالاکوانیی من ئەو جۆرە نییە کە ببمباتە سەر جادە، هەرچەندە بەشداریم لە ڕێپێوان و خۆپیشاندندا کردووە لە ساڵانی ڕابردووی گەنجیمدا. لە ئێستادا، چالاکوانیی من لە ئەکادیمیا و کاری توێژینەوەدا خۆی دەبینێتەوە. چ جۆرە هاوکەرییەک پێشکەشی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن وەک ئەندامانی سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری؟ هەرچەندە سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری ڕێکخراوێک نییە کە خزمەتگوزاری پێشکەشبکات، ئێمە بە چەند ڕێگایەک پاڵپشتی لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەین. لە وۆرکشۆپەکانماندا هەمیشە باس لە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری دەکەین وەک مەودایەکی بەردەوام کە جیاڕەگەزخوازی و هاوڕەگەزخوازی دوو کۆتاییەکەی مەوداکەن، نەک تەنها دوو پژاردە. لەو کورتەفیلمانەی بەرهەممان هێناون وەک بەشێک لەو پڕۆژەیەمان کە لەلایەنی یەکێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکراوە، یەکێکیان، "شەبەنگی جێندەر" بە تایبەتی باسی شووناسی جێندەری دەکات. یەکێکە لە پۆدکاستەکانمان (بەرنامەی تۆماری دەنگی) بۆ هەمان پڕۆژە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ دەروونناسێک، کە هەڵەتێگەیشتنەکان دەربارەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ ڕوون دەکاتەوە. ئێمە کاردەکەین بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی ئەکادیمی لە بواری توێژینەوەی جێندەری، کە گفتوگۆی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یش لەخۆدەگرێت. زۆرینەکی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ چ داواکارییەکیان لە سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری هەیە؟ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نایەنە لای ئێمە داوای هیچمان لێبکەن، چونکە ئێمە خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەین. بۆیە داواکارییەکانی بە ئێمە دەگەن، بۆ نموونە داواکارییمان لە ڕێکخراوی ترەوە یاخود کەسانی ترەوە پێدەگات کە پرسیار دەکەن کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ئاڕاستەی کێ بکەن. ئێمە ئاڕاستەیان دەکەین بەروە ئەو ڕێکخراوانەی پاڵپشتی و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن. بە گوێرەی ئەوەی ئێوە دەیبینن چ ئاستەنگێک گرانترین ئاستەنگە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای هاوڕەگەخواز+ی عیڕاقیی دەبێتەوە؟ بینی هۆمۆفۆبیا (ترس و ڕق دژ بە هاوڕەگەزخوازان)ی بەردەوام زۆر قورسە. زۆر لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ڕووبەڕووی ترسی ڕەتکردنەوە لەلایەن خێزانەوە دەبنەوە، کە تەنها ناڕەحەتییەکی دەروونی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت ژیان-و-مردنیشکی هەیە. بەگوێرەی ئەو ئەزموونە زۆر سنووردارەی لە سلێـمانی هەمبووە، ژمارەیەکی ئێجگار کەمم لە کەسان بینیوە کە ئاڕاستەی سێکسی خۆیان قەبوڵ دەکەن بەو ئاستەی کە بۆ کەسانی تری ئاشکرا بکەن. زۆربەیان خەم دەخۆن لەوەی ببنە مایەی شەرمەزاری خێزانەکانیان و دووبارە لەلایەن خێزانەوە ڕەت بکرێنەوە. بەڕای ئێوە کێ زیاتر پیشێلکاری بەرامبەر دەکرێت، پیاوان یاخود ژنانی کویر؟ وە بەڕای ئێوە هۆکاری ئەوە چییە؟ بەڕاستی من ناتوانم لەسەر ئەوە بدوێم، بەگوێرەی ئەوەی من بێگانەم. بەڵام بە تێگەیشتنی من بارودۆخەکە وەک هەموو جیهان وایە: ژنانی هاوڕەگەزخواز بەشێوەیەکی جددی سەیرناکرێن، بەڵکو تەنانەت وەک خۆشی دەبینرێن بۆ نیگای پیاوان، بۆیە ئەوان بەو ڕادەیە وەک هەڕەشەیەک نابینرێن، جا ئەمە باش بێت یان خراپ. پیاوان، وەک بەردەوامی پێدەرانی پیاوسالاری، وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر دەبینرێن کاتێک بناغەی پیاوسالاری ڕەتدەکەنەوە. بەڕای تۆ بارودۆخەکە بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات دەربارەی مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عیڕاق؟ ئایا کۆمەڵگا پاڵپشتیی بەرەو زیادبوون دەڕوات؟ وەک بێگانەیەک کە وا دەست بە ساڵی پێنجەمی دەکات لە شاری سلێمانی، بەڕای من لەوانەیە گۆڕانکاریی ئەرێنی هەبن، بەڵام لەوانەیە هۆکارەکەشی تەنها ئەوە بێت کە لە ئیستادا وردتر لە وردەکارییەکان دەڕوانم بەبراورد لەگەڵ ئەو کاتەی تازە هاتبووم. من دیدی دوورمەودای کەسێکم نییە کە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لێرە ژیابێت. بەڕای تۆ ئەگەری ئەوە هەیە شتەکان بەرەو خراپی بڕۆن؟ بەبێ گوێدانە ئەوەی کە شتەکان باشتربوون یان نەخێر، بەڵی- ئەگەری ئەوە هەیە شتەکان خراپتر ببن- وەک لە هەر شوێنێکی تری جیهان. هەرکاتێک بەرەوپێشچوون هەبێت، ڕەتکردنەوەو کاردانەوەی نەرێنی هەیە. دوو هەنگاو بەرەوپێش هەنگاوێک بەرەودوامان دەبات، بەڵام هەندێک جار هەنگاوێکی بەرەوپێش دوو هەنگاو (یان زیاتر) بەرەودوامان دەبات. چ جۆرە گۆڕانکارییەک باشە بکرێت تا کۆمەڵگای عیڕاقی پاڵپشتییەکەی زیاد بکات؟ لەوانەیە لایەنگیری من بێت، وەک فێرکارێک، بەڵام من زۆر باروەڕم بەوە هەیە کە پەروەردە و فێرکردن بەهێزترین ئامڕازن. پەروەردە و فێرکردن لەوانەیە چەندین شێوە وەربگرن- مەرج نییە فێربوونی ناو پۆل بێت، هەرچەندە ئەوەش پایەیەکی گرنگە. یەکێک لە گرنگترین ئەزموونە فێرکارییەکان بریتیە لە بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەو کەسانەی ترس یاخود قێزمان لێیان دەبێتەوە. ئەوەی زۆرینەکی کات بۆمەن دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئێمە هەموومان مرۆڤی فرەڕەهەندین. باشترین بەشی کارەکەت چییە؟ ئێمە کارێكی زۆر هێواش دەکەین لە هەوڵی کۆڕینی کەشی تێڕوانین لەڕێگای پەروەردەو فێرکردنەوە تا ڕۆژێک کەسەکان دووچاری ناڕەحەتی زۆر نەبنەوە. باشترین بەشی کارەکەم بریتیە لە بینینی ئەوەی کە لەوانەیە ئێمە گۆڕانکارییەکی بچووکیشمان بەدیهێنابێت لە تێڕوانینی تەنانەت کەسێکدا کە لەوانەیە بەدەر لەو گۆڕانکارییە ترس و کینەی زۆری هەبێت دژ بە هاوڕەگەزخوازی. گۆڕانی پێکهاتەیی گەورە بە هێواشی ڕوودەدات، هەروەک پێشتر وتم، زۆربەی کات بە شێوەی "دوو هەنگاو بەرەوپێش و هەنگاوێك بەرەو دواوە." رەند عیڕاق کویر
0 Comments
وەک خانمێک، چاوەکان هەمیشە لەسەرتن. جا چ ئەوە لەبەربکەیت کە پێی دەوترێت "جلی کچانە" یان نا، هێشتا هەر گرانە بە ناو کۆمەڵێک کەسدا تێپەڕیت بەبێ ئەوەی ئەوان لەسەرتەوە تا پەنجەکانی پێ لێت بڕوانن. ئەگەر زۆر کچانە بیت لە قسەکردنت، ڕۆشتنت، ڕەفتارت لەگەڵ جلەکانت لەوانەیە ببێتە هۆی گێچەڵ و تەنانەت زیاتریش، وە ئەگەر کەمتر کچانە بیت لەوانەیە پرسیار لەمێشکی خەڵکیدا دروستبکات. لە ساڵانی منداڵیمدا، لەکاتی گەورەبوونمدا لە براکەمەوە نزیک بووم، زیاتر لە هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەمان. تۆپ تۆپێن، بەسەربردنی کات لەگەڵ یاری ئەلیکترۆنی، لێخوڕینی پاسکیل و بوونی قژی کورت هەمووی شتانێک بوون کە خۆشی و باوەڕبەخۆبوونیان پێدەبەخشیم. ئەو کاتە نەمدەزانی کە پێویستیم بەم شتانە لەگەڵمدا گەورەدەبن. شتەکان ئاڵۆزتربوون کە بووم بە کەسێکی باڵغ چونکە خەڵکی حوکمی زیاتریان هەبوو بەسەر جلوبەرگم و قژی کورتم. هەندێک جار، من دەبینم کە ئەوان حوکمم بەسەردا دەکەن تەنها بە بینینی ڕوخساریان. کەسانی دەوروبەرم بەلایەنەوە گرانە ئەوە قبوڵ بکەن کە کچێک ئارەزوو دەکات تیشێرت و بلووزی گەورە لەبەربکات لەجیاتی تەنوورە و عەزی. کاتێک بەسەر جادەتا تێدەپەڕم، هەست بە تێڕوانینی ئەو کەسانە دەکەم کە بۆ یەکتری دەچرپێنن، "ئەمە کچە یان کوڕە؟" باوەڕم وایە کە ئاڕاستەی سێکسیم دەبێتە جێی پرسیار لەلایەن زۆرینەی ئەو کەسانەی کە دەمبینن و لێم تێناگەن و ئەوەش تووشی دڵەڕاوکێم دەکات. هەندێک ڕۆژ ئەم دڵەڕاوکێییە وام لێدەکات کە جلەکانم بگۆڕم یان دووبارە بیربکەمەوە پێش سەردانکردنی دووکانێک یان کافێیەکی دیاریکراو.
ئێستا، کە لە هەموو کات باشتر لە ئاڕاستەی سێکسیم تێگەیشتووم، دەزانم کە هیچ کێشەیەک یان نەخۆشییەکم نییە. هەندێك ڕۆژ لە خەو هەڵدەستم و هەست بە پێویستییەکی زۆر دەکەم کە عەزییەک لەبەر بکەم و قژم خاو بکەمەوە. لەکاتێکدا هەندێک ڕۆژی تر، دەمەوێت بلووزە گەورەکەم لەبەر بکەم و های فایڤ لەگەڵ هەموو هاوڕێکانم بکەم کە دەیانبینم. من دان بەوەدا دەنێم کە من کاتێك بە کەمترین ڕادە کچانە بم هەمیشە وام لێدەکات هەست بە باوەڕبەخۆبوون و ئازادی بکەم. بەڵام ئەوە مافی ئەوەم لێناسەنێتەوە کە تەنوورە و عەزی لەبەر بکەم. من چیتر دوودڵ نیم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم، بەڵام دوودڵدم دەربارەی ئەوەی چۆن بتوانم دەری ببڕم لەڕێگەی ستایلی خۆمەوە بەبێ ئەوەی خۆم تووشی کێشە بکەم. ئەمەش بریتیە لە فێربوونی ئەوەی چۆن هێڵە کێشراوەکان ببەزێنم بەبێ ئەوەی بکەومە کێشەوە لەگەل هیچ کەسێكی تردا. ستایلی تۆش وەک ستایلی من و هەموو کەسانی تر بەپێی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانە هەڵدەبژێردرێت کە دەستیان بەسەر ڕەفتاری کۆمەڵگا عیڕاقییەکەماندا گرتووە. هەندێك جلوبەرگ بۆ کوڕان ڕێگاپێدراون و هەندێکییان بۆ کچان. ئەم سنووردارییەش لەو باوەڕەوە هاتووە کە هێشتنەوەی کەلتوورەکەمان بە زیندویی لەڕێگەی هەڵبژاردنی هەندێک جلوبەرگ و هەندێک ڕەنگی دیاریکراو کە هەر ڕەگەزێك بۆی هەیە لەبەریان بکات بە ئەنجامدێت. دڵنیام کە تێبینیت کردووە کە هەندێک پیاو خۆیان بە دوور دەگرن لە لەبەرکردنی ڕەنگی پەمەیی یان سوور و ڕەنگی تاریک هەڵدەبژێرن وەک ڕێگایەک بۆ دەربڕینی پیاوەتییان. لەبەرامبەر ئەوەشدا ژنان چاوەڕوان دەکرێت لێیان کە لایەنە ژنانەکەیان لەئامێزبگرن و و دەری ببڕن لەڕێگەی هێشتنەوەی قژی درێژ و لەبەرکردنی جلوبەرگی کچانە کە بە ئاسانی لە پیاوان جیایان بکاتەوە. من لێرەوە پێت دەڵێم کە نابێت هیچ ڕێسایەک هەبێت کۆنترۆڵی ئەوە بکات کە کەسێک بۆی هەیە چی لەبەربکات. ئەم سنوورانە یاسای گەردوون نین، چونکە ئێمە بەو باوەڕەوە لەدایکنابین کە پەمەیی بۆ كچانە و شین بۆ کوڕانە. ئێمە ئەم ڕێسایانە فێردەبین لە دەوروبەرمانەوە کە بریتین لە دراوسێ، خوێندنگا، قوتابخانە، خێزان و تەنانەت تەلەفزیۆن و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیش. بوونی مامۆستا و هاوڕێ کە من قەبوڵدەکەم وەک ئەوەی هەم و پاڵپشتیم لێدەکەن یارمەتیمدەدات کە هەستم دەربارەی خۆم باشتربێت. هەندێك لەو حوکم و پەسەندنەکردنانەی لەلایەن خەڵکەوە بەرەو ئاڕاستەم دێت هێشتا هەر ئازارم دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە خێزانەکەمەوە دێن. بەڵام هەمیشە ئەوە لە بیرمدا دەهێڵمەوە کە کێشە ڕاستەقینەکە بریتیە لە ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە خەڵکی پشتیان پێدەبەستن کە وایان لێدەکان بڕیاربدەن چەندێک ڕێز لە کەسەکان بگرن بەپێی ستایلی جلوبەرگیان. شتێكی تریش کە یارمەتی هەستم دەدات باشتر بێت ئەوەیە کە من هەوڵم داوە لە هەردوو لایەنەکدا ببم. هەوڵمدا کە زۆر کچانە بم لە جلوبەرگ و ڕەفتارمدا و هەوڵمدا کەمترین کچانە بم. هیچ کام لە لایەنەکان نەبوونە هۆی ئەوەی کە توانج و ڕەخنەکان بە تەواوی بووەستن لە لایەن خێزان، هاوڕێ و تەنانەت کەسانی نەناسراویشەوە. ئەوەش خاڵەکەی من دەسەلمێنێت کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە توانج و ڕەخنە ڕابکات بەڵام ئەوەی دەیتوانیت بیکەیت بریتیە لە هێشتنەوەی خۆت بە سەلامەتی بە لەبەرکردن و ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی کەمترین ئازار و زیان. لەیادتبێت کە هەموو عیڕاقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ وەک یەک نین، چونکە هەندێكیان سنووردارتن و ترسیان لە کەسانی تر زیاترە. فێری ئەوە ببە چۆن ڕەفتار بکەیت بەپێی بارودۆخی خۆت بە لەچاوگرتنی سەلامەتیت و ژیانت پێش هەموو شتێکی تر. لەبیرت بێت کە شتێک لەبەر نەکەیت یان شتێک نەکەیت کە ژیانت بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر چانسی ئەوەت هەیە ئاڕاستەی سێکسیت لەڕێگەی ستایلەکەتەوە دەرببڕێت، بکیە بەبێ هەسترکردن بە هیچ شەرم یان شەرمەزارییەک. رەند عیڕاق کویر وەک عێراقییەک، ئەگەر زۆرە کە تۆ دەربارەی ئەم ڕۆژە نەتبیستبێت یان بیستووتە بەڵام ناتوانیت یادی بکەیتەوە، نە لە لەگەڵ خێزانت، نە لەگەڵ هاوڕێکانت یان کچەهاوڕێکەت، وە نە لەسەر جادە لەگەڵ کەسانێک نەیانناسیت. لەگەڵ ئەوەشدا، عیڕاق کویر هەوڵ دەدات کە شتەکان بگۆڕدرێن و عێراقییەکانیش زیاتر پاڵپشتی لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەکەن. تا ئەو ڕۆژە دێتە دی، عیڕاق کویر دەیەوێت بزانیت کە تۆ وەک ژنێكی هاوڕەگەزخواز بەهێزیت، بوونت پەسەندە و بۆ ئێمە گرنگیت. شانازی بەخۆتەوە بکە کە دەتوانیت ڕۆژەکانت بەڕێ بکەیت بەبێ هەبوونی ئەو پڵپشتییەی کە شایەنیت. گۆڕانکاری باش ڕوو دەدەن چونکە ئێمە باوەڕمان وایە ماحاڵ نین. بە بەهێزی بمێنەرەو و شانازی بە خۆتەوە بکە.
لەم ڕۆژە تایبەتەدا، دەمانەوێت چیرۆکی خۆشەویستی ژنانی هاوڕەگەزخواز بگێڕینەوە کە ئەوانیش وەک تۆ و چەندین کەسی تر لە شارەکانی عێراق دووچاری بارودۆخی گران دەبنەوە. سارا کە ژنێكی هاوڕەگەزخوازی ٢٩ ساڵە لە بەسرە، باسی خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا ترس دەکات کە لەگەڵ کچە هاوڕێکەیدا ئەزموونی دەکەن، سارا دەڵێت، "کچە هاوڕێکەم دوو ساڵ لەمەوپێش باسی لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئینتەرنێتەوە." ئەو باسی ئەوە دەکات چەند گرانە ژن و هاوڕەگەزخواز بیت لە شارێکی وەک بەسرە. دەڵێت، " دەرفەتی ئەوەمان نییە کە هیچ کام لە شووناسیەکانی خۆمان دەرببڕین. لەبەر ئەوە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کە کەسێک بناسم کە بە هەردوو شووناسەکام ئاشنا بێت وقبووڵیان بکات و بەهۆی ئەوانەشەوە منی خۆشبوێت." سارا باسی ئەوە دەکات کە کاتێک لەگەڵ کچەهاوڕێکەی دەبێت هەست بە خۆشی و ئارامی دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا هەمیشە ترس هەیە لە خێزانەکەی خۆی یان خۆشەویستەکەی. ترسی ئەوەی کەسێک بیانگرێت کاتێک ماچی یەک دەکەن یان کەسێکی بزانێت ئەوان لە هاوڕێ زیاترن. ترس لەوەی بکوژرێن یان هەتا هەتایە لە یەک داببڕێن. وەک کچ لە شاری بەسڕە، ئەوان ڕێگەی ئەوەیان پێنەدراوە کە کاتێکی زۆر لەسەر جادە یان کافتریا بەسەر بەرن یان زووزوو سەردانی یەکتر بکەن. ئەوەش ئەو کاتەیە کە دەرفەتیان دەبێت بە یەکەوە سەیری فیلم بکەن یان باسی مۆسیقا و شیعر و خۆشەویستی بکەن. خەولە دەڵێت کە تەنها دوای ئەزموونی پڕ لە ئازاری پڕۆسەی جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی ئەو لە ئاڕاستەی سێکسی خۆی تێگەیشت و بۆی دەرکەوت خۆی چ کەسێکە. دەڵێت، "چوار ساڵ لەمەو بەر تەڵاقم وەرگرت دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری. هاوسەرگیریان پێکردبووم لەگەڵ یەکێک لە ئامۆزاکانم. هاوسەرگیری دارێژڕاو لە کەربەلا، کە منی لێ دەژیم، زۆر باوە. کچێکی تەمەن ٣٠ساڵ کە هاوسەرگیری نەکردبێت قبوڵنەکراوە. لە خێزانێکی وەک خێزانی مندا، كچان دەبێت لە تەمەنێكی دیاریکراودا شووبکەن، ئەرکەکانی ژیانی هاوسەرگیری جێبەجێ بکەن، منداڵیان ببێت، منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و ژنێکی باش بن." دوای جیابوونەوەی، خەولە خۆی لە خێزانەکەی و هەموو کەس دوورەپەرێز گرت. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە دەستی کرد بە تێڕامان لە ئاڕاستەی سێکیسیی خۆی و بۆی دەرکەوت کە ئەو جیاڕەگەزخواز نییە. کاتێک ئەو چاوی بە دراوسێکەی کەوت، دەستبەجێ کەوتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵیدا. هەردووکیان هەستیان بۆ یەکتری هەبوو، بۆیە بەردەوام بوون لە قسەکردن لەگەڵ یەکتر دەربارەی ژیانیان. خێزانەکانیان هەستیان بە هیچ نەکرد چونکە دایکیان هاوڕێ بوون و سەردان لەنێوان دوو خێزانەکەدا ئاسایی بوو. خەولە لە سەرەتادا ئازایی هەوەی نەبوو کە هەستەکانی دەرببڕێت بەڵام کە زیاتر لە یەک نزیک بوونەوە بڕیاری دا ئەو هەنگاوە بنێت. "ڕۆژێکیان، لەسەر جێگا پاڵکەوتبووین و گوێمان لە گۆرانی "انکتبلي العمر"ی گۆرانیبێژ شیرین دەگرت، دەستمان بەر دەستی یەک دەکەوت. باسی خۆشەویستیمان دەکرد، پاشان بۆ یەکەمین جار ماچی یەکمان کرد. ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانمدا کە لە هەمان کاتدا هەست بە ئارامی و هەست بە ترسیش بکەم. لەو کاتەوە ئێمە بە یەکەوەین." ئەم دوو چیرۆکە نموونەی چەندەها چیرۆکی ترن. وەک کچێکی هاوڕەگەزخواز، لەبیرت بێت کە تۆ بەتەنها ناجەنگیت و لەوانەیە شتەکان ڕۆژێک باشتر ببن. تا توانای بڕیاردانت هەبێت، هەرگیز ڕێگا مەدە کەسانی تر بڕیارت بۆ بدەن و لەبیرت بێت کە شتێکی ئاساییە بۆ ماوەیەک ون بیت. گەشبین بە بەوەی کە قۆناغێکی باشتر دێت و دەگەیتە خاڵێک کە تۆ لە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی خۆت دڵنیا دەبیت. لە کۆتاییدا، لەیادت بێت کە هاوڕەگەزخوازبوون بە مانای ئەوە نایەت خۆشەویستی نادۆزیتەوە. چەندین کەسی هاوڕەگەزخواز هەیە لە دەوروبەرت کە دەترسن شووناسی خۆیان دەرببڕن. بەوردی سەیری دەوروبەرت بکە و لەوانەیە خۆشەویستی بدۆزیتەوە. لەمڕۆدا، عیڕاق کویر دەیەوێت بزانیت کە تۆ بینراو وە بیستراویت. هەرگیز دوودڵ مەبە لە پەیوەندیکردن پێمانەوە ئەگەر پێویستت بە ڕێنمایی یاخود پاڵپشتی بوو. رەند عیڕاق کویر عێراقییانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) تووشی فشار و سترێس دەبنەوە لە چەندین لایەنەوە، وە تەنها بریتی نیە لە ترس لە کاردانەوە و حوکمی خەڵکی دەربارەی ئاڕاستەی سێکسییان. عێراقییانی کویر وەک عێراقییان تر هەمان فشارەکانی ڕؤژانەیان هەیە. نەبوونی کار، کێشەی سیاسی، وە شەڕ هەموویان هۆکاری دڵەڕاوکێن و هیوا لە دڵدا دەکوژن. عێراقییانی کویر ناچارکراون کە لەگەڵ ئەم ژینگەیەدا ڕابێن، سەڕەڕای ڕاهاتن لەگەڵ بیرکردنەوەی خەڵکی کە ڕەتیان دەکاتەوە وەک کویر. کاسانی کویر وەک هەموو کەسانی تر، پێویستیان بە یەکێکە کە گوێیان لێبگرێت و ڕێنماییان بکەن، بەڵام ئەمە بۆ زۆرینەیان بەردەست نییە. نەبوونی پاڵپشتی دەبێتە هۆی خەمۆکی کە لەوانەیە پاڵیانەریان بێت بەرەوە خۆکوشتن.
یەکەمین کەس کە چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد لیزوی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، کە کیژێکی هاوڕەگەزخوازە. لیزو دەڵێت، "بیرکردنەوەکانم دەربارەی خۆکوشتن لە قەبوڵنەکردنی خۆم وەک هاوڕەگەزخوازێکەوە سەرهەڵنادەن، بەڵکو لەو ڕەت کردنەوەی کۆمەڵگاوە بۆ من سەرهەڵدەدەن. منم دژی کۆمەڵگا و ئاین و کەلتورم." لیزو ڕوونی دەکاتەوە کە فشارەکان بەنزیکەیی لە هەموو لایەنەکانەوە دێن. خێزان، خزم و کەسان، کۆمەڵگا و ئاین هەموویان فشار دەخەنە ساری، سەرەڕای ترس لە نازانراو وە ترس لەوەی کە کەسێک بە ئاڕاستەی سێکسیی بزانێت کە لەوانەیە ببێتە سەرچاوەی چەندین کێشە. هەواڵە باشەکە ئەوە کە لیزو بەسەر بیرکردنەوە لەخۆکوشتندا زاڵ بووە لەڕێگەی خوێندنەوە لەسەر بابەتەکە و بونیادنانی چەند خویەکی تەندروست، وەک هەبوونی کای دیاریکراو بۆ خەوتن و خواردن. سەرەڕای ئەمانەش، ئەو دەڵێت کە هاوڕێکانی پاڵپشتییەکی زۆری پێدەبەخشن و هانی دەدەن کە بەردەوامبێت. ئەیمەن کە کوڕێکی ٢٢ ساڵی هاوڕەگەزخوازە پێم دەڵێت کە بیرکردنەوەی لە خۆکوشتن لەو کاتەوە سەریان هەڵداوە کە ئەو کەسێکی دیندار بووە، چونکە ئاین دەڵێت کە کەسانی کویر دەبێت لە جەهەننەمدا بسووتێن. سەرەڕای ئەو فشارەی کە لە ئایینەوە سەریانهەڵداوە، ترس لەوەی کە خێزانەکەی بە ئاڕاستەی سێکسیی بزانن و ترس لە نەزانراو فشارێکی ئێجگار گەورەی خستووەتە سەر ئەیمەن. سوپاس بۆ هاوڕێکانی ئەیمەن، کە بەهۆیانەوە ئەیمەن زاڵبووە بەسەر بیرکرنەوە لە خۆکوشتنەوە و ئێستا بیرکردنەوەیەکی ئارامتری هەیە. ئەو دەڵێت کە هەبوونی کەسێک قسەت لەگەڵدا بکات یارمەتییەکی زۆرت دەدات کە بەسەر فشاردا زاڵبیت و ئەو پێشنیار دەکات کە هەمووان کەسێکی وایان هەبێت. ئیثەن کە پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٩ ساڵە چیرۆکی خۆیم بۆ دەگێڕتەوە دەربارەی زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوە لە خۆکوشتندا. دەڵێت، "بیرکرنەوەم لە خۆکوشتن پاش ماوەیەکی کەم لەوەوە سەریان هەڵدا کە هاوپیشەکانم بەڵگەیەکیان لەسەر ئاڕاستەی سێکسیم دۆزییەوە کاتێک تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. ئەوان منیان