تەندروستی و ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی عێراقییانی کویر بەدوایدا دەگەڕێن: لە دیدی پزیشکەوە3/24/2021 بەگشتی کەرتی تەندروستی لە عێراق باشترین نییە ئەگەر بەراوردی بکەین بە وڵاتانی تر. وە لەگەڵ بەربڵاوی هۆمۆفۆبیا (ڕق و کینە دژ بە هاوڕەگەزخوازان) لە نێوان پزیشکان و پەرستاران و دەرمانسازانەوە کە لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن، پێویستییە تەندروستییەکانی عێراقییانی وەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەدەگمەن دابین دەکرێت.
کاتێک باس لە گرفتەکانی تەندروستی دەکەین، مەبەستمان لە دان ئێشە و هەڵامەتی ئاسایی نییە. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پێویستیان بە نەشتەرگەری و پشکنینی نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگای سێکسەوە و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی هەیە کە لە هیچ جێگایەکی وڵاتەکەدا بەردەست نین. لەبەرئەوەش زۆربەی هاوڕەگەزخوازان خۆیان بەدووردەگرن لە سەردانکردنی پزیشكان وە یاخود کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن، باسی ئاڕاستەی سێكسییان ناکەن لای پزیشکان چونکە هەندێک لە پزیشکان تەنها یارمەتیدان ڕەتناکەنەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا دەبنە مایەی کێشە و گرفتی زیاتر بۆ نەخۆشەکان و دەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و سترێس سەرەنجامی تانە و هەڕەشە. عیڕاق کویر چیرۆکی دوو پزیشکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە ئامادەن یارمەتییە تەندروستییەکانیان پێشکەشی هەموو عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز بکەن و هیوایان وایە کە یارمەتی ئەوان ببێتە مایەی چارەسەرکردنی هەنێک لە کێشەکان و هانی پزیشکانی تر بدات کە هەمان جۆری یارمەتی پێشکەش بکەن. د. ئەنجێلۆ (ناوی خوازراو) کە خوێندکارێکی پزیشکیی عێراقییە و پزیشكی گشتی و نەشتەرگەری دەخوێنێت لە زانکۆی بەغداد چیرۆکی خۆیمان بۆ باس دەکات کە چۆن دەستی کرد بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. "نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوپێش، دەستمکرد بە ڕێچکەی داکۆکی کردن لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا وەک "وۆرڵد مێریت". لەو کاتەدا، ڕاوێژم پێشکەش دەکرد و هۆشیاریم بڵاودەکردەوە لەنێوان کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە زۆربەیان خزم بوون. ئەو پاڵپشتییە مەعنەوییە گەشەی کرد و بوو بە شتێکی جیاواز کاتێک بووم بە خوێندکارێکی پزیشكی پێنج ساڵ لەمەوپێش. پاش بەدەستهێنانی ئەزموون، دەستمکرد بە پێشکەشکردنی ڕاوێژی پزیشکیم بۆ ئەوانەی پێویستییانە بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسییان. وەک پزیشکێک کە لە وڵاتێکدا دەژی و کاردەکات کە تیایدا هاوڕەگەزخوازی بەنایاسایی دادەنرێت، چەند کاتێک هەبووە کە بینیومە پیاوانی ڕەگەزگۆڕ چ ترسێکیان هەیە کاتێک دەهاتن بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هەندێکیان تایبەتمەندی مێینەیان هەموو کە وایکردبوو کەسانی دیکە بە ئاسانی سەرنجیان بدەن و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن لەبەر ئەو هۆکارە. جگەلە ترس، ئەوان شەرمەزار بوون لە ڕەگەزگۆڕی خۆیان و زۆر شەرمیان دەکرد تا مامەڵە لەگەڵ کەسانی دیکەدا بکەن لەکاتێکدا هەندێک ڕەتیان دەکردەوە کە ڕەگەزگۆڕن کاتێک نەخۆشی ئایدزییان تێدا دەستنیشان دەکرا. وەک پزیشکێکی هاوڕەگەزخواز، بەتەواوەتی تێدەگەم بۆچی ئەوان ئەم جۆرە هەستانەیان هەبووە. هەروەها من ناشتوانم لە شوێنی کارکردنمدا باسی ئاڕاستەی سێکسی خۆم بکەم چونکە زۆر باش دەزانم کە کۆمەڵێک کێشەی زۆر بەدوایدا دێت ئەگەر ڕاستگۆبم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. ڕێگایەک بۆ ئەوەی من بەردەوام بم لە بەخشینی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بریتیە لە بەخشینی ئەو خزمەتگوزاییانە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە. لەم ڕێگەیەوە دەتوانم لەوە دڵنیابم کە هەموومان سەلامەتین. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ داوای هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی تایبەتی ناکەن! هەموو ئەوەی پێویستیانە بریتیە لەوەی کە ئەوان بتوانن ئەو خزمەتگوزارییانە بەدەسبهێنن کە عێراقییانی دیکە هەیانە. خەڵکی لە کۆمەڵگادە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ چەندین جۆری هەوکردن و نەخۆشیی گواستراوە لەڕێگەی سێکسەوە، بۆیە پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی یەکەمییان دەستبکەوێت کە ئەمە مافی هەموو هاوڵاتییەکە. من داوا دەکەم لە ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازی عێراقی کە گرنگی بەخۆیان بدەن. تەندروستیی جەستەییان کاردەکاتە سەر نەک تەنها تەمەنیان بەڵکو کاردەکاتە سەر هەموو لایەنێکی تری ژیانیشیان. هەروەها کاردەکاتە سەر ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێن. بۆیە تکایە ئەگەر هەستتکرد نەخۆشیت دوودڵ مەبە لە بەدەستهێنانی ئەو یارمەتییە تەندروستییەی پێویستت پێتەتی. وە ئەگەر زۆر دەترسیت لە سەردانی کردنی نەخۆشخانە، هیوامان وایە گروپێکی پزیشکان دروست بکەین کە خۆمان سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بین یان ئەوانەی پاڵپشتیکاری کۆمەڵگاکەن تا بتوانین ئەو یارمەتییەت پێببەخشین کە پێویستت پێیەتی یان بتگەیەنین بە پزیشک و دەرمانساز و نەخۆشخانەی دیکە کە بەخێرهاتنت بکەن. دووبارە دەیڵێمەوە، تەندروستیت گرنگە. پاش دەرچوونم لە زانکۆ، وە چ لە عێراق بم یان لە دەرەوەی عێراق، من ئامادەم هەموو زانستی خۆم و کاتم پێشکەش بکەم بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ چونکە لەوە تێدەگەم چەندگرانە خزمەتگوزاری تەواو بەدەستبهێنیت. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی خزمەتگوزاری پزیشکی بە ئێوە بۆیە ئەگەر هیچ پرسیارێک یان گرفتێکتان هەیە دەربارەی تەندروستیت، پەیوەندی بکە بە عیڕاق کویرەوە تا بە منت بگەیەنن." داڤید (ناوی خوازراو) پزیشکێکی گشتیی عێراقییە و هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی داڤیدا دەستپێدەکات کاتێک چەند کەسێکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پەیوەندییان پێوەکرد تا بپرسن دەربارەی کێشەی تەندروستییان کە پەیوەندی هەموو بە ئاڕاستەی یاخود ڕەفتاری سێکسییانەوە. داڤید دەڵێت کە ئەوانەی پەیوەندییان پێوەکردبوو بۆ یارمەتی زۆر دەترسان لەوەی بڕۆنە لای پزیشکێکی تر لەترسی ئەوەی دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بن. "سەرنجی ئەوەم دا کە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خزمەتگوزاری تەندروستیی ڕێک و پێکییان نییە، لە نێوانە ئەوانەشدا خزمەتگوزاری سادە و سەرەتایی. ئەوەش دەستپێکردنی ئەزموونی من بوو تا ببمە پزیشکێک ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات. بەدرێژایی ئەزموونم، سەرنجی ئەوەم دا کە ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشیکییەکان دەگۆڕێت بەپێی ئاڕاستەی سێکسیی نەخۆشەکە. جۆری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکە، چۆنییەتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکە، وە ئەو چارەسەرەی کە دەدرێت بە نەخۆش هەمووی زۆر دەگۆڕێت بەگوێرەی ئاڕاستەی سێکسی نەخۆشەکان. بەداخەوە، هۆمۆفۆبیا (ترس و ڕق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) زۆر بەربڵاوە لەنێوان کارمەندادنی تەندروستیدا هەر لە پزیشکەوە تا دەرمانساز و پەرستیار و ئەوانەی تریش. ئەو هۆمۆفۆبیایەش وا لە هەندێک لە پێشكەشکارانی تەندروستی دەکات کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەکاری بهێنن بۆ هەڕەشە کردن لە کەسانەی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یان بەکارهێنانی وشەی ناشرین بەرامبەریان. پێشنیاری من ئەوەیە کە ئەگەر سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یت ئەوا پزیشكەکەت بە ئاگاوە هەڵببژێرە، ئەگەر دەتوانیت بگەیت بە پزیشکێک کە خۆی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت یان مێشك کراوە بێت، ئەوە باشترین بژاردە دەبێت. ئەگەر نا، هەتا دەتوانیت خۆت بەدوور بگرە لە باسکردنی ئاڕاستەی سێکسی یان شووناسی جێندەریت و ئەگەر پرسیارت دەربارەی ئەوانە لێکرا، ئەوا ڕەتی بکەرەوە کە تۆ کویریت یان ڕەتی بکەرەوە کە تۆ سێکست کردووە چونکە لە زۆربەی بارەکاندا ئەم وردەکارییانە پەوەندییان نییە بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانەوە، بۆیە زیاتر جەخت بکەرە سەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە و بە ووردی باسییان بکە و شتەکانی تر باس مەکە. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی یارمەتیی پزیشکی بۆ هەر کەرسێک کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت لە چوارچێوەی دەسەڵات و توانای خۆمدا وەک پزیشکێکی گشتی وە بۆ گرفتە تەندروستییەکانی پەیوەندیدار بە جەستە و تەندروستیی دەروونیشەوە." چۆنیەتی داواکردنی یارمەتی تەندروستیی لە عیڕاق کویر عیڕاق کویر هیوای وایە کە گشت ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ تەندروست و سەلامەت بن. ئاسان نییە کە سەر بە کۆمەڵگاکە بیت لە عێراق و بۆیە عیڕاق کویر لە هەوڵی ئەوەدایە کە جێگای ئارام دروست بکات. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدانی هەریەکێکی لە ئێوە کە پێویستی بە خزمەتگوزاری تەندروستیی کتوپڕ هەیە کە لەوانەیە لە نەخۆشخانە بەردەست نەبێت. بۆ ئەوەی ئێـمە یارمەتیت بدەین، ئیمەیڵێک یان نامەیەکمان بۆ بنێرە بۆ هەژمارە فەرمییەکانمان لەسەر سوشیاڵ میدیا و و پێمان بڵێ گرفتەکەت چییە و ئێمە چۆن بتوانین یارمەتیت بدەین. رەند عیڕاق کویر
0 Comments
Leave a Reply. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |