عیڕاق كویر
  • سه‌ره‌كی

​دووبارە پێناسەکردنەوەی واتای کۆمەڵگە و چۆنیەتی دروستبوونی داکۆکیکاری

6/11/2026

0 Comments

 
Picture

​"ڕقم لێیە دانی پێدا بنێم، بەڵام مرۆڤ بە ڕاستی پێویستی بە گوندێکی تەواو هەیە. ناسنامەی کویر لە جیهانێکدا کە هەوڵی پانکردنەوەی دەدات، پێویستی بە پاڵپشت هەیە. پێویستی بە کۆمەڵگەیەک لە کەسانی بەپەرۆش هەیە، و شوێنێک کە تێیدا بتوانرێت دەمامکەکان فڕێ بدرێن و  فشاری چاوەڕوانییەکان سووکتر ببن. ئەم تێکەڵاوە دەوڵەمەندە لەو کەسانەی کە بێ شەرمکردن دەژین و خۆشەویستی دەکەن و پێدەکەکن، دەیسەلمێنێت کە تەنها بوونمان خۆی لە خۆیدا شێوازێکە لە بەرگری، بۆیە شایەنی ئەوەیە بە شانازییەوە پێشوازی لێ بکەین." ئەندامێکی کۆمەڵگەکەمان

​بۆ ماوەیەک، چالاکوانانی باشووری کوردستان و عێراق لە هەوڵەکانیاندا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە و داکۆکیکاری، پشتیان بە مۆدێلی ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs) بەستبوو. ڕێکخراو دروست دەکەین، کەمپین و پڕۆژەی بەرفراوان پێشکەش دەکەین، بودجه بەدەست دەهێنین، و پاشان جێبەجێی دەکەین. ئەم مۆدێلە بەشدار بوو لە ڕاگەیاندنی هەندێک لە دیارترین کەمپینەکان لە ناوچەکەدا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا. لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین کێشە هەن.
​کاتێک چالاکییە مافخوازییەکان و داکۆکیکاری پشت بە بودجە دەبەستن، بە تەواوبوونی پارەکە ئەوانیش دەوەستن. ئەگەر لە چالاکی 
مافخوازی تەنها وەک کەمپینی هۆشیاریی بەرفراوان، وۆرکشۆپ و کۆبوونەوە هەرێمییەکان بگەین، ئەوا پێویستمان بە ڕۆیشتنی بەردەوامی بودجە دەبێت بۆ هێشتنەوەی بە زیندوویی. ئەم ڕۆیشتنە بەردەوامەش بەندە بە گۆڕینی چالاکییە مافخوازییەکان بۆ کاری دامەزراوەیی، ڕەفتارکردن وەک ڕێکخراوێکی ناحکومی، و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی بەخشەرە ڕۆژئاواییەکان.

​بودجە بە سروشتی خۆی دوورخەرەوەیە (باوەش بۆ هەمووان ناکاتەوە). هیچ کاتێک بە شێوەیەکی یەکسان یان دادپەروەرانە دابەش 
نەکراوە، و زۆرجار ڕێگرە پێکهاتەییەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی بەوانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی. گەیشتن پێی بەندە بە زمان، کات، پەیوەندییەکان و شارەزایی تەکنیکی، کە ئەمانەش سەرچاوەن گەلێک لە بزووتنەوە جەماوەرییە بنەڕەتییەکان (لۆکاڵییەکان) نایانەوێت. لە ئەنجامدا، سیستەمەکانی دابینکردنی بودجە لەپێشینەیی دەدەن بەوانەی کە خۆیان لە بنەڕەتدا توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵیدا هەیە، ئەمەش هەمان داینامیکی هێزی داگیرکاری بەرهەم دەهێنێتەوە کە ئەم سیستەمانە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەیانەوێت ڕووبەڕووی ببنەوە.

​ئەوان قورسایی کارەکانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ سەر ئێمە، دەستکەوتەکان بۆ خۆیان دەنووسن، و خۆیان بەدوور دەگرن لە گرتنەئەستۆی هەر بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بە سەلامەتی یان خۆشگوزەرانیمان. لە کاتێکدا ئێمە، ژیانی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ئەوان بە مووچەیەک کە لە کەمترین ئاست کەمترە، و پاشان بۆ هەر فلسێک کە خەرجی دەکەین دەکەوینە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

​لەبەر ئەوەی حکومەت ڕێگری لە ڕێکخراوە کویر و فێمینیستەکان کردووە لە تۆمارکردنی فەرمی، بزووتنەوەی کویر زیاتر ناڵاندوویەتی. بەخشەرەکان پاڵپشتی ئەو قەوارانە ناکەن کە بە "نافەرمی"یان دەزانن. پێوەری شەرعییەت لای ئەوان ڕەزامەندی دەوڵەتە، و ئامادە نین هیچ لایەنێک جیا بکەنەوە تەنانەت کاتێک دەوڵەت خۆی بە ئاشکرا دژایەتی مافەکانی مرۆڤ دەکات.
​تەنانەت کاتێک پابەندی یاساکان دەبین و وتاری داواکراو بەکاردەهێنین، دابینکردنی بودجە بە نادامەزراوەیی و ناوبەناو دەمێنێتەوە. ڕەنگە بەهۆی توندکردنەوەی یاساکان لە ناوخۆی وڵاتدا بوەستێت، یان بەهۆی کەمپینەکانی گوشار خستنە سەر ئەو ڕێکخراوانەی لەگەڵ ژنان و کەسانی کویردا کار دەکەن، یان لە ئەنجامی گۆڕانی لەپێشینەییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا.

​چالاکوانانی کویر لە باشووری کوردستان پێشتر بەدەست لێکەوتەکانی ئەم پشتبەستنە بە بەخشەرانەوە ناڵاندوویانە. کارەکانمان وەستان، و ناسکترین و لاوازترینەکان لە ناوماندا زۆرترین زیانیان بەرکەوت. لەگەڵ ئەوەشدا، و خۆشبەختانە، ڕێگەیەکی ترمان دۆزییەوە بۆ بەردەوامبوون.

​لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵگەکە ڕووی لە گرتنەبەری مۆدێلێکی تری داکۆکیکاری کردووە کە لەسەر ئاستێکی بەرزتر پشت بە پەیوەندییە مرۆییە ڕاستەوخۆکان دەبەستێت و لەسەر بنەمای متمانە بنیات دەنرێت. لەسەر شوێنپێی بزووتنەوە جەماوەرییە هاوشێوەکانی ئەودیو سنوورەکان، چەمکی سەرکردایەتی بەکۆمەڵمان گرتەبەر بۆ ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم هەمواندا بۆ دەربڕینی ڕاکانیان و بیستنی دەنگیان.

​ئەمە چیرۆکی ئێمە بوو وەک کۆمەڵگەیەک، و تا ئەمڕۆش شانازی پێوە دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە لەسەر ئەرزی واقیع ئاسان نەبوو، شتێک هەبوو کەم بوو.

​سەرکردایەتی نا-هەرەمی (نا-پله‌بەندی) پێویستی بە بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لەناو کۆمەڵگەکەدا دەربارەی هۆکاری دوورکەوتنەوەمان لە هەرەمییەت لە بنەڕەتدا. بە دەربڕینێکی تر، ئێمە پێویستمان بە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هەیە لەناو کۆمەڵگەکەدا.

