"گەنجانی پەلکەزێڕینە بەنزیکەیی پێنج جار زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت بەبەراورد بە جیاڕەگەزخوازان"، ئەمە بەگوێرەی ترێڤەر پڕۆجێکت کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی ئەمەریکییە کار دەکات لەسەر ڕێگرتن لە خۆکوشتن لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەدا.
خۆکوشتن هۆکارێکی گەورەی مردنی کەنجانە. بەگوێرەی داتای ترێڤەر پڕۆجێکت، گەنجانی پەلکەزێڕینە کە لەخێزانی قبوڵنەکار و پەسەندنەکارەوە دێن ٨.٤ جار ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەوڵی خۆکوشتنیان دابێت. ئەو ڕقەی کە لە ئەندامی خێزانەوە دێت دیارە گرانترین شتە کە ڕووبەڕووی عێراقییانی کویر دەبێتەوە و بەبێ هیچ هاوکارییەک لە حکومەتەوە فشارەکە ئەوەندەی تر گران دەبێت. زۆرێك لە ئێمە هاوڕێ یان خێزانی پەلکەزێڕینەمان هەیە کە دەناڵێنن. گوێمان لێدەبێت چەندێک دەیانەوێت هەڵبێن بۆ وڵاتێکی تر کە تیایدا هەست بە ئارامی بکەن و بتوانن بە ئاشکرایی و کراوەیی بژین، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوژینی ڕۆحیان بکەن، منداڵ بەخێوبکەن، یاخود تەنها لە کوژران بەدووربن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ئێمە هاوڕێمان لەدەستداوە کە هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە هەستبکەن بینراون و گوێیان لێگیراوە. ئەو هاوڕێیانەمان ژیانی خۆیان کۆتایی پێهێنا وەک کاردانەوەیەک بۆ گێچەڵ و هەراسانکردن، هۆمۆفۆبیا، خراپ مامەڵەکردن، دەسترێژی و خەمۆکی. خۆکوشتن گاڵتە و گەپ نییە، وە ئەو کەسانەی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە شێت یاخود لاواز نین. کەسانی پەلکەزێڕینە لە زۆرترین مەترسی خۆکوشتندا دەبن کاتێک خێزان و هاوڕێکانییان بە ئاڕاستەی سێکسییان دەزانن. کاتێک خێزانێک دەزانن کچەکەیان یاخود کوڕەکەیان کویرە، هاوسەرگیری زۆرەملێ شتێکە کە خێزانەکە وەک چارەسەرێک دەیبینن لەکاتێکدا هەندێک خێزانی تر کوشتنی شەرەف هەڵدەبژێرن ئەگەر مێ بێت، یان وازلێهێنان و حاشالێکردن ئەگەر نێر بێت. یەکێک لە چەندین مردنی بەئازار مردنی کچێکی گەنجە کە ناوی تارا بوو. تارا قوربانی ڕق و هۆمۆفۆبیا بوو کە وای لێکرد کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت لە تەمەنی تەنها ٢٠ ساڵیدا. ئەمڕۆ، کەوسەر کە هاوڕێی نزیکی تارا بوو، باسی چیرۆکی تارامان بۆ دەکات و دەڵێت "تارا تەنها خوێنکارێکی کۆلێژ بوو کاتێک ژیانی هەڵگەڕایەوە. ئەو خوێنکاری ئەندازیاری بوو وە ئامانجی ئەوە بوو ببێت بە ئەندازیارێکی سەرکەوتوو. ئەگەر ئەو لەژیانا مابا، ئێستە تەمەنی ٢٤ ساڵ دەبوو. تارا ئاژەڵانی خۆشدەویست، بەتایبەتی باڵندە، وە ڕەنگە دڵخوازەکانی سەوز و مارۆنی بوون. ئەو حەزی لە گۆرانی وتن و کتێب خوێندنەوە بوو وە چەندین ئامانج و گۆڵی گەورەی هەبوو کە دەیویست بەدییان بهێنێت. تارا هاوڕەگەزخواز بوو وە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵ کیژێکدا و یەکترییان خۆشدەویست. دوو کیژەکە بڕیاریان دابوو کە عێراق بەجێبهێڵن و پلانی هەموو شتێکیان دانابوو. لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتبوون لەوانەش چۆنییەتی ڕۆیشتن لە عێراق، ئەو شوێنەی بۆی بچن، وە کەی بڕۆن. بەڵام بەداخەوە، شتەکان وا بەباشی نەڕۆشتن. تارا ئامۆزایەکی هەبوو کە چەند جارێک داوای کردبوو بۆ هاوسەرگیری بەڵام تارا ڕەتی دەکردەوە. ئامۆزاکە دەیزانی کەسێک هەیە لە ژیانی تارادا، بەڵام نەیدەزانی ئەو کەسە کچە. لە کاتێکدا تارا سەرقاڵی پلاندانان و ژیانی ڕۆژانەی بوو، ئامۆزاکەی بەباشی زانی کە مۆبایلەکەی تارا هاک بکات، هەموو نامەو پەیامەکانی بخوێنێتەوە، وە هەموو وێنەکانی خۆی و خۆشەویستەکەی ببینێت، پاشان هەموو شتەکان نیشانی خێزانی تارا بدات و داوای تارا بکاتەوە دووبارە. وای زانی کە ئەمە وای لێدەکات نەتوانێت ئەم جارە ڕەتی بکاتەوە. ئامۆزا شەڕەنگێزەکە ئەوەی دەستکەوت کە دەیویست. مۆبایلەکەی تارای هاک کرد، وە بەڵێ تارا لەگەڵ کەسێکدا بوو، بەڵام کەسەکە کوڕ نەبوو وەک ئەوەی ئامۆزاکە چاوەڕوانی دەکرد. ئەو بەبێ هیچ دوودڵییەک هەموو شتەکانی نیشانی دایک و باوکی تارا دا کە ئەوانیش لە تارایان دا و بیرییان لە کوشتنی کردەوە. بەڵام ئامۆزاکەی ویستی پلانەکەی خۆی سەربخات، بۆیە دووبارە داوای هاوسەرگیری لێکردەوە و خێزانەکەی دوودڵ نەبوون لەسەر ئەوەی بە زۆر تارا بە شوو بدەن ئەم جارەیان. پاش ماوەیەک لە مامەڵەی خراپ و دەمەقاڵێ، تارا بوو بە دەستگیرانی کوڕەکە. خێزانەکە دڵنیابوون لەوەی تارا ڕانەکات یان داوای یارمەتی لە کەسێک بکات. بۆیە ئەوان مۆبایلەکەیان لێسەند و لەماڵ بەندییان کرد. تارا نەیدەتوانی داوای یارمەتی لە کەس بکات و کچەهاوڕێکەشی نەیدەتوانی بۆیە ئەوەی تووانیان بیکەن تەنها چاوەڕوانی و هیوا خواستن بوو بۆ دەزینەوەی ڕێگەچارەیەک. وادیارە کە تارا بیرۆکەی تری هەبووە لە مێشکیدا جگەلە بیرکردنەوە لە جێهێشتنی ماڵ. وادیارە کە بیرۆکی مردن ئارامی پێبەخشیوە. چەند ڕۆژێک پێش ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی، تارا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. وەک هەر وا، تارا نەما! تەنانەت منیش بەوەم نەزانی هەتا خوشکەکەی پێی وتم. تەنها ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە تارا مردنی بەلاوە خۆشتربوو لەوەی پیاوێک دەستی لێبدات. بیرم دێت لە دوواین ڕۆژەکانیدا، کاتێک قسەمان دەکرد، تارا کۆمەڵێک شتی دەووت وەک ئەوەی چەندە منی خۆشدەوێت وە کە چەند شانازی بە ناسینی منەوە دەکات. ئەو پێی دەوتم کە هیچ شتێک دەربارەی من هەڵە یان چەوت نییە و داوای لێدەکردم بەهێزبم و نەهێڵم کۆمەڵگا بمڕوخێنێت. هەروەها باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو چەند هیلاک و ماندووە. بەداخەوە، لە کاتی تارادا هیچ ڕێکخراوێک لەناو وڵاتەکەدا نەبوو کە تارا خۆی یاخود کچە هاوڕێکەی داوای یارمەتییان لێبکات و هیچ کەسێکی تر نەبوو لایەنی ئەوان بگرێت. لەڕاستیدا هیوایەکی زۆر نەبوو بۆ ئەو دووانە، چونکە ئەگەر هەبووایە ئەو مردنی هەڵنەدەبژارد. من هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ئۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت بۆیە بیستنی هەواڵی مردنی تارا زۆر ئازاربەخش بوو. تا ئەم ڕۆژەش لەو هەواڵ و تاسەیە چاک نەبوومەتەوە. وە بێزارکەرترین شت ئەوەیە کە لەم هەموو ساڵەدا، چیرۆکی تارام بۆ کەس نەگێڕاوەتەوە چونکە منیش خێزانێکم نییە خۆشی بوێم ئەگەر بزانن من هاوڕەگەزخوازم. دەبوو چیرۆکی ئەو وەک نهێنییەک بهێڵمەوە چونکە ئەگەر بۆ خەڵکی باس کەم ئەوا دەڵێت کە ئەو شایەنی ئەوە کە بەسەری هاتووە یان کە تارا کەسێکی خراپ و کچێکی خراپ بووە. بۆیە دەبوو ئەو هەموو خەم و توڕەییە لەناخما هەڵبگرم و لەژیان بەردەوامبم وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت. تا ئەمڕۆش، نازام چۆن توانیم خۆم دەربێنم لەو قۆناغە تۆقێنەرە. تەنها ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بەڕاستی کاتێکی زۆر دژوار بوو بۆم. هیوای من ئەوەیە کە هیچ کەسێک بەوەدا تێنەپەڕێت کە تارا پێیدا تێپەڕی وە ئەوەمان لەیادبێت کە هەموومان رۆژێک دەمرین بۆیە با پەلەی لێنەکەین. ڕۆحی ئەو لە ئارامیدایە ئێستا و دڵنیام ئێستا لە شوێنێکی باشترە." وەک کەسێکی کویر کە لە وڵاتێکی دژ بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەژی، لەیادت بێت کە هەموو ڕوژێک تۆ بە جەنگێکدا تێدەپەڕیت وە لەبەر ئەوە تۆ پاڵەوان و براوەیت بە مانەوە لە ژیاندا. بزانە کە تۆ بەتەنیا ڕاناوەستیت و وە کە ژیانت دەکرێت بگۆڕێت و بەرەو باشتر بڕوات. ئەگەر کەسێکیت کە بە دەست بیرۆکەی خۆکوژییەوە دەناڵێنیت و پێویستت بە کەسێکە قسەی لەگەڵ بکەیت، پەیوەندی بکە بە ئیمەیڵی : [email protected] ئێمە دەتنێرین بۆ پزیشکێکی عێراقیی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز کە بتوانێت پاڵپشتی دەروونیت بکات و گوێت لێبگرێت. هەمیشە بزانە کە تۆ لەمەدا تەنها نیت.
0 Comments
Leave a Reply. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |