وەک هەموومان دەزانین، هەموو کەسێک تووشی گیروگرفت و گرانی دەبێتەوە لە کاتی گەڕان بەدوای کاردا بەهۆی بارودۆخی ئابووری و ئەو گرژی و فشارانەی تووشی وڵات بوونەتەوە چەندین ساڵە. سەرەڕای ئەو گرانییانەی بەگشتی تووشی هەموو کەس دەبێت، گرانی و گرفتی زیاتر هەیە کە کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) دووچاری دەبنەوە. زۆربەی کەسانی کویر لە عێراق ئاڕاستەی سێکسیی خۆیان دەشارنەوە و خۆیان بە دووردەگرن لە پێکهێنانی هاوڕییەتی نزیک لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا تا بەدووربن لە پرسیاری کەسی کە زانیاری بدات دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیان. کەسانی کویر دەردەکرێن یان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەلایەن سەرپەرشتیار و هاوپیشەکانیانەوە ئەگەر هەر کاتێک هەوڵ بدەن خۆیان بن لە شوێنی کاردا. هەر بۆیە کەسانی کویر ئەو چارەسەرە هەڵدەبژیرن کە بەدوریان دەگرێت لە تێڕوانینی نەرێنی و گاڵتەپێکردن. لەم ماوەیەدا، چاوپێکەوتنم کرد لەگەڵ سێ کەسی کویردا لە سێ شاری جیاوازی وڵاتەکەوە تا بزانم کە ئایا شوێنکارەکانیان سەلامەتە بەو ڕادەیەی ڕێگەیان پێبدات خۆیان بن، یان ئەوان ناچارن کە وەک کەسێکی تر خۆیان نیشانبدەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە گرفت و کێشە.
نیاز، کە کەسێکی فرەڕەگەزخوازە (پانسێکشوەڵ)، لە کەرتی ئابووری و بەبانکردندا کاردەکات لە شاری هەولێر. پرسیاری لێدەکەم کە ئایا ئاڕاستەی سیکسیی بۆتە هۆی گرفت و کێشە لە کاتی چاوپێکەوتنی کاردا یان بووەتە ڕێگر لەبەردەم دەستکەوتنی کارەکەدا. لەوەڵامدا پێی ووتم کە هەرگیز دووچاری ئەم کێشانە نەبووەتەوە تەنها لەبەرئەوەی ئەو بەهیچ جۆرێک ئاڕاستەی سێکسیی خۆی دەرناخات و بە نهێنی هێشتوویەتییەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کاری لەگەڵدا دەکەن. لەبەرئەوەی هەمووان لە شوێنکارەکەیدا باوەڕیان وایە کە نیاز جیاڕەگەزخوازە (واتا سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نییە)، نیاز پێم دەڵێت کە نازانێت کاردانەوەی کەسانی شوێنکارەکەی چۆن دەبێت ئەگەر نیاز خۆی بێت و بە ڕاستگۆیی دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیی قسە بکات. دەڵێت، "لەبەر هەبوونی جەستەیەکی ئافرەتانە، باوەڕم وایە کە کۆمەڵگا گرنگیی بە ئاڕاستەی سێکسییم نادات وەک ئەوەی ئەگەر جەستەیەکی پیاوم هەبووایە. بەڵام هێشتا باوەڕم وایە کە بەهەمان شێوە مامەڵەم لەگەڵدا ناکرێت وەک ئێستا ئەگەر کەسانی شوێنکارەکەم بە ئاڕاستەی سێکسیم بزانن. لەوانەیە دەربکرێم یان بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت و خەڵک خۆیان دوورەپەرێز بگرن لە من." نیاز دەڵێت کە تەنها یەک کەس هەیە لە شوێنکارەکەی کە با ئاڕاستەی سێکسیی دەزانێت. ئەو کەسە هاوڕێیەکی نزیکییەتی کە بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات هەر وەک کەسە جیاڕەگەزخوزەکان لە کۆمپانیاکەدا. جگە لەوە، باوەڕی وایە کە بەنهێنی هێشتنەوەی ئاڕاستەی سێکسیی بۆ ئەو ئارامتر و بێکێشەترە. روخێر کە لە بەغداد دەژی و کاردەکات چیرۆکی خۆیم بۆ باسدەکات. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە پێشتر تووشی کێشە بووە لە شوێنکارەکەیدا، کە هاوپیشەکان و سەرپەرشتیارەکەی بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کەردووە چەندجارێک. ئەمەش ناچاری کرد کە خۆی دوورەپەرێز بگرێت و خۆی جیابکاتەوە، بەڵام ئەمەش نەبووە هۆی کۆتایی هاتنی کێشەکان. ڕۆژێک، گوێی لە سەرپەرشتیارەکەی بووە کە بە یەکێک لە هاوپیشەکانی وتووە دەربارەی روخێر و بە ڕەفتار ژنانە وەسفی کردووە. لەبەرئەوە، بڕیاری دا کە دەست لەو کارە بکێشێتەوە سەرەڕای ئەوەی شوێنکارەکە باش بووە و لە ڕێکخراوێکی حکومیدا بووە. ئەو دەڵێت، "هەموو کەس دەزانێت دەستکەوتنی کار لە عێراق چەندە گرانە، بەڵام هەستکردن بەوەی کە من کەسێکی سەیرم و ئەوەی قەبوڵ نەکراوم لەلایەن کەسانی ترەوە وای لێکردم کە کارەکەم وازلێبێنم." ئەو ئەزموونە خراپە وای لێکرد کە ئەو زیاتر ئاگای لەخۆی بێت باسی ئاڕاستەی سێکسی نەکات لەبەردەم هەر کەسێکدا، چونکە باسکردنی ئەو بابەتە دەبێتە هۆی کێشە بۆ خۆی و خێزانەکەوەی و نازناویان دەزڕێنێت. ڕۆزا، کە کچێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٢ ساڵە لە دهۆکەوە، دەربارەی کارەکەی بۆم دەدوێت. ئەو ڕێکخراوەی کاری لێدەکات هاوڕێیانەیە بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و ئەو بابەتە قەبوڵ دەکات. لەبەرئەوە، دەڵێت بەهیچ شێوەیەک ئەگەری ئەوە نییە کە سەرپەرشتیارەکەی دەری بکات لەبەر ئاڕاستەی سێکسی، یان هاوپیشەکانی خۆیانی لێ بەدوربگرن ئەگەر بە ئاڕاستەی سێکسییان زانی. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕۆزا هەوڵدەدات کە کوڕانە ڕەفتار نەکات و هیچ وشەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەکارنەهێنێت و ئاڕاستەی سێکسیی بە نهێنی دەهێڵێتەوە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەوەی شوێنکارەکەی هاوڕێیانەیە بۆ کۆمەڵگای هاورەگەزخواز+، ژینگەی دەرەوەی ڕێکخراوەکە وا نییە، بۆیە ئەو بەلایەوە باشترە کە ئاڕاستەی سێکسیی نهێنی بێت. ئەو گرانییەی ڕووبەڕووی کەسانی عێراقیی کویر دەبێتەوە ئەوەیە کە دەبێت چەند لایەنێکی کەسایەتییان بشارنەوە بەپێی ئەو شوێنەی بۆی دەچن. تا ئەمڕۆش، عێراقییانی کویر ناتوانن خۆیان بن بەهۆی حوکم و تێڕوانینی خراپ و ڕق و کینە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەلایەن زۆرینەی کەسانی دەوروبەرییانەوە. بۆ خۆیان و خێزانەکانیشیان ئەوە سەلامەتترە کە وەک کەسێکی تر ڕەفتار بکەن تا دەرنەکرێن لە کار و تا نەکوژرێن. گۆڕانکاری زۆر بەخاوی ڕوودەدات و ئێمە هیوادارین کە ڕۆژێک کەسانی کویر چیتر لەسەریان نەبێت کە خۆیان بشارنەوە و ماسک لەدەموچاو بکەن لەبەر کەسانی دەوروبەریان. تا ئەو ڕۆژە دێت، عیڕاق کویر هانی عێراقییانی کویر دەدات کە سەلامەتی و ئارامی خۆیان بە هەند وەربگرن تا بەدوربن لە دەمەقاڵێ لەگەڵ کەسانی تردا کە ببێتە هۆی کێشەو ئازاری خۆیان و خێزانەکانییان بدات. رەند عیڕاق کویر
0 Comments
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی جووتڕەگەزخوازانە کە لە هەندێک وڵات ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت و لە هەندێک وڵاتی تردا تەنانەت ناویشی ناهێنرێت. وەک زانراوە، عیڕاق وڵاتک نییە کە پێشوازی یاخود پاڵپشتی لە کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) بکات بە شێوەیەکی گشتی. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان، تەنانەت دووچاری فشاری زۆرتر دەبینەوە لە کاتی هەوڵدان بۆ قەبوڵکردنی خۆمان و و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەی سێکسیمان بۆ کەسانی دەوروبەرمان. ئێمە وەک کەسانێکی سەرلێشێواو لەقەڵەم دەدرێین وەک ئەوەی کە ئێمە نازانین یاخود ئێمە دڵنیا نین لەوەی چیمان دەوێت. بەردەوام ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێت کە ئایا ئێمە چ ڕەگەزێکمان زیاتر بەلاوە پەسەندە لەگەڵیدا بین و پێمان دەووترێت کە ئەوەی ئێمە پێیدا تێدەپەڕین تەنها قۆناغێکە.
من ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵم کە لەم ماوەیەدا بووم بە ئەندامێک لە عیڕاق کویر. خۆم وەک کەسێکی جووتڕەگەزخواز، پێویستم بە ساڵانێک بوو بۆ دۆزینەوەی ئاڕاستەی سێکسیم لەبەرئەوەی لەو کۆمەڵگایەدا کە منی تێدام، کەسانی ئاسایی تەنها دەبێت خەڵکانی ڕەگەزی بەرامبەریان خۆشبوێت وە ئەگەر وا نەبێت، ئەوا ئەو کەسە نەخۆشی دەروونییە. لە کاتی منداڵیم و هەرزەکاریمدا، باسکردنی بابەتی هاوڕەگەزخوازی ڕێگەپێنەدراوبوو. تەنها کاتێک خەڵکی چەپڵەیان بۆ لێدەدام لەکاتی باسکردنی ئەم بابەتەدا کاتێک دەبوو ئەگەر گاڵتەم بە بابەتەکە کردبا یان نوکتەم لەسەر کردبایە. لەبەر ئەو هۆکارە پرسیارم زۆر نەکرد، نە لە خۆم و نە لە کەسانی تر. یەکەم جار کە هەستم بۆ کچی تر هەبوو ئەو کاتە بوو کە لە ئامادەیی بووم، بەڵام بە خۆیم و نەووتوو و پرسیارم لەخۆم نەکرد دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. زۆری نەبرد و چەند کەسێکم ناسی کە تەمەنی خۆم یان گەورەتربوون و بە شێوەیەکی جوان و مەدەنییانە باسی هاوڕەگەزخوازییان لەگەڵ کردم. لەگەڵ ئەو هەموو پاڵپشتییەی پێم بەخشرابوو، وێنەی هاوڕەگەزخوازی ڕوونتربوو لەلام و ئەوەش دەرفەتی دامێ کە لەخۆم باشتر تێبگەم و خۆم خۆشبوێت وەک ئەوەی کە هەم. جگە لە چیرۆکی خۆم، پرسیارم کرد لە جووتڕەگەزخوازان کرد لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە دەربارەی ئەزموونەکانی خۆیان، تا باشتر تێبگەم کە ئەوان چۆن لە خۆیان دەڕوانن و ئەو ئاستەنگانە چین کە دووچاری دەبنەوە. سالیی تەمەن ٢٨ ساڵ، کە ئافرەتێکی جووتڕەگەزخوازە لە کەربەلاوە یەکێک بوو لەوانەی پرسیارم لێکردن. سالی تەنها جووتڕەگەزخواز نییە، بەڵام ڕەگەزگۆڕیشە. پێش گۆڕینی ڕەگەزی، ئەو هەستی بۆ پیاو وە بۆ ژنیش هەبوو. ئەمەش دوای گۆڕینی ڕەگەزی نەگۆڕاو و ئێستاش هەستی بۆ هەر دوو ڕەگەزەگە هەیە. سالی دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازی زۆربەی کات لەبیردەکرێت، وە وەک ژنێکی ڕەگەزگۆڕ، ئاڕاستەی سێکسیی منیش زۆربەی کات لەبیرکراوە. بواری ئەوەم نییە شووناسەکانم دەرببڕم. نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو بە گشتی هەر سەرچاوەیەک کە خوێندبێتمەوە دەربارەی ژنانی ڕەگەزگۆڕ، هەرگیز باسی ئاڕاستەی سێکسی و ڕەگەزخوازیمانیان نەکردووە." فەرەح کە ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٧ ساڵە لە کەرکووکەوە دەڵێت ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵە کردووە. فەرەح دەڵێت، "من هاوسەرەکەم لا ئازیزە. پیاوێکی باشە. بەڵام ئەو خۆشەویستی ژیانم نییە." ئەو ڕوونی دەکاتەوە، "لەوانەیە بیربکەیتەوە و بڵێیت تۆ پیاوانیشت بە دڵە، بۆچی لەگەڵ مێردەکەت دڵخۆش نیت؟ من دەڵێم، دڵ ئەوەی دەوێت کە دەیخوازێت، وە دڵی من بۆ یەکێک لە هاوڕێکانمە کە کچە. بەدەست من نییە کێم خۆشدەوێت." شڤان کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی تەمەن ٢٢ ساڵە لە هەولێرەوە، بۆم باس دەکات کە جووتڕەگەزخوازبوون لە عێراق چەند گرانە. شڤان دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازبوون وەک ئەوە وایە کە دوو کەس لە ناختدا هەبێت، هەندێک جار وام لێدەکات کە هەستبکەم شێتم. كاتێک منداڵ بووم، وام دەزانی کە نەفرەتم لێکراوە یان کە شەیتانێک لەناومدایە. بۆیە ڕقم لەخۆم بوو، باوەڕبەخۆبوونم لەدەستدا، لە پێکهێنانی هاوڕێ خۆم بەدوورگرت، وە وا هەستم دەکرد کە من شایەنی خۆشەویستی و گرنگیپێدان نیم." شڤان پێم دەڵێت کە لەو کاتەوەی دەستی کرد بە سەیرکدرنی فیلمی سینەمایی و خوێندنەوەی چیرۆک دەربارەی جووتڕەگەزخوازان، زیاتر لەخۆی تێگەیشت. دوای ماوەیەک، دەستی کرد بەوەی کە خۆی قەبوڵ بکات، بەڵام ئەو ئاڕاستەی سێکسیی خۆی بە نهێنی دەهێڵێتەوە لە خێزانەکەی و زۆربەی هاوڕێکانی، چونکە هەستدەکات کە ئەوان بە هیچ جۆرێک پاڵپشتی نابن. سارا کە کچێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٣ ساڵە لە بەغداوە بۆم ڕووندەکاتەوە کە ترسی ئەو لە توندی کۆمەڵگا وای لێدەکات بەزۆر خۆی وەک کەسێکی دیکە پیشان بدات کە خۆی نییە. ڕوونی دەکاتەوە کە ژن بوون و جووتڕەگەزخوازبوون فشارێکی زۆر دەخاتە سەری، چونکە ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو نەک تەنها دژی کەلتووری کۆمەڵگا وەستاوەتەوە، بەڵکو ئەوەی کە دژی بیروباوەڕە ئاینییەکانیش وەستاوەتەوە. "هەست بە ئارامی ناکەم کە لە پەیوەندییەکدا بم لەگەڵ کچێکدا، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەوە چەندین کێشە بەدوای خۆیدا بهێنێت و لەوانەشە بکوژرێم، لەبەرئەوەش ئەوەم بەلاوە باشترە کە ئاڕاستەی سێکسیم بە نهێنی بهێڵمەوە." ئەمە وەڵامی سارا بوو بۆ پرسیاری ئەوەی بۆ چی بیر لەوە ناکاتەوە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا بێت لەگەڵ کچێکدا. ئارام کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵە لە هەولێرەوە پێم دەڵێت کە ئەو کەسانەی بە ئاڕاستەی سێکسی ئارام دەزانن پێی دەڵێن جووتڕەگەزخوازی ڕێگەی پێدەدات باشترینی هەردوو جیهانەکە بەدەستبهێنێت، بە واتای ئەوەی کە ئارام خۆشبەختە چونکە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ کوڕ و لەگەڵ کچیشدا ببەستێ، کە ئەمەش بە شتێکی باش دادەنرێت بە پێی ئەوان. بەڵام ئارام ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت کە جووتڕەگەزخوازی دەرفەتی باشترت ناداتێ، چونکە ئەو لە کۆمەڵگایەکدا دەژی ڕێگەی پێنادات پەیوەندی لەگەڵ کوڕدا ببەستێت و خۆی بە ئازادی دەرببڕێت، تەنانەت لەگەڵ کچەهاوڕێکەشیدا. دەڵێت، "توانجی زۆر دەبیستم دەربارەی ئەوەی کە من باوەڕم بەخۆم نییە یاخود کە نازانم چیم دەوێی." کچەهاوڕێی پێشووی ئارام ئەوەی پشتگوێ دەخست و لەبیرخۆی دەبردەوە کە ئارام جووتڕەگەزخوازە و وای دەزانی کە تەنها ئەوە قۆناغێکە و لە کۆتاییدا تێیدەپەڕێنێت. دەربارەی تێڕوانین و هەستی ئێستای، ئەو پێم دەڵێت کە سەرەڕای نەبوونی پاڵپشتی و سەرەڕای ئەو تەنیاییەی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو خۆی قەبوڵکردوە و خۆی بە بەختەوەر دەزانێت کە خۆی دۆزیوەتەوە. ئەو خۆی خوشدەوێت و بۆ ئەوەش پێویستی بە پەسەندکردنی هیچ کەسێکی تر نییە. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان بەردەوام هیوامان وایە کە شتەکان لە کۆتاییدا باشترببن. هیوامان وایە کە ڕۆژێک لە کۆمەڵگەکەماندا قەبوڵبکرێین و ئەو دڵەڕاوکێ و فشارانە نەمێنن کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین خۆمان بین. هیوامان وایە کە کۆمەڵگاکەمان ئێمە پەسەند بکات و ئێمەی خۆشبوێت هەر وەک ئەوەی چۆن خۆمان خۆمان خوشدەوێت و خۆمان قەبوڵ دەکەین. رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
October 2024
Categories |