خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کۆمەڵێک خزمەتگوزاری لەخۆدەگرن کە ئامانج لێیان مامەڵەکردنە لەگەڵ هەر شتێک لە ئاستەنگێکی دەروونی کاتی یان ڕۆژانەوە تا نەخوشییە دەروونییە درێژخایەنەکانەوە. هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بریتین لە گرووپی پاڵپشتی، دەرمان، چارەسەری دەروونی و ئامرازی تریش. ئەم جۆرە جیاوازانە لە خزمەتگوزاری لەلایەن پسپۆڕی جیاوە پێشکەش دەکرێن و هەندێک لەو پسپۆڕییانە بریتین لە کارمەندانی کاری کۆمەڵایەتی، دەروونناسان و پزیشکانی دەروونی. لە کاتێکدا چارەسازانی دەروونی ڕاهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی، زۆربەیان پێشینە یاخود مۆڵەتی نووسینی دەرمانیان نییە. بە هەمان شێوە، لەکاتێکدا پزیشکانی دەروونی کارامەیی نووسینی دەرمانییان هەیە، زۆربەیان ڕانەهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی.
چارەسەری دەروونی کە پێشی دەوترێت ڕاوێژی دەروونی، پرۆسەی کارکردنە لەگەڵ پسپۆڕێکی خاوەن مۆڵەت، بە ڕووبەڕوو یان ئۆنلاین، بۆ ناسینەوە و شیکارنردنی ئەو کێشە دەروونی و ڕەفتاری و هەستییانەی کە کەسێک هەیەتی. چارەسەری دەروونی ئارامگەیەک دەبەخشێت بۆ باسکردنی هەستە گرانەکان، تەندروستی دەروونی، وە ئەزموونە بە ئازارەکانی وەک شەڕ، جیابوونەوە، تاسانی منداڵی، مامەڵەی خراپ و دەستدرێژی، کۆچی دوایی کەسێکی نزیک، وە چەندین ئەزموونی تری گران کە کەسێک بە تەنها ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە یاخود لێیان چاک ببێتەوە. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بۆ هەموانن، وە ئامرازێکی زۆر باشن کە خەڵکی لە هەموو قۆناغێکی ژیانیاندا دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ دۆزینەوەی ئاشتی، بۆ کارکردن بەشێوەیەکی باشتر، وە بۆ چاک بوونەوە و تێپەڕاندنی ئەو باوەڕ و بیرۆکانەی کە دەبنە هۆی ئازار و ترس. بە درێژایی چەندین نەوە، عێراقییان بە چەندین ڕووداوی سامناکدا تێپەڕیون لەوانەش شەڕ، هەژاری، ناجێگیری دارایی، هەڕەشەی میلیشیا و تاوانی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. هەندێک لەم ڕووداوانە لەوانەیە کۆتاییان هاتبێت، بەڵام کاریگەرییەکانیان و بیرەوەرییەکانیان لە هزری خەڵکیدا ماونەتەوە. هەموو ئەم یادەوەرییە نەرێنییانە دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی کەسەکان توندوتیژ، خەمۆک ببن و بیری خۆکوژییان هەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە خزمەتگوزاری تەندروستیی دەروونی زۆر گرنگە، چونکە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ خەڵکی کە باسی ئەزموونە نەرێنییەکانیان بکەن و یارمەتییان دەدات تێبگەن لەوەی بۆچی بەشێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن یاخود بۆ هەستێکی دیاریکراویان هەیە. خزمەتگوزارییەکانی وەک چارەسەری دەروونی هەموو کات خۆش یان ئاسان نین. لەکاتی دانیشتنەکانتدا، لەوانەیە هەست بە تووڕەیی یاخود خەمناکی بکەیت. ئەم هەستانە دێنەوە کاتێک قسە لەگەڵ چارەسازەکەت دەکەیت دەربارەی ئەو ئەزموونە ئازاربەخشانەی کە لەوانەیە بۆ چەندین ساڵ شاردبێتنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بتوانیت جیاوازی بکەیت لەنێوان پسپۆڕێکی باش و پسپۆڕێکی خراپدا. پسپۆڕی باش وات لێناکات هەست بە تاوان یان بە ئەنقەست هەست بە خەمناکی بکەیت، بەڵکو ئەو ڕێبەریت دەکات کە بە وردەکارییە ئازاربەخشەکانی ئەزموونێکی دیاریکراودا تێپەڕیت و ڕێنماییت دەداتێ بۆ زاڵ بوون بەسەریدا و چاکبوونەوە لێی. پسپۆڕێکی ژەهراوی لۆمەت دەکات بۆ هەستەکانت و هەوڵ دەدات بتگۆڕێت. لەیادت بێت کە هەموو پسپۆڕەکان لەوانەیە کارامە نەبن، هەندێکیان دەکرێت مۆڵەتیان هەبێت و بەناوبانگ بن و ئەزموونی چەندین ساڵیان هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانن لە نەخۆشەکانییان تێبگەن و یارمەتییان بدەن. هەندێک لە پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی لەوانەیە ببنە هۆی ئازاری زیاتر بۆت کاتێک حوکمت بەسەردا دەکەن یاخود بە شێوازێکی نا ئەخلاقی مامەڵەت لەگەڵ دەکەن. ئەزموونێکی لەو جۆرەش لەگەڵ کەسێک کە تۆ بە پاڵپشتیکاری دادەنێیت لەوانەیە دیدێکی نەرێنیت بداتێ دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بەشێوەیەکی گشتی. کاتێک پسپۆڕانی دەروونی ناکارامە دەبن، ئەوا باوەڕە کەسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و حوکم بەسەر نەخۆشەکانیاندا دەکەن. بۆیە ئەگەر باوەڕی پسپۆڕەکان دژ بە هاوڕەگەزخوازی بن، ئەوا بێگومان لۆمەی نەخۆشەکە دەکەن لەسەر ئاڕاستەی سێکسییان، وا لە نەخۆشەکە دەکەن هەست بە تاوان بکات، یان هەوڵی گۆڕینی نەخۆشەکە دەدەن. ئامۆژگاری ئێمە ئەوەیە کە کاتی تەواو بدەیت بە دۆزینەوەی پزیشکی دەروونی یان چارەسازی دەروونی و بە وریاییەوە زانیاری کەسیی تایبەت بەخۆت و ئاڕاستەی سێکسیت هاوبەشی پێبکەیت لەگەڵیان لە چەند دانیشتنی یەکەمدا. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی لەوانەیە زۆر گران بن و لەگەڵ ئەوەشدا عێراقییان دەناڵێنن بەدەستی پسۆڕی ناکارامەوە کە پارەی زۆریش وەردەگرن. ئێمە ناڵێین کە هەموو پسپۆڕە عێراقییەکان ناکارامەن، بەڵام ڕێژەیەک لە عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی هێشتا دەناڵێنن بەدەست گەڕان بەدوای پزیشک یان چارەسازی دەروونیدا کە بیروباوەڕی ئاینی و دیدی کۆمەڵایەتی خۆیان جیا بکەنەوە لە ئەرکییان بۆ بێلایەن بوون و یارمەتیدانی نەخۆشەکانیان. لە ساڵی ٢٠٢٠دا، عیڕاق کویر ڕاپرسییەکی کرد کە زیاد لە ٢٤٠ عێراقی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی لەخۆدەگرت لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە. بەشێک لە ڕاپرسییەکە دەربارەی تەندروستی دەروونی بوو، بۆ زانینی ئەوەی چەند لە عێراقییان هەوڵی گەیشتنیان داوە بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی وە ئەزموونەکانییان چۆن بوون. هەندێک لەوانەی سەردانی پسۆڕە دەروونییەکانیان کردبوو وتیان کە ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە پسۆڕەکانی شارەکانی خۆیان ببینن، بۆیە بۆ نموونە کەسێک لە نەجەف بەلایەوە پەسەندتر بووە کە بچێتە لای پسپۆڕێک لە بەغداد. سەردانی کردنی پسۆڕ لەلایەن پەلکەزێڕینەییە عێراقییەکانەوە لە شارەکانی خۆیاندا لەوانەیە ببێتە مایەی مەترسی و گرفت. نوور کە ژنە هاوڕەگەزخوازێکی عێراقییە یەکێکە بوو لە ٢٤٠ بەشداربووەکەی ڕاپرسییەکەمان. ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە قۆناغێکی ژیانمدا، بە پێویستم زانی کە سەردانی پزیشکێکی دەروونی بکەم لەگەڵ کچەهاوڕێکەمدا، بۆیە یەکێکمان هەڵبژارد کە بەناوبانگ بوو. ئێمە وامان دانا کە ئەو پڕۆفێشناڵ دەبێت و پاڵپشتیمان لێدەکات، بەڵام شتەکان بەو جۆرە نەڕۆشتن. لەکاتی دانیشتنەکەمان لەگەڵیدا، داوای لێکردم کە لەبەرچاویدا ماچی کچەهاوڕێکەم بکەم و کۆمەڵێک نیشانەی دامێ کە دەیەوێت سێکسم لەگەڵدا بکات." "تەنها ڕازیبووم بۆ سەردان کردنی پزیشکێکی دەروونی عێراقی چونکە وامدەزانی ئەو پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکات. پزیشکەکە پاڵپشتکار نەبوو وە وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد باش نەبوو. چووم بۆ کلینیکەکەی و کاتێکی قسەمان دەکرد، ئەو تاکێکی کردەوە و هەندێک دەرمانی دەرهێنا و پێی وتم بەکارییان بهێنم. کاتێک چوومە ماڵەوە، لە گووگڵ گەڕام بەدوای پێکهاتەکان و بەکارهێنانیاندا. بۆم دەرکەوت کە ئەو دەرمانانە پێشتر بەکارهاتوون بۆ هاوڕەگەزخوازان تا ببن بە جیاڕەگەزخواز، یان وەک ئەوەی هەندێک کەس پێی دەڵێن "ئاسایی"" هاوڕەگەزخوازێکی عێراقی پێی وتین. کوڕێکی تر پێی وتین کە پزیشکە دەروونییەکەی داوای لێکردووە لە ماڵەوە سەردانی بکات و یەکێکی تر پێی وتراوە نوێژ بکات و قورئان بخوێنێتەوە تا لە هاوڕەگەزخوازی دەربازی ببێت و ببێت بە جیاڕەگەزخواز. وەک کەسێکی پەلکەزێڕینەیی عێراقی، هەرگیز ئەزموونی نەرێنیت هەبووە لەگەڵ پسپۆڕێکی دەروونی عێراقی؟ دەتوانیت دەربارەی ئەزموونی خۆت بنووسیت بۆ بۆمان بنێریت تا ئێمە باشتر لە بارودۆخەکە بگەین.
0 Comments
بارودۆخی پەلکەزێڕینەییەکان لەناو عێراقدا هیچ شارێک لەناو عێراقدا بۆ هیچ هاوڵاتییەکی پەلکەزێڕێنەیی عێراقی سەلامەت نییە. ترسی مردن بەرۆکی هەموو پەلکەزێڕینەییەکی گرتووە لە وڵاتەکەدا. هەرچەندە هەندێک لە شارەکانی عێراق، لە نێوانیاندا بەغداد و شارەکانی هەرێمی کوردستان، وەک کراوەتر و سەلامەتتر دەبینرێن، مردن و گیران لە هەموو عراقدا بەشێوەیەکی باو ڕوو دەدەن تا بۆمان بسەلمێنن کە لەوانەیە شتەکان بۆ ماوەیەک ئارام بن، بەڵام لە چاوتروکانێکدا دەکرێت هەموو شتێک بەرەو زۆر خراپی بڕوات. گیرانی چەند کەسێکی پەلکەزێڕینەیی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە تۆمەتی پەلکەزێڕینەیی بوون لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تەنها یەک نموونەی ئەو بارودۆخە خراپەیە کە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لەهەرێم تێیدا دەژین. ژیان لە دەرەوەی هەرێمیش بۆ عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی ئاسانتر نییە، ئەوان بەردەوام داوای هاوکاری دەکەن لە عیڕاق کویر و ڕێکخراوی دیکە بۆ پاراستن و شێڵتەر، پاڵپشتیی دەروونی، پاڵپشتیی دارایی، وە ڕێنمایی بۆ هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دیکە. لە لیتوانیا چی دەگوزەرێت؟ "ئەو کامپی کۆچبەرانە لیتوانییەی کە "وەک بەندینخانە" وایە"، وتارێکە کە لەلایەن مەیڤا پولێوە نووسراوە کە بارودۆخەکە شی دەکاتەوە و باسی ئەو ڕۆژگارە تاڵە دەکات کە هەزاران کۆچبەر تیایدا دەژین بۆ ماوەی چەندین مانگە لە کامپەکاندا. وتارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە سەرەتای ٢٠٢١وە، نزیکەی ٤١٢٤ کۆچبەر لە وڵاتانی خۆیان هەڵهاتوون و بە نایاسایی چوونەتە ناو لیتوانیاوە و بەنزیکەیی نیوەی ئەم کۆچبەرانە لە عێراقەوە هاتوون. ئەوانەی لەم کامپانەدا دەژین ژەمەخۆراکی پێویستیان پێنادرێت و ناچار کراون لەناو ئەو کامپە پیسانەدا بمێننەوە و لەگەڵ ئەو هەموو پیسی و فشارەدا دابنیشن. "ئەوان فشار لە خەلكی دەکەن کە خۆویستانە بڕۆنەوە: کاتێک بریکارەکان دێنە سەنتەرەکەوە، بۆ ئەوە نایەن دەربارەی بارودۆخی مانەوە و ژیانمان بپرسن، بەڵکو دێن پرسیار بکەن، "بڕیارت دا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەت؟" دوای ئەم گەشتە درێژە... ئەمە مایەی بێئومێدییە." مارکی ٢٨ ساڵ دەڵێت. عەبباس، کە کۆچبەرێکی عێراقیی هاوڕەگەزخوازە، دەربارەی بارودۆخی خۆی دەدوێت و باسی ئەو ژیانە پەرشوبڵاوە دەکات کە لەکاتی گەیشتنی بۆ کامپەکەوە تیایدا دەژی. عەبباس دەڵێت، " وا زیاد لە پێنج مانگە لە لیتوانیام. کاتێک کەسانی تری ناو کامپەکە زانییان من هاوڕەگەزخوازم، وا سەیریان دەکردم کە من دێوێک بم. تووشی گێچەڵپێکردن و فشارێکی زۆر بووم تا ئەو کاتەی جێگای منیان گۆڕی لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، بۆ کامپێک کە گوایا بۆ کەسانی پەلکەزێڕینەیەو ٤٥ کەسی تێدابوو. کێشەکەم چارەسەر نەبوو چونکە من، لەگەڵ پەنابەرە پەلکەزێڕینییەکانی تری عێراقی، هێشتا دووچاری گێچەڵ و هۆمۆفۆبیا دەبینەوە لەناو کامپێکدا کە دەبوو تەنها کۆچبەرانی پەلکەزێڕێنەیی لەخۆبگرێت. دەرکەوت کە زۆرێک لەوانەی کامپەکەیان لەگەڵ هاوبەشی پێدەکەین لەڕاستیدا سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە نین! ئەم کەسانە داوای کۆچکردنیان کردووە وەک هاوڕەگەزخواز چونکە دەزانن وەرگرتنی داواکەیان بەو شێوەیە ئاسانتر دەبێت چونکە هاوڕەگەزخوازان وەک کەمایەتییەکی پەراوێزخراو دەبینرێن. کێشەی ئەم کەسانە تەنها ئەوە نییە کە درۆ دەکەن، بەڵکو لەڕاستیدا هۆمۆفیبکن (واتا ڕقییان لە هاوڕەگەزخوازانە)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت تا دەتوانم خۆمیان لێبەدووربگرم. جگەلە لەو پەشێوییە لەناو کامپەکەدا لەگەڵ کەسانی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، حکومەتی لیتوانی خۆراکی پێویستمان ناداتێ. لەکاتێکدا زۆرێک لە خەڵکی پارە وەردەگرن، ئێمە هیچمان نادرێتێ و نازانین بۆچی. داواکارییەکانمان، بەوەی منیشەوە، ڕەتکرانەوە و کاتێک پرسیارمان کرد هۆکاری ڕەتکردنەوەکە چییە، پێیان ووتین کە عێراق وڵاتێکی سەلامەت و ئارامە بۆ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، بۆیە هەموومان دەتوانین بگەڕێینەوە و لەوێ بە سەلامەتی بژین." ئامانجی ئەم بڵۆگە ئەم بڵۆگە پێشەکییەکی بچووکە بۆ ڕاپۆرتێک کە عیڕاق کویر کاری لەسەر دەکات. ئامانجی سەرەکی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە چیرۆکی عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی بگێڕێتەوە کە بۆ چەندین مانگە لەم کامپانەدا دەژین، وە بۆ باسکردنی بارودۆخی ئێستا و ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەبێتەوە لە عێراق، وە بۆ شیکردنەوەی ئەوە بۆ حکومەتی لیتوانی کە عێراق، تا ئەم ساتە، بۆ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە سەلامەت نییە. عیڕاق کویر، سەرەڕای هەموو کاری بۆ یارمەتیدانی ئەندامانی کۆماڵگای پەلکەزێڕینە، ناتوانێت ئەم بارودۆخە چاک بکاتەوە. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
October 2024
Categories |