ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی جووتڕەگەزخوازانە کە لە هەندێک وڵات ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت و لە هەندێک وڵاتی تردا تەنانەت ناویشی ناهێنرێت. وەک زانراوە، عیڕاق وڵاتک نییە کە پێشوازی یاخود پاڵپشتی لە کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) بکات بە شێوەیەکی گشتی. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان، تەنانەت دووچاری فشاری زۆرتر دەبینەوە لە کاتی هەوڵدان بۆ قەبوڵکردنی خۆمان و و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەی سێکسیمان بۆ کەسانی دەوروبەرمان. ئێمە وەک کەسانێکی سەرلێشێواو لەقەڵەم دەدرێین وەک ئەوەی کە ئێمە نازانین یاخود ئێمە دڵنیا نین لەوەی چیمان دەوێت. بەردەوام ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێت کە ئایا ئێمە چ ڕەگەزێکمان زیاتر بەلاوە پەسەندە لەگەڵیدا بین و پێمان دەووترێت کە ئەوەی ئێمە پێیدا تێدەپەڕین تەنها قۆناغێکە.
من ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵم کە لەم ماوەیەدا بووم بە ئەندامێک لە عیڕاق کویر. خۆم وەک کەسێکی جووتڕەگەزخواز، پێویستم بە ساڵانێک بوو بۆ دۆزینەوەی ئاڕاستەی سێکسیم لەبەرئەوەی لەو کۆمەڵگایەدا کە منی تێدام، کەسانی ئاسایی تەنها دەبێت خەڵکانی ڕەگەزی بەرامبەریان خۆشبوێت وە ئەگەر وا نەبێت، ئەوا ئەو کەسە نەخۆشی دەروونییە. لە کاتی منداڵیم و هەرزەکاریمدا، باسکردنی بابەتی هاوڕەگەزخوازی ڕێگەپێنەدراوبوو. تەنها کاتێک خەڵکی چەپڵەیان بۆ لێدەدام لەکاتی باسکردنی ئەم بابەتەدا کاتێک دەبوو ئەگەر گاڵتەم بە بابەتەکە کردبا یان نوکتەم لەسەر کردبایە. لەبەر ئەو هۆکارە پرسیارم زۆر نەکرد، نە لە خۆم و نە لە کەسانی تر. یەکەم جار کە هەستم بۆ کچی تر هەبوو ئەو کاتە بوو کە لە ئامادەیی بووم، بەڵام بە خۆیم و نەووتوو و پرسیارم لەخۆم نەکرد دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. زۆری نەبرد و چەند کەسێکم ناسی کە تەمەنی خۆم یان گەورەتربوون و بە شێوەیەکی جوان و مەدەنییانە باسی هاوڕەگەزخوازییان لەگەڵ کردم. لەگەڵ ئەو هەموو پاڵپشتییەی پێم بەخشرابوو، وێنەی هاوڕەگەزخوازی ڕوونتربوو لەلام و ئەوەش دەرفەتی دامێ کە لەخۆم باشتر تێبگەم و خۆم خۆشبوێت وەک ئەوەی کە هەم. جگە لە چیرۆکی خۆم، پرسیارم کرد لە جووتڕەگەزخوازان کرد لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە دەربارەی ئەزموونەکانی خۆیان، تا باشتر تێبگەم کە ئەوان چۆن لە خۆیان دەڕوانن و ئەو ئاستەنگانە چین کە دووچاری دەبنەوە. سالیی تەمەن ٢٨ ساڵ، کە ئافرەتێکی جووتڕەگەزخوازە لە کەربەلاوە یەکێک بوو لەوانەی پرسیارم لێکردن. سالی تەنها جووتڕەگەزخواز نییە، بەڵام ڕەگەزگۆڕیشە. پێش گۆڕینی ڕەگەزی، ئەو هەستی بۆ پیاو وە بۆ ژنیش هەبوو. ئەمەش دوای گۆڕینی ڕەگەزی نەگۆڕاو و ئێستاش هەستی بۆ هەر دوو ڕەگەزەگە هەیە. سالی دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازی زۆربەی کات لەبیردەکرێت، وە وەک ژنێکی ڕەگەزگۆڕ، ئاڕاستەی سێکسیی منیش زۆربەی کات لەبیرکراوە. بواری ئەوەم نییە شووناسەکانم دەرببڕم. نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو بە گشتی هەر سەرچاوەیەک کە خوێندبێتمەوە دەربارەی ژنانی ڕەگەزگۆڕ، هەرگیز باسی ئاڕاستەی سێکسی و ڕەگەزخوازیمانیان نەکردووە." فەرەح کە ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٧ ساڵە لە کەرکووکەوە دەڵێت ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵە کردووە. فەرەح دەڵێت، "من هاوسەرەکەم لا ئازیزە. پیاوێکی باشە. بەڵام ئەو خۆشەویستی ژیانم نییە." ئەو ڕوونی دەکاتەوە، "لەوانەیە بیربکەیتەوە و بڵێیت تۆ پیاوانیشت بە دڵە، بۆچی لەگەڵ مێردەکەت دڵخۆش نیت؟ من دەڵێم، دڵ ئەوەی دەوێت کە دەیخوازێت، وە دڵی من بۆ یەکێک لە هاوڕێکانمە کە کچە. بەدەست من نییە کێم خۆشدەوێت." شڤان کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی تەمەن ٢٢ ساڵە لە هەولێرەوە، بۆم باس دەکات کە جووتڕەگەزخوازبوون لە عێراق چەند گرانە. شڤان دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازبوون وەک ئەوە وایە کە دوو کەس لە ناختدا هەبێت، هەندێک جار وام لێدەکات کە هەستبکەم شێتم. كاتێک منداڵ بووم، وام دەزانی کە نەفرەتم لێکراوە یان کە شەیتانێک لەناومدایە. بۆیە ڕقم لەخۆم بوو، باوەڕبەخۆبوونم لەدەستدا، لە پێکهێنانی هاوڕێ خۆم بەدوورگرت، وە وا هەستم دەکرد کە من شایەنی خۆشەویستی و گرنگیپێدان نیم." شڤان پێم دەڵێت کە لەو کاتەوەی دەستی کرد بە سەیرکدرنی فیلمی سینەمایی و خوێندنەوەی چیرۆک دەربارەی جووتڕەگەزخوازان، زیاتر لەخۆی تێگەیشت. دوای ماوەیەک، دەستی کرد بەوەی کە خۆی قەبوڵ بکات، بەڵام ئەو ئاڕاستەی سێکسیی خۆی بە نهێنی دەهێڵێتەوە لە خێزانەکەی و زۆربەی هاوڕێکانی، چونکە هەستدەکات کە ئەوان بە هیچ جۆرێک پاڵپشتی نابن. سارا کە کچێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٣ ساڵە لە بەغداوە بۆم ڕووندەکاتەوە کە ترسی ئەو لە توندی کۆمەڵگا وای لێدەکات بەزۆر خۆی وەک کەسێکی دیکە پیشان بدات کە خۆی نییە. ڕوونی دەکاتەوە کە ژن بوون و جووتڕەگەزخوازبوون فشارێکی زۆر دەخاتە سەری، چونکە ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو نەک تەنها دژی کەلتووری کۆمەڵگا وەستاوەتەوە، بەڵکو ئەوەی کە دژی بیروباوەڕە ئاینییەکانیش وەستاوەتەوە. "هەست بە ئارامی ناکەم کە لە پەیوەندییەکدا بم لەگەڵ کچێکدا، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەوە چەندین کێشە بەدوای خۆیدا بهێنێت و لەوانەشە بکوژرێم، لەبەرئەوەش ئەوەم بەلاوە باشترە کە ئاڕاستەی سێکسیم بە نهێنی بهێڵمەوە." ئەمە وەڵامی سارا بوو بۆ پرسیاری ئەوەی بۆ چی بیر لەوە ناکاتەوە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا بێت لەگەڵ کچێکدا. ئارام کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵە لە هەولێرەوە پێم دەڵێت کە ئەو کەسانەی بە ئاڕاستەی سێکسی ئارام دەزانن پێی دەڵێن جووتڕەگەزخوازی ڕێگەی پێدەدات باشترینی هەردوو جیهانەکە بەدەستبهێنێت، بە واتای ئەوەی کە ئارام خۆشبەختە چونکە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ کوڕ و لەگەڵ کچیشدا ببەستێ، کە ئەمەش بە شتێکی باش دادەنرێت بە پێی ئەوان. بەڵام ئارام ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت کە جووتڕەگەزخوازی دەرفەتی باشترت ناداتێ، چونکە ئەو لە کۆمەڵگایەکدا دەژی ڕێگەی پێنادات پەیوەندی لەگەڵ کوڕدا ببەستێت و خۆی بە ئازادی دەرببڕێت، تەنانەت لەگەڵ کچەهاوڕێکەشیدا. دەڵێت، "توانجی زۆر دەبیستم دەربارەی ئەوەی کە من باوەڕم بەخۆم نییە یاخود کە نازانم چیم دەوێی." کچەهاوڕێی پێشووی ئارام ئەوەی پشتگوێ دەخست و لەبیرخۆی دەبردەوە کە ئارام جووتڕەگەزخوازە و وای دەزانی کە تەنها ئەوە قۆناغێکە و لە کۆتاییدا تێیدەپەڕێنێت. دەربارەی تێڕوانین و هەستی ئێستای، ئەو پێم دەڵێت کە سەرەڕای نەبوونی پاڵپشتی و سەرەڕای ئەو تەنیاییەی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو خۆی قەبوڵکردوە و خۆی بە بەختەوەر دەزانێت کە خۆی دۆزیوەتەوە. ئەو خۆی خوشدەوێت و بۆ ئەوەش پێویستی بە پەسەندکردنی هیچ کەسێکی تر نییە. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان بەردەوام هیوامان وایە کە شتەکان لە کۆتاییدا باشترببن. هیوامان وایە کە ڕۆژێک لە کۆمەڵگەکەماندا قەبوڵبکرێین و ئەو دڵەڕاوکێ و فشارانە نەمێنن کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین خۆمان بین. هیوامان وایە کە کۆمەڵگاکەمان ئێمە پەسەند بکات و ئێمەی خۆشبوێت هەر وەک ئەوەی چۆن خۆمان خۆمان خوشدەوێت و خۆمان قەبوڵ دەکەین. رەند عیڕاق کویر
0 Comments
Leave a Reply. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
October 2024
Categories |