مانگی شەشی هەموو ساڵێک بە مانگی شانازی ناودەبرێت و هەلێکی نایابە بۆ چالاکوانانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕێنە تا بتوانن چەندەها جۆر بۆنەی جیاوز رێکبخەن بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی ئەو جیاکارییەیەی ڕووبەروی کۆمەڵەی پەلکەزێڕیە دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا و هەروەها کاریگەرە ئەرێنییەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەسەر کۆمەڵگا.
چەندەها ڕێکخراوی مرۆیی کە هەوڵ بۆ یەکسانی کۆمەڵە پەرەوێزخراوەکان دەدەن بەتایبەتی کۆمەڵەی پەلکەزێرێنە زانیاری زۆر پڕبەها بڵاودەکەنەوە دەربارەی ئەم مانگە. زانیارییەکانیش لە ڕێگای سۆشیەڵ میدیاوە بڵاودەکەنەوە تا بتوانرێت زۆرترین خەڵک پێیان بگەن و بخوێنرێنەوە. سێ کەس لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی عێراقەوە بە ناوی کەریم و مارسیلین و سارا چیرۆکی خۆیان لەگەڵ ئێمە هاوبەشی پێدەکەن و باسی ئەوە دەکەن کە مانگی شانازی چ واتایەکی بۆ ئەوان هەیە. "کاتێک کە خۆمم وەک کویر قبوڵ کرد، توانیم جیاوازییەکانی خەڵکانی تریش قبوڵ بکەم" -کەریم، پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٣ ساڵ لە شاری نەجەف کەریم دەڵێت: "تێگەیشتن لە سێکسخوازی و ئاڕاستەی سێکسی خۆم و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە یارمەتی دام چواردەورم پڕبکەم لەو کەسانەی کە پشتگیریم لێدەکەن و یارمەتیم ئەدەن ئەوەندە متمانەم بەخۆم بێت تا بتوانم بەڕاستی خۆم بم" ئەشتوانم بڵێم کە هاوڕێ نزیکەکانم گۆڕاون لەو کاتەوەی کە هاوڕەگەزخوازی خۆمم ئاشکرا کردوە و پشتگیری خۆمم بۆ کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بڵاوکردۆتەوە. کاتێک من توانیم بە ڕاستی خۆم بم چەند هاوڕێیەکم لە دەست دا چونکە پشتگیریان لێندەدەکردم بەڵام لە هەمان کاتدا چەند هاوڕێیەکی ترم ناسی لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کە زۆر لە هاوڕێکانی پێشووم تێگەیشتووتر بوون وهەلی ئەوەیان پێبەخشیم کە خوم بم و ئاڕاستەی سێکسیم دەرببڕم بە ئارامی. ئەوەی زۆر بەلامەوە جوانە دەربارەی مانگی شانازی ئەوەیە کە چەند بایەخ بە کۆمەڵەی پەلکەزیڕینە دەدرێت! هەموو دونیا باسمان دەکات و هەلێکمان ئەیەنێ زانیاری و هۆشیاری و خۆشەویستی بڵاوبکەینەوە. وەکو ئەندامێکی کۆمەڵگاکە دەتوانم بلێم بە هەبوونی یان بە بێ پستگیری بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێرنە هەر دەژین و بوونمان دەبێت. بەردەوام دەجەنگین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و ناوەستین تاوەکو نادادپەروەری و سەرکوتکاری کۆتاییان پێدێت." "هەموو کەس شایەنی خۆشەویستییە! جا ئەو خۆشەویستییە لە کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەزەوە یان ڕەگەزێکی تر بێت، ئەمە نابێت کێشە یاخود هەڕەشەیەک بێت بۆ هیچ کەسێک." -مارسیلین، کچێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٠ ساڵ. "لەو ڕۆژەوەی بە ئاڕاستەی سێکسیی خۆم ئاشنابووم، هەمیشە بە وریاییەکی زۆرەوە ئەو کەسانەم هەڵبژاردووە کە ئاڕاستەی سێکسی خۆمیان بۆ ئاشکرابکەم، چونکە دەزانم کە خەڵکی لەوانەیە ڕق و کینەیەکی زۆرت ئاڕاستە بکەن کاتێک بزانن تۆ لەوان جیاوازیت. هەوڵ دەدەم کە ژمارەی ئەو کەسانی بە ئاڕاستەی سێکسیم دەزانن بە زۆر کەم بهێڵمەوە و هەمیشە کەسانێک هەڵدەبژێرم کە مێشک کراوە و پاڵپشتیکاربن! بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، هەندێک لە هاوڕێکانم لەدەستدا کاتێک زانییان من پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکەم. جا خەڵکی هەرچۆنێک ئەو لەو کەسانە بڕوانن کە کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەزیان خۆشدەوێت، چ وەک شتێکی پیس یاخود وەک نەخۆشییەکی دەروونی لێی بڕوانن، هێشتا باوەڕم وایە کە هەمووکەسێک دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و بەهای بزانرێت و خۆشبویسترێت وەک ئەوەی کە هەیە. بۆ من، هەموو مانگێکی ساڵ وەک مانگی شانازییە چونکە من هەمیشە سەربەرزم بەوەی کە سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەم. بەڵام دەشزانم کە چەندین گۆڕانکاری لەوانەیە بەدیبێن بە یادکردنەوەی ئەم مانگە هەموو ساڵێک. مانگی شانازی گرنگە چونکە وەک ماتەمینی و یادهاتنەوەیەکە بۆ هەموو ئەو ئەو کویرانەی کوژراون یان ئەشکەنجەدراون، یاخود کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە دەرەنجامی ئەو هەموو ڕق و کینەیەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە. وەک کویرانی عێراق، با ئەوە لە یاد نەکەین کە عێراق جێگایەکی ئارام و سەلامەت نییە بۆ ئێمە، بۆیە پێشنیاری من بۆ ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراق ئەوەیە کە هەمیشە وریابن لەوەی کە شووناسی خۆیان بۆ کێ ئاشکرا دەکەن. پێویست ناکات شووناسی کویری تۆ ئاشکرا بێت تا بوونت پەسەندبکرێت، بۆیە زۆر لەخۆت مەکە و بە کەسانێک بڵێیت کە لەکۆتاییدا ئازارت پێ بگەیەنن. هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت کە شاردنەوەی شووناست لەبەر ئەوە نییە کە تۆ هەڵەیت یاخو شتێکی هەڵە دەکەیت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە تۆ لە شوێنێک دەژیت خەڵکی ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەیان نییە کە قبوڵت بکەن. خۆتان خۆشبوێت، هەمیشە پاڵپشتی لە یەکتر بکەن و سەلامەت بن." " کاتێک بۆم دەرکەوت من گشتڕەگەزخوازم هیچ گۆڕانکارییەک لە کەسایەتیمدا ڕووی نەدا، بەڵام وای لێکردم کە بە وریایی و نائارامییەوە لە دەوروبەرم بڕوانم، چونکە ئەوانەی دەوروبەرم هەموویان پاڵپشتیکار یان تێگەیشتوو نەبوون." -سارا، كچێکی گشتڕەگەزخوازی تەمەن ٢٠ ساڵ لە هەولێر "لەو کاتەوەی ڕاستگۆ بووم دەربارەی ئاڕاستەی سێکیسم، ژمارەیەکی زۆر هاوڕێم لەدەستدا و دووچاری خراپ مامەڵەکردن و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونیش بوومەوە. ڕاستە من ئەو کەسانەم لەدەستدا، بەڵام هەلی ئەوەشم بۆ ڕەخسا کە خەڵکی تازە بناسم لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەوە، یاخود کەسانی پاڵپشتیکار کە منیان خۆش دەوێت وەک خۆم. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە کویربوون، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک عێراق، باشی و خراپی خۆی هەیە. بەداخەوە، مانگی شانازی شتێکە کە بەئەزموونم نەکردووە، بەڵام چەندین کەس دەناسم کە بە دژواری و ستەمدا ڕۆیشتوون و جەنگیون تا جێگایەکی بچووک بۆ پەسەندکرنی کۆمەڵگاکەمان لە جیهاندا بکەنەوە، هەروەها کەسانی تریش کە ژیانی خۆیان لەدەستاوە لەپێناو مافەکانی کۆمەڵگاکەماندا و من بەرزترین ڕێزم بۆ ئەم کەسانە هەیە و هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا جێگایەنی فراوانترمان بۆ بکرێتەوە لە کۆمەڵگادا. تا ئەو کاتەی هەلی ئەوەم بۆ دەڕەخسێت بەشداری لە ئاهەنگێکی شانازیدا بکەم، هەوڵ دەدەم لەسەر ئینتەرنێت بەئەزموونی بکەم. پەیوەندیم هەیە لەگەڵ کەسانی کویر لە چەدین وڵاتانی جیهانەوە کە وێنە و وردەکاریم بۆ دەنێرن دەربارەی بۆنەکانی مانگی شانازی و من ئاواتەخوازم ڕۆژێک لەگەڵیان بم. تا ئەو کاتە و تا ئەو کاتەی عێراقییانی کویر هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت ئاهەنگ بگێڕین بەو شێوەیەی دەیخوازن، بە ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەڵێم کە پاشەکشە لە شووناسی خۆیان نەکەن و هەمیشە هەوڵ بدەن ڕق پشتگوێ بخەن. ڕوژێک دێت کە پاڵپشتی و خۆشەویستی بەدەستدێنین لەم کۆمەڵگایدا یاخود لە دانەیەکی تردا."