​تەنانەت کاتێک دەستمان کرد بەوەی بڵێین ئێمە هەرەمی نین، وازمان لە ڕەفتارکردن نەهێنا وەک ئەوەی کە وابین. ناوی هەموو بەشەکانی پێکهاتەی ڕێکخراوەکەمان گۆڕی، بەڵام هێشتا سەیری هەندێک کەسمان دەکرد وەک سوودمەند و هەندێکی تریش وەک سەرکردە. هەندێکمان بەرپرس بوون لەوانی تر، بەڵام ئەوان بەرپرس نەبوون لە ئێمە. کەسانێک هەبوون کە پارەیان پێدەدرا لەبەرامبەر ئامادەبوونیان، و کەسانی تریش ئەو پارەیان دەدا. ئێمە سەرنەکەوتین لە درککردن بەوەی کە گۆڕینی ناوەکان پێکهاتەکەی نەگۆڕی.

​پێم وایە بۆ چەندین ساڵ هەستم دەکرد کە کۆمەڵگەی ناوخۆیی ئێمە بەهۆی پشتبەستنی یەکترییەوە یەکگرتووە. ئێمە پێکەوە دەمێنینەوە چونکە بۆ مانەوەمان پێویستمان بە یەکدی هەیە. کۆمەڵگە بوو بە ئیمتیازێک، قەڵغانێک، و شێوازێک لە پاراستن کە دەتوانیت بیپارێزیت لەبەرامبەر بەرگەگرتنی ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەدا.

​ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی سەردانی شوێنە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، لە کۆتاییدا ئەوانەن کە لەپێشینەیی وەردەگرن کاتێک پێویستی بە خزمەتگوزارییە ڕزگارکەرەکانی ژیان، یان دەرفەتی کار، یان هاوکاری دارایی دەبێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا داینامیکییەکی هێزی نایەکسان و پله‌بەندییەکی هەرەمی دروست دەکات.

​گرووپی "هێم" (Hem)، کە گرووپێکە کار بۆ ڕزگارکردنی کوییرەکان لە باشووری کوردستان دەکات، لە سۆنگەی ئارەزووی کارکردنی نزیکتر لەگەڵ کۆمەڵگە فراوانەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوپشتی دوای هەندێک ناڕوونی و ناکۆکی کە پێشتر ڕوویاندابوو، دامەزرا.

​بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگەکەدا، بە خێرایی بۆمان دەرکەوت کە بۆشاییەکی گەورە لەو پڕۆژانەدا هەیە کە بە تایبەتی پەیوەندییان بە ژنانی کویرەوە هەیە، بۆیە بڕیارماندا ڕێڕەوی کارەکانمان بگۆڕین.
​ناڵاندنی ژنانی کویر دوو هێندە دەبێت بەهۆی بەردەوامی سیستەمی باوکسالارییەوە تەنانەت لەناو خودی کۆمەڵگەی کویریشدا. کاتێک ئێمە بەردەوام دەبین لە داڕشتنی چالاکییەک کە پێویستی بە گەشتکردن لە نێوان شارەکان، یان مانەوە لە دەرەوەی ماڵ، یان ئاستێکی بەرزی نهێنیپارێزی هەبێت، سروشتییە کە زۆرێک لە ژنان نەتوانن بەشداری بکەن.

​تەنانەت لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی، زۆربەی ژنان لە ناوچەکەماندا خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نین بەسەر ژیانیاندا بەهۆی نەریتە باوکسالارییەکانەوە. بە دەربڕینێکی تر، خێزانەکانیان بڕیار دەدەن کێ بۆی هەیە بۆ کوێ بڕوات و بۆ کوێ نەچێت.

​من دەزانم کە هاوڕێیانی تێکۆشان کە پلانی ئەو چالاکییانەیان داناوە بە مەبەست ژنانیان دوور نەخستووەتەوە، و پێدەچێت لە بنەڕەتدا درکیان بەوە نەکردبێت کە وایان کردووە. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە بابەتەکە هەر بە مێشکماندا نەهاتبوو لە بنەڕەتدا. کێشەکە ئەوەیە ژنان وەک بیرۆکەیەکی پاشکۆ دەمێننەوە لەناو سیستەمگەلێکدا کە بۆ ئەوان و لەلایەن ژنانەوە دانەڕێژراون.

​دوای درککردنمان بەمە، ئەو پارەیەی کە بۆمان مابووەوە وەبەرهێنانمان تێدا کرد بۆ ڕێکخستنی دوو چالاکی تایبەت بە ژنانی کویر بۆ کۆبوونەوە، ناسینی یەکتر و بەسەربردنی کات پێکەوە. پێمان وابوو باشترە دوور بکەوینەوە لەو چالاکییانەی کە پێویستیان بە هەوڵی هزری یان جەستەیی هەیە لەلایەن بەشداربووانەوە، وەک وۆرکشۆپ یان گفتوگۆ یان چالاکییە سیاسی و پەروەردەییەکان، و تەنها بۆشاییەکیان بۆ بڕەخسێنین بۆ بوون بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک.

​دوو چالاکییەکە تەوەرەکەیان هونەر بوو؛ تەختەی وێنەکێشان (کانڤاس) و ڕەنگمان کڕی و چەند کاتژمێرێکمان بە وێنەکێشان پێکەوە بەسەربرد. لە یەکەم هەوڵدا تەنها دوو کەس ئامادە بوون، لە دووەمدا دە کەس ئامادە بوون. ئەمەش نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بوو.

​لەو کاتەوە قەبارەی گرووپەکە دوو هێندە بووە. شەش چالاکی ترمان لە ماوەی هاویندا ڕێکخست، و کاتێک دواتر چالاکییەکمان بۆ کۆمەڵگە فراوانەکە ڕێکخست، ژمارەی ژنانی بەشداربوو دوو هێندەی ژمارەیان بوو لە یەکەم چالاکیدا.

​ئەم گرووپە هێشتا لە گەشەکردندایە، و گرووپی "هێم" بانگەشەی خاوەندارێتی ناکات. ئێمە سەرکردایەتی ناکەین و بەڕێوەی نابەین، بەڵکو وەک تاکەکانی کۆمەڵگەکە تێیدا بەشدارین.

​پێم وایە گرنگترین گفتوگۆ کە دەربارەی ئەم گرووپە کرا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانمان بوو لە "هێم" کاتێک گوتی:
​"دراوسێکانمان خواردنمان بۆ دەهێنن کاتێک دایکم نەخۆش دەکەوێت، ئەمەیە واتای کۆمەڵگە."
​لەکۆمەڵگەدا هیچ دەرماڵەیەکی ڕۆژانە، گرێبەست، پسوڵە یان لیستی ئامادەبوون نییە. بەس نییە تەنها لەم پێکهاتە ڕێکخراوەییە ڕزگارمان بێت، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە لەو ڕۆڵانە ڕزگارمان بێت کە وێنای دەکەین لەناویدا دەیگێڕین.

​بەردەوامی کۆمەڵگە پێویستی بە پەیوەندیگەلێک هەیە کە لەسەر بنەمای متمانە، چاودێری و بەرپرسیارێتی هاوبەش لە نێوان ئەندامانیدا بنیات نرابێت. کاتێک کەسێک خۆی لە سەرووی کەسانی ترەوە دەبینێت یان بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەریان، ئەوا لە ئەندامێکی کۆمەڵگەوە دەگۆڕێت بۆ ڕۆڵێک لە دەرەوەی ئەو. تۆ دەبێت لە گوندەکەدا تەنها وەک یەکێک لە دانیشتووانەکەی بژیت.

​بوونم لەناو ئەم گرووپەدا هەستێکی گەورەی شانازی و دڵخۆشیم پێ دەبەخشێت. ئەم کەسانە چەندین جار تەحەدای چەمکەکانی منیان کردووە دەربارەی کۆمەڵگە، داکۆکیکاری و تەنانەت خودی کویربوونیش.
​تێپەڕین بە چەندین ناکۆکیدا، هەندێکیان چارەسەر بوون و هەندێکیشیان تا ئێستا بەردەوامن. لە بەڕێوەبردنی زۆر شتدا هەڵەمان کرد، هەڵەمان ئەنجامدا، و تەنانەت هەندێک جار ئازاری یەکدییشمان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، خۆشەویستی هێشتا هەیە، ئەمەش متمانەم پێ دەبەخشێت کە فێری ئەوە دەبین چۆن ببینە کەسی باشتر.

​ئێمە هەموومان، بێ مەبەست، خۆمان لە ڕۆڵی "چالاکوان"دا دۆزییەوە چونکە ناسنامە کوییرەکانمان بە سروشتی خۆیان بەسیاسی کراون. ئەگەر کویربوون بە هۆکارێکی پێویست دابنرێت بۆ سزادان و ئازاردانمان لەلایەن دەوڵەتی باوکسالارییەوە، ئەوا دڵخۆشی، خۆشەویستی و کۆمەڵگەکەمان دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی بنەڕەتی (ڕادیکاڵ) لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتدا، و تەنانەت ڕەنگە گەورەترین شێوازی داکۆکیکاری بێت لە بنەڕەتدا.

​کاتێک کەسانی کویر وەک تاک لە یەک کۆمەڵگەدا کۆدەبنەوە، شتێک دروست دەکەن کە بە ئاسانی هەڵناوەشێتەوە بەهۆی خولەکانی دابینکردنی بودجە یان بەربەستە سیاسییەکانەوە.

​لە ژینگەی ئێمەدا، کە دەوڵەت و کۆمەڵگە پێکەوە هەوڵی دابڕان و پەراوێزخستنی ژیانی کویر دەدەن، بنیاتنانی کۆمەڵگە و پاراستنی خۆی لە خۆیدا دەبێتە شێوازێک لە بەرگری.

​من پێم وایە چیرۆکی هاوبەشی ڕاستەقینەی ئێمە، لەناو بزووتنەوەی کویر لە باشووری کوردستان بە گشتی، چیرۆکی خۆڕاگرییە.

​کاتێک پۆلیس هەڵدەکوتێتە سەر ئۆفیسەکانمان، فێری ئەوە دەبین چۆن بێ ئۆفیس کار بکەین. کاتێک حکومەت توندوتۆڵییەکەی زیاتر دەکات، ئێمە کەلێنی یاسایی دەدۆزینەوە. کاتێک بەخشەرەکان پشتمان تێدەکەن، ئێمە ڕوو لە یەکدی دەکەین.

​ئەگەر هیچ شتێکی تریشمان نەبێت، ئێمە ئەمەمان هەیە: خۆڕاگریمان.

0 Comments

​ئەردەشێر نەوزاد – هێزی ئەوەی کە تەنها خۆت بیت

6/11/2026

0 Comments

 
Picture
لە ڕێکخراوی "عێراق کویر"، حەز دەکەین پێشوازی لە دەنگە گەشاوە و بەهێزەکانی ناو کۆمەڵگەکەمان بکەین. ئەمڕۆ، شانازی دەکەین کە ئەردەشێر نەوزادتان پێ دەناسێنین

​ئەردەشێر لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا، کەسایەتییەکی فرەڕەهەندە. لە بەغدا لە خانەوادەیەکی کوردی نیشتیمانپەروەر لەدایکبووە، بڕوانامەی ئەندازیاریی کیمیایی هەیە و لە ئێستاشدا بەردەوامە لە خوێندنی ماستەر لە بەشی یاسای نێودەوڵەتیدا. بەڵام لەودیو دەستکەوتە ئەکادیمییەکانیەوە، گەشتەکەی ئەردەشێر چیرۆکێکی قووڵی خۆدۆزینەوە و خۆڕاگرییە.

​دۆزینەوەی ڕەنگدانەوەیەک لە خۆتدا
​ئەردەشێر لە تەمەنێکی بچووکەوە درکی بەوە کردبوو کە جیاوازە. وەک زۆرێک لە ئێمە، یەکەم "ئاوێنە"ی خۆی لە کولتووری باودا (پۆپ کولتوور) دۆزییەوە. کاتێک سەیری زنجیرە درامای Buffy the Vampire Slayer ی دەکرد، بە شێوەیەک کە لێکدانەوەی بۆ نەدەکرا، خۆی بە لای کارەکتەری "ئەنجڵ"دا ڕاکێشراو بینی (بە ڕاستی کێ هەیە لۆمەی بکات؟ ئەنجڵ بەرجەستەکەرێکی تەواوی کەسایەتییەکی خەمۆک و گۆشەگیر بوو). هەرچەندە لەو کاتەدا وشەی پێویستی نەبوو بۆ وەسفکردنی ئەو هەستە، بەڵام وەک خۆی قبوڵی کرد.

​کاتێک گەیشتە تەمەنی چواردە ساڵی، ئەو هەستە گۆڕا بۆ هۆشیارییەکی ڕوون: ئەو هاوڕەگەزخواز بوو. ئەو قۆناغە پڕ بوو لە تەنیایی؛ چونکە کاتێک هاوپۆلەکانی لە قوتابخانە باسی کچانیان دەکرد، ئەو زۆرجار هەستی بە بێگانەیی دەکرد لە چواردەورەکەی، چونکە هەمان هەستی ئەوانی نەبوو. یەکەم ئەزموونی ئەو لەگەڵ هەستی هۆگری و سەر بە لایەک بوون لە ڕێگەی جیهانی دیجیتاڵییەوە هات، لە ڕێگەی گرووپێکی چاتی ئەپڵیکەیشنی Kik کە ٣٠ مێرمنداڵی کۆمەڵگەی (ه،د،ر،ە،ج) لە جیهانی جیاوازەوە تێدا کۆببوونەوە. بۆ یەکەمجار، ئەو ئیتر تەنیا نەبوو.

​نەریتی تێپەڕین (ئاشکراکردنی ناسنامە)
​گەشتی ئەردەشێر بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی لەگەڵ ئەندامێکی کۆمەڵگەکە، کە هاوڕێیەکی کچی هاورەگەزخوازبوو، دەستی پێکرد. وەک چۆن زۆر کەس لە کۆمەڵگەکەماندا دەڵێن، ئاشکراکردنی ناسنامە بۆ هاوڕێیەکی هاورەگەزخواز بە کردەوە "نەریتی تێپەڕین"ێکی ڕاستەقینەیە. ئەم ئەزموونە ئەرێنییە ورەی پێبەخشی تا بە هاوڕێیەکی تری قوتابخانەشی بڵێت. وەڵامی ئەویش ئەمە بوو: "من پێشتر دەمزانی." ئەم قبوڵکردنە سادەیە متمانەی پێبەخشی تا دەست بکات بە ژیانێکی ڕاستگۆیانەتر لەگەڵ چواردەورەکەی.

​لە دیدارێکەوە بۆ چالاکوانی مافەکان
​خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە ژیانی ئەردەشێردا، بەشداریکردنی بوو لە دیدارێکدا کە بۆ بەهێزکردنی کەسانی کویر لە کوردستاندا ڕێکخرابوو. پێش ئەم چالاکییە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی تری کویریدا تا ڕادەیەکی زۆر تەنها لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی ژوانبەستنەوە بوو.

​لەو دیدارەدا هەموو شتێک گۆڕا. ئەو چاوی بە ژنانی هاورەگوزخواز و کەسانی رەگەزگۆراو کەوت لە کەشێکی تەواو پاڵپشتیکەر و ئەفلاتوونیدا ئەمەش بۆ ئەو وەک ساتێکی تێگەیشتنی قووڵ بوو: پێویستی نەدەکرد خۆی ناچار بکات لەگەڵ قاڵبە کۆمەڵایەتییە باوەکاندا بگونجێنێت بۆ ئەوەی هەست بکات کە سەر بە کۆمەڵگەکەیە.

​ئەردەشێر دەڵێت:
​"من باشترین کەسەکانی ژیانم لە ڕێگەی ئەزموونە سەختەکانەوە ناسیوە. ئاستەنگە کەسییەکانم بوونە هۆی ئەوەی کە چاوم بەم کەسە سەرنجڕاکێشانە بکەوێت."

​ئەردەشێر بە ئیلهام وەرگرتن لەو کۆمەڵگەیەی کە دۆزیبوویەوە، لە بەشداربووێکی سادەوە بوو بە سەرکردە. گەشتی چالاکوانی خۆی لەگەڵ "عێراق کویر" دەستپێکرد، کە تێیدا پشکی هەبوو لە ڕاهێنانەکانی داکۆکیکاری، تاقیگەی سویدی، تاقیگەی ناڕەزایەتی، و پرۆگرامی "قەوسونا" (کەوانەی ئێمە). ئەم ئەزموونانە دیدگایەکی ڕوونیان پێبەخشی سەبارەت بەوەی کە دەبێت ژینگەیەکی ئارامی کویری چۆن بێت. ئەمڕۆ، ئەو و هاوبەشی ژیانی، ماڵەکەیان گۆڕیوە بۆ پەناگەیەکی بچووک بەڵام زیندوو بۆ هاوڕێکانیان، شوێنێک کە تێیدا دەتوانن تەنها خۆیان بن بەبێ هیچ ترسێک.

​ژیان بە ئازایەتییەوە
​ڕێڕەوی پیشەیی ئەردەشێریش لای خۆیەوە پڕ بوو لە گۆڕانکاری. یەکەم ئەزموونی کاری "کویری" ئەو لە ڕێگەی خۆبەخشییەوە بوو لەگەڵ عێراق کویر لە ساڵی ٢٠١٧دا. دوای ئەوەی ناچار بوو لە یەکێک لەو دامەزراوانەی پێشتر کاری تێدا دەکرد لەگەڵ ژینگەیەکی پڕ لە دژایەتی هاوڕەگەزخوازی (هۆمۆفۆبیا) و ڕقی دژ بە ژنان (میزۆجینی) ڕووبەڕوو بێتەوە، ئەو متمانەیەی بەکارهێنا کە لە ڕێگەی چالاکوانییەکەیەوە بەدەستی هێنابوو بۆ گەڕان بەدوای ژینگەیەکی کاری گشتگیرتردا.


​لە شوێنی کاری ئێستایدا، هەنگاوێکی ئازایانەی نا بە ئاشکراکردنی ناسنامەی لەبەردەم هاوکارەکانیدا. بۆ یەکەمجار، هەستی بە ڕزگارییەکی ڕاستەقینە کرد، و ئیتر ماندوو نەبوو بەدەست قورسایی شاردنەوەی ناسنامە ڕاستەقینەکەیەوە.

​خەونێک بۆ داهاتوو
​کاتێک لێی بپرسن خەونی چییە بۆ کۆمەڵگەکەمان، وەڵامەکەی سادە بەڵام قووڵ بوو:
​"تەنها دەمەوێت کۆمەڵگەکە بتوانێت هەناسە بدات."
​بەهۆی بەسیاسیکردنی بەردەوامی ناسنامە کویرەکانەوە، زۆرێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەکە لە دۆخێکی هەمیشەیی ئامادەباشی و دڵەڕاوکێدا دەژین. ئەردەشێر خەون بە ڕۆژێکەوە دەبینێت کە کویر بوونی کەسێک نەبێتە هۆی بەئامانجگرتنی، ڕۆژێک کە تێیدا ئاشتی ببێتە دۆخی سروشتی.

​سەبارەت بە وتەکانی بۆ ئێوەش، دەڵێت:
​"تکایە ئاگاتان لە یەکتری بێت. داکۆکیکاری و چالاکوانی مافەکان ڕەنگە ماندووکەر بن بۆ دەمارەکان، بەڵام هەمیشە پێویست ناکات لە ڕیزەکانی پێشەوەدا بن. ئێوە دەتوانن تەنها بەوەی کە خۆتان بن، چالاکوان بن."
​ئەمڕۆ ئەردەشێر ژیانێکی گەشاوە دەژی. ئەو دەستگیراندارە و لە پەیوەندییەکی تەندروست و دڵخۆشدا دەژیت، وەک یەکێک لە دیارترین چالاکوانەکانی کوردستان و عێراق دادەنرێت. ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە ئەو یەکێکە لە ئێمە.

0 Comments

کوێری عێراقی و پەنابەری

5/20/2026

0 Comments

 
Picture
بۆ زۆرێک لە خەڵکی کویری عێراقی، داوای مافی پەنابەری بڕیارێک نییە کە بەهۆی خواستی کۆچکردن یان باشترکردنی ئاستی ژیانیانەوە بزوێنرێت، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ترس و نائارامیە. هەڕەشەی توندوتیژی و دەستدرێژی خێزانی و زەوتکردن و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و یاسایی وا دەکات مانەوە لە عێراق لە زۆر حاڵەتدا مەحاڵ بێت. بەڵام جێهێشتنی عێراق بە مانای گەیشتن بە سەلامەتی نییە، بەڵکو زۆرجار سەرەتای قۆناغێکی تری ئازارەکانە
لاوازی پاسپۆرتی عێراق بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم گەیشتن بەو وڵاتانەی کە سیستەمی پەنابەری ڕوون یان پاراستنی یاسایی کاریگەر پێشکەش دەکەن. زۆربەی وڵاتانی سەلامەت پێویستیان بە ڤیزە هەیە کە بەدەستهێنانی ئەستەمە، یان مەرجی دارایی و بەڵگەنامەیی کە زۆرێک ناتوانن جێبەجێی بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​زۆربەی خەڵکی کویری عێراقی خۆیان بە ناچاری بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەبیننەوە وەک تاکە بژاردەی بەردەست، هەرچەندە پێشتر دەزانن کە ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە.
زەینەب مالیک، پەنابەرێکی کویری عێراقیە لە خێزانێکی ئایینی، دەڵێت: یەکەم هەنگاو کە لەسەر خاکی بەیروت هەنگاومنا، هەستم بە تەنیایی کرد لە جیهانێکدا کە نەمدەزانی چۆن خۆم بپارێزم، کاتێک پەیوەندیم بە ڕێکخراوێکەوە کرد بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی سەلامەت، ئاراستەی کردم بۆ کەسێک لە کۆمەڵگەی (ه،د،ر،ە،ج)متمانەم هەبوو کە ئەو یارمەتیم دەدات لە بەزەیی و هەستکردن بە سەربەخۆیی، بەو پێیەی ئێمە ڕووبەڕووی هەمان ئاڵنگاری دەبینەوە بەڵام لە شوێنە جیاوازەکاندا تووشی شۆک بووم کە خۆمم بینی کە لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەی خۆمەوە بەکاردەهێنرام بەرامبەر چەند دەیان دۆلارێک کە زۆر پێویستم بوو پەیوەندیم بە ڕێکخراوەکانی پشتیوانی دەروونییەوە کرد کە هاوبەشییان لەگەڵ UNHCR کردبوو بە وردی دۆخی خۆمم بۆ ڕوونکردەوە: ترس و مەترسییەکانی خێزانەکەم کە شوێنی من بدۆزنەوە، و نیشانەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانم کە لە پێشوومدا نەمتوانی چارەسەریان بکەم لەژینگەکەمدا بە سادەیی پێم گوترا کە ئەوان حاڵەتە تایبەتەکان قبوڵ دەکەن و چارەسەری دەکەن من تێنەگەیشتم ئەم حاڵەتە تایبەتانە چین. 

وڵاتانی دراوسێ... و ناوچەیەکی خۆڵەمێشی یاسایی
مەرج نییە گەیشتن بە وڵاتێکی دراوسێ بە مانای چوونە ناو سیستەمی پەنابەری نیشتمانی بێت کە پەنابەران بپارێزێت، بەڵکو زۆرجار لە دۆخێکی یاسایی کاتی و ناجێگیردا نیشتەجێبوون. دوای چوونە ژوورەوە، پەنابەرانی کویری عێراقی دەست دەکەن بە پرۆسەی داوای مافی پەنابەری لە ڕێگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، پرۆسەیەک کە دەتوانێت ساڵانێکی زۆری پێبچێت پێش ئەوەی هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەستبهێنرێت.
هاڤن، پەناخوازێکی عێراقی نادووانەی ڕەگەزیە و رەگەزگۆراویشەلە وڵاتێکی ترانزێتدا دەڵێت: "بەهۆی مەترسییەکانی سەر کەسانی ڕەگەزگۆڕاو و کویردا لە عێراق ڕامکرد، من ئێستا بێ پەراوی مانەوەی یاساییم ناتوانم کار بکەم و تەنانەت کارکردنی نایاساییش زۆر زەحمەتە بەهۆی شێوەی دەرکەوتنی کویریمەوە ،پاراستنێکی یاسایی نیە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستم و هەروەها لەنەبوونی ژیانێکی جێگیردا ئێستا لەسەر هاوکاری هاورێکانم و هاوکاری هەندێک رێکخراو ئەژیم.
هەموو رۆژێک بیر ئەکەمەوە کەی نەتەوەیەکگرتووەکان کەیسەکەم ئەجوڵنێت،؟کەی لەوڵتێکدا ئەژیم کە قبوولکردن و ماف ولەخۆگرتن دەستەبەر بکات؟باری دەروونیم بەرەو خراپتر ئەروات بەتێپەربوونی کات وچاوەروانی زۆر سەخت بۆتەوە.
هەموو ئەوەی داوای ئەکەم کەیسەکەم قبولبکەن و دووبارە لەشوێنێک نیشتەجی ببمەوە کەسەلامەت بێت
ئەمەوێت ژیانێکی سەقامگیر وبە کەرامەت و پرئاسایشم هەبێت لەبری ترسی بەردەوام- ترس لەوەی خێزانەکەم لە هەر ساتێکدا بمدۆزنەوە، یان ترسی ناردنەوەم بۆ عێراق یان ئەم ترسە ڕاستەقینە و زۆر ڕاستەقینەیە و دایکم لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی پێوەکردم و پشتڕاستی کردەوە کە خێزانەکە حاشایان  لێکردووم، و ئەگەر براکانم منیان دۆزیەوە، دەمکوژن.
لە ئێستادا لە وڵاتێکدا دەژیم کە بۆ من وەک کەسێکی کویرو ڕەگەزگۆڕاو سەلامەت نییە. ناڕەزایەتی دژی کۆمەڵگەی (ه،د،ر،ە،ج)و یاسای توندی ئایینی و پۆلیس هەیە کە بەدوای هەر گومانێکدا دەگەڕێن لە کۆبوونەوەی کویری و هەوڵی زیندانیکردنیان دەدەن. لەم ماوەیەدا زۆرێک لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشی یاسایی دەژین. ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە عێراق بەهۆی ئەو مەترسییە زۆر ڕاستەقینەیەی لەسەریان هەیە، هەروەها توانای نیشتەجێبوونیان نییە لە وڵاتی پەنابەری کاتی خۆیان. شوێنی نیشتەجێبوون سنووردارە یان نییە، نوێکردنەوە قورسە یان گرانە و هەر هەڵەیەکی کارگێڕی دەتوانێت ببێتە هۆی دەستبەسەرکردن یان دیپۆرتکردنەوە.
ئەلێکس، پەنابەرێکی کویری نۆن بایەنری عێراقیە لە لوبنان دەڵێت: "پێموابوو لە لوبنان شتەکان کەمێک باشتر دەبن، بەڵام واقیعەکە جیاوازە". "خەڵک بە هەمان شێوە سەیرمان دەکەن و لە شەقامیشدا هەمان شتمان پێدەڵێن، تەنانەت لە باشترین و سەلامەتترین ناوچەکانی لوبنان، تەنانەت هەوڵدەدەین خۆمان لە چاوپێکەوتنی خاوەن خانووەکەمان بەدوور بگرین بۆ ئەوەی نەمانبینێت، چونکە دەتوانێت ئێمە دەربکات یان ناچاری شتێکمان بکات کەنامانەوێ بیکەین بەهۆی ڕواڵەتمانەوە." 

ژیان بەبێ پاراستنی یاسایی: 
نەبوونی پێگەی یاسایی ڕوون واتە نەبوونی پاراستن. زۆرجار خەڵکی کویری عێراقی لە وڵاتانی ترانزێتدا مافی دامەزراندنێکی فەرمییان نییە، ئەمەش ناچاریان دەکات پشت بە کاری ناجێگیر یان نافەرمی ببەستن، یان یارمەتی سنووردار کە بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان. ئەم دۆخە وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی بەکارهێنان ببنەوە، جا چ لە دامەزراندن، خانووبەرە، یان تەنانەت دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی.
جگە لەوەش، زۆرجار ئەم وڵاتانە میکانیزمی کاریگەر بۆ پاراستن لە توندوتیژی یان هەڵاواردن دابین ناکەن، بەتایبەتی کاتێک ناسنامەی ڕەگەزی یان ئاراستەی سێکسی هۆکارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئامانجکردن. زۆرێک لە ترسی کاردانەوەی یاسایی یان ئاشکراکردنی ناسنامەیان خۆیان لە ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان بەدوور دەگرن.
هایدن، پەنابەرێکی کویری عێراقییە لە لوبنان، دەڵێت، “بەهۆی دۆخی ناجێگیری یاساییمانەوە، هەمووان هەوڵی ئیستغلالکردنمان دەدەن، تەنانەت ئەو ڕێکخراوانەی کە یارمەتی پەنابەران یان کەسانی (ه،د،ر،ە،ج)دەدەن، هەوڵدەدەن فێڵمان لێبکەن و پارەکەمان وەربگرن، بەتایبەتی کە ئێمە لەم وڵاتە نوێیەدا هیچ شتێک نازانین، کاتێک بۆ یەکەمجار گەیشتمە لوبنان، 100 دۆلاریان لێوەرگرتم لەژێر پەردەی هاوکاریکردنم، هەرچەندە هیچ هاوکاریەکم وەرنەگرت هیچ شتێک کە بەردەوام ئەمەم بینیوە زۆربەی خەڵک هەوڵدەدەن شتێکمان لێ وەربگرن یان ئیستغلالمان دەکەن.” 

بارگرانی چاوەڕوانی درێژخایەن
چاوەڕوانی دیارترین تایبەتمەندی ئەزموونی پەنابەری کویری عێراقییە. چاوەڕوانی چاوپێکەوتنی یەکەم، چاوەڕوانی بڕیار، چاوەڕوانی هەر نوێکارییەک لەسەر کەیسەکە. ئەم چاوەڕوانییە بێلایەن نییە؛ بارگاوی بووە بە دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی. ژیان دەوەستێت، پلانەکانی داهاتوو مەحاڵ دەبن و هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە بڕیارێکەوە کە ڕەنگە بێتە ئاراوە یان نەیات.
فشاری دەروونی لەم قۆناغەدا زۆر توند و تیژە. دابڕانی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە ناسەقامگیری و ترسی بەردەوام لە داهاتوو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە. بۆ زۆر کەس ئەمە قورسترین قۆناغە چونکە هەڵاتن لە مەترسی ڕاستەقینە لەگەڵ هێشتا نەگەیشتن بە شوێنێکی سەلامەت تێکەڵ دەکات. 

شاردنەوەی ناسنامە دیسانەوە
ئیرۆنیە بە ئازارەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکی کویری عێراقی ناچارن جارێکی دیکە ناسنامەی خۆیان لە وڵاتانی ترانزێتدا بشارنەوە. ئاشکراکردنی ئاراستەی سێکسی یان ناسنامەی ڕەگەزییان دەتوانێت ببێتە هۆی هەراسانکردن، توندوتیژی، یان کێشەی یاسایی. دەربازبوون لە چەوساندنەوە مەرج نییە بە مانای ڕزگاربوون بێت لێی، بەڵکو هەندێکجار دووبارە بەرهەمهێنانەوەیەتی بە فۆرمێکی جیاواز.

کۆتایییەکی دوور 
نیشتەجێکردن لە وڵاتێکی سەلامەتدا وەک قۆناغی کۆتایی و چاوەڕوانکراو دەمێنێتەوە، بەڵام نە ڕێگایەکی خێرا و نا گەرەنتی کراوە. پێویستی بە ڕێکاری درێژخایەن و چەندین چاوپێکەوتن و پشکنینی بەردەوام هەیە. هەندێکیان ساڵانێک چاوەڕێ دەکەن پێش ئەوەی بگەنە ئەم قۆناغە و هەندێکی تریش ڕەنگە هەرگیز بە هیچ شێوەیەک نەگەنە ئەو قۆناغە.
بۆ خەڵکی کویری عێراقی، پەنابەری گەشتێک نییە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بەڵکو ڕێگایەکی دوور و درێژە لە وابەستەیی کاتی و ژیان لە نادیار و هەوڵدان بۆ مانەوە سەرەڕای ناجێگیری بارودۆخەکە. واقیعێکە کە هەزاران کەس لە بێدەنگیدا دەژین، لە دەرەوەی گێڕانەوەی فەرمی، لەو وڵاتانەی کە نە بە نیشتمان دادەنرێت و نە بە پەناگەی کۆتایی.

0 Comments

نا دووانەیی بوون لە عێراق: ناسنامەیەک لە ژێر گەمارۆدان

4/17/2025

0 Comments

 
Picture
​لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا وەک دووانەیەکی داخراو مامەڵە لەگەڵ ڕەگەز دەکات: "پیاو" یان "ژن"، بوون لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە دەبێتە کردەوەیەکی یاخیبوونێکی ڕانەگەیەندراو. کەسانی جێندەری نا دووانەیی- ئەوانەی کە ناسنامەی ڕەگەزییان لە پۆلە تەقلیدییەکاندا جێی نابێتەوە- لە عێراق لە نێوان دوو جیهاندا دەژین، بەبێ دانپێدانانی یاسایی، پاراستنی کۆمەڵایەتی، یان نوێنەرایەتییەکی مانادار لە گوتاری گشتیدا.
بۆ زۆرێک لە کەسانی غەیرە دووانەیی، خەباتەکانیان لە کایەی گشتیدا دەست پێناکات، بەڵکو لە کایەی تایبەتەوە دەست پێدەکات. خێزان- کە بڕیارە سەرچاوەی ئاسایش بێت- دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی سەرەکی فشار، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت تاکەکان بەپێی پێوەرە توندەکان کە لە جل و بەرگەوە دەست پێدەکات، درێژدەبێتەوە بۆ شێوازی قسەکردن، هاوڕێ، تەماح و تەنانەت خەونەکانی بۆ داهاتوو، ڕەگەزی خۆیان "ئەنجامبدەن". ئەوانەی پابەند نین بەم پێوەرانە، بە سەرزەنشت، توندوتیژی، هەڕەشەی دوورخستنەوە، یان هەوڵدان بۆ "ڕاستکردنەوەی" ناسنامە لە ڕێگەی ئایین، پزیشکی، یان هێزەوە بەرەوڕوو دەبنەوە.
هەروەها دامودەزگاکانی عێراق، چ پەروەردەیی، پزیشکی، یاسایی، یان ئایینی، لەسەر بنەمای بایۆلۆژی و دووانەیی مامەڵە لەگەڵ ڕەگەز دەکەن. هیچ بژاردەیەکی فەرمی نییە کە ناسنامەی نادووانەیی بناسێت، ئەمەش بۆشایی یاسایی و مرۆیی دروست دەکات کە کەسانی غەیرە دووانەیی بخاتە دۆخێکی لاوازەوە. بەڵگەنامە فەرمییەکان ناسنامەیان نیشان نادەن و لەوانەیە ناچاربن درۆ لەسەر خۆیان بکەن بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پەروەردە، چاودێری تەندروستی، یان تەنانەت دامەزراندن. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم پچڕانە پەیوەندی نێوان ناسنامەی خۆ و ناسنامەی یاسایی دەبێتە هۆی ناڕەحەتی دەروونی توند، بە تایبەت لە نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵگا یان پسپۆڕان کە بتوانن یارمەتی هەستیاری ڕەگەزی پێشکەش بکەن.
چەندین شایەتحاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسانی غەیرە دووانەیی تووشی توندوتیژی زارەکی و جەستەیی دەبن، جا چ لەسەر شەقام بێت، چ لە دامەزراوەکاندا بێت، یان تەنانەت لەسەر دەستی ئەندامانی خێزانەکەی. لە غیابی دانپێدانانی یاساییدا، بە دەگمەن تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. لەڕاستیدا ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی توندوتیژتر، کە قوربانییەکە خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دووبارە لە ڕووی دەروونی یان جەستەییەوە لەلایەن هەمان دەسەڵاتەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر. ئەم بێدەنگییە زۆرەملێیە هەستی گۆشەگیری دروست دەکات، و دۆخی ترس و نائارامی قووڵتر دەکاتەوە.
تەنانەت لەناو هەندێک بازنەی (بەرێوبەرایەتی)فێمینیست یان مافی مرۆڤ لە عێراقدا، هەندێک جار کەسانی غەیرە دووانەیی وەک "پەرشوبڵاو" یان "ناروون" سەیر دەکرێن و چەندین جار داوایان لێدەکرێت خۆیان ڕوون بکەنەوە، وەک ئەوەی مافی بوونیان پەیوەست بێت بە توانای خۆیان بۆ ڕوونکردنەوە لە چوارچێوەی گوتارێکی باڵادەستدا کە تەنها دووانەیەکان دەناسێت. لە کاتێکدا ناسنامەی ڕەگەزی دەبێ بەو شێوەیە وەربگیرێت کە هەیەتی: ڕاستییەکی کەسی کە پێویستی بە هیچ پاساوێک نییە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ناتوانرێت تەنیا لە پێگەی "قوربانی"ەوە باس لە کەسانی نادووانەیی بکرێت. هەروەها دەنگگەلێکن کە گوتاری جێندەری و کولتووری دادەڕێژنەوە و نۆرمە دامەزراوەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە و ئاسۆی نوێ بۆ بیرکردنەوە لە مانای ئازادی و خود دەکەنەوە. زۆرێکیان لە ڕێگەی هونەر، شیعر، مۆسیقا، یان تەنانەت پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، سەرەڕای سنووردارکردن و مەترسییەکان، خۆیان دەردەبڕن. لەم فەزایانەدا بەرخۆدان ترپە لێدەدات، جەستە دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ خەبات و دەنگ دەبێتە ئامرازی مانەوە و بوون وخودبوون دەبێتە کردەوەیەکی بەرخۆدان.
لە کۆتاییدا، پشتیوانیکردن لە کەسانی غەیرە دووانەیی نابێت تەنها لە هاوپشتی ڕەمزیدا سنووردار بێت، بەڵکو پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵە بەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و یاسایی و کولتوورییانەی کە هەموو شتێک دەچەوسێننەوە کە لەگەڵ پێوەرەکانیاندا ناگونجێت. هاوپشتی ڕاستەقینە لە گوێگرتن و خۆپەروەردەکردن و بەکارهێنانی زمانی گشتگیر و وەستانەوە بۆ مافی ئەوانی دیکە بۆ ئەوەی خۆیان بن، بەبێ ترس و شەرم و ڕوونکردنەوە دەستپێدەکات.
نا دووانەیی بوون لە عێراقدا چاڵنجێکی گەورەیە- بەڵام هاوکات بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر هێزی مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی سڕینەوە و ئینکاری. ئەم مرۆڤانە بوونیان هەیە، ڕاستەقینەن و شایەنی دانپێدانان و پاراستن و فەزان.
0 Comments

هاوسەرگیری زۆرەملێی کەسانی(ه،د،ر،ە،ج)لە عێراق

3/26/2025

0 Comments

 
Picture
لە کۆمەڵگا نەریتیەکان ،وەک کۆمەڵگەی عێراقی هاوسەرگیری گرنگترین رێکارە ئاینیەکانە کە زامنی بەردەوامی رەچەلەکیخیزان وهۆکاری پتەوکردنی خانەوادە و کۆمەڵگایە. ئەمەش چەمکی ڕەگەزی تاکەکان پێناسە دەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت ژنو پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی ڕەگەزی بەرامبەردا بکەن بۆ ئەوەی خێزانێکی نموونەیی پێکبهێنن. بەڵام ئایا ئەم چەمکەتەقلیدییەی هاوسەرگیری لەگەڵ واقیعی هەمەچەشنی ڕەگەزدا دەگونجێت، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی بوونی کۆمەڵگەی(ه،د،ر،ە،ج)دا؟ چۆن هاوسەرگیری نەریتی عێراقی دەتوانێت نادادپەروەرییەکی گەورە دەردەخات بەرامبەر ئەو کەسانەی کەلەگەڵ ئەم چوارچێوە تەقلیدییانەدا ناگونجێت؟ ئایا دەتوانرێت ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەکۆمەڵایەتییەی کە هاوسەرگیریی نەریتی بەسەر تاکەکاندا دەیسەپێنێت؟ ئەمەیە کە لەم بابەتەدا باسی دەکەین.

هاوسەرگیری نەریتی: کۆت وبەندکردنی کۆمەڵایەتی نادادپەروەرانە لەسەر کۆمەڵگەی (ه،د،ر،ە،ج) .

لە عێراقدا وەک زۆرێک لەو وڵاتانەی کە کولتوورێکی نەریتییان هەیە، هاوسەرگیری نێوان ژن و پیاو مۆدێلی باڵادەستە و لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە قبوڵکراوە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوسەرگیری یەکگرتنی ڕەگەزییە بەپێی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەتایبەتەکان، کە پیاو پێویستە "سەرۆکی خێزان" بێت لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ژن ڕۆڵی ژن و دایک بەجێبهێنێت. لەمچوارچێوەیەدا، تاکەکانی (ه،د،ر،ە،ج) کە لەگەڵ ئەم چەشنە ڕەگەزییە تەقلیدییەدا ناگونجێن، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئەم ڕۆڵەکۆمەڵایەتییەدا ناگونجێن، ناچارن هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی نەگونجاو یاخود رەگەزیکی نەخوازراو بکەن لەگەل ئەوەی ئەمرۆلە نەگونجاوە بۆیان لەرووی کۆمەلایەتیەوە.

ئەم سیستەمە فشارێکی گەورە دەخاتە سەر تاکەکانی (ه،د،ر،ە،ج)، ناچاریان دەکات بچنە ناو پەیوەندییەکەوە کەهاوسەرگیری نەریتی پێویستی بەوەیە لەگەڵ ناسنامەی ڕەگەزی خۆیاندا بگونجێن، کە لەگەڵ پێوەری کۆمەڵایەتیدا ناگونجێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی توندی دەروونی و سۆزداری، بەو پێیەی تاکەکان ناچار دەبن لە پەیوەندییەکدا بژین کەناسنامەی ڕاستەقینەی ڕەگەزی خۆیان نیشان نەدات، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەستکردن بە نادادپەروەری بەرامبەر بە خۆیانو هەروەها بەرامبەر  بە کەسی بەرامبەر کە ئەم پەیوەندییەیان لەگەڵدا هاوبەشە.

نادادپەروەری پەیوەست بە خودی خۆت و هاوبەشی ژیان:دەرئەنجامە خراپەکانی هاوسەرگیری زۆرەملێ بۆ کۆمەڵگەی(ه،د،ر،ە،ج) 

یەکێک لە گەورەترین زیانەکانی دەرئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتی و یاسایی لەسەر تاکەکانی (ه،د،ر،ە،ج) لە عێراقهاوسەرگیریە لەگەڵ کەسێکی نەخوازراوە لە رووی ڕەگەزیەوە، ئەو نادادپەروەرییەیە کە بەسەر هەموو کەسێکدا دەکەوێت: یەکەم، لەسەر خودی تاکەکەسەکە، و دووەم، لەسەر هاوبەشی هاوسەرگیری.

نادادپەروەری بەرامبەر خودی تاکەکەس: کەسێک کە سەر بە کۆمەڵگەی (ه،د،ر،ە،ج) بێت و ناچارە هاوسەرگیری لەگەڵکەسێکی ڕەگەزی بەرامبەر بکات بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراو بێت، لەوانەیە لە حاڵەتێکی دووانەی سۆزداری وڕەگەزیدا بژی. ئەم کەسە ناچارە لەگەڵ ڕۆڵی "مێرد" یان "ژن"دا بگونجێت بەبێ ئەوەی ئەم ڕۆڵە سروشتی یان ئاسوودە بێتبۆیان. ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی هەست و سۆزی نەرێنی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆیترس لە لەدەستدانی ناسنامەی خودی مرۆڤ لەژێر فشاری چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگادا.

نادادپەروەری بەرامبەر بە کەسی بەرامبەر نادادپەروەری تەنها لە تاکەکانی کۆمەڵگەی  (ه،د،ر،ە،ج) داسنووردار نییە، بەڵکوهاوبەشی هاوسەرگیریش دەگرێتەوە کە ناچارە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکات کە هەمان بەها یان ناسنامەی ڕەگەزییانلەگەڵدا نییە. ئەم پەیوەندیانە زۆرجار ناهاوسەنگن، چونکە هەردوو هاوبەشەکە پەیوەندییەکی کراوە و ڕاستگۆیانەیان نییەسەبارەت بە پێداویستییە سۆزداری و سێکسییەکانیان. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی خیانەتێکی بێ مەبەست یان دابڕانیسۆزداری، کە هاوئاهەنگییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە.

ئایا دەتوانرێت گۆڕانکاری لە سیستەمی هاوسەرگیری نەریتیدا ڕووبدات؟

ڕەنگە گۆڕینی چەمکەکانی هاوسەرگیری نەریتی لە عێراقدا قورس بێت، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوور و درێژی نەریت وداب و نەریتی ڕەگداکوتاوی قووڵ کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەبەن. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتیو زیادبوونی دیالۆگەکان لە دەوری پرسەکانی جێندەر و یەکسانی، دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەکی وردەوردە لەم سیستەمەدا هەیە.

یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکان بەرەو گۆڕانکاری بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە سەبارەت بە هەمەجۆریی جێندەری لەناو کۆمەڵگەیعێراقدا. پێویستییەکی بەپەلە هەیە کە تێبگەین کە ڕەگەز تەنها دووانەییەکی جێگیر نییە لە نێوان نێر و مێدا، بەڵکوسپێکترۆمێکی فراوانە کە ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە لە نێوان ناسنامە ڕەگەزییە جیاوازەکاندا دەجووڵێن. هۆشیاری وپەروەردەکردن لەسەر ئەم پرسانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر تاکەکانی  (ه،د،ر،ە،ج) کە بەپێیچەمکە نەریتییەکان ناچارن هاوسەرگیری بکەن. 

سەبارەت بە چەمکە تەقلیدییەکانی هاوسەرگیری، دەکرێت مشتومڕێکی کۆمەڵایەتی لەسەر چۆنیەتی دەستکاریکردنی ئەوچەمکانە هەبێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ئارەزووی تاک بێت نەک ئارەزووی خێزان یان کۆمەڵگا، و نەک بە فشاریان بە زۆر، یان تەنانەت ئاسانکاری بۆ قبوڵکردنی ئەو پەیوەندییانە بکات کە پەیڕەوی لە نەخشە نەریتییەکە ناکەن. لەبریئەوەی وەک تاکە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی خێزانێک بە هاوسەرگیرییەوە بچەسپێنرێت، دەتوانرێت شێوازی نوێی هاوبەشیلەبەرچاو بگیرێت کە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و جێندەرییە.

هەروەها بەرزکردنەوەی پشتیوانی خێزان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی فشارەکانلەسەر تاکەکانی (ه،د،ر،ە،ج). ئەگەر خێزان و کۆمەڵگاکان زیاتر ئەو بیرۆکەیەیان قبوڵ بکردایە کە منداڵەکانیان دەتواننناسنامەی ڕەگەزی جۆراوجۆریان هەبێت، ئەوا ئاسانتر دەبوو بۆیان بڕیاری ڕۆمانسی خۆیان بدەن بەبێ ترس لە ڕەتکردنەوەیکۆمەڵایەتی. ئەم پشتگیرییە توانای تاکەکان بەرز دەکاتەوە بۆ بڕیاردانی ئازاد کە لەگەڵ ناسنامەی کەسی خۆیاندا بگونجێت.

ئەنجام

 لە کۆتاییدا دەتوانرێت بڵێین گۆڕینی سیستەمی هاوسەرگیری نەریتی عێراقی پێویستی بە هەوڵی کۆمەڵایەتی بەرچاو هەیە،لەوانەش گۆڕینی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕەگەز و پەیوەندییەکان. پێویستە لەوە تێبگەین کە هاوسەرگیری مەرج نییە لەنێوان ژن و پیاودا بێت، بەڵکو هەڵبژاردنێکە کە ڕەنگدانەوەی مافی خۆشەویستی و قبوڵکردنە. ئەگەر ئەو فشارە کۆمەڵایەتی وخێزانییەی کە تاکەکانی  (ه،د،ر،ە،ج) ناچار دەکات بە شێوەیەکی نەریتی هاوسەرگیری بکەن، نەهێڵرێت، ئەوا دەتوانینکۆمەڵگایەکی قبوڵکراوتر و تێگەیشتووتر بنیات بنێین کە تێیدا هەمووان بە ئاشتی لەگەڵ ناسنامەی ڕەگەزی خۆیاندا بژین
.
0 Comments
<<Previous
    ARCHIVE

    .

    March 2025
    February 2025
    October 2024
    July 2024
    June 2024
    May 2024
    April 2024
    February 2024
    January 2024
    May 2023
    February 2023
    November 2022
    August 2022
    July 2022
    May 2022
    March 2022
    February 2022
    December 2021
    September 2021
    August 2021
    July 2021
    June 2021
    May 2021
    April 2021
    March 2021
    February 2021
    January 2021
    December 2020
    November 2020
    October 2020
    September 2020
    October 2018

    المدونة باللغة العربية
    Blog in English
  • سه‌ره‌كی