خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کۆمەڵێک خزمەتگوزاری لەخۆدەگرن کە ئامانج لێیان مامەڵەکردنە لەگەڵ هەر شتێک لە ئاستەنگێکی دەروونی کاتی یان ڕۆژانەوە تا نەخوشییە دەروونییە درێژخایەنەکانەوە. هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بریتین لە گرووپی پاڵپشتی، دەرمان، چارەسەری دەروونی و ئامرازی تریش. ئەم جۆرە جیاوازانە لە خزمەتگوزاری لەلایەن پسپۆڕی جیاوە پێشکەش دەکرێن و هەندێک لەو پسپۆڕییانە بریتین لە کارمەندانی کاری کۆمەڵایەتی، دەروونناسان و پزیشکانی دەروونی. لە کاتێکدا چارەسازانی دەروونی ڕاهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی، زۆربەیان پێشینە یاخود مۆڵەتی نووسینی دەرمانیان نییە. بە هەمان شێوە، لەکاتێکدا پزیشکانی دەروونی کارامەیی نووسینی دەرمانییان هەیە، زۆربەیان ڕانەهێنراون بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی.
چارەسەری دەروونی کە پێشی دەوترێت ڕاوێژی دەروونی، پرۆسەی کارکردنە لەگەڵ پسپۆڕێکی خاوەن مۆڵەت، بە ڕووبەڕوو یان ئۆنلاین، بۆ ناسینەوە و شیکارنردنی ئەو کێشە دەروونی و ڕەفتاری و هەستییانەی کە کەسێک هەیەتی. چارەسەری دەروونی ئارامگەیەک دەبەخشێت بۆ باسکردنی هەستە گرانەکان، تەندروستی دەروونی، وە ئەزموونە بە ئازارەکانی وەک شەڕ، جیابوونەوە، تاسانی منداڵی، مامەڵەی خراپ و دەستدرێژی، کۆچی دوایی کەسێکی نزیک، وە چەندین ئەزموونی تری گران کە کەسێک بە تەنها ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە یاخود لێیان چاک ببێتەوە. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بۆ هەموانن، وە ئامرازێکی زۆر باشن کە خەڵکی لە هەموو قۆناغێکی ژیانیاندا دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ دۆزینەوەی ئاشتی، بۆ کارکردن بەشێوەیەکی باشتر، وە بۆ چاک بوونەوە و تێپەڕاندنی ئەو باوەڕ و بیرۆکانەی کە دەبنە هۆی ئازار و ترس. بە درێژایی چەندین نەوە، عێراقییان بە چەندین ڕووداوی سامناکدا تێپەڕیون لەوانەش شەڕ، هەژاری، ناجێگیری دارایی، هەڕەشەی میلیشیا و تاوانی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە. هەندێک لەم ڕووداوانە لەوانەیە کۆتاییان هاتبێت، بەڵام کاریگەرییەکانیان و بیرەوەرییەکانیان لە هزری خەڵکیدا ماونەتەوە. هەموو ئەم یادەوەرییە نەرێنییانە دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی کەسەکان توندوتیژ، خەمۆک ببن و بیری خۆکوژییان هەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە خزمەتگوزاری تەندروستیی دەروونی زۆر گرنگە، چونکە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ خەڵکی کە باسی ئەزموونە نەرێنییەکانیان بکەن و یارمەتییان دەدات تێبگەن لەوەی بۆچی بەشێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن یاخود بۆ هەستێکی دیاریکراویان هەیە. خزمەتگوزارییەکانی وەک چارەسەری دەروونی هەموو کات خۆش یان ئاسان نین. لەکاتی دانیشتنەکانتدا، لەوانەیە هەست بە تووڕەیی یاخود خەمناکی بکەیت. ئەم هەستانە دێنەوە کاتێک قسە لەگەڵ چارەسازەکەت دەکەیت دەربارەی ئەو ئەزموونە ئازاربەخشانەی کە لەوانەیە بۆ چەندین ساڵ شاردبێتنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بتوانیت جیاوازی بکەیت لەنێوان پسپۆڕێکی باش و پسپۆڕێکی خراپدا. پسپۆڕی باش وات لێناکات هەست بە تاوان یان بە ئەنقەست هەست بە خەمناکی بکەیت، بەڵکو ئەو ڕێبەریت دەکات کە بە وردەکارییە ئازاربەخشەکانی ئەزموونێکی دیاریکراودا تێپەڕیت و ڕێنماییت دەداتێ بۆ زاڵ بوون بەسەریدا و چاکبوونەوە لێی. پسپۆڕێکی ژەهراوی لۆمەت دەکات بۆ هەستەکانت و هەوڵ دەدات بتگۆڕێت. لەیادت بێت کە هەموو پسپۆڕەکان لەوانەیە کارامە نەبن، هەندێکیان دەکرێت مۆڵەتیان هەبێت و بەناوبانگ بن و ئەزموونی چەندین ساڵیان هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانن لە نەخۆشەکانییان تێبگەن و یارمەتییان بدەن. هەندێک لە پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی لەوانەیە ببنە هۆی ئازاری زیاتر بۆت کاتێک حوکمت بەسەردا دەکەن یاخود بە شێوازێکی نا ئەخلاقی مامەڵەت لەگەڵ دەکەن. ئەزموونێکی لەو جۆرەش لەگەڵ کەسێک کە تۆ بە پاڵپشتیکاری دادەنێیت لەوانەیە دیدێکی نەرێنیت بداتێ دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی بەشێوەیەکی گشتی. کاتێک پسپۆڕانی دەروونی ناکارامە دەبن، ئەوا باوەڕە کەسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و حوکم بەسەر نەخۆشەکانیاندا دەکەن. بۆیە ئەگەر باوەڕی پسپۆڕەکان دژ بە هاوڕەگەزخوازی بن، ئەوا بێگومان لۆمەی نەخۆشەکە دەکەن لەسەر ئاڕاستەی سێکسییان، وا لە نەخۆشەکە دەکەن هەست بە تاوان بکات، یان هەوڵی گۆڕینی نەخۆشەکە دەدەن. ئامۆژگاری ئێمە ئەوەیە کە کاتی تەواو بدەیت بە دۆزینەوەی پزیشکی دەروونی یان چارەسازی دەروونی و بە وریاییەوە زانیاری کەسیی تایبەت بەخۆت و ئاڕاستەی سێکسیت هاوبەشی پێبکەیت لەگەڵیان لە چەند دانیشتنی یەکەمدا. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی لەوانەیە زۆر گران بن و لەگەڵ ئەوەشدا عێراقییان دەناڵێنن بەدەستی پسۆڕی ناکارامەوە کە پارەی زۆریش وەردەگرن. ئێمە ناڵێین کە هەموو پسپۆڕە عێراقییەکان ناکارامەن، بەڵام ڕێژەیەک لە عێراقییانی پەلکەزێڕینەیی هێشتا دەناڵێنن بەدەست گەڕان بەدوای پزیشک یان چارەسازی دەروونیدا کە بیروباوەڕی ئاینی و دیدی کۆمەڵایەتی خۆیان جیا بکەنەوە لە ئەرکییان بۆ بێلایەن بوون و یارمەتیدانی نەخۆشەکانیان. لە ساڵی ٢٠٢٠دا، عیڕاق کویر ڕاپرسییەکی کرد کە زیاد لە ٢٤٠ عێراقی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی لەخۆدەگرت لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە. بەشێک لە ڕاپرسییەکە دەربارەی تەندروستی دەروونی بوو، بۆ زانینی ئەوەی چەند لە عێراقییان هەوڵی گەیشتنیان داوە بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی وە ئەزموونەکانییان چۆن بوون. هەندێک لەوانەی سەردانی پسۆڕە دەروونییەکانیان کردبوو وتیان کە ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە پسۆڕەکانی شارەکانی خۆیان ببینن، بۆیە بۆ نموونە کەسێک لە نەجەف بەلایەوە پەسەندتر بووە کە بچێتە لای پسپۆڕێک لە بەغداد. سەردانی کردنی پسۆڕ لەلایەن پەلکەزێڕینەییە عێراقییەکانەوە لە شارەکانی خۆیاندا لەوانەیە ببێتە مایەی مەترسی و گرفت. نوور کە ژنە هاوڕەگەزخوازێکی عێراقییە یەکێکە بوو لە ٢٤٠ بەشداربووەکەی ڕاپرسییەکەمان. ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە قۆناغێکی ژیانمدا، بە پێویستم زانی کە سەردانی پزیشکێکی دەروونی بکەم لەگەڵ کچەهاوڕێکەمدا، بۆیە یەکێکمان هەڵبژارد کە بەناوبانگ بوو. ئێمە وامان دانا کە ئەو پڕۆفێشناڵ دەبێت و پاڵپشتیمان لێدەکات، بەڵام شتەکان بەو جۆرە نەڕۆشتن. لەکاتی دانیشتنەکەمان لەگەڵیدا، داوای لێکردم کە لەبەرچاویدا ماچی کچەهاوڕێکەم بکەم و کۆمەڵێک نیشانەی دامێ کە دەیەوێت سێکسم لەگەڵدا بکات." "تەنها ڕازیبووم بۆ سەردان کردنی پزیشکێکی دەروونی عێراقی چونکە وامدەزانی ئەو پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکات. پزیشکەکە پاڵپشتکار نەبوو وە وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد باش نەبوو. چووم بۆ کلینیکەکەی و کاتێکی قسەمان دەکرد، ئەو تاکێکی کردەوە و هەندێک دەرمانی دەرهێنا و پێی وتم بەکارییان بهێنم. کاتێک چوومە ماڵەوە، لە گووگڵ گەڕام بەدوای پێکهاتەکان و بەکارهێنانیاندا. بۆم دەرکەوت کە ئەو دەرمانانە پێشتر بەکارهاتوون بۆ هاوڕەگەزخوازان تا ببن بە جیاڕەگەزخواز، یان وەک ئەوەی هەندێک کەس پێی دەڵێن "ئاسایی"" هاوڕەگەزخوازێکی عێراقی پێی وتین. کوڕێکی تر پێی وتین کە پزیشکە دەروونییەکەی داوای لێکردووە لە ماڵەوە سەردانی بکات و یەکێکی تر پێی وتراوە نوێژ بکات و قورئان بخوێنێتەوە تا لە هاوڕەگەزخوازی دەربازی ببێت و ببێت بە جیاڕەگەزخواز. وەک کەسێکی پەلکەزێڕینەیی عێراقی، هەرگیز ئەزموونی نەرێنیت هەبووە لەگەڵ پسپۆڕێکی دەروونی عێراقی؟ دەتوانیت دەربارەی ئەزموونی خۆت بنووسیت بۆ بۆمان بنێریت تا ئێمە باشتر لە بارودۆخەکە بگەین.
0 Comments
Leave a Reply. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
October 2024
Categories |