پێناسەیەکی سادە بۆ چەمکی "ستێریۆتایپ"، کە بە کوردی واتاکەی لە "بیرۆکەی هەڵە" نزیکە، بریتیە لە هەر بیرۆکە یان باوەڕێکی هەڵە کە خەڵکی هەیانە دەربارەی شتێک یان کۆمەڵەیەکی خەڵکی. ڕۆڵی ستێریۆتایپ بە گشتی ئەوەیە کە خەڵکی بخاتە چەند پۆلێنێکەوە تا پێشبینیکردنی ئەوەی کەسێک چییە یاخود چی نییە ئاسانتربێت، لەم ڕێگەیەشەوە کۆنترۆڵکردنیان ئاسانتربێت. بە دەیان ستێریۆتایپمان هەیە لە جیهاندا کە دادپەروەر نین و ژەهراوین. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە نموونەیەکی ئەم بیرۆکە هەڵانەن کە جەخت دەخەنە سەر دەستگرتن بەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە کاردەکەنە سەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکەو ڕێگەیان لێدەگرێت خۆیان بن. بۆیە تا زووتر تێکیان بشکێنین باشترە.
پەستانی بەردەوام لەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە تا بە شێوازێکی دیاریکراو مامەڵە بکەن یان تۆنێکی دیاریکراو قسە بکەن یان بە شێوازێکی دیاری کراو جل لەبەر بکەن تا بە هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز یان ڕەگەزگۆڕ ناوبنرێن بەستانێکی زۆر دەخاتە سەریان. ئەو پەستانە وا لە زۆریان دەکات کە ڕقیان لەخۆیان بێت و پێویستییەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن بۆ ساڵانێک، تا دووربن لە ڕەخنە و مامەڵەی خراپ. نموونەی ئەم بیرکردنەوە هەڵانە لە هەموو جیهان هەیە، ئەمانەش هەندێکن لەوانەی باون: "تۆ پیاویت، چۆن بێت ماکیاژ دەکەیت؟ دەبێت هاوڕەگەزخواز بیت" ئەمەیان دەکرێت یەکێکی زۆر باو بێت کە هەمووان پێی دەزانن. باوەڕ وایە کە ماکیاژ ئامرازێكە کچان بەکاری دەهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوڕان، کە ئەمەش باوەڕێکی کۆنە و پێویست ناکات باسی بکەین. ماکیاژ ئامرازێکە بۆ ئەوەی خەڵکی گرنگی بەخۆیان بدەن و جوان دەربکەون. هەموو ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن هاوڕەگەزخواز نین و بە دڵنیاییەوە پیاوەتییان بە هیچ جۆرێک کەمتر نییە لەوانەی ماکیاژ ناپۆشن. ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن، جا ئاڕاستەی سێکسییان هەر چییەک بێت، ئازاترینن چونکە بڕیار دەدەن ئەوە بکەن کە دەیانەوێت بەسەر پەسەندکردنیان لەلایەن خەڵکییەوە. گرنگە ئەوەش باس بکەن کە تەنها پیاوان نین کە قوربانین لێرەدا چونکە ژنان و کچانیش پەروەردە دەکرێن لەسەر ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن بەپێی پێویست باش نین تا لەگەڵیان بن و وە ئەوان هاوڕەگەزخوازن کە هێشتا خۆیان ڕانەگەیاندووە. گرنگە کە هۆشیاری بەرزبکەینەوە دەربارەی ئەم بابەتە تا کۆمەڵگا بگات بە ئاستێکی قبوڵکردن کە ڕێگە بە هەمووان بدات ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت لەگەڵیان بن بەبێ ئەوەی ئەم هەموو سنوورانە کاریان تێبکات. "ئەگەر هەمیشە تیشێرت و بلوزی فش لەبەر بکەیت، هیچ کوڕێک تۆی ناوێت" با ئەمە بە ڕاستی بڵێین، ژنان هەمیشە ڕەخنەیان لێدەگیرێت هەرچییەک بپۆشن. یان زۆر کورتە، یان زۆر درێژە، یان زۆر گەورەیە، یان زۆر بچووکە. ژنانی جووتڕەگەزخواز لەوانەیە لە هەمووان زیاتر ڕەخنەیان لێبگیرێت لەسەر ستایلیان چونکە کە جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە ژنانەی بزانێت، ئەوا ئەوان وەک جیاڕەگەزخواز دەبینرێن بەڵام دەڵێن ئەوان نمایشی جووتڕەگەزخوازی دەکەن بۆ سەرنجی خەڵکی. ئەگەر کچانی جووتڕەگەزخواز جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە پیاوانەی دادەنێت، ئەوا ئەوان بە هاوڕەگەزخواز دەبینرێن. "ڕەنگی قژت دەکەیت بە پەمەیی یان سەوز، بە هیچ جۆرێک ناکرێت تۆ جیاڕەگەزخواز بیت" لە عێراق، ڕەش، زەرد، و قاوەیی بە ڕەنگی پرۆفیشناڵ و پەسەندکراو دادەنرێن بۆیە گۆڕینی ڕەنگی قژت بۆ هەر ڕەنگێکی تر لەوانەیە تووشی کێشەت بکات. لەوانەیە هەلی کارێک لەدەستبدەیت تەنها لەبەر ئەوەی قژت پەمەییە یاخود لەبەر ئەوەی کە خاوەن کارەکە وا دادەنێت ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر وەرگرتنی کارمەندی نوێ بەجۆرێک کە کار نەکاتە سەر ناوبانگی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی نەرێنی. وەرگرتنی کارمەندێک کە ڕەنگی قژی جیاواز بێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی ناوبانگی کۆمپانیاکەو لەدەستدانی کڕیارەکانی. جگە لە ئەگەری لەدەستدانی هەلی کار، بێگومان ڕەخنەت لێدەگیرێت و ڕۆژانە کەسایەتیت پرسیاری لەسەر دەکرێت لەلایەن هاوڕێ و کەسانی نەناسراو و ئەندامانی خێزانەکەتەوە. دەبێت ملیۆنێک جار بیر بکەیتەوە پێش گۆڕینی ڕەنگی قژت کە لەوانەیە لێی پەشیمان ببیتەوە بەهۆی ئەو کێشانەی لەوانەیە توشت ببن بەهۆیەوە. "تۆ بە پیاوی تەواو دانانرێیت هەتا ژنێک سکپڕ نەکەیت" گومانی تێدانییە کە کەسانی ڕەگەزگۆڕ ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی جیاکاری دەبنەوە و بەداخەوە، ڕێژەیەکی زۆریان ساڵانە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن بەهۆی ڕق و کینە و مامەڵەی خراپەوە. کۆمەڵکا پارێزگارەکان هاوڵاتییانیان پۆلێن دەکەن بۆ پیاو و ژن و لەسەر هەر یەکێکیان کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دادەنێن بۆ بەدیهێنانی هەندێک شتی دیاریکراو تا بە ئاسایی و شیاو لەقەڵەمبدرێن. پیاوانی ڕەگەزگۆڕ وەک پیاوی ڕاستەقینە نابینرێن چونکە ناتوانن ژنان سکپڕ بکەن و بەراوردەکرێن بە پیاوانی ناڕەگەزگۆڕ کە لێرەدا ئەوان خاوەنی ئیمتیازن. "پیاوانی ژنانە و و ژنانی پیاوانە هەموویان هاوڕەگەزخوازن" پیاوان دەبێت دەنگیان گڕ ببێت، جەستەیان گەورەبێت، و قژیان کورت بێت. زۆرینەی خەڵك پیاو بەم خەسڵەتانە دەناسنەوە و باوەڕیان وایە کە ئەو پیاوانەی ئەم خەسڵەتانەیان نییە هاوڕەگەزخوازن. پیاوانی هاوڕەگەزخواز، بەتایبەت ئەوانەی ڕەفتاریان مێینەیە، بە لاواز دەبینرێن و لەبەر ئەوە بەپێی پێویست باش نابینرێن تا بچنە ناو بواری سەربازی یاخود پۆلیس یان هەر کارێکی تر کە بە پیاوابە ببینرێت. بە هەمان شێوە، هەموو ژنان و کچانی پیاوانە/کوڕانە وا دادەنرێن کە وەک هاوڕەگەزخواز گەورەببن. زۆر خەڵک لە مێشکی خۆیاندا ئارەزووی سێکسی کچان و ژنانی پیاوانە و کوڕانە دادەنێن و بەمەش ئاڕاستەی سێکسیان. بۆ ئەوەی ڕوون بێت، زۆرێک لە ژنان حەزیان لە قژی کورتە، حەزیان لە یاری ئەلیکترۆنییە، وە چێژ دەبینن لە لێخوڕینی بارهەڵگر، بۆیە با فێربین ئەم شتانە ئاسایی بکەینەوە. ستێریۆتایپ یاخود بیرۆکە هەڵەکان دەربارەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە زۆرن، نادادپەروەرن و وە زۆربەی ئەو شتانەی خەڵک دەربارەی یەکتر بیری لێدەکەنەوە لە کۆتاییدا زۆر جار هەڵە دەردەچن. کەس ناتوانێت شووناسی جێندەری یاخود ئاڕاستەی سێکسی یەکێک بخەمڵێنێت بە سەیرکردنی نینۆک یاخود جلوبەرگ یاخود قژیان. خەڵکی، جا هەر چۆنێک حەز بکەن خۆیان پێناسە بکەن، دەبێت ئازادی ئەوەیان هەبێت کە ستایل و شێوەی خۆیان بگۆڕن بەو شێوەیەی کە خۆیان هەست بە ئارامی و شانازی بکەن کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەن. با هەموومان کار بکەین لەسەر پێچەوانەکردنەوەی ئەو خوو و نەریتە ژەهراوییانەی کە فێرکراوین و با جێگایەکی ئارام بدەین بە یەکتری بۆ بوون بەوەی خۆمان دەمانەوێت.
0 Comments
عیڕاق کویر بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی دەکات کە لەم مانگەوە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە دەکات. بەڕێوبەرە تازەکە ئەزموونی چەندین ساڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵ و گروپی جیاواز. بۆرد و تیمی عیڕاق کویر بەپەرۆشن بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوبەرە نوێیەکە لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا. ئەمیر عاشور، دامەزرێنەری عیڕاق کویر و سەرۆکی بۆرد دەڵێت "وەک دامەزرێنەری عیڕاق کویر، داهاتووی ڕێکخراوەکە و داهاتووی بزوتنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە گرنگترین شتن بۆ من. شتێکی گەلێک سەرەکی بوو کە یەکێک هەڵبژێرین کە بەسۆز بێت بۆ کارەکە و خۆی بۆ تەرخان بکات. هەموومان لە بۆرد باوەڕمان وایە کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی هەڵبژێردراو کەسی ڕاستە بۆ سەرکردایەتی کردنمان. ئێمە هەموومان ئامادە و بەپەرۆشین بۆ فەراهەمکردنی سەرکەوتنی بەڕێوبەرەکە و لەڕێگەی ئەویشەوە سەرکەوتنی ڕێکخراوەکە و بزوتنەوەکە."
بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر ئەوەی هەڵبژاردووە کە لە ئێستادا ناسنامەی بە نەزانراوی بهێڵێتەوە چونکە ئەو هیوای وایە کە هەڵبستێت بە کاری مەیدانی زیاتر لەناو عێراقدا. لەگەڵ دەسبەکاربوون بە پلە نوێیەکەی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر هەندێک لە بیرەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای عیڕاق کویردا هاوبەشی پێدەکات. دەڵێت: "لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، بەشداری کاری چەندین ڕێکخراوم کردووە کە بۆ مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵە جیاوازەکان داکۆکیان کردووە. لە هەموو کارێکمدا، هەمیشە خۆم تەرخانکردووە بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان، جا چ ژنان، ئاوارە، ڕزگاربووانی داعش یاخود کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلگەزێڕینە بووبێتن لە عێراق. کارکردن لەگەڵ ئەم کۆمەڵانەدا هەلی ئەوەیان پێبەخشیم کە خۆم و جیهان بەشێوازێکی جیاواز ببینم. ئەمڕۆ، باوەڕم وایە کە من کەسێکی باشترم بەهۆیانەوە. بەئەندامبوون لە عیڕاق کویر بژاردەیەکی ئاسان بوو. من لە سەرەتای دەمەزراندی عیڕاق کویرەوە ئاگام لە کاری ڕێکخراوەکە بووە و شوێنی کەوتووم. ئەو کارەی عیڕاق کویر پێی هەستاوە بۆ کۆمەڵگای کویر لە عێراق ئەندێشەبەخش بووە بۆ من و هانی دام کە ببمە ئەندامێک لە تیمەکە. لەگەڵ هاوکارە نوێیەکانمدا، خۆمان تەرخانکردووە و بەپەرۆشین بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی تەنانەت زۆرتر لە عێراقییان. لەڕێگەی کارکردن لەگەڵیان، دەمانەوێت پەرە بە کاری داکۆکیکردنمان بدەین لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێوەدەوڵەتیش، وە دەنگی هەموویان بەرزبکەینەوە تا بیستراوبن. ئەمڕۆ، لەگەڵ بەشداریکردنم لەم تیمە بێوێنەیەدا، من زۆر بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵیان و هەروەها کارکردن لەگەڵ ئەندامانی بۆرد، فەندەرەکانمان (پارەبەخشان)، وە لایەنە هاوبەشەکانمان. دەخوازم سوپاسی هەمووان بکەم بۆ متمانە و پاڵپشتییان. دەزانم کە بەیەکەوە دەتوانین دهاتوویەکی باشتر بۆ ڕێکخراوەکە وە بۆ هەموو عێراقییانی کویر بونیاد بنێین |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |