"شێواو" وشەیەکە کە لەوانەیە لەلایەن هەندێک عێراقییەوە بەکاربهێنرێت بۆ وەسفکردنی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت. بیستنی ئەم وشەیە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر، ئەی چۆن دەبێت ئەگەر کەسە خاوەن پێداویستی تایبەتەکە سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بێت کاتێت لە وڵاتێکی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی وەک عێراق دەژی؟ ئازارەکە دەکرێت زۆر زیاتر بێت.
کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەوانەن کە ئاستەنگێکی جەستەیی یاخود هزریان هەیە. هەندێک جار ئەوان بەم ئاستەنگەوە لەدایکبوون لەکاتێکدا هەندێک جاری تر ئاستەنگەکە بەهۆی ڕووداوێکی کتوپڕ، پێکان یاخود نەخۆشییەکەوەیە. عێراقییانی خاوە پێداویستی تایبەت بەدەگمەن لە ژینگەیەکی تەندروستدا دەژین کە بە ڕاستی ئارام بن و قبوڵکرابێتن، چونکە زۆربەیان کەسانێک دەوریان داون، لەوانەش کەسانی پێگەیشتوو، کە خۆیانیان لێ دووردەخەنەوە یان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە عێراق دەژین دەناڵێنن بەدەست حکومەتێکەوە کە خزمەتگوزاری تەندروستیی پێویستیان پێشکەش ناکات تا بتوانن لە بارودۆخێکی باشدا بژین. بەپێی وتارێک کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە ماڵپەڕی ناس بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی عێراقییانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەگاتە %١٣، کە دەکاتە زیاد لە پێنج ملیۆن کەس. لەنێوان ئەم ملیۆنانەدا، حەسەن چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لەسەر هاوڕەگەزخوازبوون و خاوەن پێداویستی تایبەت بوون. حەسەن کوڕە عێراقییەکی تەمەن ١٩ساڵە لە بابلەوە کە لەگەڵ خێزانە حەوت کەسییەکەیا دەژی، کە حەسەن وەسفیان دەکات بە توند لەڕووی ئاینی و عەشایەرییەوە، وەک هەموو خێزانەکانی تر کە لە گوند دەژین. بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکی حەسەن، دەبێت چەند ساڵێک بگەڕێینەوە دواوە، بەتایبەت بۆ کاتی منداڵیی. هەرچەندە حەسەن تەندروستیی باش بوو وە هیچ نەخۆشییەکی نەبوو لەکاتی لەدایکبوونیدا، نەخۆشییەکی دەگمەنی تێدا دیاریکرا کە بریتیبوو لە شێرپەنجەی تۆڕی چاو کاتێک تەمەنی دوو ساڵان بوو. نەخۆشیەکە بووە هۆی دەرهێنانی چاوی چەپی لەگەڵ لابردنی چەند ماسولکەیەک و ئێسکی دەمووچاوی. بۆیە لەکۆتاییدا حەسەن بە یەک چاوەوە مایەوە لەگەڵ ڕووخسارێک کە ئێجگار جیاوازبوو لە ڕووخساری منداڵانی دیکە. ژیان بە یەک چاوەوە بووە هۆی مامەڵەی خراپ و گێچەڵ پێکردن لەلایەن منداڵانی گەڕەک و خوێندنگاوە. حەسەن دەڵێت، "من ڕۆژانە دەمناڵاند، بۆیە چەندین جار بیرم لە وازهێنان لە خوێندنگە و مانەوە لە ماڵەوە کردەوە بۆ دەربازبوون لە ئازارەکە، بەڵام بەشێوازێک لە شێوازەکان توانیم بەردەوام بم سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەتەواوەتی ئەوەم کرد. سەرەڕای قورسییەکانی ساڵانی خوێندنم، من ڕزگارمبوو وە بەردەوام بووم، خوێندنم تەواوکرد، وە لە کۆلێجی دەرمانسازی وەرگیرام. ئەو نەخۆشیییەی بە دەستییەوە دەمناڵاند و شێوەی ڕووخسارم دوای نەشتەرگەرییەکان تەنها جیاوازی نەبوون کە بەراوردم دەکردن بە کەسانی دەوروبەرم. لە ساڵانی هەرزەکاریمدا، بەتایبەت لە تەمەنی چواردە ساڵیدا، تێبینیم کرد چەندێک هەستم بە شادمانی و خۆشی دەکرد کاتێک وەک ژن جلوبەرگم لەبەردەکرد و ڕەفتارم دەکرد. جگەلەوەش، هەرگیز مەیلم نەبوو بۆ ڕەگەزی بەرامبەر. لە سەرەتادا وامدەزانی کە هۆکاری ئەم هەستانە دەگەڕێتەوە بۆ تاسان و زەبری دەروونی و ئەو مامەڵە خراپەی تووشی بووبووم لە ژیانمدا. هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە، بۆیە بڕیارمدا لەسەر ئینتەرنێت بگەڕێم و لەکۆتاییدا ئاڕاستەی سێکسخوازی خۆمم بۆ ئاشکرابوو. لەسەر هاوڕەگەزخوازی، ڕەگەزتێپەڕی و هەموو پۆلێنەکانی ترم خوێندەوە کە پێشتر دەربارەیانم نەدەزانی. بە فێربوون دەربارەی ئاڕاستەی سێکسخوازیم و ئەوەی کە کەسانی تریش ئەم مەیلانەیان هەیە، هەستم کرد کە کە تەنها یاخود جودا نیم. درکاندی ئەم هەموو شتانە هەستی ئەوەیان دامێ کە من سەر بە کۆمەڵەیەکم و ڕێگەی پێدام کە شتەکان لەگۆشەیەکی ترەوە ببینم. ساڵانی هەرزەکاریم زۆر گران و پەشۆکاو بوون چونکە هەوڵم دەدا کە لەخۆم بگەم و خۆم بونیادبنێم و خۆم دروست بکەم لەلایەکەوە لەکاتێکدا لەلایەن خێزانەکەمەوە پیشێل دەکرام تا ببم بەوەی ئەوان دەیانویست لەلایەکی ترەوە. باوکم، لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەم، ڕقیان لە لایەنە کچانەکەی من بوو، بۆیە زۆترین هەوڵی خۆیاندا تا بمگۆڕن لەڕێگەی مامەڵەی خراپەوە. ئەوان دەست و قاچی منیان دەبەستەوە، لێیان دەدام، پاشان لە ژوورێکدا بەندیان دەکردم لە ماڵەکەدا بۆ چەندین ڕۆژ و بگرە هەندێک جار بۆ چەندین هەفتە. سەرەڕای پێویستیم بۆ گەڕان بۆ یارمەتی لەو کاتەدا، هەڵمبژارد هیچ نەکەم لەو بارەیەوە چونکە زۆر دەترسام. هیچ کام لەو توندوتیژییانە بەهۆی ئاڕاستەی سێکسیمەوە ڕوویان نەدا، بەڵکو بەهۆی شێوازی قژمەوە بوو کە ئەو کاتە هەمبوو، بەهۆی کرێمێکی ڕوخسارەوە بوو کە بۆ چارەسەرکردنی زیبکە بەکارمدەهێنا، یان بەهۆی کڕینی هەندێک شامپۆی قژەوە بوو کە دەمویست بەکاریانبهێنم. کردنی هەریەکێک لەم شتانە بەس بۆ خێزانەکەم تا ئازارم بدەن. کاتێک تەمەنم بوو بە حەڤدە ساڵ، قۆناعێکی تری ژیانم دەستی پێکرد کە یەکەمین ئامێری مۆبایلم هەبوو کە بەکارمهێنا بۆ دروستکردنی هاوڕێیەتی لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. هەندێکیان لە پشتم وەستان و بوون بە هاوڕێی باش، لەکاتێکدا هەندێکی تریان گێچەڵیان پێکردم و منیان قبوڵنەکرد. ڕۆژێکیان، باوکم بەناو مۆبایلەکەمدا گەڕا و گومانی لە ئاڕاستەی سێکسخوازیم کرد، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە توندوتیژییەکە بەرەو خراپتر ڕۆیشت. کاتێک شتەکان بەرەو تەنانەت خراپتر ڕۆیشتن، گەیشتم بەو تێگەیشتنەی کە من ناتوانم هەرگیز بیانگۆڕم، بۆیە دەبوو هەرچی لە توانامدا هەیە بیکەم بۆ هێشتنەوەی خۆم لە ژیاندا و لە سەلامەتیدا. دەتوانم بڵێم شتەکان بەرەو باشتر ڕۆیشتن تەنها کاتێک چووم بۆ زانکۆ. من چیتر کاتێکی زۆر لە دەوروبەری خێزانەکەمدا بەسەرنابەم، بۆیە ڕووبەڕووی کێشەو توندوتیژی کەمتر دەبمەوە. ژیان هەروەها لە زانکۆ باشترە بەبەراورد بە کاتی خوێندنگە. هێشتا تانەی زۆر دەبیستم لەسەر شێوە کچانەکەم، بەڵام چیتر گێچەڵ و گاڵتەوگەپ نابیستم دەربارەی چاوم و ئەمەش شتێکی باشە بۆ من." عیڕاق کویر دەیەوت زیاتر بزانێت دەربارەی عێراقییانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بۆ هاوبەشیپێکرنی چیرۆکەکانیان لەگەڵ کەسانی ناو کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەو کەسانی دەرەوەی کۆمەڵگاکەش، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی گرنگیی قبوڵکردنی جیاوازییەکان بەهەموو شێوەکانییەوە.
0 Comments
خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کۆمەڵێک خزمەتگوزاری لەخۆدەگرن کە ئامانج لێیان مامەڵەکردنە لەگەڵ هەر شتێک لە ئاستەنگێکی دەروونی کاتی یان ڕۆژانەوە تا نەخوشییە دەروونییە درێژخایەنەکانەوە. هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بریتین لە گرووپی پاڵپشتی، دەرمان، چارەسەری دەروونی و ئامرازی تریش. ئەم جۆرە جیاوازانە لە خزمەتگوزاری لەلایەن پسپۆڕی جیاوە پێشکەش دەکرێن و هەندێک لەو پسپۆڕییانە بریتین لە کارمەندانی کاری کۆمەڵایەتی، دەروونناسان و پزیشکانی دەروونی. لە کاتێکدا چارەسازانی دەروونی ڕاهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی، زۆربەیان پێشینە یاخود مۆڵەتی نووسینی دەرمانیان نییە. بە هەمان شێوە، لەکاتێکدا پزیشکانی دەروونی کارامەیی نووسینی دەرمانییان هەیە، زۆربەیان ڕانەهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی.
چارەسەری دەروونی کە پێشی دەوترێت ڕاوێژی دەروونی، پرۆسەی کارکردنە لەگەڵ پسپۆڕێکی خاوەن مۆڵەت، بە ڕووبەڕوو یان ئۆنلاین، بۆ ناسینەوە و شیکارنردنی ئەو کێشە دەروونی و ڕەفتاری و هەستییانەی کە کەسێک هەیەتی. چارەسەری دەروونی ئارامگەیەک دەبەخشێت بۆ باسکردنی هەستە گرانەکان، تەندروستی دەروونی، وە ئەزموونە بە ئازارەکانی وەک شەڕ، جیابوونەوە، تاسانی منداڵی، مامەڵەی خراپ و دەستدرێژی، کۆچی دوایی کەسێکی نزیک، وە چەندین ئەزموونی تری گران کە کەسێک بە تەنها ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە یاخود لێیان چاک ببێتەوە. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بۆ هەموانن، وە ئامرازێکی زۆر باشن کە خەڵکی لە هەموو قۆناغێکی ژیانیاندا دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ دۆزینەوەی ئاشتی، بۆ کارکردن بەشێوەیەکی باشتر، وە بۆ چاک بوونەوە و تێپەڕاندنی ئەو باوەڕ و بیرۆکانەی کە دەبنە هۆی ئازار و ترس. بە درێژایی چەندین نەوە، عێراقییان بە چەندین ڕووداوی سامناکدا تێپەڕیون لەوانەش شەڕ، هەژاری، ناجێگیری دارایی، هەڕەشەی میلیشیا و تاوانی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. هەندێک لەم ڕووداوانە لەوانەیە کۆتاییان هاتبێت، بەڵام کاریگەرییەکانیان و بیرەوەرییەکانیان لە هزری خەڵکیدا ماونەتەوە. هەموو ئەم یادەوەرییە نەرێنییانە دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی کەسەکان توندوتیژ، خەمۆک ببن و بیری خۆکوژییان هەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە خزمەتگوزاری تەندروستیی دەروونی زۆر گرنگە، چونکە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ خەڵکی کە باسی ئەزموونە نەرێنییەکانیان بکەن و یارمەتییان دەدات تێبگەن لەوەی بۆچی بەشێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن یاخود بۆ هەستێکی دیاریکراویان هەیە. خزمەتگوزارییەکانی وەک چارەسەری دەروونی هەموو کات خۆش یان ئاسان نین. لەکاتی دانیشتنەکانتدا، لەوانەیە هەست بە تووڕەیی یاخود خەمناکی بکەیت. ئەم هەستانە دێنەوە کاتێک قسە لەگەڵ چارەسازەکەت دەکەیت دەربارەی ئەو ئەزموونە ئازاربەخشانەی کە لەوانەیە بۆ چەندین ساڵ شاردبێتنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بتوانیت جیاوازی بکەیت لەنێوان پسپۆڕێکی باش و پسپۆڕێکی خراپدا. پسپۆڕی باش وات لێناکات هەست بە تاوان یان بە ئەنقەست هەست بە خەمناکی بکەیت، بەڵکو ئەو ڕێبەریت دەکات کە بە وردەکارییە ئازاربەخشەکانی ئەزموونێکی دیاریکراودا تێپەڕیت و ڕێنماییت دەداتێ بۆ زاڵ بوون بەسەریدا و چاکبوونەوە لێی. پسپۆڕێکی ژەهراوی لۆمەت دەکات بۆ هەستەکانت و هەوڵ دەدات بتگۆڕێت. لەیادت بێت کە هەموو پسپۆڕەکان لەوانەیە کارامە نەبن، هەندێکیان دەکرێت مۆڵەتیان هەبێت و بەناوبانگ بن و ئەزموونی چەندین ساڵیان هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانن لە نەخۆشەکانییان تێبگەن و یارمەتییان بدەن. هەندێک لە پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی لەوانەیە ببنە هۆی ئازاری زیاتر بۆت کاتێک حوکمت بەسەردا دەکەن یاخود بە شێوازێکی نا ئەخلاقی مامەڵەت لەگەڵ دەکەن. ئەزموونێکی لەو جۆرەش لەگەڵ کەسێک کە تۆ بە پاڵپشتیکاری دادەنێیت لەوانەیە دیدێکی نەرێنیت بداتێ دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بەشێوەیەکی گشتی. کاتێک پسپۆڕانی دەروونی ناکارامە دەبن، ئەوا باوەڕە کەسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و حوکم بەسەر نەخۆشەکانیاندا دەکەن. بۆیە ئەگەر باوەڕی پسپۆڕەکان دژ بە هاوڕەگەزخوازی بن، ئەوا بێگومان لۆمەی نەخۆشەکە دەکەن لەسەر ئاڕاستەی سێکسییان، وا لە نەخۆشەکە دەکەن هەست بە تاوان بکات، یان هەوڵی گۆڕینی نەخۆشەکە دەدەن. ئامۆژگاری ئێمە ئەوەیە کە کاتی تەواو بدەیت بە دۆزینەوەی پزیشکی دەروونی یان چارەسازی دەروونی و بە وریاییەوە زانیاری کەسیی تایبەت بەخۆت و ئاڕاستەی سێکسیت هاوبەشی پێبکەیت لەگەڵیان لە چەند دانیشتنی یەکەمدا. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی لەوانەیە زۆر گران بن و لەگەڵ ئەوەشدا عێراقییان دەناڵێنن بەدەستی پسۆڕی ناکارامەوە کە پارەی زۆریش وەردەگرن. ئێمە ناڵێین کە هەموو پسپۆڕە عێراقییەکان ناکارامەن، بەڵام ڕێژەیەک لە عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی هێشتا دەناڵێنن بەدەست گەڕان بەدوای پزیشک یان چارەسازی دەروونیدا کە بیروباوەڕی ئاینی و دیدی کۆمەڵایەتی خۆیان جیا بکەنەوە لە ئەرکییان بۆ بێلایەن بوون و یارمەتیدانی نەخۆشەکانیان. لە ساڵی ٢٠٢٠دا، عیڕاق کویر ڕاپرسییەکی کرد کە زیاد لە ٢٤٠ عێراقی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی لەخۆدەگرت لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە. بەشێک لە ڕاپرسییەکە دەربارەی تەندروستی دەروونی بوو، بۆ زانینی ئەوەی چەند لە عێراقییان هەوڵی گەیشتنیان داوە بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی وە ئەزموونەکانییان چۆن بوون. هەندێک لەوانەی سەردانی پسۆڕە دەروونییەکانیان کردبوو وتیان کە ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە پسۆڕەکانی شارەکانی خۆیان ببینن، بۆیە بۆ نموونە کەسێک لە نەجەف بەلایەوە پەسەندتر بووە کە بچێتە لای پسپۆڕێک لە بەغداد. سەردانی کردنی پسۆڕ لەلایەن پەلکەزێڕینەییە عێراقییەکانەوە لە شارەکانی خۆیاندا لەوانەیە ببێتە مایەی مەترسی و گرفت. نوور کە ژنە هاوڕەگەزخوازێکی عێراقییە یەکێکە بوو لە ٢٤٠ بەشداربووەکەی ڕاپرسییەکەمان. ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە قۆناغێکی ژیانمدا، بە پێویستم زانی کە سەردانی پزیشکێکی دەروونی بکەم لەگەڵ کچەهاوڕێکەمدا، بۆیە یەکێکمان هەڵبژارد کە بەناوبانگ بوو. ئێمە وامان دانا کە ئەو پڕۆفێشناڵ دەبێت و پاڵپشتیمان لێدەکات، بەڵام شتەکان بەو جۆرە نەڕۆشتن. لەکاتی دانیشتنەکەمان لەگەڵیدا، داوای لێکردم کە لەبەرچاویدا ماچی کچەهاوڕێکەم بکەم و کۆمەڵێک نیشانەی دامێ کە دەیەوێت سێکسم لەگەڵدا بکات." "تەنها ڕازیبووم بۆ سەردان کردنی پزیشکێکی دەروونی عێراقی چونکە وامدەزانی ئەو پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکات. پزیشکەکە پاڵپشتکار نەبوو وە وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد باش نەبوو. چووم بۆ کلینیکەکەی و کاتێکی قسەمان دەکرد، ئەو تاکێکی کردەوە و هەندێک دەرمانی دەرهێنا و پێی وتم بەکارییان بهێنم. کاتێک چوومە ماڵەوە، لە گووگڵ گەڕام بەدوای پێکهاتەکان و بەکارهێنانیاندا. بۆم دەرکەوت کە ئەو دەرمانانە پێشتر بەکارهاتوون بۆ هاوڕەگەزخوازان تا ببن بە جیاڕەگەزخواز، یان وەک ئەوەی هەندێک کەس پێی دەڵێن "ئاسایی"" هاوڕەگەزخوازێکی عێراقی پێی وتین. کوڕێکی تر پێی وتین کە پزیشکە دەروونییەکەی داوای لێکردووە لە ماڵەوە سەردانی بکات و یەکێکی تر پێی وتراوە نوێژ بکات و قورئان بخوێنێتەوە تا لە هاوڕەگەزخوازی دەربازی ببێت و ببێت بە جیاڕەگەزخواز. وەک کەسێکی پەلکەزێڕینەیی عێراقی، هەرگیز ئەزموونی نەرێنیت هەبووە لەگەڵ پسپۆڕێکی دەروونی عێراقی؟ دەتوانیت دەربارەی ئەزموونی خۆت بنووسیت بۆ بۆمان بنێریت تا ئێمە باشتر لە بارودۆخەکە بگەین. بارودۆخی پەلکەزێڕینەییەکان لەناو عێراقدا هیچ شارێک لەناو عێراقدا بۆ هیچ هاوڵاتییەکی پەلکەزێڕێنەیی عێراقی سەلامەت نییە. ترسی مردن بەرۆکی هەموو پەلکەزێڕینەییەکی گرتووە لە وڵاتەکەدا. هەرچەندە هەندێک لە شارەکانی عێراق، لە نێوانیاندا بەغداد و شارەکانی هەرێمی کوردستان، وەک کراوەتر و سەلامەتتر دەبینرێن، مردن و گیران لە هەموو عراقدا بەشێوەیەکی باو ڕوو دەدەن تا بۆمان بسەلمێنن کە لەوانەیە شتەکان بۆ ماوەیەک ئارام بن، بەڵام لە چاوتروکانێکدا دەکرێت هەموو شتێک بەرەو زۆر خراپی بڕوات. گیرانی چەند کەسێکی پەلکەزێڕینەیی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە تۆمەتی پەلکەزێڕینەیی بوون لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تەنها یەک نموونەی ئەو بارودۆخە خراپەیە کە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لەهەرێم تێیدا دەژین. ژیان لە دەرەوەی هەرێمیش بۆ عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی ئاسانتر نییە، ئەوان بەردەوام داوای هاوکاری دەکەن لە عیڕاق کویر و ڕێکخراوی دیکە بۆ پاراستن و شێڵتەر، پاڵپشتیی دەروونی، پاڵپشتیی دارایی، وە ڕێنمایی بۆ هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دیکە. لە لیتوانیا چی دەگوزەرێت؟ "ئەو کامپی کۆچبەرانە لیتوانییەی کە "وەک بەندینخانە" وایە"، وتارێکە کە لەلایەن مەیڤا پولێوە نووسراوە کە بارودۆخەکە شی دەکاتەوە و باسی ئەو ڕۆژگارە تاڵە دەکات کە هەزاران کۆچبەر تیایدا دەژین بۆ ماوەی چەندین مانگە لە کامپەکاندا. وتارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە سەرەتای ٢٠٢١وە، نزیکەی ٤١٢٤ کۆچبەر لە وڵاتانی خۆیان هەڵهاتوون و بە نایاسایی چوونەتە ناو لیتوانیاوە و بەنزیکەیی نیوەی ئەم کۆچبەرانە لە عێراقەوە هاتوون. ئەوانەی لەم کامپانەدا دەژین ژەمەخۆراکی پێویستیان پێنادرێت و ناچار کراون لەناو ئەو کامپە پیسانەدا بمێننەوە و لەگەڵ ئەو هەموو پیسی و فشارەدا دابنیشن. "ئەوان فشار لە خەلكی دەکەن کە خۆویستانە بڕۆنەوە: کاتێک بریکارەکان دێنە سەنتەرەکەوە، بۆ ئەوە نایەن دەربارەی بارودۆخی مانەوە و ژیانمان بپرسن، بەڵکو دێن پرسیار بکەن، "بڕیارت دا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەت؟" دوای ئەم گەشتە درێژە... ئەمە مایەی بێئومێدییە." مارکی ٢٨ ساڵ دەڵێت. عەبباس، کە کۆچبەرێکی عێراقیی هاوڕەگەزخوازە، دەربارەی بارودۆخی خۆی دەدوێت و باسی ئەو ژیانە پەرشوبڵاوە دەکات کە لەکاتی گەیشتنی بۆ کامپەکەوە تیایدا دەژی. عەبباس دەڵێت، " وا زیاد لە پێنج مانگە لە لیتوانیام. کاتێک کەسانی تری ناو کامپەکە زانییان من هاوڕەگەزخوازم، وا سەیریان دەکردم کە من دێوێک بم. تووشی گێچەڵپێکردن و فشارێکی زۆر بووم تا ئەو کاتەی جێگای منیان گۆڕی لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، بۆ کامپێک کە گوایا بۆ کەسانی پەلکەزێڕینەیەو ٤٥ کەسی تێدابوو. کێشەکەم چارەسەر نەبوو چونکە من، لەگەڵ پەنابەرە پەلکەزێڕینییەکانی تری عێراقی، هێشتا دووچاری گێچەڵ و هۆمۆفۆبیا دەبینەوە لەناو کامپێکدا کە دەبوو تەنها کۆچبەرانی پەلکەزێڕێنەیی لەخۆبگرێت. دەرکەوت کە زۆرێک لەوانەی کامپەکەیان لەگەڵ هاوبەشی پێدەکەین لەڕاستیدا سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە نین! ئەم کەسانە داوای کۆچکردنیان کردووە وەک هاوڕەگەزخواز چونکە دەزانن وەرگرتنی داواکەیان بەو شێوەیە ئاسانتر دەبێت چونکە هاوڕەگەزخوازان وەک کەمایەتییەکی پەراوێزخراو دەبینرێن. کێشەی ئەم کەسانە تەنها ئەوە نییە کە درۆ دەکەن، بەڵکو لەڕاستیدا هۆمۆفیبکن (واتا ڕقییان لە هاوڕەگەزخوازانە)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت تا دەتوانم خۆمیان لێبەدووربگرم. جگەلە لەو پەشێوییە لەناو کامپەکەدا لەگەڵ کەسانی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، حکومەتی لیتوانی خۆراکی پێویستمان ناداتێ. لەکاتێکدا زۆرێک لە خەڵکی پارە وەردەگرن، ئێمە هیچمان نادرێتێ و نازانین بۆچی. داواکارییەکانمان، بەوەی منیشەوە، ڕەتکرانەوە و کاتێک پرسیارمان کرد هۆکاری ڕەتکردنەوەکە چییە، پێیان ووتین کە عێراق وڵاتێکی سەلامەت و ئارامە بۆ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، بۆیە هەموومان دەتوانین بگەڕێینەوە و لەوێ بە سەلامەتی بژین." ئامانجی ئەم بڵۆگە ئەم بڵۆگە پێشەکییەکی بچووکە بۆ ڕاپۆرتێک کە عیڕاق کویر کاری لەسەر دەکات. ئامانجی سەرەکی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە چیرۆکی عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی بگێڕێتەوە کە بۆ چەندین مانگە لەم کامپانەدا دەژین، وە بۆ باسکردنی بارودۆخی ئێستا و ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەبێتەوە لە عێراق، وە بۆ شیکردنەوەی ئەوە بۆ حکومەتی لیتوانی کە عێراق، تا ئەم ساتە، بۆ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە سەلامەت نییە. عیڕاق کویر، سەرەڕای هەموو کاری بۆ یارمەتیدانی ئەندامانی کۆماڵگای پەلکەزێڕینە، ناتوانێت ئەم بارودۆخە چاک بکاتەوە. "گەنجانی پەلکەزێڕینە بەنزیکەیی پێنج جار زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت بەبەراورد بە جیاڕەگەزخوازان"، ئەمە بەگوێرەی ترێڤەر پڕۆجێکت کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی ئەمەریکییە کار دەکات لەسەر ڕێگرتن لە خۆکوشتن لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەدا.
خۆکوشتن هۆکارێکی گەورەی مردنی کەنجانە. بەگوێرەی داتای ترێڤەر پڕۆجێکت، گەنجانی پەلکەزێڕینە کە لەخێزانی قبوڵنەکار و پەسەندنەکارەوە دێن ٨.٤ جار ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت. ئەو ڕقەی کە لە ئەندامی خێزانەوە دێت دیارە گرانترین شتە کە ڕووبەڕووی عێراقییانی کویر دەبێتەوە و بەبێ هیچ هاوکارییەک لە حکومەتەوە فشارەکە ئەوەندەی تر گران دەبێت. زۆرێك لە ئێمە هاوڕێ یان خێزانی پەلکەزێڕینەمان هەیە کە دەناڵێنن. گوێمان لێدەبێت چەندێک دەیانەوێت هەڵبێن بۆ وڵاتێکی تر کە تیایدا هەست بە ئارامی بکەن و بتوانن بە ئاشکرایی و کراوەیی بژین، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوژینی ڕۆحیان بکەن، منداڵ بەخێوبکەن، یاخود تەنها لە کوژران بەدووربن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ئێمە هاوڕێمان لەدەستداوە کە هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە هەستبکەن بینراون و گوێیان لێگیراوە. ئەو هاوڕێیانەمان ژیانی خۆیان کۆتایی پێهێنا وەک کاردانەوەیەک بۆ گێچەڵ و هەراسانکردن، هۆمۆفۆبیا، خراپ مامەڵەکردن، دەسترێژی و خەمۆکی. خۆکوشتن گاڵتە و گەپ نییە، وە ئەو کەسانەی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە شێت یاخود لاواز نین. کەسانی پەلکەزێڕینە لە زۆرترین مەترسی خۆکوشتندا دەبن کاتێک خێزان و هاوڕێکانییان بە ئاڕاستەی سێکسییان دەزانن. کاتێک خێزانێک دەزانن کچەکەیان یاخود کوڕەکەیان کویرە، هاوسەرگیری زۆرەملێ شتێکە کە خێزانەکە وەک چارەسەرێک دەیبینن لەکاتێکدا هەندێک خێزانی تر کوشتنی شەرەف هەڵدەبژێرن ئەگەر مێ بێت، یان وازلێهێنان و حاشالێکردن ئەگەر نێر بێت. یەکێک لە چەندین مردنی بەئازار مردنی کچێکی گەنجە کە ناوی تارا بوو. تارا قوربانی ڕق و هۆمۆفۆبیا بوو کە وای لێکرد کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت لە تەمەنی تەنها ٢٠ ساڵیدا. ئەمڕۆ، کەوسەر کە هاوڕێی نزیکی تارا بوو، باسی چیرۆکی تارامان بۆ دەکات و دەڵێت "تارا تەنها خوێنکارێکی کۆلێژ بوو کاتێک ژیانی هەڵگەڕایەوە. ئەو خوێنکاری ئەندازیاری بوو وە ئامانجی ئەوە بوو ببێت بە ئەندازیارێکی سەرکەوتوو. ئەگەر ئەو لەژیانا مابا، ئێستە تەمەنی ٢٤ ساڵ دەبوو. تارا ئاژەڵانی خۆشدەویست، بەتایبەتی باڵندە، وە ڕەنگە دڵخوازەکانی سەوز و مارۆنی بوون. ئەو حەزی لە گۆرانی وتن و کتێب خوێندنەوە بوو وە چەندین ئامانج و گۆڵی گەورەی هەبوو کە دەیویست بەدییان بهێنێت. تارا هاوڕەگەزخواز بوو وە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵ کیژێکدا و یەکترییان خۆشدەویست. دوو کیژەکە بڕیاریان دابوو کە عێراق بەجێبهێڵن و پلانی هەموو شتێکیان دانابوو. لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتبوون لەوانەش چۆنییەتی ڕۆیشتن لە عێراق، ئەو شوێنەی بۆی بچن، وە کەی بڕۆن. بەڵام بەداخەوە، شتەکان وا بەباشی نەڕۆشتن. تارا ئامۆزایەکی هەبوو کە چەند جارێک داوای کردبوو بۆ هاوسەرگیری بەڵام تارا ڕەتی دەکردەوە. ئامۆزاکە دەیزانی کەسێک هەیە لە ژیانی تارادا، بەڵام نەیدەزانی ئەو کەسە کچە. لە کاتێکدا تارا سەرقاڵی پلاندانان و ژیانی ڕۆژانەی بوو، ئامۆزاکەی بەباشی زانی کە مۆبایلەکەی تارا هاک بکات، هەموو نامەو پەیامەکانی بخوێنێتەوە، وە هەموو وێنەکانی خۆی و خۆشەویستەکەی ببینێت، پاشان هەموو شتەکان نیشانی خێزانی تارا بدات و داوای تارا بکاتەوە دووبارە. وای زانی کە ئەمە وای لێدەکات نەتوانێت ئەم جارە ڕەتی بکاتەوە. ئامۆزا شەڕەنگێزەکە ئەوەی دەستکەوت کە دەیویست. مۆبایلەکەی تارای هاک کرد، وە بەڵێ تارا لەگەڵ کەسێکدا بوو، بەڵام کەسەکە کوڕ نەبوو وەک ئەوەی ئامۆزاکە چاوەڕوانی دەکرد. ئەو بەبێ هیچ دوودڵییەک هەموو شتەکانی نیشانی دایک و باوکی تارا دا کە ئەوانیش لە تارایان دا و بیرییان لە کوشتنی کردەوە. بەڵام ئامۆزاکەی ویستی پلانەکەی خۆی سەربخات، بۆیە دووبارە داوای هاوسەرگیری لێکردەوە و خێزانەکەی دوودڵ نەبوون لەسەر ئەوەی بە زۆر تارا بە شوو بدەن ئەم جارەیان. پاش ماوەیەک لە مامەڵەی خراپ و دەمەقاڵێ، تارا بوو بە دەستگیرانی کوڕەکە. خێزانەکە دڵنیابوون لەوەی تارا ڕانەکات یان داوای یارمەتی لە کەسێک بکات. بۆیە ئەوان مۆبایلەکەیان لێسەند و لەماڵ بەندییان کرد. تارا نەیدەتوانی داوای یارمەتی لە کەس بکات و کچەهاوڕێکەشی نەیدەتوانی بۆیە ئەوەی تووانیان بیکەن تەنها چاوەڕوانی و هیوا خواستن بوو بۆ دەزینەوەی ڕێگەچارەیەک. وادیارە کە تارا بیرۆکەی تری هەبووە لە مێشکیدا جگەلە بیرکردنەوە لە جێهێشتنی ماڵ. وادیارە کە بیرۆکی مردن ئارامی پێبەخشیوە. چەند ڕۆژێک پێش ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی، تارا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. وەک هەر وا، تارا نەما! تەنانەت منیش بەوەم نەزانی هەتا خوشکەکەی پێی وتم. تەنها ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە تارا مردنی بەلاوە خۆشتربوو لەوەی پیاوێک دەستی لێبدات. بیرم دێت لە دوواین ڕۆژەکانیدا، کاتێک قسەمان دەکرد، تارا کۆمەڵێک شتی دەووت وەک ئەوەی چەندە منی خۆشدەوێت وە کە چەند شانازی بە ناسینی منەوە دەکات. ئەو پێی دەوتم کە هیچ شتێک دەربارەی من هەڵە یان چەوت نییە و داوای لێدەکردم بەهێزبم و نەهێڵم کۆمەڵگا بمڕوخێنێت. هەروەها باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو چەند هیلاک و ماندووە. بەداخەوە، لە کاتی تارادا هیچ ڕێکخراوێک لەناو وڵاتەکەدا نەبوو کە تارا خۆی یاخود کچە هاوڕێکەی داوای یارمەتییان لێبکات و هیچ کەسێکی تر نەبوو لایەنی ئەوان بگرێت. لەڕاستیدا هیوایەکی زۆر نەبوو بۆ ئەو دووانە، چونکە ئەگەر هەبووایە ئەو مردنی هەڵنەدەبژارد. من هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ئۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت بۆیە بیستنی هەواڵی مردنی تارا زۆر ئازاربەخش بوو. تا ئەم ڕۆژەش لەو هەواڵ و تاسەیە چاک نەبوومەتەوە. وە بێزارکەرترین شت ئەوەیە کە لەم هەموو ساڵەدا، چیرۆکی تارام بۆ کەس نەگێڕاوەتەوە چونکە منیش خێزانێکم نییە خۆشی بوێم ئەگەر بزانن من هاوڕەگەزخوازم. دەبوو چیرۆکی ئەو وەک نهێنییەک بهێڵمەوە چونکە ئەگەر بۆ خەڵکی باس کەم ئەوا دەڵێت کە ئەو شایەنی ئەوە کە بەسەری هاتووە یان کە تارا کەسێکی خراپ و کچێکی خراپ بووە. بۆیە دەبوو ئەو هەموو خەم و توڕەییە لەناخما هەڵبگرم و لەژیان بەردەوامبم وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت. تا ئەمڕۆش، نازام چۆن توانیم خۆم دەربێنم لەو قۆناغە تۆقێنەرە. تەنها ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بەڕاستی کاتێکی زۆر دژوار بوو بۆم. هیوای من ئەوەیە کە هیچ کەسێک بەوەدا تێنەپەڕێت کە تارا پێیدا تێپەڕی وە ئەوەمان لەیادبێت کە هەموومان رۆژێک دەمرین بۆیە با پەلەی لێنەکەین. ڕۆحی ئەو لە ئارامیدایە ئێستا و دڵنیام ئێستا لە شوێنێکی باشترە." وەک کەسێکی کویر کە لە وڵاتێکی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەژی، لەیادت بێت کە هەموو ڕوژێک تۆ بە جەنگێکدا تێدەپەڕیت وە لەبەر ئەوە تۆ پاڵەوان و براوەیت بە مانەوە لە ژیاندا. بزانە کە تۆ بەتەنیا ڕاناوەستیت و وە کە ژیانت دەکرێت بگۆڕێت و بەرەو باشتر بڕوات. ئەگەر کەسێکیت کە بە دەست بیرۆکەی خۆکوژییەوە دەناڵێنیت و پێویستت بە کەسێکە قسەی لەگەڵ بکەیت، پەیوەندی بکە بە ئیمەیڵی : hello@irarqueer.org ئێمە دەتنێرین بۆ پزیشکێکی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز کە بتوانێت پاڵپشتی دەروونیت بکات و گوێت لێبگرێت. هەمیشە بزانە کە تۆ لەمەدا تەنها نیت. پێناسەیەکی سادە بۆ چەمکی "ستێریۆتایپ"، کە بە کوردی واتاکەی لە "بیرۆکەی هەڵە" نزیکە، بریتیە لە هەر بیرۆکە یان باوەڕێکی هەڵە کە خەڵکی هەیانە دەربارەی شتێک یان کۆمەڵەیەکی خەڵکی. ڕۆڵی ستێریۆتایپ بە گشتی ئەوەیە کە خەڵکی بخاتە چەند پۆلێنێکەوە تا پێشبینیکردنی ئەوەی کەسێک چییە یاخود چی نییە ئاسانتربێت، لەم ڕێگەیەشەوە کۆنترۆڵکردنیان ئاسانتربێت. بە دەیان ستێریۆتایپمان هەیە لە جیهاندا کە دادپەروەر نین و ژەهراوین. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە نموونەیەکی ئەم بیرۆکە هەڵانەن کە جەخت دەخەنە سەر دەستگرتن بەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. ستێریۆتایپەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە کاردەکەنە سەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکەو ڕێگەیان لێدەگرێت خۆیان بن. بۆیە تا زووتر تێکیان بشکێنین باشترە.
پەستانی بەردەوام لەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە تا بە شێوازێکی دیاریکراو مامەڵە بکەن یان تۆنێکی دیاریکراو قسە بکەن یان بە شێوازێکی دیاری کراو جل لەبەر بکەن تا بە هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز یان ڕەگەزگۆڕ ناوبنرێن بەستانێکی زۆر دەخاتە سەریان. ئەو پەستانە وا لە زۆریان دەکات کە ڕقیان لەخۆیان بێت و پێویستییەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن بۆ ساڵانێک، تا دووربن لە ڕەخنە و مامەڵەی خراپ. نموونەی ئەم بیرکردنەوە هەڵانە لە هەموو جیهان هەیە، ئەمانەش هەندێکن لەوانەی باون: "تۆ پیاویت، چۆن بێت ماکیاژ دەکەیت؟ دەبێت هاوڕەگەزخواز بیت" ئەمەیان دەکرێت یەکێکی زۆر باو بێت کە هەمووان پێی دەزانن. باوەڕ وایە کە ماکیاژ ئامرازێكە کچان بەکاری دەهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوڕان، کە ئەمەش باوەڕێکی کۆنە و پێویست ناکات باسی بکەین. ماکیاژ ئامرازێکە بۆ ئەوەی خەڵکی گرنگی بەخۆیان بدەن و جوان دەربکەون. هەموو ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن هاوڕەگەزخواز نین و بە دڵنیاییەوە پیاوەتییان بە هیچ جۆرێک کەمتر نییە لەوانەی ماکیاژ ناپۆشن. ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن، جا ئاڕاستەی سێکسییان هەر چییەک بێت، ئازاترینن چونکە بڕیار دەدەن ئەوە بکەن کە دەیانەوێت بەسەر پەسەندکردنیان لەلایەن خەڵکییەوە. گرنگە ئەوەش باس بکەن کە تەنها پیاوان نین کە قوربانین لێرەدا چونکە ژنان و کچانیش پەروەردە دەکرێن لەسەر ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوانەی ماکیاژ دەپۆشن بەپێی پێویست باش نین تا لەگەڵیان بن و وە ئەوان هاوڕەگەزخوازن کە هێشتا خۆیان ڕانەگەیاندووە. گرنگە کە هۆشیاری بەرزبکەینەوە دەربارەی ئەم بابەتە تا کۆمەڵگا بگات بە ئاستێکی قبوڵکردن کە ڕێگە بە هەمووان بدات ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت لەگەڵیان بن بەبێ ئەوەی ئەم هەموو سنوورانە کاریان تێبکات. "ئەگەر هەمیشە تیشێرت و بلوزی فش لەبەر بکەیت، هیچ کوڕێک تۆی ناوێت" با ئەمە بە ڕاستی بڵێین، ژنان هەمیشە ڕەخنەیان لێدەگیرێت هەرچییەک بپۆشن. یان زۆر کورتە، یان زۆر درێژە، یان زۆر گەورەیە، یان زۆر بچووکە. ژنانی جووتڕەگەزخواز لەوانەیە لە هەمووان زیاتر ڕەخنەیان لێبگیرێت لەسەر ستایلیان چونکە کە جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە ژنانەی بزانێت، ئەوا ئەوان وەک جیاڕەگەزخواز دەبینرێن بەڵام دەڵێن ئەوان نمایشی جووتڕەگەزخوازی دەکەن بۆ سەرنجی خەڵکی. ئەگەر کچانی جووتڕەگەزخواز جلێک لەبەر بکەن کە کۆمەڵگا بە پیاوانەی دادەنێت، ئەوا ئەوان بە هاوڕەگەزخواز دەبینرێن. "ڕەنگی قژت دەکەیت بە پەمەیی یان سەوز، بە هیچ جۆرێک ناکرێت تۆ جیاڕەگەزخواز بیت" لە عێراق، ڕەش، زەرد، و قاوەیی بە ڕەنگی پرۆفیشناڵ و پەسەندکراو دادەنرێن بۆیە گۆڕینی ڕەنگی قژت بۆ هەر ڕەنگێکی تر لەوانەیە تووشی کێشەت بکات. لەوانەیە هەلی کارێک لەدەستبدەیت تەنها لەبەر ئەوەی قژت پەمەییە یاخود لەبەر ئەوەی کە خاوەن کارەکە وا دادەنێت ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر وەرگرتنی کارمەندی نوێ بەجۆرێک کە کار نەکاتە سەر ناوبانگی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی نەرێنی. وەرگرتنی کارمەندێک کە ڕەنگی قژی جیاواز بێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی ناوبانگی کۆمپانیاکەو لەدەستدانی کڕیارەکانی. جگە لە ئەگەری لەدەستدانی هەلی کار، بێگومان ڕەخنەت لێدەگیرێت و ڕۆژانە کەسایەتیت پرسیاری لەسەر دەکرێت لەلایەن هاوڕێ و کەسانی نەناسراو و ئەندامانی خێزانەکەتەوە. دەبێت ملیۆنێک جار بیر بکەیتەوە پێش گۆڕینی ڕەنگی قژت کە لەوانەیە لێی پەشیمان ببیتەوە بەهۆی ئەو کێشانەی لەوانەیە توشت ببن بەهۆیەوە. "تۆ بە پیاوی تەواو دانانرێیت هەتا ژنێک سکپڕ نەکەیت" گومانی تێدانییە کە کەسانی ڕەگەزگۆڕ ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی جیاکاری دەبنەوە و بەداخەوە، ڕێژەیەکی زۆریان ساڵانە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن بەهۆی ڕق و کینە و مامەڵەی خراپەوە. کۆمەڵکا پارێزگارەکان هاوڵاتییانیان پۆلێن دەکەن بۆ پیاو و ژن و لەسەر هەر یەکێکیان کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دادەنێن بۆ بەدیهێنانی هەندێک شتی دیاریکراو تا بە ئاسایی و شیاو لەقەڵەمبدرێن. پیاوانی ڕەگەزگۆڕ وەک پیاوی ڕاستەقینە نابینرێن چونکە ناتوانن ژنان سکپڕ بکەن و بەراوردەکرێن بە پیاوانی ناڕەگەزگۆڕ کە لێرەدا ئەوان خاوەنی ئیمتیازن. "پیاوانی ژنانە و و ژنانی پیاوانە هەموویان هاوڕەگەزخوازن" پیاوان دەبێت دەنگیان گڕ ببێت، جەستەیان گەورەبێت، و قژیان کورت بێت. زۆرینەی خەڵك پیاو بەم خەسڵەتانە دەناسنەوە و باوەڕیان وایە کە ئەو پیاوانەی ئەم خەسڵەتانەیان نییە هاوڕەگەزخوازن. پیاوانی هاوڕەگەزخواز، بەتایبەت ئەوانەی ڕەفتاریان مێینەیە، بە لاواز دەبینرێن و لەبەر ئەوە بەپێی پێویست باش نابینرێن تا بچنە ناو بواری سەربازی یاخود پۆلیس یان هەر کارێکی تر کە بە پیاوابە ببینرێت. بە هەمان شێوە، هەموو ژنان و کچانی پیاوانە/کوڕانە وا دادەنرێن کە وەک هاوڕەگەزخواز گەورەببن. زۆر خەڵک لە مێشکی خۆیاندا ئارەزووی سێکسی کچان و ژنانی پیاوانە و کوڕانە دادەنێن و بەمەش ئاڕاستەی سێکسیان. بۆ ئەوەی ڕوون بێت، زۆرێک لە ژنان حەزیان لە قژی کورتە، حەزیان لە یاری ئەلیکترۆنییە، وە چێژ دەبینن لە لێخوڕینی بارهەڵگر، بۆیە با فێربین ئەم شتانە ئاسایی بکەینەوە. ستێریۆتایپ یاخود بیرۆکە هەڵەکان دەربارەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە زۆرن، نادادپەروەرن و وە زۆربەی ئەو شتانەی خەڵک دەربارەی یەکتر بیری لێدەکەنەوە لە کۆتاییدا زۆر جار هەڵە دەردەچن. کەس ناتوانێت شووناسی جێندەری یاخود ئاڕاستەی سێکسی یەکێک بخەمڵێنێت بە سەیرکردنی نینۆک یاخود جلوبەرگ یاخود قژیان. خەڵکی، جا هەر چۆنێک حەز بکەن خۆیان پێناسە بکەن، دەبێت ئازادی ئەوەیان هەبێت کە ستایل و شێوەی خۆیان بگۆڕن بەو شێوەیەی کە خۆیان هەست بە ئارامی و شانازی بکەن کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەن. با هەموومان کار بکەین لەسەر پێچەوانەکردنەوەی ئەو خوو و نەریتە ژەهراوییانەی کە فێرکراوین و با جێگایەکی ئارام بدەین بە یەکتری بۆ بوون بەوەی خۆمان دەمانەوێت. عیڕاق کویر بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی دەکات کە لەم مانگەوە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە دەکات. بەڕێوبەرە تازەکە ئەزموونی چەندین ساڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵ و گروپی جیاواز. بۆرد و تیمی عیڕاق کویر بەپەرۆشن بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوبەرە نوێیەکە لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا. ئەمیر عاشور، دامەزرێنەری عیڕاق کویر و سەرۆکی بۆرد دەڵێت "وەک دامەزرێنەری عیڕاق کویر، داهاتووی ڕێکخراوەکە و داهاتووی بزوتنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە گرنگترین شتن بۆ من. شتێکی گەلێک سەرەکی بوو کە یەکێک هەڵبژێرین کە بەسۆز بێت بۆ کارەکە و خۆی بۆ تەرخان بکات. هەموومان لە بۆرد باوەڕمان وایە کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی هەڵبژێردراو کەسی ڕاستە بۆ سەرکردایەتی کردنمان. ئێمە هەموومان ئامادە و بەپەرۆشین بۆ فەراهەمکردنی سەرکەوتنی بەڕێوبەرەکە و لەڕێگەی ئەویشەوە سەرکەوتنی ڕێکخراوەکە و بزوتنەوەکە."
بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر ئەوەی هەڵبژاردووە کە لە ئێستادا ناسنامەی بە نەزانراوی بهێڵێتەوە چونکە ئەو هیوای وایە کە هەڵبستێت بە کاری مەیدانی زیاتر لەناو عێراقدا. لەگەڵ دەسبەکاربوون بە پلە نوێیەکەی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر هەندێک لە بیرەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای عیڕاق کویردا هاوبەشی پێدەکات. دەڵێت: "لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، بەشداری کاری چەندین ڕێکخراوم کردووە کە بۆ مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵە جیاوازەکان داکۆکیان کردووە. لە هەموو کارێکمدا، هەمیشە خۆم تەرخانکردووە بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان، جا چ ژنان، ئاوارە، ڕزگاربووانی داعش یاخود کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلگەزێڕینە بووبێتن لە عێراق. کارکردن لەگەڵ ئەم کۆمەڵانەدا هەلی ئەوەیان پێبەخشیم کە خۆم و جیهان بەشێوازێکی جیاواز ببینم. ئەمڕۆ، باوەڕم وایە کە من کەسێکی باشترم بەهۆیانەوە. بەئەندامبوون لە عیڕاق کویر بژاردەیەکی ئاسان بوو. من لە سەرەتای دەمەزراندی عیڕاق کویرەوە ئاگام لە کاری ڕێکخراوەکە بووە و شوێنی کەوتووم. ئەو کارەی عیڕاق کویر پێی هەستاوە بۆ کۆمەڵگای کویر لە عێراق ئەندێشەبەخش بووە بۆ من و هانی دام کە ببمە ئەندامێک لە تیمەکە. لەگەڵ هاوکارە نوێیەکانمدا، خۆمان تەرخانکردووە و بەپەرۆشین بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی تەنانەت زۆرتر لە عێراقییان. لەڕێگەی کارکردن لەگەڵیان، دەمانەوێت پەرە بە کاری داکۆکیکردنمان بدەین لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێوەدەوڵەتیش، وە دەنگی هەموویان بەرزبکەینەوە تا بیستراوبن. ئەمڕۆ، لەگەڵ بەشداریکردنم لەم تیمە بێوێنەیەدا، من زۆر بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵیان و هەروەها کارکردن لەگەڵ ئەندامانی بۆرد، فەندەرەکانمان (پارەبەخشان)، وە لایەنە هاوبەشەکانمان. دەخوازم سوپاسی هەمووان بکەم بۆ متمانە و پاڵپشتییان. دەزانم کە بەیەکەوە دەتوانین دهاتوویەکی باشتر بۆ ڕێکخراوەکە وە بۆ هەموو عێراقییانی کویر بونیاد بنێین عیڕاق کویر بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بۆردێکی نوێ بۆ ڕیکخراوەکە دیاری کراوە کە پێکهاتووە لە حەوت کەسی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. دەستبەکاربوونی ئەم بۆردە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ عیڕاق کویر و هەرەوەها بۆ بزوتنەوەی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق، بەپێی ئەوەی کە عیڕاق کویر یەکەمین ڕێکخراوی گشتیی ناسراوە کە بۆردێکی هەبێت تەنها لە کەسانی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە پێکهاتبێت. بۆردە نوێیەکە، کە دامەزرێنەری عیڕاق کویریش لەخۆدەگرێت، ئەندامەکانی بەش و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و شووناسی جیاوازی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەنوێنێت. ئەندامەکانی بۆردەکە جۆرەها ئەزموونی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەهێن کە ئەوان لە سێکتەری جیاوازدا کار دەکەن، لە نێوان ئەو سێکتەرانەشدا کاری ناحکومی و قازانجنەویست، کاری ڕێکخراوی مرۆیی، پەروەردە و ئابووری. زۆرینەی ئەندامانی بۆردەکە هەڵیانبژاردووە کە لە ئێستادا ناسنامەیان نەناسراو بێت لەبەر ئەو مەترسییە ئەمنییانەی دەبن ئەگەر ناسنامەیان گشتی بێت. بەڵام ئەم بژاردەیە کار ناکاتە سەر کارامەیی و توانایان بۆ خزمەتکردنی ڕێکخراوەکە و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی عێراقی. لە ڕاستیدا، هەموو ئەندامانی بۆردەکە سوورن لەسەر بەکارهێنانی پەیوەندییەکانییان و ئەو سەرچاوانەی بۆیان بەردەستە بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوەکە و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق. یەکێک لە ئەندامانی بۆرد دەڵێت "من بەشداریم لە عیڕاق کویردا کرد چونکە کۆمەڵەیەکم دۆزییەوە کە تیایدا بتوانم خۆم بم، پەیوەندی دروست بکەم، لە ئەزموونی کەسانی هاوشێوەوە فێرببم. دەمەوێت جیهان بزانێت کە ئێمە هەین و کە ئێمە هەمیشە دان بەخۆماندا دەگرین. دەمەوێت بەردەوامبم لە پاڵپشتیکردنی عیڕاق کویر تا ئەو کاتەی لە هەر شارێکی عێراقدا ئۆفیسێکمان دەبێت."
ئەندامێکی دیکەی بۆرد دەڵێت "بەشداریم کرد لەبەر ئەوەی باوەڕم وایە هەموو کەسێک شایەنی خۆشەویستی و ڕێزە وەک خۆی. هەموو کەسێک شایەنی ئەوەیە ئازاد بێت و بەبێ ترس بژی. ئێمە لە عیڕاق کویر باوەڕمان بە عێراقێکی ئارامترە بۆ هەموو عێراقییان بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسی وە/یان شووناس و دەربڕینی جێندەری." ئەو تیشک دەخاتە سەر کاریگەری کاری عیڕاق کویر و ئاواتەکانی بۆ داهاتوو؛ "هیوام وایە بتوانین جێگایەکی ئارامتر بۆ هاوڵاتییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دروستبکەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و داکۆکی کردن تا عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە وەک یەکسان لە قەڵەمدەدرێن، وە دەشزانم داهاتوو بۆ ئێمە باشتر دەبێت." بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، ئەندامانی بۆردەکە سوورن لەسەر کارکردن لەگەڵ بەڕێوبەری جێبەجێکاری نوێی عیڕاق کویر و ئەندامانی تری ستافی ڕێکخراوەکە، نەک تەنها بۆ پاڵپشتیکردنی عیڕاق کویر بۆ بەردەوام بوون لەو کارەی وا بۆ نزیکەی حەوت ساڵە دەیکەین، بەڵکو هەروەها بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی کارمان بۆ ئاستی بەرزتر و بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەک لە عێراق کە تیایدا مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە پارێزراو بێت. عەمرو ئەلقازی کە کەسێکی نادوانەیی ٣١ ساڵە و گلامرو وەک ناوی دراگی خۆی بەکاردەهێنێت چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە وەک دراگ کوینێک کە لە پێشینەیەکی عەرەبی و ئیسلامییەوە هاتووە. عەمرو لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەرنامەی لایڤی دراگ پێشکەشدەکات. ئەو باسی منداڵی خۆیمان بۆ دەکات و ئەو بەربەستانەی پێیدا تێپەڕیوە تا لە کۆتاییدا گەیشت بە خۆشبەختی و هەستکردن بە بەهێزی.
عەمرو دەڵێت، " لە تەمەنی منداڵیمدا لە نێوان بەحرەین و دوبەیدا دەژیام تا تەمەنی ١١ ساڵی. بەشی زۆری ئەزموونم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش بوو- جەختکردنەوەی کەلتوورەکەم لەسەر خێزانم زۆر بە دڵ بوو، وە ماڵیشمان دایمە پڕ بوو لە خزم و دەنگەدەنگ. خوانە خێزانییەکانمان هەمیشە گەورە بوون، وە ڕیزگرتن لە گەورەکانمان هەمیشە گرنگ بوو. من ئەو جەختە لەسەر گرنگیدان بە خێزان نابینم لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، بە تایبەتی لەگەڵ بەتەمەنەکان، کە ئەمە شتێك بوو هەستی ئارامی و گەرمی پێدەبەخشیم لەکاتی گەورەبوونمدا. کاتێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیام، چەند ئەزموونێکی نەرێنیم هەبوو- بەتایبەتی کاتێک وانەکانی ئیسلام ئاگاداریان دەکردمەوە دەربارە دەرەنجامە جەهەننەمییەکانی هاوڕەگەزخوازی، کە ئەمەش زۆر منی دەترساند دەربارەی خۆم؛ لە ئیسلامدا "ژماردنی گوناهەکان" زۆر هەیە، وە کاتێک بۆم دەرکەوت من جیاوازم، نەخۆشی دەروونی وەسواسم بۆ پەیدا بوو، چونکە زۆر نیگەران بووم و دەترسام لەو گوناهانەی کۆم دەکردنەوە. بۆیە بەڵێ، تەندرووستی دەروونیم داڕما زۆر بە خێرایی لەو کاتەدا. ژیانم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوەم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. هەر وەک دیارە، تەمەنم کەم بوو کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم، بەڵام ڕاستیت پێبڵێم، گفتۆگۆ دەربارەی ژیانی کەسانی کویر و دەرکەوتنییان زۆر کەم بوو، بەو ڕادەیەکی کە من لەڕووی زمان و لەڕووی هزرەوە تێگەیشتنم بۆ بابەتەکە نەبوو. وابزانم ئەوەش ئەوەندەی تر ترسەکەمی زیاد کرد، چونکە تەنانەت دڵنیا نەبووم لەوەی کە ئایا ئەزموونەکانی من پەسەندن یاخود ڕێیان پێدراوە بوونیان هەبێت و ئەوەش وای لێکردم هەست بە نەبینراوی بکەم. لە تەمەنی منداڵیمدا، ئەڵلا سەرچاوەی خۆشەویستی و پاڵپشتیی بێمەرج بوو؛ بەڕاستی من باوەڕم وابوو کە منی خۆش دەبێت هەرچۆنێک بێت، وە ئەمەش هەستێکی ئارامبەخش بوو. کاتێك دەستم کرد بە فێربوون دەربارەی دۆزەخ، وە دەرەنجامە تۆقێنەرەکانی گوناهەکاری، ئەڵڵا کەمتر ئارامبەخش بوو وە بوو بە تۆقێنەر. ئەڵلا بەشێوازێک لە شێوازەکان ڕۆڵی دیکتاتۆرێکی پیاوسالاری وەگرت لەجیاتی سەرچاوەی ئارامییەکی دایکانە. دەربارەی پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەکەم بەتایبەتی لەگەڵ دایکم، دەتوانم بڵێم دایکم یەکێکە لە پێکەنیناویترین ئەو کەسانەی ناسیومن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو توند و پارێزگارە، ئەو بۆ وێنەو فرمانی کۆمەڵایەتی دەژی و هەموو بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی وەک شەوێک لە مێت گاڵا دەبینێت. پێش ئەوەی ئاراستەی سێکسیم ببێتە کێشەیەک لە خێزانەکەدا، یارمەتی دایکمم دەدا بۆ خۆگۆڕین و جۆرە پەیوەندییەکی نهێنیمان هەبوو کە بەند بوو لەسەر کێبڕکێی ژنێتی. لە زۆر ڕووەوە، ئەو سەرەتای خۆشویستنی من بوو بۆ دراگ. بۆیە کەسایەتییە دراگەکەم، گلامرو، تا ڕادەیەکی زۆر ئاماژە و یادێکە بۆ ئەو ئەو دایکەی کە خۆشـمدەویست و بە نموونەم ڕاگرتبوو پێش ئەوەی شتەکان ئاڵۆزببن. ئەو کاردانەوەیەکی زۆر توندی هەبوو بەرامبەر بە ئاراستەی سێکسی و شووناسی جێندەریم لە کاتی هەرزەکاریمدا، کە برینی گەورەیان لە هەستمدا بەجێهێشت، هێشتا لە هەوڵی چاکردنەوەی ئەو برینانەدام. بەڵام من هیچ کینەیەکم هەڵنەگرتووە. ئەو قوربانیی بارودۆخ و دەوروبەری خۆی بووە، ئەو ئەوەی دەکرد کە بەتێگەیشتنی ئەو پێویست بوو بکرێت تا بمپارێزێت لە پەسەندنەکردنی کۆمەڵگا، هەرچەندە ئەو شتەشی چەند بە ناشرینی کردبا. دوای هەموو ئەوەی ثێیدا ڕۆیشتم، هەوڵی من بۆ چاکبوونەو ەو قبوڵکردنی خۆم لە ساڵە کۆتاییەکانی تەمەنی ٢٠ەکاننمدا دەستی پێکرد. لەم کاتەدا من ٦ ساڵ بوو دراگ کوین بووم، بەڵام دراگەکەم لەم کاتەدا تەنها ڕووکەشێک بوو- من بە جیهانم دەوت کە من باشم و بەتەواوەتی شانازی دەکەم بەخۆمەوە و بە شووناسە کویرەکەمەوە، لە کاتێکدا هێشتا گەلێک شورەیی و شەرم و برین و تاسانی منداڵی لە ناخمدا مابوو. تەنها لە تەمەنی ٢٧ ساڵیمدا بوو کاتێک دەستمکرد بە بەکارهێنانی دراگ وەک ڕیگایەک بۆ ئاشنابوون بە برین و لایەنە هەستیارەکان و تاسەکانم. لەسەر شانۆ توانیم هەموویان تاووتوێ بکەم و چاک ببمەوە لێیان. بە شێوازێک، دراگەکەم پێویستی کرد زۆر ڕاستگۆتر ببێت تا ئەمە ڕووبدات. وە بیرم دێت کاتێک لە یەکەمین لایڤی دراگمدا زۆر پەشۆکاو و شێواو بووم. نەمدەزانی خەریکی چیم و هۆڵێکم لە زانکۆ گرتبوو بۆ پێشکەشکردنی. ناشرین بووم و زۆر دەترسام. بەڵام ئەو ساتەی چوومە سەر شانۆ، باوەڕبەخۆبوونێكم لە خۆمدا بەدیکرد کە هەرگیز نەمدەزانی هەمە. ڕەخنەی زۆرم بۆ دێت و هەڕەشەم لێدەکرێت لەلایەن ئەو ڕەگەزپەرستانەوە کە ڕقیان لەوەیە من گاڵتە بە کەلتووری بەریتانی دەکەم لە بەرنامەکانمدا، کەسانی دژ بە ڕەگەزگۆڕان هەمیشە ڕقم بۆ دەنێرن، وە هەڕەشەم بۆ دێت لەلایەن موسوڵمانانەوە کە ڕقیان لەوەیە من گۆرانی بۆ ئەڵڵا دەڵیم لە کاتی لایڤەکانمدا. بەڵام لە هەمووی زیاتر، خۆشەویستیم بۆ دێت لەلایەن ئەو کەسانەوەی دێن پاڵپشتی لە من بکەن، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەستی پێوە دەگرم و جەختی دەخەمە سەر. خۆشەویستییەکە ڕق دەخنکێنێت. سەرەڕای ئەو هەموو ڕق و کینەیە، من بەردەوامم لەکردنی ئەوەی خۆشم دەوێت و کارکردن بۆ کتێبەکەم کە ناوی "یونیکۆرن"ە (واتا ئەسپی تاک شاخ). کتێبەکە یاداشتنامەیەکە کە دەچێتە باسی ئاشتکردنەوەی شووناسی کویر و موسوڵمان بوون لەگەڵ یەکتردا، وە بەتایبەتیش هەوڵی تێگەیشتن لە پەیوەندیم لەگەڵ دایکم. ئەم کتێبەم نووسی بۆ ئەوەی کە کەسانی تری کویری عەرەب شوێنێکیان هەبێت خۆیانی تێدا ببیننەوە و هەستەکانی خۆیان پرۆسە بکەن، هەرەوەها وەک ڕێگەیەک بۆ پرۆسەکردنی زام و تاسانەکانی خۆم و بەجێهێشتنیان. پەیامی من بۆ کەسانی کویری عێراقی کە ڕووبەڕووی ڕق و کینە دەبنەوە ئەوەیە کە لەبیریان بێت، خەڵکی هەرچۆنێک بیانەوێت باوەڕبکەن، تێبگەن لەوەی کە هەڵەی ئێوە نییە. ئەڵڵا تۆی خۆش دەویت وەک ئەوەی کە هەیت، وە خێزانەکەی کە خۆت هەڵیدەبژێریت بوونی هەیە لە دونیادا و چاوەڕێی تۆ دەکات." دەتوانیت گلامرو بدۆزیتەوە لەسەر ئینستاگرام و تویتەر تێبینی: ئەم وتارە لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە. لە هەردوو زمانەکەدا جێناوە کەسەییەکان بەپێی ڕەگەز دەگۆڕڕێن، بەڵام لە کوردیدا وا نییە، بۆیە لەوانەیە هەندێک بەشی وتارەکە بە زمانی کوردی واتا تەواوەکە نەبەخشن.
من یەکێکم لە چەندین کەسی نادوانەیی عێراقی کە هیوای لەدەستداوە تێبینی: ئەم وتارە لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە. لە هەردوو زمانەکەدا جێناوە کەسەییەکان بەپێی ڕەگەز دەگۆڕڕێن، بەڵام لە کوردیدا وا نییە، بۆیە لەوانەیە هەندێک بەشی وتارەکە بە زمانی کوردی واتا تەواوەکە نەبەخشن. نادوانەیی یاخود "نەنباینەری" چەمکێکە تێگەیشتن لێی ئاسانە، بەڵام زۆرێک لە کەسەکانی هیچ بیرۆکەیەکیان نییە دەربارەی. لە کاتی منداڵێدا، لەوانەیە پرسیارت لە دایکت یان باوکت کردبێت لە واتای چییە کە "پیاو" یان "ژن" بیت، وە بەلایەنی زۆرەوە وەڵامەکەیان ئەمە بووە، "کاتێک دایکێک منداڵێکی دەبێت، پزیشکەکە سەیری جەستەی منداڵە تازە لەدایکبووەکە دەکات و ڕەگەزی منداڵەکە دیاری دەکات. ئەگەر ڕەگەزەکە مێ بوو، ئێمە جێناوی مێینەی بۆ بەکاردەهێنین و ئەگەر ڕەگەزەکە نێر بوو، جێناوی نێرینەی بۆ بەکاردەهێنین. هەندێک منداڵ لەوانەیە گەورەببن و هەمان ئەو جێناوانە بەهاربهێنن کە لەکاتی لەدایک بووندا بۆیان دانراوە، وە هەندێکی تر لەوانەیە هەست بکەن جێباوەکانیان بگۆڕڕن و لێرەشەوە چەمکی "نادوانەیی" دێتە کایەوە. کەسانی نادوانەیی جێیان نابنەوە لە قاڵبە نەریتییەکانی "ژن" و "پیاو"، یاخود "نێر" و "مێ"، بۆیە ئەوان بڕیاردەدەن ئەو جێناوانە بەکاربهێنن کە لەگەڵ دۆخی ناوەکییاندا لەو کاتەدا دەگونجێت. هەر وەک هەموومان دەزانین، ژنان جێناوە کانی "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" بەکاردەهێنن لەکاتێکدا پیاوان " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی " بکاردەهێنن. بەڵام ئەی کەسانی نادوانەیی؟ لەکاتێکدا هەندێک کەسانی نادوانەیی بڕیاردەدەن جێناوی "ئەوان" بەکاربهێنن، هێشتا هەندێکیان هەن کە هەر "ئەو: هي بە عەرەبی، شی/هێر بە ئینگلیزی" وە " ئەو: هو بە عەرەبی، هی/هیم بە ئینگلیزی " بکاردەهێنن و هەندێكی تریان جێناوی تر بەکاردەهێنن. هەروەک چۆن کەسانی نادوانەیی دەتوانن ئەو جێناوانە هەڵبژێرن کە لەگەڵیان دەگونجێت، ئەوان دەشتوانن دەربڕین و دەرخستەی جێندەریان بە شێوازی خۆیان دەرببڕن لەڕێگەی ڕەفتار و جل و بەرگەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵیاندا بگونجێت و هەست بە ئارامی بکەن، وە کەسانی دەوروبەرییان دەبێت فێرببن کە بەڕێزبن لەگەڵیان و مامەڵەیان گونجاو بێت. لەکاتێکدا کە خەڵکی لە هەندێک وڵاتی تری جیهاندا زانیارییان هەیە دەربارەی کەسانی نادوانەیی، خەڵکی لە عێراق هێشتا هەر بوو جیناوە باوەکە بەکاردەهێنن کە بریرین لە "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" وە " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی ". لێرە لە عێراق، جێناوەکانی خەڵکی هەر زوو بڕیاری لەسەر دەدرێت لە کاتی لەدایکبووندا و هەمان جێناو بەکاردێت تا دەمرن. هیچ بیرکردنەوەیەک نییە دەربارەی کەسانی نادوانەیی و ئەمەش لەوانەیە وا لەم کەسانە بکات هەست بە نامۆیی بکەن. وەک عێراقییەک کە بیەوێت پاڵپشتی لە کەسانی نادوانەیی بکات، پرسیار لە هەموو کەسێک بکە کە تازە دەیانناسیت دەربارەی جێنەوەکانیان لەجیاتی ئەوەی خۆت بیخەمڵێنیت چونکە لە ڕاستیدا ناتوانیت بزانیت کە کەسێت لە ناخەوە چۆن هەستدەکات. لە سەرەتاوە، لەوانەیە مایەی سەرلێتێکچوون بێت کە دەربارەی جێناوی کەسەکان پرسیار بکەیت و فێر ببیت، لەوانەشە جار جار هەندێک جار هەڵە بکەیت، بەڵام ئەوەی گرنگە بریتیە لەوەی لە هەوڵدان بەردەوامبیت. زۆرێك لە کەسانی نادوانەیی عێراقی ئەزموونی خراپییان هەبووە کە پێویستە باسیان لێوەبکرێت و نوور یەکێکە لەوان. نوور کەسێکی نادوانەیی چواردە ساڵە کە جێناوەکانی "ئەو: هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی" بەکاردەهێنێت. نوور هەرگیز هەستی نەکردووە کە جێناوەکانی " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی"، کە لەگەڵ لەدایکبووندا بۆی دیاریکراوە، ئەو جێناوە بووە کە لەگەڵ شووناسی ئەودا دەگونجێت. ئەو دەڵێت " ئەو: هو بە عەرەبی؛ هی/هیم بە ئینگلیزی" لەلایەن هەمووانەوە بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن پێم، بەڵام هەرگیز بەلای منەوە ڕاست نەبووە. لەکۆتاییدا دەستم کرد بەبەکارهێنانی ئەو: "هي بە عەرەبی؛ شی/هێر بە ئینگلیزی"، کە بەلامی منەوە ڕاستتر بوو. ئەگەر یەکێک پرسیارم لێبکات کە نادوانەیی چییە، من دەڵێم جۆرێکە لە هەستکردن بەخۆت کە گوێ نادات بە پێوەر و ستانداردەکانی کۆمەڵگا بۆ ڕۆلە جێندەرییەکان کە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی دروستکراون. زۆر بە ئاسانی، نادوانەیی بوون بە واتای ئازادی دێت بۆ هەڵبژاردنی خۆت. من زۆر گرنگی دەدەم بە فاشن بۆیە ئەو جلوبەرگەی دەیپۆشم زیاتر لەژێر کاریگەری ئەمەدایە بە بەراورد بە شووناسی جێندەریم. گرنگ نییە بەلامەوە کە ئایا بابەتێکی جل و بەرگ یان فاشن پیاوانە یان ژنانە بێت. بەڵکو گرنگترین شت بەلامەوە ئەوەیە کە جوان دەربکەوم. حەزیشم لە مەیک ئەپە! بەڵام دەبێت زۆر وریا بم ئەگەر بیدەم لە دەمووچاوم. مەیک ئەپ تەنها کاتێت دەکەم کە درەنگ بێت لە ژوورەکەی خۆمدا کاتێک ماڵەوە خەوتوون و دەبێت بیسڕمەوە پێش خەوتن. کەمێک دەکەم کاتێک دەچم بۆ ئەو شوێنانەی کەسانی تری کویری لێیە، وەک ئاهەنگ و بۆنەی تر وا. تەنها یەک کات هەبوو کاتێک مەیک ئەپ بە دەمووچاومەوە بووبێت لە دەرەوە لە شوێنێکی گشتیدا، ئەمەش هەمان ڕۆژ بوو کە هەوڵی خۆکوشتنم دا. بەداخەوە، خێزانەکەم پاڵپشتیکارم نییە! هەمیشە دەمەقاڵێمانە و ئەم دەمەقاڵێیانە زۆرجار دەبن بە شتی زۆر خراپ. هەندێک جار، جلەکانم دەبینن، کە بەلای ئەوانەوە نەشیاوە لە کۆمەڵگای عێراقی ئێمەدا لەبەربکرێن، وە بەشێوەیەکی زۆر ناشرین و ڕەق کاردەدەنەوە. ئەم دەمەقاڵێیانە زۆرجار کۆتاییان دێت بە دەستدرێژی جەستەیی، جنێودان و سزادان. بەداخەوە، لەدەرەوی ماڵیش بەهیچ شێوەیەک باشتر نییە. بە چەندین شێوە گێچەڵم پێدەکرێت، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە مۆڵەکان و پارکەکان و شوێنە گشتییەکان، تەنانەت لە خوێندنگەش. هەوڵمدا لەگەڵ دایکمدا باس لە ئاڕاستەی سێکسی بکەم بە شێوەیەکی گشتی وە دەربارەی شووناسی خۆم بەتایبەتی، بەڵام کاردانەوەکەی زۆر خراپ بوو. ئەو تووڕەب بوو وە بە باوکمی گوت و زۆر کێشە ڕوویدا بۆیە هەرگیز ئەم بابەتەم نەکردەوە لەدوای ئەوەوە. بەداخەوە، قسەکردن لەگەڵ چارەسازێکی دەروونی بەهیچ شێوەیەک باشتر نەبوو لە قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکمدا. بە دزی دایک و باوکمەوە دەچم بۆلای چارەسازی دەروونی! هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە تەنانەت چارەسازەکەش دژی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەیە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ناتوانم بە ڕاستگۆیی قسەی لەگەڵ بکەم دەربارەی شووناسم. قەبوڵنەکردم لەلایەن کەسانی هاوتەمەنمەوە لە خوێندنگا، ململانێ بۆ لەبەرکردنی ئەوەی دەمەوێت، وە ئەزموونکردنی گێچەڵ و هەراسانکردنی بەردەوام وای لێکردم کە ویستنم بۆ ژیان لەدەستبدەم و وای لێکردم کە ئاواتی ئەوە بخوازم کە جیاواز بوومایە لەو شێوەیەی ئێستە هەم. پێنج مانگ تێپەڕیەوە لەو کاتەوەی یەکەم جار هەوڵی خۆکوشتنم دا و تەنها چەند هەفتەیەک لەدوای دوا هەوڵی خۆکوشتنم. چەند جارێک ویستم خۆم هەڵبواسم بەڵام هەرجارێک ویستبێتم ئەوە بکەم، لە کۆتاییدا لە نەخۆشخانە خەبەرمبووەتەوە. لە دوایین هەوڵمدا، ویستم قۆڵم ببڕم بەڵام دووبارە لە نەخۆشخانە خەبەرم بووەوە و خێزانەکەم لە دەوروبەرم بوون. ئەو ڕۆژە خوێنی زۆرم لەدەستدا بۆیە ماوەیەکی ویست تا چاک بوومەوە! وە کە چاک بوومەوە، خێزانەکەم هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کە هەڵم دەدەنە سەرجادە ئەگەر هەر شتێکی لەو شێوەیە بکەم دووبارە. بارودۆخەکە خراپە، بەڵام هەمیشە هیوام وایە کە شتەکان بەهەر شێوەیەک بێت بەرەو باشتر بڕۆن و لە شوێنێک خەبەرم بێتەوە کە خەڵکی باشتری لێبێت کە لێم تێبگەن و منیان خۆشبوێت بەو جۆرەی کە هەم." رەند عیڕاق کویر دوای نزیکەی حەوت ساڵ، واز لە پلەکەم دەهێنم وەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری عیڕاق کویر. دامەزراندنی عیڕاق کویر و سەرکردایەتی کردنیی گەورەترین شەرەفی ژیانم بووە. بەیەکەوە لەگەڵ هاوکارەکانم و هاوپیشەکانم، توانیمان سەرچاوە و بەرهەم دروستبکەین بۆ عێراقییانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە) کە پێشتر نەبوون. هاوکاری یاسایی و تەندروستیمان پێشکەش کردووە و ئارامگەمان (شێڵتەر) بۆ سەدان کەس دابینکردووە کە پێویستییان پێی بووە. بەرنامەی ڕادیۆییمان بەرهەمهێناوە کە مافەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە تاووتوێ دەکات و باسی کەسانی کویر دەکات و بەرنامەکانمان گەیشتوون بە هەزاران کەسانی عێراقی. هەروەها، فشار (لۆبی)مان خستووەتە سەرکردەکانی جیهان تا فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراقی بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی مرۆڤی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەدا بنێت. هەوڵەکانی فشارمان بوونە مایەی ئەوەی کە حکومەتی عێراقی لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دان بە مافی ژیاندا بنێت بۆ هەموو هاوڵاتییان بەبێ گوێدانە شووناسی جێندەری و ئاڕاستەی سێکسییان. لەگەڵ ئەوەی کە من واز لە پلەکەم دەهێنم، بەڵام بە تەواوەتی عیڕاق کویر بەجێناهێڵم. من دەبمە یەکێک لە ئەندامەکانی بۆردی ڕێکخراوەکە لەگەڵ شەش کەسی تری بلیمەت کە عێراقین و سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەن! بەیەکەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە زۆر بە پەرۆشەوە کار بکەین بۆ هاوکار کردنی تیمی عیڕاق کویر بەهەرجۆرە هاوکارییەک کە لە تواناماندا بێت تا دڵنیابین لەوەی تیمی عێڕاق کویر بەردەوام دەبێت لەو کارە مەزنەی دەیکات.
جگە لە بۆردە نوێیەکە، عیڕاق کویر بەڕێوبەرێکی جێبەجێکاری نوێی دەبێت. بەڕێوبەرە نوێیەکە کە هەڵیبژاردووە لە ئێستادا بە نەناسراوی بمێنێتەوە، ئەزموونی چەندین ساڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ ڕێکخراوەکە و سوورە لەسەر ئەوەی کاری عیڕاق کویر بەرەو ئاستێکی بەرزتر ئاڕاستە بکات. بەیەکەوە لەگەڵ ئەندامانی تری تیمەکەدا، هەموویان سوورن لەسەر ئەوەی بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوامبن لە داکۆکی کردن بۆ کەسانی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. ئەو هەنگاو و دەستکەوتە مێژووییانەی پێیان گەیشتین لە عیڕاق کویر توانای بەدیهاتنیان نەدەبوو بەبێ هەموو ئەو کەسانەی هاوبەشی و هاوکاری ڕێکخراوەکەیان کردووەو پاڵپشتییان لێ کردووە. هەموو ئەو خۆبەخشانە و ئەو عێراقییە کویرانەی باوەڕیان بە ئێمە بووە، وە کەموو ئەو لایەنە هەمانهەنگیکار و پاڵپشتکیارانەی کە سەرچاوە و شارەزاییەکانی خۆیان بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان بە بزوتنەوەکەمان. وە لە هەمووی گرنگتر، هاوپیشە و هاوکارانم لە عێراق کویر، چالاکوانانی گەنجی کویر کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ بەرگریکردن لە عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە و مافەکانیان. کارکردن لەگەڵ ئێوە و فێربوون لە هەمووتانەوە دیارترین بەشی ژیانی کاردکردنم بووە. ئەمیر عاشور- |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
January 2024
Categories |