لە خوێندکارانی تر دابڕان و بەهەموو کەسێکیان دەوتی بەهیچ جۆرێک قسە لەگەڵ من نەکەن، تەنانەت باشترین هاوڕێشم کە هەمیشە متمانەی پێمبوو دەبوو خۆی لەمن بەدوربگرێت تا خۆی و ناوبانگی خۆی بپارێزێت. هەروەها هەرکاتێک ڕووبەڕووی هۆمۆفۆبیا (گوتار و ڕەفتاری دژ بە هاوڕەگەزخوازان) دەبوومەوە لەلایەن خێزانەکەم، هاوڕێیان و هاوپیشەکانمەوە یاخود کاتێک لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەمخوێندەوە، هەستم بە بێگانەیی دەکرد، وەک بوونەوەرێک کە لەم جیهانەدا شوێنی نەبێتەوە و مافی هەبوونی نەبێت. کاتێک تەمەنم ٢٢-٢٣ ساڵ بوو، یارمەتیم وەرگرت لەلایەن پزیشکێکی دەروونییەوە و ئەوەش یارمەتی دام لە دژوارترین قۆناغی بیرکرندەوە لە خۆکوشتنمدا. هێشتە ئەو بیرکردنەوانەم بۆدێت، بەڵام بە ڕادەیەکی کەمتر." ئەو پێم دەڵێت بیرکردنەوەی لە خۆکوشت دەگەڕێتەوە کاتێک تووشی فشار دەبێتەوە لەلایەن خێزان، هاوڕێیان یاخود خزمانەوە و ئەم بیرکردنەوان ماوە ماوە دێن و دەڕۆن. هاوڕێ هاوڕەگەزخوازەکانی و هیوای ئەو بۆ داهاتوویەکی باشتر هۆکاری مانەوەی ئەون و هیوای پێدەبەخشن. ئەو دەڵێت کە هەبوونی ڕێنماییکارێک یاخود هێڵێکی تەلەفۆنیی خۆکوشتن کە بەردەوام کراوەبێت یارمەتیەکی زۆر دەدات بۆ کەمکردنەوەی خۆکوشتنی کەسانی کویر. ئەحمەد کە پیاوێکی ٢٥ ساڵی هاوڕەگەزخوازە دەڵێت کە ئەو تەمەنی ١٦ ساڵ بوو کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو هاوڕەگەزخوازە. ئەوکاتەش بۆی دەرکەوت کە پاڵپشتی بۆ کەسانی وەک ئەو چەند کەمە. ترسی ئەحمەد لە کۆمەڵگا، خزمان، و کەسانی ئاینی دەوروبەری هۆکاری فشاری ڕۆژانەن بۆ سەر ئەو. لەبەر ئەوە، هێشتا بیرکرنەوەی لە خۆکوشتن هەر ماوە کە دێت و دەڕوات. ئەو پێمدەڵێت کە هەبوونی پاڵپشتی لەلایەن ئەندامێکی خێزان، هاوڕێ، یاخود ڕێکخراوەوە یارمەتییەکی عێراقییانی کویر دەدات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتدا. زۆرینەی عێراقییانی کویر خۆیان دەدۆزنەوە لەنێوان ڕق و کینەیەکی زۆردا، تەنانەت ئەگەر خۆشیان جیابکەنەوە هێشتا ناتوانن بە تەواوی لە کێشە بەدووربن. کەسانی کویر تووشی ڕق و کینە دەبنەوە بەهۆی سرووشتی خۆیانەوە و ئەمەش کێشەکان بەرەو خراپتر دەبات. وشەیەیەک یاخو کردەوەیەکی دیاریکراو نییە خۆتی لێبەدروبگریت یان بیکەیت تا شتەکان بەرەو باشتر بڕۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕقبوون لە خود و ئەمەش خەمۆکی دێنێت. وە کەسێکی کویر، دەبێت هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت کە ژیان هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو فشارەی ئێستا تووشی دەبین لەکۆتاییدا نامێنێت. بەهێزبە و لەبیرت بێت کە ئەگەر چی شتەکان بۆ نەوەی تۆ لەوانەیە گرانبن، پێویستە کاربکەریت تا نەوەی داهاتوو تێگەیشتووتر و پاڵپشتیکارتربن. رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |