عیڕاق كویر
  • بڵۆگ
  • پڕۆژەکانمان
  • دەربارەی ئێمە
  • سه‌ره‌كی
  • English
  • عربي

یادی شەش ساڵەمان!

3/3/2021

0 Comments

 
ئەمڕۆ، ڕێکخراوی عیڕاق_کویر یادی شەشەمین ساڵی دامەزراندنی دەکاتەوە. دەمانەوێت سوپاسی هەر تاکێکی عێراقی سەر بە کۆمەڵگای_هاوڕەگەزخواز+ بکەین کە باوەڕی پێمانە، لایەنە هاوبەشەکان، لایەنە هاوکارەکان و پاڵپشتیکاران بکەین بۆ یارمەتیدانمان لە گەورەبوون و خزمەتکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە عێراقییانی کویر. سۆز و دڵسۆزی ئێـمە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەر عێراقییەکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز سەلامەت و ئارام دەبێت و وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراقی دانی پێدا دەنرێت.


0 Comments

گرنگیی پاڵپشتیکاران بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی

3/1/2021

0 Comments

 
Picture
پاڵپشتیکاران ئەو کەسانەن کە خۆیان شووناسی خۆیان نادەنە پاش کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، واتا سەر بە کۆمەڵگاکە نین بەڵام پاڵپشتی لە مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن. ئەوان دەجەنگن بۆ بنبڕکردنی هۆمۆفۆبیا، ترانس فۆبیا و بایفۆبیا واتە ترس و رق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز، وە دەجەنگن تا کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز مافی مەدەنی یەکسان بەدەستبهێنن وەک هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا.
 
پاڵپشتیکار دەکرێت کێ بیت؟
دەکرێت هەر کەسێک بێت کە بیەوێت ببێت بە پاڵپشتیکار. وەک ئەندامێکی سەر بە کۆمەڵگاکە، دەکرێت خوشکوبراکانت، مامۆستاکانت، هاوڕێکانت، وە تەنانەت باپیر و داپیرەت دەکرێت پاڵپشتیکارت بن! تەنها شت کە داواکراوە لەوان ئەوەیە کە تۆ قبوڵبکەن، لێت تێبگەن، وە پاڵپشتیت بکەن بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسیت. ئەوەش دەبێت شێوازی مامەڵەکردنیان بێت نەک تەنها لەگەڵ تۆ، بەڵکو لەگەڵ هەموو کەسانی دیکەی دەوروبەرییان.
 
بۆچی پاڵپشتیکاران گرنگن بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی؟
تا ئەمڕۆش  کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کەمایەتییە. ئەمەش واتا دەرەنجام و کاریگەریی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە یەکسانی تا ڕادەیەکی زۆر بشت دەبەستێت بە هەموو کەسانی تر کە سەر بە زۆرینەن. لەبەر ئەوە، هەبوونی پاڵپشتیکار لە پەناماندا دەنگێکمان دەداتێ بگەین بە ژمارەیەکی زۆتر لە خەڵکی لە کۆمەڵگادا. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەم کۆمەڵە جیاوازانەی عێراقدا یارمەتیمان دەدات پاڵپشتیکاری زیاتر بەدەستبهێنین. پاڵپشتیکاران یارمەتیمان دەدەن خۆشەویستی بڵاو بکەینەوە. دەجەنگن بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگا هەیەتی لەسەر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، ئەنانەت لە کاتە سەختەکانیشدا کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خۆیان ناتوانن بجەنگن.
 
وەک پاڵپشتیکارێک، کامانەن ئەو ڕێگایانەی کە بتوانم پاڵپشتیی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی بکەم؟
پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عێراق لەوانەیە زۆر مەترسیدار بێت بەهۆی ئەو هۆمۆفۆبیایەی لە گشتی وڵات باوە. بەڵام هێشتا پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگاکە مەحاڵ نییە.
ئەگەر دایک و باوکت ڕقیان لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نییە یاخود لێیان ناترسن، لەوانەوە دەستپێبکە. لێیان بپرسە ئایا چی دەزانن دەربارەی هاوڕەگەزخوازی و زانیارییەکانییان ڕاست بکەرەوە ئەگەر هەڵەن.
خوشک و براکانت ڕۆشنبیر بکە. لەوانەیە بۆت دەربکەوێت کە خۆت برا یاخود خوشکێکی کویرت هەبێت! ئەگەر وابوو، ئەوا ڕۆشنبیرکردنی خۆت لەوانە باشتر و خۆشتریش بێت.
نیشاندانی پاڵپشتیت دەکرێت خۆی ببینێتەوە کە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لەبیرت بێت کە سەلامەتی خۆت پێش هەموو شتێکە، بۆیە زانیاری تەنها لەنێوان ئەو کەسانەدا بڵاو بکەرەوە کە لێت نزیکن و متمانەیان پێدەکەیت و دەزانیت نابنە مایەی کێشە بۆت. زانیاری دەربارەی هاوڕەگەزخواز شەیر بکەو بڵاوی بکەرەوە، ڤیدیۆی یوتیوب پۆست بکە کە تیایدا کەسانی ڕەگەزگۆڕ (ترانس) باسی چیرۆکی ئاشكراکردنی خۆیان دەکەن، یان کاری هونەری شەیر بکە کە باس لە سەختییەکانی هاوڕەگەزخوازبوون بکات. هەزاران سەرچاوە هەیە لەسەر ئینتەرنێت کە دەتوانیت کەسانی دیکە هان بدەیت سەیریان بکەن. بۆت دەردەکەوێت پاش ماوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەن کە ئارەزووی زانینی زیاتریان هەیە دەربارەی بابەتەکە.
ڕێگایەکی دیکە بریتیە لە کاریج خۆبەخشی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کار لەسەر مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوز+ دەکەن. کاری خۆبەخشی نزیکترت دەکاتەوە لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە بە چەندین دژواری و سەختیدا تێپەڕیون بەهۆی شووناسییانەوە. فێربوون دەربارەی ئەم ئەزموونانە لەوانەیە چاوت بکاتەوە و هانت بدات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەک. کاری خۆبەخشتی هەلت پێدەبەخشێت کە تۆڕێک پێکبهێنیت لەگەڵ پاڵپشتیکارانی تر لە وڵاتدا. عێراق کویر بەخێرهاتنی پاڵپشتیکاران دەکات کە دەیانەوێت پاڵپشتی لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بکەن.
لەگەڵ ئەمانە هەموویدا، ئاسانترین ڕێگا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکار وەک پاڵپشتیکارێک ئەوەیە کە کەسێکی میهرەبان بیت. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز لە عێراق بەردەوام دووچاری گێچەڵ و بێڕێزی دەبنەوە کە لەوانەیە وایان لێبکات هەموو کەسان لەخۆیان دووربخەنەوە، بۆیە میهرەبانی لەگەڵ ئەماندا بەهایەکی ئێجگار گەورەی دەبێت. ئەگەر هەلی ئەوەت هەبوو هاوڕێیەتی کەسێکی سەر بە کۆمەڵگاکە بکەیت، هەوڵبدە گوێیان لێبگریت، نیشانیان بدە کە ئەوان بەبەهان، وە کاتی ئەوەیان پێ ببەخشە تا لەخۆیان و پێویستییەکانیان تێبگەن.
 
پاڵپشتیکاران سەرەکین بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە عێراق
ئەگەر بیان ناسیت یاخود نا، پاڵپشتیکاران ڕۆڵێکی بنچیەیی دەبینن لە ڕاستکردنەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانمان و بەخشینی هێز و توانا بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. بە هەر جۆرێك لە جۆرەکان پاڵپشتیکاران پاڵپشتی خۆیان پیشان بدە، هەوڵەکەکانیان جێگای پێزانینە و ڕۆژێک دەمانگەیەنێتە کۆمەڵگایەک کە زیاتر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ قبوڵبکات.
 
رەند
عیڕاق کویر
0 Comments

لێدوانی عیڕاق کویر لەسەر داوای یاسایی تۆمارکراو لەلایەن ئەندام پەرلەمانی کوردستان عومەر گوڵپی دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+

2/25/2021

0 Comments

 
Picture
عیڕاق کویر ئیدانەی ئەو هێرشە توندانە دەکات کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانی کوردستان عومەر گوڵپییەوە دژ بە هاوڵاتییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ سەرکردایەتی دەکرێن. ئەو داوا یاساییەی کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکەوە تۆمار کراوە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی ئازادی دەربڕین، ئازادی بیروڕا و مافەکانی مرۆڤی دیکەی دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە فەراهەم کراون.
بانگەشەی ئەو دژ بە هاوڕەگەزخوازی و فرەچەشنەیی سێکسی بێ بنەمان و ئامانجیان چەواشەکردنی ڕای گشتییە و بڵاوکردنەوەی ترسە لەڕێگەی بەکارهێنانی زانیاری ناڕاستی کۆن کە چیتر پشتییان پێنابەسترێت. بانگەشەی ئەوەی کە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونیە لەلایەن ڕێکخراوە سەرکردەکانی تەندروسی لە جیهاندا ڕەتکراوەتەوە، لە نێوان ئەوانەشدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە لە ساڵی ١٩٩٠دا ڕایگەیاند هاوڕەگەزخوازی بارێکی سرووشتی بوونە، هەروەک جیاڕەگەزخوازی، وە نەخۆشی دەروونی نییە.
بە هەمان شێوە، بانگەشەی ئەوەی کە هاوڕەگەزخوازی دژی یاسای ناوخۆیە نادروستە، چونکە نە یاساکانی هەرێمی کوردستان و نە یاسا فیدڕاڵییەکانی عێراق، وە نە ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی عێراق پشتڕاستی کردوونەتەوە ئیدانەی هاوڕەگەزخوازی دەکەن. بگرە زۆرێک لە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەریانە لەسەریان بڕۆن فەراهەمی مافەکانی مرۆڤ دەکەن بۆ هەمووان، بەبێ گوێدانە شووناس و پێناسی کەسەکان.
وەک ئەندامێکی پەرلەمان، گوڵپی دەبێت پشت بە ڕاستییەکان ببەستێت کاتێک بۆ ڕای گشتی قسە دەکات. وەک نوێنەرێکی دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان و ئەفسەرێکی یاسا، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکار خیانەتکردنە لە متمانەی گشتی کە خەڵکی بە پەرلەمانتارەکە و سیستەمی سیاسییان بەخشیوە. ئێمە داوا دەکەین لە دادگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەستبەجێ داوا یاساییەکە ڕەت بکەنەوە و پارێزەری مافەکانی هەموو دانیشتوانان بن بەبێ گوێدانە شووناس و پێناسیان.
 

0 Comments

هونەرمەندێک بناسە: هونەر چۆن کاردەکاتە سەر کەلتوور و کۆمەڵگای عێراقیمان؟

2/12/2021

0 Comments

 
Picture

هەنگاوی یەکەمم
مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ خولیای منن، هەروەک خۆشنووسی، بەتایبەتی خۆشنووسی عەرەبی، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کە ئەم دووانە بهێنم بەرەو یەکتر و بە شێوازێکی جیاواز بە خەڵکیان بناسێنم.
ئەو بیرۆکەیەیەی خەڵک هەیانە دەربارەی خۆشنووسی عەرەبی ئەوەیە کە بەکاردێت بۆ نووسینی وتەکانی پێغەمبەران، نووسینی قورئان، یان شیعری دڵداری. بیرۆکەکەی من ئەوە بوو کە خۆشنووسی عەرەبی تێکەڵبکەم لەگەڵ بیرۆکەی تازەی وەک هاوڕەگەزخوازی، فێمینیزم، و تەنانەت مافەکانی ئاژەڵ. بەڕای من، تێکەڵکردنی خۆشنووسی لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارانە لەوانەیە وا لە خەڵکی بکات بەشێوازێکی تازە لەم بابەتانە بڕوانن و لێیان تێبگەن.
بیرۆکەکەم ماوەیەک پێش چوونە زانکۆ بۆ هات و پێویستی کرد کە هەر زوو وازی لێبهێنم بەهۆی ئەو ناپەسەندکردن و حوکمانەی ڕووبەڕووم دەهاتن. لەو کاتەدا، پیروڕاو و تێڕوانینی خەڵکی دەربارەی من زۆر بەهایان هەبوو لای من بووبوون بە بەربەستێکی گەورە لە بەردەممدا، بۆیە پێویستیکرد واز لە بیرۆکەکەم بهێنم.
دوای دوو ساڵ، دووبارە هەوڵمدایەوە، بۆیە کاتم دانا بۆ پەرەپێدان بە تواناکانم. وردوردە هەستم بە بەرەوپێشچوون دەکرد و بیرۆکەی باشترم دەبوو کە بیانخەمەڕوو. ئەوە منیش ئێستا لێرەدام، ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەرم هەیە کە پاڵپشتیم لێدەکەن و هونەرەکەم بڵاودەکەنەوە و پەیامی پڕ لە خۆشەویستیم بۆ دەنێرن.
 
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕق و کینەیان
یەکەمین جار کە دووچاری ڕەخنە و هەڕەشە بوومەوە ئەو کاتە بوو کە پۆستێکی ئینستاگرامم بڵاوکردەوە لەسەر هاوڕەگەزخوازی. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی منیان بلۆک کرد، لە کاتێکدا کەسانی تر هەڕەشەیان بۆ دەناردم لە هەژماری ساختە و هەژماری ڕاستیشەوە. تەنانەت هەندێک لەو کەسانەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەمناسین پەیوەندییان لەگەڵ من کۆتایی پێهێنا دوای بینینی ئەو پۆستە.
ئەندامەکانی خێزانەکەشـم بێگومان منیان فۆڵۆو کردبوو بێگومان! زۆریان لەسەر ئەو بابەتە وت دوای بینینی پۆستەکە. بەڵام هەرچۆنێک بێت من وازم نەهێنا.
لەو ڕۆژەوەی ئەو پۆستەم بڵاوکردەوە، شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ڕۆشتن و ڕووبەڕووەی ڕق و کینەیەکی ئێجگار زۆر دەبوومەوە لەچاو ئەوەی لەگەڵی ڕاهاتبووم. وە دوای چەند پۆستێکی پاڵپشتیکار لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، هەڕەشەم بۆ دەهات لەلایەن چەن میلیشیایەکەوە.
 
ناوەستم
سەرەڕای هەموو ئەوەی پێیدا ڕۆیشتم، هێشتا من خولیای ئەوەم هەیە بەردەوامبم ئەم جارە.
چەندین کەسی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نامەی دورودرێژی جوانم بۆ دەنێرن کە پڕیانە لە خۆشەویستی چونکە دڵیانخۆشە و سوپاسگوزارن بە پاڵپشتکردنی من لە ئەوان.
زۆریان هەست دەکەن ئەوان لەیادکراون لەلایەن کەسانی دەوروبەریانەوە. بۆیە من جەختم خستۆتە سەر دروستکردنی هونەرەکەم بە زمانی عەرەبی و کەمتر جەخت دەجەمە سەر پۆست بە زمانی ئینگلیزی. ئەوەی من دەیکەم ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بە هەموویان بڵێم کە هاوڕەگەزخوازی بەشێکە لە کۆمەڵگای عەرەبی و شتێکی بێگانە نییە کە پێویستبکات پێی شەرمەزاربین.
چەندین کەس لە کۆمەڵگاکەوە باسی چەند بابەتێک دەکەن کە کەسیان نییە باسی ئەم بابەتانەیان لەگەڵ بکەن. ئەو هەستکردن بە ئارامییەی کە من پێیاندەدەم وایان لێدەکات دڵیان بۆ من بکەنەوە بەبێ ئەوەی من بە باشی بناسن، و هەندێک جار بە هیچ جۆرێک نامناسن. من بوومەتە هاوڕێ لەگەڵ چەندین کەسی قەشەنگ کە سەر بە شار و تەمەن و ڕەگەزی جیان  و ئەوەش هەمیشە وزەی بەردەوامبوونم پێدەبەخشێت.

گۆڕینی هزریان
لەڕێگەی هونەرەکەمەوە، توانیومە تێروانینی خەڵكی بگۆڕم لەسەر هاوڕەگەزخوازی وە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێستاش ئارەزووی بەردەوامبوونم هەیە.
لە ڕابردوودا، زۆرێک لە هاوڕێکانم ڕەتیان دەکردەوەوە قسەر لەگەڵ یەکێک بکەن یاخود گوێ لە یەکێک بگرن کە باسی هاوڕەگەزخوازی بکات. هەندێکیان وشەی ناشرین و بێڕێزیکاریان بەکاردەهێنا بۆ وەسفکردنی هاوڕەگەزخوازان، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورە دەبینم لەو کاتەوە. کاتێکی زۆری ویست تا توانیم تێڕوانینیان بگۆڕم، بەڵام لە کۆتاییدا کردم. گفتوگۆ دوای گفتوگۆ، هاوڕێکانم بابەتەکەیان وەرگرت، خۆیان ڕۆشنبیرکرد لە بارەیەوە، وە ئێستا لە چاو جاراندا زۆر باشترن.
لە ڕاستیدا، هەندێکیان تەنانەت بوون بە پاڵپشتیکار و هەندێکیان خۆیان بۆیان دەرکەوت کە هاوڕەگەزخوازن.
 
هونەر چەند هەنگاوێک بەرەوپێشمان دەبات
من باوەڕم وایە کە هونەر دەتوانێت زۆر یارمەتیمان بدەت لە گەشتی پەرەپێدان بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و تواناکانیان و لە شیکردنەوەی واتای ڕاستەقینەی هاوڕەگەزخوازی لەڕێگەی ڕاستی و بەڵگەوە.
چاوەکانمان ڕانەهاتوون بە بینینی ئاڵای پەلکەزێڕینە! بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەندێکمان تووشی شۆک دەبین کاتێک ئاڵای پەلکەزێڕینە دەبینی لە ڕاستیدا یان لە وێنەیەکدا وە یان لە کارێکی هونەریدا. بەڵام ئەوە نابێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت چونکە دەتوانین گۆڕانکاری بەدیبهێنین بەوەی کە زیاتر باسی هاوڕەگەزخوازی بکەین تا ڕۆژێک، باسکردنی هاوڕەگەخوازی ببێتە شتێکی زۆر ئاسایی. بەڕای من هونەر ئاسانترین ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
 
دەتوانم ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان ببمەوە
ئێمە یەکەمین نەوەی عێراقین کە کار بۆ مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز بکات و ئەوەش بێگومان کۆمەڵێک دەرەنجامی دەبێت، بەڵام بەوە دەزانم و شتەکەم پێ قبوڵە. دەرخستنی ناسنامەم لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆم لە هەژماری ئینستاگرامم و ئەوەی لە بایۆکەمدا نووسیومە کە من موسوڵـمانم ئاسان نییە و بگرە سەلامەتیش نییە، بەڵام من هۆکاری خۆمم هەیە بۆ ئەمانە.
جێهێشتنی ئەم وردەکارییە گرنگانە بە واتای ئەوەدێت کە بەجۆرێک کە جۆرەکان من بەشێکی لە هێزی خۆم لەدەست دەدەم. دانانی زانیاری کەسیی لەسەر هەژمارەکەم بۆ ئەوەیە کە من ترسی پاڵپشتیکارانی تری کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بشکێنم. زۆرێک لێیان ئەمە هانیان دەدات و ئەوەی من دەیکەم هێزیان دەداتێ کە ئەوانیش پۆست لەسەر هاوڕەگەزخوازی بکەن و خەڵکانی تر ڕۆشنبیر بکەن.
من گۆڕانکاری ئەرێنی زۆرم بینیوە تەنانەت لە هاوڕێ جیاڕەگەزخوازەکانیشمدا! زۆرێکیان پۆستەکانی من بڵاودەکەنوە لە هەژمارەکانی خۆیاندا و هەستێکی زۆر خۆشم دەداتێ کە ئەمە دەبینم.
ڕاستە هەندێکیان دوای چەند کاتژمێرێک ئەوەی بڵاوی دەکەنەوە دەیسڕنەوە، بەڵام ئەمەوە لەبەر ئەو ناپەسەندکردنەیە کە بۆیان دەچێت لەلایەن فۆڵۆوەرەکانی خۆیانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەمە گۆڕانکارییەکی ئەرێننیە هەرچەندە بچووکیش بێت.
 
هەرگیز لە جەنگین مەوەستە
پەیامی من بۆ پاڵپشتیکارانی عێراقی و ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازی عێراقی ئەوەیە کە لە جەنگین بەردەوامبن تا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی ڕوودەدات. بارودۆخەکان ئاسان نین چونکە هەر وتم، ئێمە نەوەی یەکەمین کە ئەم جەنگە دەکەین. بەڵام پێکەوە دەتوانینی داهاتوویەکی باشتر دروستبکەین بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو.

بۆ بینینی کارەکانی سەیف و پاڵپشتی کردن، لەسەر ئینستاگرام فۆڵۆوی بکەن: saif0_0ali
رەند
عیڕاق کویر

 
0 Comments

ڕۆژی جیهانیی پەروەردە: مامۆستایان چۆن بتوانن هێز و توانا بە نەوەکانی داهاتوو ببەخشن؟

1/24/2021

0 Comments

 
Picture
خوێندن بۆچی گرنگە؟
کاتێک بیر لە خوێندن دەکەینەوە، نابێت تەنها بیر لە بابەتەکانی وەک بیرکاری و مێژوو بکەینەوە، خوێندنی ئەمانە چەندە گرنگ بێت، هەموو خوێندنگەیەک دەبێت زیاتر ببەخشێت بە خوێندکاران کە زیاتر لە دە ساڵی تەمەنیان دەبەخشن بە خوێندن تا لە جیهان تێبگەن. خوێندگە دەبێت بەشداری بکات لە پەرەدان بە کەسایەتی خوێندکاران و هانی داهێنان بدات.
لەبەرئەوەی خوێندکاران هەست دەکەن دەبێت پەرە بە بیروڕایان بدەن بەرامبەر بە شتەکانی دەوروبەریان لە کاتێکی کەمدا، ئەوان زۆربەی کات بیرکردنەوەیان و بیروڕایان ڕەنگدانەوەی بیروڕا و کردادەکانی هاوپۆل یان مامۆستاکانیان دەبێت و ئەمەش هەستی ئەوەیان پێدەبەخشێت کە بەشێکن لە کۆمەڵ.
بەداخەوە، عێراق شوێنێک نییە کە باشترین پەروەردە ببەخشێت بە فێرخوازان. کتێبەکانی خوێندنگاکانمان بە دەگمەن بابەتێکیان تێدادەبێت کە بیری خوێندکاران بووروژێنێت یان هانیان بدات جیاوازبن.
سیستەمی خوێندنمان پشتی بەستووە بە لەبەرکردن، کە ئەمەش هانی خوێندکاران دەدات دوای پیروڕای کەسانی تر بکەون- وەک مامۆستا، دایباب، تەنانەت کەسانی نەناسراویش تا ڕێیان نیشانبدەن دەربارەی تێڕوانینان دەربارەی بابەتە جیاوازەکان. ئەمەش یەک شت فێری فێرخوازان دەکات! کە بریتیە لەوەی کە هیچ تیڕوانینێکی خۆیان پەسەند نییە تەنها کاتێک نەبێت کە کەسانی تر پەسەندی بکەن.
پێویستمان بەوەیە لێرەدا گۆڕانێک بەدیبهێنین. پێویستمان بە کتێب و مامۆستایە کە پەرە بە تواناکانی خوێنکار بدەن بۆ بونیادنانی دەهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان، بەبێ گوێدانە سنوورەکانی کۆمەڵگا.

 خوێندکاران لەکوێوە دەربارەی ئاڕاستەی سێکسییان فێردەبن؟
بابەتەکانی وەک فرەچەشنەیی سێکسی و جێندەری هەنگیز لە هیچ پۆلێکی عێراقیدا باس ناکرێت. تەنانەت کتێبەکانی بابەتە زانستییەکانیش، کە دەبێت ڕاستی و زانیاری بەنرخ لەسەر فرەچەشنەیی و سەرسوڕهێنەری دەنیا باس بکەن، خۆیان لادەدەن لە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە بە بیانووی ئەوەی مێشکی خوێندکاران دەشێوێنن.
لە لایەنەکەی ترەوە، دایبابانی عێراقیش بژاردەیەکی باش نین بۆ باسکردن بابەتەکانی پەیوەند بە سێکس و سێکسخوازی.
لەبەرئەوەی دایبابان لە ماڵەوە ئەم بابەتانە باس ناکەن و هیچ ڕێوشوێنییەکیش نییە لەلایەن خوێندگاوە، خوێندکاران زۆر جار ترسیان لا دروست دەبێت بەرامبەر بە پرسیارکردن دەربارەی ئاڕاستەی سێکسی و سێکسخوازی، سێکس، پاراستن و پەیوەندییە سۆزدارییەکان بە شێوەیەکی گشتی.
گەورە دەبن لەگەڵ ئەو بیرەی کە تەنها یەک شێواز هەیە بۆ ژیان ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگا بۆیان هەڵدەبژێرێت. ڕۆڵەکانیان دیاریدەکرێت بەگوێرەی ڕەگەزیان و ئاڕاستەی سێکسییان هەرگیز پرسیاری لێوەناکرێت. تەنانەت ئەگەر بەخت یاوەریشیان بێت لە دۆزینەوەی خۆیان، هەلی ئەوەیان نابێت کە شووناسی خۆیان دەرببڕن.
ئینتەرنێت لەوانەیە باشترین بژاردەبێت بۆیان بۆ فێربوون و دۆزینەوەی شتەکان! بەڵام ئایا ئینتەرنێت سەرچاوەیەکی سەلامەتە بۆ فێربوون!

ئایا مامۆستایانی عێراق هانی فێرخوازان دەدەن مێشکیان بەکاربهێنن؟
سیستەمەکەمان هانی مامۆستایان نادات کە شێوازی وانەوتنەویان باشتر بکەن. ڕێژەیەکی زۆری مامۆستایان دەست دەکەن بە وانە وتنەوە لە ساڵەکانی یەکەمی ٢٠ ساڵییاندا و خانەنشین دەبن لە تەمەنی نزیک ٦٠ ساڵیدا بە هەمان کەرەستەوە، بە هەمان شێوازی وانە وتنەوەوە، وە بەهەمان بیروڕاو هزرەوە. هەندێکیان لەوانەیە بەلاشیانەوە مایەی تووڕەبوون یان شەرمەزاری بێت ئەگەر لە خوێندکارانی تەمەن گەنجترەوە فێر ببن ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت مایەی بەرەنگاری بێت.
"تۆ ئەم پرسیارە و وەڵامەکەی لەبەر بکە وەک خۆی، وە لە تاقیکردنەوەشدا هەمان شت بنووسە. دوای ئەوە ئەگەر حەزت کرد دەتوانیت هەمووی لەبیربکەیت. بەڵام دڵنیا بە لەوەی کە زانیارییەکەت تا کاتی تاقیکردنەوە لە مێشکتدا بهێڵیتەوە." ئەمە قسەی یەکێك لە مامۆستاکانی وانەی بیرکاریم بوو.
دەتوانین بڵێین کە زۆربەیان خۆیان چەقبەستوو دەکەن بە یەک شێوازی وانە وتنەوەو بۆ ساڵانێکی دورودرێژ.
ئەگەر بمانەوێت داهاتوومان لە ئێستا و ڕابردوومان ڕوناکتربێت، دەبێت لەوە تێبگەین کە مامۆستایان پێویستیان بە ڕاهێنان و ڕێشوێنییە بە هێندەی خوێندکارانیان. مامۆستایان زۆریان لەسەرە فێر ببن، لەناویشیاندا قبوڵکردنی خوێندکارەکانیانە کە جیاوازن.

ئایا عێراق هانی مامۆستایان دەدات هانی  ڕق و توندوتیژی بدەن؟
بنیامن کەسێکی سێکسنەخوازی دووڕۆمانسیخوازی جووت ڕەگەزە کە تەمەنی ١٨ ساڵە. بێن باسی ئەزموونە نەرێنییەکانی دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕوویان دا و وتی" وەک هەر خوێندکارێکی تری خوێندنگە، وانەی فیزیام دەخوێند کاتێک تێبینیم کرد مامۆستا بەشێوەیەکی سەیر سەیری دەکردم. یەکسەر زانیم کە منی بەدڵ نییە چونکە بە وشە ئازاربەخشەکانی ئازاری دەدام لە یەکەمین و دووەم وانەدا.
لە وانەی سێیەمدا، مامۆستا پرسیارێکی زۆر ڕەگەزپەرستییانەی لە خوێندکاران کرد کە هیچ پەیوەندی نەبوو بەو وانەیەی دەبوو بیڵێتەوە. پاشان پرسیاری لە من کرد دەربارەی لووت، فێمینیزم و مەیک ئەپەوە. مامۆستاکە هەموو وانەکەی بەسەربرد بە باسکردنی ئەوەی کە چۆن کەسانی وەک من دەبێت بسوتێنرێن یان لە باڵەخانەو بەرزەوە فڕێبدرێنە خوارەوە. وشەکانی پڕیانبوو لە ڕق و کینە و لە کۆتاییدا هەڕەشەی کرد کە لە پۆل دەرمبکات. لە ڕاستیدا ئەو هەوڵی دەرکردنی منی دا بەڵام خۆشبەختانە باوکم هات و کێشەکەی چارەسەر کرد دوای شەڕێکی درێژخایەن. ئەو مامۆستایە هەرگیز لەوە نەوەستا ڕقی لێمبێت، هەروەها گێچەڵ و هەراسانکردنی خوێندکارانی تر بۆمن هەرگیز نەوەستان. ئەگەر دادپەروەرانە قسە بکەم، هەندێک لە خوێندکاران پشتگیریان دەکردم بەڵام خوێندکارانی تر ڕقیان دەردەبڕی و تۆمەتباریان دەکردن بەوەی کە من پارە وەردەگرم بەرامبەر بە سێکس کردن. لە ڕاستیدا، یەکێک کە خوێنکارەکان داوای کرد سێکسی لەگەڵ بکەم بە پارە. وەکو کەسێک کە بەم ئەزموونەدا تێپەڕێوە و لە گرانی بارودۆخەکە تێدەگەم، هانی مامۆستایان دەدەم کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەکاریبهێنن بۆ بنبڕکردنی ڕق و پاڵپشتی لەو کەسانە بکەن کە وەک من وان. باوەڕم وایە کە پاڵپشتی ئەوان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر کۆمەڵگا."

ئەمڕۆ ئێمە یادی چی دەکەینەوە؟
ئەمڕۆ، ٢٣ی کانوونی دووەم، ڕۆژی جیهاننی پەروەردەیەکە کە یادی دەکرێتەوە بە داننان بە گرنگیی خوێندن و پەروەردە و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی. ئەمڕۆ باس دەکەن لەوەی کە چۆن ستراتیژیای باش بەرنامەبۆداڕێژراوی وانە وتنەوە کاری ئەو ڕێکراوە عێراقییانە ئاسان بکات کە کار دەکەن بۆ نەهێشنی، جیاکاری جێندەری، توندوتیژی، هۆمۆفۆبیا و جۆرەکانی تری جیاکاری.
ئێستا کاتێکی باشە تا بە مامۆستایانمان بڵێین لە هەموو شوێنێکی عێراق کە ئەو شتانەی هانی خوێندکارانیان دەدەن بۆ قبوڵکردن یان پەسەندنەکردنی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەمووان دەبێت جا چێستا بێت یان دواتر، لە نێوانیشیاندا ژیان مامۆستایان خۆیان.
مامۆستایەک دەتوانێت پۆلێکی تەواو بگۆڕێت بە هەڵبژاردنی شێوازێکی کاریگەری فێرکردن کە هانی خوێندکاران بدات پرسیار لەسەر هەموو شتێک بکەن و باوەڕ بەوە بکەن کە بیرۆکەیەکی ناو هزری هەر یەکێکیان دەکرێت وەڵامی پرسیارێک بێت کە تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە.

بۆ هەموو ئەو مامۆستا عێراقییانەی پەرە بە خوێندکارەکانیان دەدەن، کە هێوایان پێدەدەن، وە کە بواری ئەوە بە خوێندکاران دەدەن خۆیان وەڵامەکان بدۆزنەوە، عێراق کویر باشترین هیواتان بۆ دەنێرێت ڕۆژی جیهانیی پەروەردەتان پیرۆز.

رەند

عیڕاق کویر

0 Comments

سێکسنەخوازان لە عێراق ڕووبەڕووی کام بەرەنگارییانە دەبنەوە؟

1/20/2021

0 Comments

 
Picture
تێڕامان و تێنەگەیشتنێک هەیە دەربارەی چەمکی سێکسنەخوازی (ئەسێکشواڵیتی) کە وا لە خەڵک دەکات زۆر حوکمی هەڵە بڵێن. کەسانی سێکسنەخواز کەمی باوەڕبەخۆبوونیان نییە بۆ ئەنجامدانی سێکس، وە ئەوەش نییە بڵێیت ئەوان خۆشەویستی ڕاستەقینەی ژیانیان نەدۆزیوەتەوە. وە سێکسنەخوازبوون بە هیچ جۆرێک کارناکەتە سەر ئەوەی ئایا کەسێک تا چ ڕادەیەک هەستیارن. هەر سێکسنەخوازێک کەسایەتییەکی تایبەتی هەیە و خاوەنی بژاردەی ژیانی تایبەتی خۆیانن کە بەهایان لە هی کەسانی تر کەمتر نییە.

با بە شیکردنەوەی سێکسنەخوازی دەستپێبکەین. ئەسێکشواڵیتی/ سێکسنەخوازی کە پێشی دەوترێت "ئەیس"، ئەوەیە کە ئارەزووی سێکست نەبێت یاخود ئارەزووێکی زۆر کەمت هەبێت. واتا، کەسەکە توانای هەیە سێکس ئەنجام بدات یاخود دەستپەڕ بکات یاخود ئەنانەت هاوسەرگیری بکات و ببێت بە دایباب. بیرۆکەکە ئەوەیە کە کەسانی سێکسنەخواز هەست بە پێویستییەکی بەهێز ناکەن بۆ ئەنجامدانی سێکس یاخود هەست بە هیچ پێویستییەک ناکەن، بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەم شتانە بەبەراورد لەگەڵ کەسانی تری خاوەن ئاڕاستە سێکسییە جیاوازەکان.

لە هەمووی گرنگتر، سێکسنەخوازی نەبەستراوەتەوە بە پێناسەیەکی جێگیری سنووردارەوە چونکە سێکسنەخوازی شەبەنگێکی فراوانە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ناتوانی هەموو سێکسنەخوازان لە یەک کۆمەڵەدا کۆبکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە هەموویان وەک یەک ڕەفتار بکەن و ڕەگەزخوازیان وەک یەک دەرببڕن. هەندێکیان هەڵدەبژێرن کە لە پەیوەندیدا بن و هەندێکی تریان هەوڵی پێکهێنانی هاوڕێیەتی بەهێز دەدەن کە خۆشەویستییەکی زۆریان پێدەبەخشێت.

هەڵەتێگەیشتنێکی باو ئەوەیە کە دەتوانین ناڕەگەزخوان بە هاوڕەگەزخواز یان جیاڕەگەزخواز پۆلێن بکەین بەپێی ڕەگەزی ئەو کەسەی دەیانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵدا ببەستن. کەسانی سێکسنەخواز نە هاوڕەگەزخوازن نە جیاڕەگەزخواز. بە واتای ئەوەی کە ئەوان دەتوان پەیوەندی ڕۆمانسی لەگەڵ کەسانی هەمان ڕەگەز یاخود ڕەگەزی بەرامبەر ببەستن، بەڵام ئەمە نایان کات بە هاوڕەگەزخواز یاخود جیا ڕەگەزخواز.
لە سێکسنەخوازیدا، دوو ئاڕاستە هەیە کە بریتیە لە ئاڕاستەی سێکسی و ئاڕاستەی ڕۆمانسی و هەریەکێک لەمان چەند ئاڕاستەیەکی جیاواز لەخۆدەگرن.
کەسانی سێکسنەخواز شەرت نییە ژیانیان بەبێ هاوژین بەسەربەرن یاخود بەتەنیا بمرن. ئەوان هەستیان هەیە و پێویستی هەستییان هەیە کە بەشێوەی خۆیان بەدەستیاندەهێنن. دەربارەی ئاڕاستەی ڕۆمانسی، کەسانی سێکسنەخواز دەکرێت هاوڕۆمانسیخوز یان جیاڕۆمانسیخواز بن. هاوڕۆمانسیخوازی ئەوەیە کە کەسێکی سێکسنەخواز پەیوەندییەکی ڕۆمانسی دەبەستێت لەگەڵ کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەز لەکاتێکدا جیاڕۆمانسیخوازی ئەوەیە کە کەسێکی سێکسنەخواز پەیوەندییەکی ڕۆمانسی لەگەڵ کەسێکی سەر بە ڕەگەزێکی تر ببەستێت.
بەغداد، محەممەد و بەسسام سێ سێکسنەخوازی عێراقین کە لە پێشینەی جیاوازەوە هاتوون و بۆمان ڕوون دەکەنەوە هەر یەکێکیان چۆن پێناسەی سێکسنەخوازی دەکەن:
"بیرم دێت کاتێک کوڕەهاوڕێکەم بۆ یەکەمین جار لێم نزیک بووەوە ماچم بکات، ماچەکە هیچ هەستێكی خۆشی نەدامێ. لە ڕاستیدا، من هەستم بە ناڕەحەتی کرد"
بەغداد کە کچێكی عێراقی سێکسنەخوازە باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات. ئەو دەڵێت "کاتێک تەمەن ٢٢ ساڵ بوو، لە پەیوەندییەکدا بووم لەگەڵ کوڕێکدا کە وام دەزانی خۆشمدەوێت. کاتێک بۆ یەکەمین جار ماچی یەکترمان کرد، ماچەکە هیچ هەستێكی خۆشی نەدامێ و لەمەش سەرم سوڕما بەڵام هیچ بیرۆکەیەکم لە مێشکمدا پەسەند نەکرد.
من بەلامەوە ئاسایی بوو پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی تردا ببەستم، من ڕقم لەوە نەبوو کە دەوردرابم بە خەڵکی. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە ئەگەر کەسێک لێم نزیک بایاتەوە کە باوەش یاخود ماچم بکات، یەکسەر هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد. ئێستاش هەمان هەستم هەیە، جا کەسەکە نێر یاخود مێ بووایە. لەبەرئەوەی ئەم هەستانە نەڕۆیشتم، پرسیارم بۆ دروست بوو لەسەر ڕەگەزخوازی خۆم.
وەک سێکسنەخوازێک، توانجی زۆرم بۆ دێت کە پێم دەڵێن ماچی کوڕی ڕاستم نەکردووە، یاخود کە لە داهاتوودا تێڕوانینم دەگۆڕم کاتێک کوڕی ڕاستم دۆزییەوە، یاخود من هێشتا ئامادە نیم بۆ ئەوە و لەداهاتوودا شتەکان دەگۆڕێن.
من دڵنیا نیم لەوەی کە ئایا شتەکان لە داهاتوودا دەگۆڕێن یان نا، تەنانەت ئەگەر بگۆڕێن و من بڕیارمدا لە پەیوەندییەکی سێکسیدا بم لەگەڵ کەسێکدا، هێشتا ئەمە مافی ئەوەم لێناسەنێتەوە بەخۆم بڵێم سێکسنەخواز. لە کۆتاییدا، ئەمە خۆمم، تەنانەت ئەگەر کەسانی تریش پرسیاریان لەسەرم هەبێت.
بەداخەوە، زۆربەی توانجەکان و حوکمە هەڵەکان لەلایەن ئەندامەکانی خێزانەکەمەوە دێن چونکە ئەوان نایانەوێت بابەتەکە قبوڵ بکەن. خۆشبەختانە من دوور لە خێزانم دەژیم و ئەوەش بە مانای ئەوەدێت کە دەمەقاڵێکان زۆر کەمترن دەربارەی بابەتەکە.
لەگەڵ پەستانی کەمتری خێزانەکەم و پاڵپشتیی بەردەوامی یەکێک لە خزمەکانم، باری من زۆر باشە. من کاتم داوە بە خۆم و پەلەم نییە پەیوەندیی نوێ ببەستم. لەوانەیە، ئەگەر بابەتەکە بە سووکی بگرم، شتی زۆرتر دەربارەی خۆم بدۆزمەوە کە تا ئێستا لێیان بە ئاگا نیم.
هەرچەندە پرسیار لەسەر ئاڕاستەی سێکسیم زۆرە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هێشتا لەو باوەڕەدام کە کۆمەڵگای عێراقی من و کەسانی ناڕەگەزخوای تر بە ڕادەیەکی زۆرتر قبوڵدەکانت بەبەراورد بە کەسانی تری سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. ئەمەش شتێکی ڕاست و دادپەروەر نییە، بەڵام کۆمەڵگای عێراقی بەو جۆرە بیردەکاتەوە کە ئەنجامنەدانی سێکس باشترە لە ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ هەمان ڕەگەز. بەداخەوە، کۆمەڵگاکەمان تەنها لە دیدی سێکسەوە سەیری پەیوەندییەکان دەکات. گرنگی نەدراوە بە لایەنی ڕؤمانسی و پەیوەندی نزیک. کۆمەڵگاکەمان هێشتا جەخت ناکاتەوە لەوەی کە هاوژینێت دەتوانێت چیم پێ ببەخشێت تا لە ناخەوە هەست بە باشتر بکەم بەبێ بیرکردنەوە لە سێکس و جووتبوونی سێکسی."
"ڕقم لەوەیە کە چۆن زۆرینەی خەڵک وا دەزانن کەسانی سێکسنەخواز ناتوانن هەستیار بن"

چیرۆکی محەممەد لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە دوو سال لەمەوپێش بە بابەتی سێکسنەخوازی ئاشنا بوو کاتێک لاپەڕەیەکی (پەیجێکی) عەرەبیی بینی کە باسی سێکسنەخوازی دەکرد. "پێش دۆزینەوەی ئەو پەیجە، بە خۆمم دەووت بێ سێکس، چونکە ئەوە تەنها چەمک بوو کە لە کۆمەڵگای عێراقیدا باوە.
گرانە بڵێم کە یەک ئەزموونی دیاریکراو هەبووبێت وام لێبکات پرسیار دەربارەی ئاڕاستەی سێکیی خۆم بکەم و دیاری بکەم، بۆیە بیرمەندترە بڵێم کە من دەربارەی ئاڕاستەی سێکسی خۆم فێربووم دوای چەند ئەزموونێک کە بۆ چەند ساڵێك بەردەوام بوون. دیارترینیان ئەوە بوو کاتێک هەلم بۆ ڕەخسا سێکس لەگەڵ کەسێکدا ئەنجام بدەم. هەرچەندا من سەرم سووڕما بە جەوانی جەستەیان، ئەوە بەس نەبوو بۆ من کە وام لێبکات بمەوێت سێکسیان لەگەڵدا ئەنجام بدەم. بۆ من، باوەڕم وایە کە پەیوەندییەکان دەربارەی خۆشەویستی و سۆزی ڕاستەقینەن و ئەوەش واکی کرد لەوە بگەم کە من جیاوازم لە زۆرینەی کەسانی تر لە ساڵانی هەرزەکاریمەوە.
هەندێك جار، هەست بەو پێویستییە دەکەم کە هاوژێنێک بدۆزمەوە و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵیان پێکبهێنم. بەڵام زۆر جاری تر، من لەم پیویستییە ڕادەکەم. دەتوانم بڵێـم کە ٪٨٠ من دژی بوونی منداڵەوەم وەلێ زۆر باش دەزانم کە کۆمەڵگا هەمووان پاڵدەنێت بۆ دروستکردنی منداڵ. بۆیە باوەڕم وایە کە پشتگیری ناکرێم شتێکی جیا لەوە ئەنجام بدەم تەنانەت گەر بەخۆشم بڵێم سێکسنەخواز. بەڵام من بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم کە بۆ خۆم باشە نەک ئەوەی کە کۆمەڵگا دەیەوێت چۆن بم.
"سێکسنەخوازان نەخۆشی دەروونی نین. هەرچەندا خەڵکی پێچەوانەی ئەمە دەڵێن هەمیشە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نییە. نزیکەی هەموویان تەنانەت نازانن کەی کەسێک بە نەخۆشی دەروونی لە قەڵەم بدەن. باوەڕم وایە زۆربەی خەڵکی حەز ناکەن پاڵپشتی یەکتری بکەن، بەڵکو چێژ دەبینن لە تێکدانی ژیانی یەکتری و هەراسانکردن. لە کۆتاییدا، تەنانەت ئەگەر نەخۆشییەکی دەروونیشـ هەبێت، من بەلامەوە خۆش نابێت ئەگەر کەسێک بێت و بۆم ڕوون بکاتەوە من نەخۆشم وەک ئەوەی جوێنم پێبدەن"

بەسسام، کە سێکسنەخوازێکی تری عێراقییە دەڵێت، "کاتێک تەمەنم شازدە ساڵ بوو، بۆم دەرکەوت من لە هاوڕێکانم جیاوازم کە لە تەمەنی مندان یاخود چەند ساڵێک گەورەتر بوون. حەز دەکەن بە شێوازێكی سێکسی باسی کچان بکەن لە کاتێکدا من نەمدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قسانەدا بکەم چونکە بابەتەکە بەلای منەوە سەرنجڕاکێش نەبوو.
لە سەرەتادا، وامدەزانی کە من تەمەنم زۆر گەنجە تا بابەتەکە بەلامەوە سەرنجڕاکێش بێت. دوای سالێک، کاتێک تەمەنم ١٧ ساڵ بوو، بۆم دەرکەوت من سێکسنەخوازم لەڕێگەی خوێندنەوەی وتارێكەوە دەربارەی سێکسنەخوازی کە لەسەر لاپەڕەیەکی زانستیی لەسەر فەیسبووک دۆزیمەوە. پاش ماوەیەکی کەم، لاپەڕەی سێکسنەخوازیم دۆزییەوە کە لەلایەن عەلاء یاسین و نەبیل عەلالەوە بەڕێوەدەبرا، کە منیان ناساند بە کۆمەڵێک کەسەی سێکسنەخواز لەسەر فەیسبووک. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە شتەکان بۆمن ڕوونتر بوونەوە.
زۆربەی کات، من بەلامەوە گرنگ نییە کەسانی تر چۆن لە من دەڕوانن کاتێک دەزانن من سێکسنەخوازم. بەڵام هێشتا کاتێک کەسێک پرسیارم لێدەکات دەربارەی بابەتەکە، باشترین هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ڕوونکردنەوەی واتای سێکسنەخوازی بە ڕوونی تا کەسەکە بە هەڵە لە بابەتەکە نەگات. سەبارەت بە خێزانەکەم، ئەوان باوەڕیان بەوە نییە کە شتێک هەبێت ناوی سێکسنەخوازی بێت، بۆیە هەوڵ دەدەین تا دەتوانین بابەتەکە باس نەکەین.
وەک پیاوێکی سێکسنەخواز، توانجی وەکو "تۆ پیاو نیت" دەبیستم و باوەڕم وایە ئەوانەی تریش کە وەک من وان هەمان توانج یاخود بگرە ناشرینتریش دەبیستن. هەرچەندا من دژی زاووزێم و هەرگیز بەرنامەی ئەوە دانانێم وەچە بخەمەوە، هێشتا ڕێگە بەکەس نادەم ڕێگریم بکات ئەگەر ویستم ببم بە باوک. کۆمەڵگا نابێت ئەو مافەی خۆمم لێ بسەنێتەوە.
من سێکسنەخوازی بەو جۆرە پێناسە دەکەم کە چەندین واتای هەبێت، ناڕەگەزخواز هەن نە هەستی سێکسی و نە هەستی ڕۆمانسییان هەیە بۆ کەسانی تر، هی تر هەیە هەستی ڕۆمانسییان هەیە بەڵام هەستی سێکسییان نییە بەجۆرێک ئەنجامدانی سێکس ڕەت دەکەنەوە. سێکسنەخواز هەیە کە هەستی سێکسی ئێجگار کەمییان هەیە، کە ئەمەش پێی دەوترێت "سێکسنەخوازی خۆڵەمێشی". هەروەها سێکسنەخوازی تر هەیە، وەک خۆم، کە هەستی سێکسییان دەبێت تەنها لە کاتێکدا کە لە پەیوەندییەکی زۆت بەهێزدا بن و خۆشەویستی نێوان دوو کەسەکە زۆر بەهێز بێت.
سێکسنەخوازی بەشێوەی جیاواز دەربڕینی لێوە دەکرێت لەلایەن کەسانی سێکسنەخوازی جیاوازەوە.   من خۆم دەستپەڕ دەکەم و باوەڕم وایە هەموو کەس دەیکات. من ئارەزووم نییە لە پەیوەندییەکدا بم چونکە ئەوە سەرنجم ڕاناکێشێت. لەوانەیە ئارەزوو بکەم سەگێکم هەبێت و بە تەنها لە شوێنێکی ئارامدا بژیم. من دەمەوێت ژیانی خۆم بەو جۆرە بژیم لە کاتێکدا سێکسنەخوازی تر بەرنامەی دیکەیان هەیە بۆ ژیان. من باوەڕم وایە هەریەکێک لە ئێمە مافی ئەوەی هەیە چۆنییەتی ژیانی خۆی هەڵببژێرێت.
دەبینم کە زۆربەی عێراقییان لەوانەیە ئاسانتر سێکسنەخوازت قبوڵ بکەن وەک لە هاوڕەگەزخوازی، ئەوەش لەبەرئەوەی عێراق وڵاتێکی ئیسلامییە. عێراقییان کێشەیان نابێت ئەگەر بڕیار بدەیت سێکس نەکەیت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەگەر بڕیار بدەیت بیکەیت. هەر بۆیە هاوڕەگەزخوازبوون بۆ نموونە زۆر زیاتر ڕەت دەکرێتەوە بە بەراورد بە سێکسنەخوازی.
بە ڕای من، هاوڕەگەزخوازی و سێکسنەخوازی دوو شتی جیاوازن و نامەوێت بەراوردیان بکەم. باڵام باوەڕم وایە کە هەمووی لە پەروەردەی منداڵەوە دەستپێدەکات لە عێراق. مێشکی منداڵان پڕ دەکرێت لە بیری ئاینی کۆن کە ڕق دروستدەکات لە مێشکیاندا بەرامبەر بەو کەسانەی کە بڕیاردەدەن جیاواز بژین. ئەمەش وا لە هەندێکیان دەکات کە ڕقیان لە هاوڕەگەزخوازان بێت ئەنانەت ئەگەر نەشزانن هاوڕەگەزخوازی بە واتای چی دێت. لە کۆتاییدا، کێشەی کۆمەڵە عەرەبییەکانی ئێمە بریتیە لە نەبوونی زانیاری کە ئەمەش ڕق و هەڵەتێگەیشتن دروستدەکات."
وەک خوێنەرێک، دەربارەی گەشتی دوزینەوەی ڕەگەزخوازی خۆت بۆمان بدوێ. کامانە گەورەترین بەرەنگاری بوون بۆ تۆ لەو کاتانەدا؟ وە لە هەمووی گرنگتر، کێ یارمەتی دایت لە قۆناغەی ژیانتدا؟ عیڕاق کویر حەز دەکات زیاتر دەبارەی چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانتان بزانێت.






0 Comments

پیاوەتی ژەهراوی لە کۆمەڵگای عێراقیماندا

12/22/2020

0 Comments

 
Picture
چ ئەوەی یارییەکت شكاندبێت یان لەلایەن منداڵانی تری گەڕەکەوە لێت درابێت، وەک کوڕێک بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەسێک پێی گوتوویت کە نەگریت.  نەک لەبەرئەوەی بەسەرهاتەکە شایەنی گریان نەبووبێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی کوڕان نابێت بگرین. نابێت لاواز دەربکەون ئەگەرنا کەس بە هەندیان وەرناگرێت. پیاوان و کوڕان هەمیشە پێیان دەوترێت کە هەستەکانیان بنێژن و بەتەنها مامەڵە لەگەڵ ئازاری جەستەیی وئازاری ناخدا بکەن.
 
شتەکان زۆر باشتر نابن لە کاتی گەورەبووندا، لە ڕاستیدا، ئەگەر زۆرە تووشی پەستانی زیاتر ببیت لە دەوروبەرەوە. "ئەگەر دەتەوێت بگریت، بڕۆ لە شوێنێکدا خۆت بشارەوە، هەرگیز مەگری لەبەردەم هاوژین، خێزان، یان هاوڕێکانتدا دەنا لەدوای ئەوەوە بەهەند وەرتناگرن." لەوانەیە لەساتێكی ژیانتدا ئەم ئامۆژگارییەت وەرگرتبێت.
 
پیاوەتی ژەهراوی پەستان دەخاتە سەر پیاوان و هەندێک لەم پیاوانە هەوڵ دەدەن ئەم پەستانە دەرببڕن لەڕێی توندوتژی و مامەڵەی ڕەقەوە دژی منداڵ یان خێزانەکانییانەوە.
 
توێژینەوەیەک کراوە لەلایەن سەرۆکی بەشی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی گرەیتەر گود، "داکەر کێلتنەر"،  و توێژینەوەکە دەری دەخات کە مرۆڤ توانای هەیە نەک تەنها شەش هەست هەست پێبکات، بەڵکو توانای هەستکردنی هەیە بە بیست و حەوت هەست. ئایا بە ڕای تۆ پیاوانی ئێـمە  توانای دەربڕینی چەندێک لەم هەستانەیان هەیە؟
 
هەستەکانی وەک ترس، ڕۆمانس، و خەمباری قورسترە لەسەر پیاوان دەری ببڕن بە بەراورد بە ژنان، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە دروستدەکات لەنێوان ژن و پیاواندا لەڕووی ئەوەی کە دەبێت چۆن بن.
 
وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، ئەگەر زۆرە هەست بە هەمان پەستان بکەیت لەلایەن کەسانی دەوروەرتەوە و ئەمەش توانای هەیە کە وردەوردە  باوەڕبەخۆبوونت کەم بکاتەوە و گرانتری بکات لەسەرت کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکانتدا بکەیت. هەست دەکەیت کە دەبێت بەگوێرەی کەسانی دەوروبەرت گۆڕانکاری لەخۆتدا بکەیت. بۆیە هەندێک لە پیاوان تەنیایی هەڵدەبژێرن. تەنهایی لەوانەیە ئارامترو سەلامەتترین شوێن بێت.
 
پیاوەتی ژەراوی هەمیشە هەستەکانی وەکو شەرمەزاری و تاوانباری دەداتە پاڵ ئەو پیاوانەی کە ناتوانن هەستەکانیان بەڕێوەبەرن. جگەلە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن لەوانەیە یەکێک بێت لەو شتانەی کە پیاوان بیری لێدەکەنەوە کاتێک لەوە دەگەن کە لە زۆربەی بارەکاندا، بەتەنیا دەمێننەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ هەستکردنیان بە کەمی و گرانی.
 
یوسف کە پیاوێکی عێراقی هاوڕەگەزخوازە، دەڵێت، "کۆمەلگای عێراقیمان پیوەتی پێناسە دەکات بەوەی پیاو دەبێت شێوە و ڕووکەشی چۆن بێت و چۆن ڕەفتار بکات. پیاوەتی پێناسەدەکرێت بە سمێڵ، ماسولکە، مووی لەش، توڕەیی و هەستکردن بە پاراستن. کۆمەڵگاکەمان دەڵێت کە پیاوی ڕاستەقینە دەبێت توند و ڕەق بێت و دەبێت زۆر بە ڕوونی ئەوە دەربخات لەڕێگەی جووڵە و ڕەفتار و بیرکردنەوەیەوە."
 
"من ئەگەر خۆم پێناسەی پیاوەتی بکەم، لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگادا هاوڕا نابم. بە تێڕوانینی م، پیاوەتی ئەوە بە شێوازێكی زانایانە بیربکەیتەوە و ڕەفتار بکەیت، جا ئەوە توند بێت یان نەرم. بریتیە لە کردەوەکانی پیاو بۆ سوودی گشتی کۆمەڵگاکەی بەبێ گوێدانە شێوەی و ڕووکەشی. ئەوە گرنگە کە کردەوەکانی سوود بە کۆمەڵگاکەی بگەیەنێت."
 
یوسف دەشلێت کە کۆمەڵگاکەمان چەند سنوورێکی بۆ پیاوان داناوە بەوە کە پێیان دەڵێت مایەی شەرمەزارییە فرمێسکێک بڕێژیت و کە پیاو نابێت لایەنە لاوازەکانی بۆ هیچ کەس دەربخات چونکە کە ئەوە نیشانەی پیاوەتی نییە. "پیاو نابێت هەستەکانی بۆ هاوژینەکەی دەرببڕێت لە شوێنی گشتیدا چونکە ئەوە شتێک نییە کە پیاو بیکات! نابێت ڕێگەی پێبدات کە شتێک لەبەربکات شوێنێکی جەستەی دەربخات چونکە لە مێشکی ئەودا خێزانەکەی بووکەڵەیەکە و دەست گرتن بەسەر جلوبەرگیدا شێوازێکی دەربڕینی پیاوەتییەتی."
 
"ئەگەر بمانەوێت دەربارەی زیانی پیاوەتی ژەهراوی قسە بکەین بۆ پیاوان بە تایبەتی، ئەوا یەک وشە دەتوانێت وەسفی ئەوە بکات کە بریتیە لە وشەی "مردن". هاوڕەگەزخواز لەلایەن کۆمەڵگا و ئاینیشەوە قەدەغەکراوە. تەنانەت پیاوانی ڕەگەزگۆڕێش لە دیدی عیراقییەوە وەک پیاوی تەواو نابینرێن، بەڵکو وەک پیاوانێک کە هیچ پیاوەتییان تێدا نییە."
 
"وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، کەسایەتییەکی بەهێزم بۆ خۆم دروستکردووە کە ڕێگەم پێدەدات کە خۆم بەدووربگرم لەو پیاوانەی کە بیر لە ئازاردانم یان گێچەل پێکردنم دەکەنەوە یاخود بیانوەستێنم. من بەو ڕێگەیە سەلامەتی خۆم دەپارێزم لە شوێنە گشتییەکاندا."
 
"سەبارەت بە ماڵەوە، من هەست دەکەم بەوەی ماڵەوە پێشوازیم لێدەکەن و بۆ من ماڵەوە شوێنی ئارامیمە چونکە دەزانم جیهانی دەرەوە چەند گرانە بۆ من و کەسانی وەک من."
 
"بۆ من پیاوەتی بە واتای ئەوەدێت کە کەسانی تر بتوانن پشتت پێببەستن، ئەوەی کە چاودێری کەسانی تر بکەیت، جێگای متمانە بیت و کەسێک بیت کە هێز ببەخشت بە کەسانی تر کاتێک لە بارودۆخی دژواردا بن، وە هەستت هەبێت. من هاوڕا نیم لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگای عێراقیمان بۆ پیاوەتی. بۆمن ئەو پێناسەیە هیچ واتایەکی نییە. بۆ ئەوان، پیاوەتی واتا توندوتیژی، زاڵی، شێوە و ڕووکەشی پیس و ناڕێکخراو"، جەیک پێمان دەڵێت.
 
جەیک پیاوێکی هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی خۆی بۆ گێڕاینەوە کە چۆن پیاوەتی ژەهراوی کاری کردووەتە سەر ژیانی. دەڵێت کە پەستانی بەردەوامی خێزانەکەی لەسەری کە کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ بەسەربەرێت بووەتە خوێک بۆی. هەرچەندە ئێستا بەتەنها دەژی، هێشتا ناتوانێت واز لەو خووە بهێنێت و زۆربەی کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ دەباتە سەر یان لەگەڵ هاوڕێکانی.
 
"بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە چەوتەی پیاوەتی لایەنی نەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە بووەتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و توندوتیژی خێزانی. پیاوانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەبێت مامەڵە لەگەڵ پێوەر و ستانداردەکانی کۆمەڵگا بۆ پیاوەتی بکەن و ئەمەش پێویستی دەکات لەسەریان کە بەشێوازێک بژین دژی سرووشتی ڕاستەقینەی خۆیان و ویستی خۆیان بێت. ئەم ستانداردانە هۆمۆفۆبیای خودی دروستدەکەن (واتا کە هاوڕەگەزخوازان ڕقیان لە شووناسی خۆیان بێت یان لێی بترسن) و دەبێتە هۆئ جیاکاری بەرامبەر بەو کوڕانەی کە "نەرم"ن یان "کچانە"ن، کە هەندێک جار لەوانەیە جیاڕەگەزخوازیش بن بەڵام هەر هەراسان دەکرێن و گێچەڵیان لەگەڵدا دەکرێت."
 
"هەرگیز نەمتوانیوە بە ئازادانە هەستەکانی خۆم دەرببڕم نە لە دەوروبەری خێزانەکەم و نە لە دەوروبەری هاوڕێکان یان تەنانەت کەسانی نەناسراو. کە منداڵ بووم، بە ترسناکترین شیوە کە بتوانیت بیری لێبکەیتەوە تێهەڵدانم خواردووە. هەر کاتێک گریابام یان باوکم منی بینیبا لەکاتی گریاندا، تەنانەت لەکاتی نووستنیشدا، تێگەڵدانم دەخوارد. ئەم ئەزموونە ناشرینە هەسێکی نەرێنی لە ناخمدا دروستکرد و ئێستا تەنها لە کاتێکدا بەتەنیابم دەتوانم بگریم یان هەستەکانم دەرببرم."
 
"وەک کەسێکی باڵغ، ئەم سنوورانە بە چەندین شێوە منیان گرتووەتەوە و هەلەکانی بەردەمی منیان سنووردار کردووە. بۆنموونە ناتوانم ئاوازی ڕاستەقینەی دەنگی خۆم بەکاربهێنم یاخود بەو شێوازەی دەیخوازم بڕۆم، قسەبکەم، و نان بخۆم یان بەو شێوازەی دەمەوێت دەستەکانم بجوڵێنم. ناتوانم ئازادانە تێڕوانینی خۆم دەرببڕم دەربارەی زۆرینەی بابەتەکان و هەرکاتێک ئەوە بکەم دەبێت ئاگام لە شێوازی دەربڕینی خۆم بێت."
 
جەیک باوەڕی وایە کە ڕاگەیاندن، کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر کاردەکەنە سەر کۆمەڵها. بۆیە پێویستە ئەمانە بەشێوازێک بەکاربهێنرێن کە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت. ئەو دەڵێت ئەگەر پێناسەی پیاوەتی وردەوردە بگۆڕدرێت لە پیاوی ڕەفی پیسی ڕیشنی توندوتیژەوە بۆ پیاوی نەرمونیانی مامناوەند کە جێگای متمانەبێت و جلوبەرگی ئازادبێت، چەندین شتی باش ڕوودەدەن."
 
"هەروەها بەکارهێنانی نموونەی پیاوانێک کە بەشێوازێکی ژەهراوی پیاوانە نین لە سەرچاوە ئاینییەکاندا، وەک یوسفی کوری یەعقوب یان یەسوعی مەسیح، ئەمە لەوانەیە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت."
 
جا تۆ وەک خوێنەرێک، بەڕای تۆ چۆن دەکرێت پێناسەی پیاوەی لە گۆمەڵگادا گۆڕانکاری لەسەر بکرێت؟ پێویستە ڕێکخراوەکان و حکومەت جەخت لەسەر چ شتێک بکەنەوە تا چەند هەنگاوێك لە کۆمەڵگایەکی نەرمونیان نزیک ببینەوە؟
 
وە لە کۆتاییدا، ئایا تۆ وەک هاوڵاتییەکی عێراقی، دەتوانیت چی ببەخشیت بەو کەسانەی کە بەدەست پیاوەتی ژەهراوییەوە دەناڵێنن تا باشتر ببن؟


0 Comments

١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری: چالاکوانێک بناسە: ئایە ئەلقەیسی

12/5/2020

0 Comments

 
Picture
بۆ دەیان ساڵ و بەهۆی تابووی کەلتوررییەوە کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگای عیڕاقیدا گرتووە، ڕۆڵی ژنان و کچانی عیڕاقی لە کۆمەڵگادا ئێجگار سنووردار بووە. بە بەراورد بە پیاوان و کوڕان، کچانی عیڕاق هەلی یەکسانیان پێنەبەخشراوە تا هانینان بدات سەربەخۆبن و پاڵپشتی خێزانەکانییان بکەن.

دوای شەری سالێ ٢٠٠٣، گۆڕانکاریی زۆر لە وڵاتەکەدا هاتنە کایەوە کە دەرگای بۆ ژنان کردەوە بەشداری لە دەستی کاردا بکەن. یارمەتی ژنان پێویست بوو چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان یان لە شەڕی ٢٠٠٣دا یان دواتر لە ٢٠١٤دا کوژران کاتێک داعش سەری هەڵدا و دەستی بەسەر چەند شارێکی عیراقیدا گرت.

ژنان بو کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵیش خۆیان گونجاندووە، بەڵام هێشتا یەکسان نین لەگەڵ پیاواندا لە ڕووی ماف و یاداشتی کارکردنەوە. کۆمەڵگا چەند بوارێکی دیاریکردووە بۆ ژنان کە کاری تێدابکەن، لەوانەش مامۆستایی و پەرستاری کە ئەمەش بۆشاییەکی دروستکرد و پیاوان پڕیانکردەوە.
تا ئەمڕۆش، نەبوونی ژنان لە چەند بوارێکدا دەبینین، وەک سیاسەت، بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیا.

لە جیهاندا ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەری تووشبوونیان بە جیاکاری زیاترە و لە عیڕاقیشدا بەهەمان شێوەیە. بەهۆی بوونی سنوور و کۆتی کۆمەڵایەتی کە ژنان و كچانی عیڕاقی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوانەی خاون پێداویستی تایبەتن بەربەستی زیاتر لە بەردەمیاندایە.
لەبەر ئەوەش کۆمەڵگای عیڕاقی پێویستی بە چالاکوانی كچ و ژنە کە پێگەی ژنان بەهێزبکەن تا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بکەن بەشێوەک کە بەهێزتریان بکات.

ئایە ئەلقەیسی، کە میدیاکار و چالاکوانێکی عیڕاقییە، میوانی ڕێزداری ئەمڕۆمانە تا باسی خولیا و ئازایەتی خۆی بکات کە هانی دا دوای خەونەکانی بکەوێت. لەگەڵ ئەوەی ئایە لە تەمەنێکی کەمی ژیانیدا جەنگی لەگەڵ نەخۆشی شیرپەنجەدا کرد، ئایە گەورەبوو وە بوو بە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگای عیڕاقی کە هانی ژنانی تر دەدات سەرکردایەتی ژیانی خۆیان بکەن و و گۆڕانکاری ئەرێنی بەدیبهێنن.
 
دەتوانیت کورتەیەکمان بدەیتێ دەربارەی خۆت و کارەکەت؟
من ئایە ئەلقەیسیم و بنەچەم شاری بەغدادە. لە زانکۆی بەغداد ئەدەبی ئینگلیزیم خوێندووە. ئێستا وەک پێشکەشکار کار دەکەم لە کەناڵی تەلەفزیۆنی UTV، کە کەناڵێکی ناوداری عیڕاقییە.
 
چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ شێرپەنجەی مۆخی ئێسک. چ وانەیەک فێربوویت لەو ئەزموونە بەئازارەوە؟
چیرۆکی من لەگەڵ شێرپەنجەدا لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی پێکرد. تەمەنم تەنها شەش ساڵ بوو کە دەرکەوت نەخۆشی شێرپەنجەی مۆخی ئێسکم هەیە لە قاچی ڕاستمدا ئەوەش بووە هۆی بڕینەوەی قاچم و وەرگرتنی چارەسەری تیشکیی شێرپەنجە.  باشترین شێواز بۆ وەسفکردنی ئەزموونەکە، ئەوەیە کە بڵێم ئەزموونێکی "بێ تاوان و پاک" بوو، چونکە من منداڵ بووم کە ئەمە ڕوویدا. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە قۆناغێکی پڕ لە دوودڵی و نادڵنیایی بوو.
 
چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن. چۆن خولیای ئەو کارە بوویت و چۆن دەستت بە کارکردن کرد لەم بوارەدا؟
هەرچەندە ئەزموونی من تەنها دوو ساڵە، خولیای من بۆ ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی خوێندنی ئامادەیی. ماوەی ساڵێک گەڕام و زانیاری و کارامەیی خۆمم پەرەپێدا لە بوارەکەدا. دواتر هەلم بۆ ڕەخسا کار بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بکەم لەسەر ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
 
لەماوەی ساڵانی کارکردنت لە ڕاگەیاندندا، هیچ جیاکارییەکەت بەرامبەر کراوە بەهۆی ژنبوونتەوە یان بەهۆی قاچە دەستکردەکەتەوە؟
لە ڕاستیدا تووشی چەند بەربەستێک بووم بەهۆی چەند هۆکارێکەوە. یەکەمیان بریتیبوو لە تەمەنی کەمم، چونکە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا هاتمە ڕاگەیاندنەوە. دووەم هۆکار ئەوە بوو کە من کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم کە لەم بوارەدا کار دەکات لەسەر شاشەی عیڕاقی. هەوڵدانم و کارکردنی زۆر و بەسۆزم و کۆڵنەدانم یارمەتییان دام بە ئامانجەکانم بگەم و تەنانەت زیاتریش هەوڵبدەم و کار بکەم.
 
جگەلە پەسەندکردنی کۆمەڵگا، کاردانەوەی خێزانەکەت چۆن بوو بەرامبەر بە کارەکەت؟
کاردانەوەی خێزانەکەم توند بوو کاتێک دەستم کرد بە کارکردن، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم پێچەوانەی جارانە.
 
بەگوێرەی ئەزموونی تۆ، هاتنە ناوەوەی ژنانی عێڕاقی بۆ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێت گاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگا؟
بەشداربوونی ژنان لە هەموو بوارەکاندا و چوونە ناو هێزی کارەوە گۆڕانکارییەکی گەورە بەدیدێنێت چونکە ژنان بە تایبەتی خاوەنی بیروڕا و هزر و دیدی خۆیانن دەربارەی هەندێک بابەت. بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی بەتایبەتی پێویستی دەکات کەسەریان ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزبێت و کەسانی دیار و بێوێنەبن تا ببنە پێشکەشکاری سەرکەوتوو.
 
پەیامی تۆ بۆ چالاکوانانی ئازای عیڕاقیی وەک خۆت چییە؟
پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە کۆڵنەدەن و هەمیشە بەرەنگاری بکەن لەگەڵ خۆیان و کۆمەڵگا و تەنانەت خێزانەکانییان تا بگەنە سەرکەوتن، چونکە لەوانەیە هەر ژنێک ببێتە هۆکاری ئەوەی ژنێکی تر بەرەو باشتر بگۆڕێت.

0 Comments

١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری: چالاکوانێک بناسە

11/26/2020

0 Comments

 
Picture
١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری هەڵمەتێکی ساڵانەی جیهاننیە کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم تا ١٠ی کانوونی یەکەم دەخایەنێت. لەم هەڵمەتە جیهانییەدا، چالاکی جیاواز بەڕێوەدەچێت لە جیهاندا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێوان خەڵکیدا لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی جێندەری.

وەک ڕێکخراوێک کە پاڵپشتی لە یەکسانی دەکات، عیڕاق کویر لەگەڵ هەموو فێمینیستاندا ڕادەوەستێت کە ڕۆژانە دەجەنگن بۆ شکاندنی بازنەی بێدەنگی. ئامانجەکەش بریتیە لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە زیان، بەهەموو شێوە و جۆرەکانییەوە جا چ جەستەیی، دەروونی، سێکسی بێت، نابێت بە هیچ جۆرێک بە هیچ کەسێک بگەینرێت، بەبێ گوێدانە شووناسی جێندەری و ئاڕاستەی سێکسی کەسەکە. هەرچەندە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری لە هەموو جیهان یادی دەکرێتەوە، کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) لە گفتوگۆکە دەرکراون. توندوتیژی جێندەر تەنها توندوتیژی دژی ژنانی جیاڕەگەزخواز نییە، بەڵکو هەر توندوتیژییەکە کە لەسەر بنەمای شووناسی جێندەری یان ئاڕاستەی سێکسی بێت.
گرنگیی ئەم هەڵمەتە ساڵانەیە خۆی دەبینێتەوە لە پاڵپشتیمان بۆ کۆمەڵگاکەمان  بۆ شکاندنی نەریتە کۆمەڵایەتییە بەزیانەکان و کۆتیان دەکات و ڕەفتاریان دەبەستێتەوە.
بۆ هەڵمەتی ئەم ساڵ، عیڕاق کویر تیشک دەخاتە سەر ئەو کار ژیانڕزگارکەرەی کە هەندێک لە فێمینیستانی عیڕاق پێی هەڵدەستن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری. بۆ ئەم چاوپێکەوتنەمان، عیڕاق کویر دەنگی شۆخان حەمەڕەشید هاوبەشی پێدەکات، کە چالاکوانێکی کوردی عیڕاقییە و کار بۆ رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان دەکات. خاتو شۆخان ئەزموونی خۆی و ڕێنماییمان لەگەڵ هاوبەشی پێدەکات:

دەتوانیت کورتەیەکمان لەسەر خۆت بدەیتێ؟
شوخان حمه رشيد احمد، پارێزە‌ری ڕاوێژكار و ماوە‌ی ١٥ سالە‌ كاری پارێزە‌ری دە‌كە‌م راھێنە‌ر لە‌ بواری جە‌ندە‌ری و ئە‌دڤۆكە‌سی  داكۆكیكار لە‌ مافە‌كانی ژنان .

ماوەی چەنێکە کار لەسەر توندوتیژی جێندەری دەکەیت؟

ماوە‌ی ١٥ سالە‌ و خاوە‌نی چە‌ندین بروانامە‌ی نێەودە‌ولە‌تی و اقلیمی  لە‌ بواری راھێنان و بە‌رێوبردنی كە‌یس و یاسا نێودە‌ولە‌تیە‌كان .

چی هانی دایت ببیتە چالاکوان؟
نە‌بوونی یە‌كسانی ودادپە‌روە‌ری و پێشێلكردنی مافی ژنان و نە‌بونی ھۆشیاری لە‌ناو كۆمە‌ڵگا

یارمەتی کێ دەدەیت؟ تەنها ژیان یاخود ئەو کەسانەش کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ن؟
یارمە‌تی ژنانی كۆمە‌لگا و چینە‌ پە‌راوێزخراوە‌كان و خاوە‌ن پێداویستی تایبە‌ت .

بەڕای تۆ بارودۆخەکە بەرەو باشتر یان خراپتر دەچێت؟ هیوات هەیە؟
بە‌داخە‌وە‌ ڕۆژبە‌ڕۆژ بارودۆخ خراپتر دە‌بێت و بە‌لام ئە‌مە‌ بێھیوامان ناكات و بە‌ردە‌وام دە‌بین تا بتوانین گۆرانكاری دروست بكە‌ین.

ئایا بەهۆی کارەکەتەوە تووشی هەڕەشە یاخود مەترسی بوویت؟ ئەگەر بەڵێ دەتوانیت بۆمان باس بکەیت؟
بە‌ڵێ بێگومان ڕۆژانە‌ روبە‌رووی ھە‌رە‌شە‌ دە‌بینە‌وە‌ چ رووبە‌روو یان لە‌ رێی نامە‌و تە‌لە‌فون -زۆرجار لە‌بە‌ردە‌م دادوە‌ر ھە‌رە‌شە‌م لێكراوە‌ كە‌ بۆچی ھاوكاری ژنە‌كە‌ی دە‌كە‌ین وە‌ ھە‌رە‌شە‌ی كوشتنمان لێكراوە‌.

پەیامی تۆ بۆ چالاکوانانی عیڕاق چییە؟
پە‌یامی من بە‌ردە‌وام لە‌ كاری داكۆكیكردن  لە‌ ھە‌موو چینە‌ پپە‌راوێزخراوە‌كانی كۆمە‌لگا بلاوكردنە‌وە‌ی ھۆشیاری و پاراستنی ژنان . وە‌ ھیچ رێگریە‌ك نە‌یان وە‌ستێنێت چونكە‌ كۆمە‌لێكی زۆر پێویستی بە‌ ھاوكاری ئێمە‌یە‌.

رەند
عیڕاق کویر
0 Comments

ڕۆژی جیهانیی یادهێنانەوەی ڕەگەزگۆڕان

11/20/2020

0 Comments

 
Picture
ڕۆژی جیهانیی ڕەگەزکۆڕان کە ساڵانە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمدا یادی دەکرێتەوە، هەلێکە بۆ یادهێنانەوەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ کە لەلایەن کەسانی دژ بە ڕەگەزگۆڕانەوە کوژراون. ڕۆژی جیهانیی ڕەگەزگۆڕان یەکەمین جار ساڵی ١٩٩٩ یادی کرایەوە لەلایەن گوێندۆلین ئان سمیث بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕیتا هێستەر کە لە ساڵی ١٩٩٨دا کوژرا. لەوکاتەوە کەسانی ڕەگەزگۆڕ یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە لە جیهاندا بۆ یادکردنەوەی گشت قوربانییان. عیڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هیچ جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ناکات. ڕاپۆرتێکی ئامادەکراو لەلایەن عیڕاق کویرەوە زانیاری تێدایە دەربارەی ئەو مەترسییانەی تووشی کۆمەڵگای ترانسی عیڕاقی دەبنەوە. عیڕاق یەکێکە لەو لە وڵاتانەی کە چارەسەری هۆرمۆنی یاخود نەشتەرگەری ڕاستکردنەوەی ڕەگەز تیایدە بە یاسایی نەکراوە، کە ئەمەش ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە ئەو چارەسەرییانە وەردەگرن. ئەگەر کەسێک بڕیار بدات لە دەرەوەی عیڕاق نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدات، ئەوا تووشی کێشە دەبێت لە بەدەستهێانی بەڵگەنامەی یاسایی کە ڕەنگدانەوەی شووناسی جێندەرییان بێت. لەم بڵۆگەدا باسی چیرۆکی خەمناکی ژنێکی ڕەگەزگۆڕی عیراقی دەکەین کە ناوی ورودە.


"
من چیرۆکەکەم گەلێک خەمناکە چونکە بەدرێژایی ساڵان ئەشکەنجە دراوم و خراپ بەکارهێنراوم. لەسەر جادە دەنووستم لە پارکەکاندا کاتێک شوێنم نەبوو لێی بمێنمەوە، خواردنم لە تەنەکەی زبڵ دەردەهێنایەوە تا لە ژیاندا بمێنمەوە، لەلایەن خزمانمەوە لەڕووی جەستەیی و سێکسییەوە خراپ مامەڵەم لەگەڵدا کراوە، پێویستی دەکرد سێکس لەگەڵ هەندێک کەسدا بکەم تا کەمێک خواردن یان پارەم دەستبکەوێت. هەندێک جار دەموت نەخێر و زۆر جار دەبوو بڵێـم بەڵی تا خۆم لە ژیاندا بهێڵمەوە و شوێنێکم هەبێت لێی بنووم. هەرچەندە من لە وڵاتی خۆمدام، بەڵام هەمیشە لە کەسانی دەوروبەرم دەترسم چونکە ئەوان من و کەسانی وەک بە تاوانبار و نامۆ دەبینن کە شایەنی ژیان نین. خەڵکی مافی ئەوە دەدەن بە خۆیان کە ئازاری ئێمە بدەن بەدڵی خۆیان. دەیانەوێت سەرمان ببڕن، بمانسوتێنن، ئەشکەنجەمان بدەن تا دەمرین. من لە هەردوولاوە دایک و باوکمم لەدەستداوە وە دوو خوشکەکەشم کە هانی چەند کەسێکی تێرەکەمانیاندا بمکوژن وازیان لێهێناوم. بەگوێرەی نەریتەکانی عەشیرەتەکەم، کوشتنی من بە کوشتنی شەرەف لە قەڵەم دەدرێت کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئەوان ئازادی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی هەر ڕێگەیەک بمکوژن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن. لە تەمەنی ١٠ ساڵیمەوە، دایک و باوکم هەمیشە بەشێوازی جیاواز ئەشکەنجەیان دەدام. بیرم دێت دایکم قوڕگی دەگرتم و  کەوچکی گەرم یان چەقۆی دەخستە سەر پێستم تا بمسوتێنێت. ئەگەر باوکم لە ژیاندا بمایە، دەمێک بوو مردبووم چونکە باوەڕی وا دەبوو کە من مایەی شەرمەزاری خۆی و هەموو خێزانەکەم تەنها لەبەر ئەوەی من خۆمم. هەرچەندە چەندین جار ئەشکەنجە دراوم و دەستدرێژی سێکسیم کراوەتە سەر لەلایەنی کەسانی جیاوازەوە، هێشتا من خۆم وەک خۆم قبوڵدەکەم و باوەڕم وایە شووناسی من نەخۆشی دەروونی نییە.


وەک کەسێکی ڕەگەزگۆڕ، نەدۆزینەوەی کار یەکێکە لە چەندین ئاستەنگەکانی بەردەمم. من کارم نەکردووەو و زۆر گرانە بۆ من هاوڕێیەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خەڵک دروستبکەم. هەندێک لەو کەسانەی دەیانناسم لەقۆناغێکدا وازملێدەهێنن لەکاتێکدا کەسانی تر جوێن و قسە و وشەی ناشرین بەرامبەرم دەڵێن کاتێک دەزانن من ڕەگەزگۆڕم. ئێستاش بیرمە کە مامەڵەی پورم لەگەڵم چەند خراپ بوو کاتێک لەگەڵ ئەو دەژیام. ئەو بە زۆر ناچاری دەکردم چێشت لێبنێم و ماڵەکەی پاک بکەمەوە و هەرچیەک ئەو دەیویست بکیەم دەنا ئەو ڕۆژە نانی نەدەدامێ. لەکۆتاییدا وەک کۆیلەیەک مامەڵەم لەگەڵدا دەکرا، وە پێی وتم ئەگەر گورچیلەم نەفرۆشـم بە دکتۆرێک کە لەگەڵیدا ڕێکەوتبوو، ئەوا لە ماڵ دەرم دەکات. لە سەرەتادا وتم نەخێر، بەڵام ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە دووبارە بێ ماڵ دەبوومەوە. بۆیە سەردانی دکتۆرەکەم کرد کە پورم پێی وتم و کاغەزێکی دامێ کە چەند پارچەیەکی جەستەم بفرۆشم، هەر یەکەی بە ١٢ ملیۆن دیناری عیڕاقی. نەمتوانی کاغەزەکە واژۆ بکەم چونکە گەر بمکردایە دەمردم. بۆیە گەڕامەوە ماڵی پورم و پەیوەندیم بە هەموو ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤەوە کرد کە کار بۆ مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن تا داوای یارمەتی بکەم. خۆشبەختانە کەسێک کە ئێستا من بە فریشتەی ڕزگارکەری خۆمی دەزانم یارمەتی دام. هەرچەندە ئێستا لە ماڵێكی ئارامم، بەڵام ناتوانم لە عیڕاق هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەم، وە هەست دەکەم کەسێکی بەندکراوم کە دەیەوێت ڕابکات. دەمەوێت بڕۆمە جێگەیەک کە بتوانم خۆم بم و ئەوە بڵێم کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە ناخمدا هەڵمگرتووە. بەلاشمەوە گرنگ نییە تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ ماوەی یەک ساڵ لێرە بڕۆم و دوای ئەوە بمرم چونکە دەمەوێت پشوویەک لەم ئازارە وەربگرم.

سەرەڕای ئەو هەموو ڕق و حوکمە خراپەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ تووشی دەبن، ماوەڕم وایە کە پێویستە توانای ئەوەیان هەبێت کە بڕیار بدەن خۆیان بن. هەر کەسێک بەرپرسیارە بەرامبەر بە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری خۆی و نابێت دەسەڵات بدات بە کەسێکی تر تا بڕیاری بۆ بدات چونکە لەکۆتاییدا خۆمان بەرپرسیارین بەرامبەر بە خۆمان. لەم ڕۆژە تایبەتەدا، حەز دەکەم پەیامی خۆم بگەیەنم بە هەموو کەسانی ڕەگەزگۆڕ لە عێراق و بە هەموو کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. داوایان لێدەکەم باوەڕ بە خودا بکەن و گەردوون هێزی ئەوەیان دەداتێ بەردەوام بن ژیاندا بە ڕۆحی جوان و پاکیانەوە. ڕۆژێك دێت کە لە ئاشتیدا دەژین و ئەو ژیانەیان دەبێت کە خەونی پێوە دەبینن، دوور لە کوشتار و توندوتیژی. خەمبار مەبە، چونکە بەختەوەری دەدۆزیتەوە، کۆمەڵێک ڕێکخراوی زۆر هەیە کە دەیانەوێت هاوکاری تۆ بکەن. خۆتت خۆش بوێت، یەکتریتان خۆش بوێتم وە هەوڵ بدە کە یەکتری بپارێزن و بەیەکەوە بەردەوامبن. خۆت مەکوژە و خۆت ئازار مەدە، دزی مەکەو کەس ئازار مەدە. تو ئەو کەسە خراپە نیت کە خەڵکی وا دەزانن و هیوای بەختەوەری و ئارامیم هەیە بۆت. ئێوە، کەسانی ڕەگەزگۆڕ، ئەو کەسانەن لە خاوەنی پاکترین دڵن، بۆیە بە بەهێزی بمێننەوە و ڕۆژێک دوژمنانت دەبینیت دەکەون لەکاتێکدا خۆت بەختەوەری و ئارامیت دۆزیوەتەوە.
"

رەند
عیڕاق کویر




0 Comments
<<Previous

    Author

    Write something about yourself. No need to be fancy, just an overview.

    Archives

    March 2021
    February 2021
    January 2021
    December 2020
    November 2020
    October 2020
    September 2020
    October 2018

    Categories

    All

    RSS Feed

Picture
  • بڵۆگ
  • پڕۆژەکانمان
  • دەربارەی ئێمە
  • سه‌ره‌كی
  • English
  • عربي