0 Comments
لە بەربواری ١٧ەی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٠دا، دوای چەندین ساڵ لە توندوتیژی بەرامبەر کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە و پۆلێنکردنی هاوڕەگەزخوازی لە ژێر نەخۆشی دەروونیدا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بڵاویکردەوە کە هاوڕەگەزخوازی چیتر وەک نەخۆشی دەروونی تەماشا ناکرێت.
پاشان دوای بەرواری ١٧ەی ئایاری ساڵی ٢٠٠٥ چەندەها وڵاتانی جیهان لەم رۆژەدا ئاهەنگیان گێڕا و سەرەتا بە "ڕۆژی جیهانی دژی جیاکاری بارەمبەر هاوڕەگەزخوازی" ناسرا. پاشان هەردوو وشەی "ڕەگەزگۆڕی" و "جووت ڕگەزخوازی"یشی پێوە لكێنرا و بۆ ئاسانکاریش خەڵک بە وشەی کورتکراوەی "IDAHOBIT" ئاماژەیان بەم ڕۆژە دەکرد. هەربۆیە ١٧ەی مانگی ئایار بەروارێکی زۆر بەنرخ و گرینگە بۆ سەدەها خەڵک لە سەرانسەریی جیهاندا بەتایبەتی لەبەر ئەوەی دەتوانن هاوڵاتیان ئاگادار بکەنەوە دەربارەی ئەو توندوتیژیەیەی ڕۆژانە ڕووبەڕوی جووتڕەگەزخوازان و پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕان دەبێتەوە. ئایا چۆن ئەم ڕۆژە لە ئیراقدا ڕەنگی دایەوە؟ پێشتر ئاهەنگ بۆ ڕۆژی جیهانی دژی جیاکاری بارەمبەر هاوڕەگەزخوازی و ڕەگەزگۆڕی و جووت ڕەگەزخوازی لە ئیراقدا بینراوەو بەڕێوە چووە بەڵام هەرگیز کاردانەوەیەکی پەسەندی نەبووە. لە بەرواری ١٧ەی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ لە پایتەختی ئیراق، واتە لە شاری بەغداد، بە ئەمادە بوونی باڵیۆزاخانەکانی کەنەدا و بەریتانیا و ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپی ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای پەلەکەزێڕینە بەڕێوە چوو بەمەبەستی ئاهەنگ گێڕان بۆ ئەم ڕۆژە بە نرخە. زۆری نەخایان هاتاوەکو هەواڵەکە لە هەموو شوێنێکدا ڕەنگی دایەیەو و هەموو کەسێک تێبینی و ڕاوبۆچوونییان دەربارەی ڕێوڕەسەمەکە بڵاوکردەوە. چەندەها کەناڵی هەواڵی تەلەفزیۆنی و چەندەها سەکۆی جیاوازی سۆشەڵ میدیا سەرقاڵ بوون بە ئەو کارەی باڵیۆزخانەکان لە بەغداد ئەنجامیاندا. کەمینەی خەڵک دڵ خۆش بوون و شانازیانان دەکرد بەڵام زۆرێنەی خەڵک ناڕەزاییەکی تەواویان دەربڕی. بەپێی ڕاپۆرتێکەی ئالێکس مەکدۆنەڵد لە کەناڵی (میدڵ ئێست ئای)،دوای ماوەیەکی کورت پاش هەڵکردنی ئاڵاکە سیاسەتەمەدارانی ئیراقی ناڕەزایی خۆیان دەربارەی کردارەکە بڵاوکردەوە و هەروەک یەکێک لە نەخۆشییە دەرونییەکان ئاماژەیان بە هاوڕەگەزخوازی دەکرد. جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێراق دژی بیرۆکەی هاوڕەگەزخوازیە هەرچەندە ئەگەر یاسای ئیراق وەکو کارێکی نایاسایی لەقەڵمیشی نەدات. "لە ئێواری یەکشەممەدا، وەزارەتی دەرەکی ئیراقی وتارێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا نوسرابوو هاوڕەگەزخوازی دژی "ڕەوش و خووی پیرۆزی هەموو ئایینە خواوەندیەکانە" و وتیشی پێویستە هەر کارێک و ڕێوڕەسمێک لە ئیراق بەڕێوە بچێت "پابەندی یاساکانی و دابونەریتی وڵاتەکە بێت." تا ئێستاش ئیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە کرداری جیاکاری بەرامبەرهاوڕەگەزخوان ناسراوە و شوێنیکی مەترسیدارە بۆ ئەو هاوڵاتی و گەشتیارەنەی بەشێکن لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەو هاوڕەگەزخوان+. لە ڕاستیدا کێشەکە لە یاسای ئیراقی و بڕیارو وتەی ئەو سیاسەتمەدارانەی جیاکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان+ دەکەن گەورەترە! ناخی کێشەکە ڕاو بیروبۆچونی خێزانی ئیراقیە دەربارەی هاوڕەگەزخوازی. زۆرینەی ئیراق لە ژێر دەسەڵاتی بۆچوونی ئاینی و دابونەریتی کۆمەڵگەدایە و یاسای وڵاتەکە ڕۆلێکی گرینگ نابینێت لە نەهێشتنی یاخود بەرەنگاربونەوی توندوژی بەربامبەر ئەندامانی کۆمەڵگاکە. ئەمەش دوو پرساری گرێنگی لێدەبێتەوە، ئایا خێزانەکان چۆن مامەڵەدەکەن لەگەڵ نەوەکانیان ئەگەرهاتوو یەكێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان هاوڕەگەزخواز یاخود جووتڕەگەزخواز یاخود ڕەگەزگۆڕ دەرچوون؟ وە ئایا کاردانەوەی حکومەتی ئیراقی بەرامبەر توندوتیژی و کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازن+ چۆن دەبێت؟ زۆربەی خێزانە ئیراقیەکان لەلایەن عەشیرەتەوە پشتیگیری دەکرێن و بە دەیان عەشیرەت هەن کە یاساو دابونەرێتی تایبەتی خۆیان هەیە و ئامانجیان بەردەوامبونی دابونەریتەکانیانە لە ڕێی نەوەکانیانوە. لە هەندێک بەشی وڵاتەکە، ئەم عەشیرەتانە دەسەڵاتیان لە حکومەتی ئیراقی زیاترە ئەمەش واتە عەشیرەتەکە ئازادە لە دیاریکردنی جۆری سزادانی ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان. چیرۆکەکان لە عەشیرەتێکەوە بۆ عەشیرەتێکی تر دەگۆردرێن بەڵام زۆرینەی کات هەندێکان دەکوژرێن و هەندێکیان بەزۆر دەدرێن بە شوو. بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم عەشیرەتانە جیاکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و جووتڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕان دەکەن کە ئەمەش وا لە توندوتیژی بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان+ دەکات ئاسایی دەربکەوێت. جێی سەرسوڕمان نییە کە ڕێژەی جیاکاری دژی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە چەند بەرزە! منداڵانی خوار تەمەن ٥ساڵان گاڵتە بە هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆران دەکەن. زۆرینەی کات دایک و باوکەکان نەوەکانیان فێردەکەن کە جیاکاری بەرمابەر هاوڕەگەزخوازان+ بکەن و لە ڕێی توندوتێژی و قسەی ناشرینەوە دەری ببڕن. لە کۆمەڵگادا کوشتن و ئازاردان و هەڕەشکردنی خەڵکی تەنها لەبەر ئەوەی بەشێکن لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە وەکو شتێکی ئاسای سەریدەکرێت. منداڵانیش هەر وا فێردەکرێن کە کاتێک شتێکی جیاوازیان بینی بە ڕق و کینەوە مامەڵایان لەگەڵدا بکەن. ئەم ڕقە ناوەکیەش لەگەڵیاندا گەورەدەىێت و گەشە دەکات و دەگاتە ئەو کاتەی کە لەگەڵ قسەی ناشرین، توندوتیژی جەستەیشی لەگەڵدا ئەنجام بدەن. هەر بۆیە کێشەکە لە ئیڕاقدا ئەوەنە گەورەیە چونکە کەس نییە دژی توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان+ بوەستێتەوە. لە لایەکەوە حکومەت بە هیچ جۆڕیک پارێزگاری لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان+ ناکات و لەلایەکی تریشەوە ئەو خێزانانەی لە لایەن عەشیرەتەوە پاڵپشتی دەکرێن ئازادن لە پەێڕەو کردنی هەموو جۆرە سزایەک بەرامبەر ئەو کەسانەی بوونیان هەڕەشەیە بۆ دابونەریتی کۆمەڵگەکەیان و بەبێ هیچ دەرئانجامێک لەلاین حکەمەتەوە ڕقی خۆێان دەرئەبڕن. رەند عیڕاق کویر ئەمڕۆ یادی ڕۆژی بینراویی ژنانی هاوڕەگەزخواز دەکەینەوە! کە هەلێکی باشە بۆ تیشک خستنە سەر هەموو ژنانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، کە لەڕووی هەست و سۆز وە/یان سێکسییەوە مەیلیان بەرەو ژنانی ترە. سەرەڕای هەموو سەختییەکانی ژیانی ژنانی هاوڕەگەزخوازی عێراقی، ئێمە داواتان لێدەکەین کە بەهێز بن، شانازی بەخۆتانەوە بکەن و هەرگیز گوێ لەوانە مەگرن کە ڕق و کینەیان لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەیە. تەنها یەک ڕۆژت نییە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە هاوڕەگەزخوازبوونتەوە، هەموو ڕۆژێک هەلێکە بۆ ئاهەنگ گێڕان و شانازیکردن.
بۆ ئەم ڕۆژە، ئیسرا و خەولە کە دوو ژنی هاوڕەگەزخوازی عێراقین چێرۆکە شاد و خەمناکەکانی خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە: ئیسرا دەڵێت، "لە منداڵیمەوە خەونم بەوەوە بینیوە کە ببم بە ئەکتەر. لەبەر ئەوەی لە خێزانێكی هونەری بووم کە حەزیان لە شانۆ و مۆسیقا بوو، ئەوان پاڵپشتیان لە خەونی من دەکرد کە بچمە بەشی شانۆ. بۆ من، یەکێک بوو لەو شێوە کەمانەی کە دەمتوانی ئازادانە خۆمی پێ دەرببڕم. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا چوومە بوارەکەوە. لەسەر شانۆ گەورە بووم و منداڵییەکی زۆر بەختەوەرم هەبوو! من هەر زوو بە هاوڕەگەزخوازی خۆمم زانی چونکە ڕێگەم پێدرابوو لایەنە جیاوازەکانی شووناسم دەرببڕم و خێزانەکەم پاڵپشتیان دەکردم. کاتێک تەمەنم بوو بە ١٦ ساڵ، کچێکی تازە هاتە پڕۆگرامەکەوە. هەر زوو بووین بە هاوڕێ. ئەو زۆر جوان بوو. کات ڕۆیشت و لە یەک نزیکتر بووینەوە. هەستم دەکرد سەرنجم ڕادەکێشێت و هەستم بۆی هەیە! بەتەواوەتی لە واتای هەستەکان تێنەدەگەیشتم، بۆیە بە دایک و باوکمم وت. هەردووکاین پێێان ووتم کە ئەمە بە نهێنی بهێڵمەوە چونکە لەوانەیە بمانخاتە مەترسییەوە. ئەوان ڕەتیان نەکردمەوە و یارمەتییان دام تێبگەم لە واتای هەستەکانم تێبگەم. بۆیە ئاموژگارییەکەیانم وەرگرت و بە کچەکەم نەوت کە ئەوم بەدڵە. هاوڕێیەتییەکەمان بەردەوام بوو تەنانەت دوای ئەوەی ئەو وازی لە وانەکانی شانۆ هێنا. بە یەکەوە دەچووینە دەرەوە بۆ قاوەخانەو بەیەکەوە دەچووین بۆ باراڕ. هەستم کرد کە ئەویش هەست بۆ من پەیدا دەکات بەڵام هیچم نەوت چونکە دەترسام، هەتا ڕۆژێک بەتەنیا لە ژوورەکەی ئەو بووین و ماچی کردم. چاوەڕوانم نەدەکرد، ئەویش ڕاڕا بوو. ووتی" بۆ ماوەیەکی زۆر دەمویست ئەمە بکەم. بوورە، هەراسانم کردیت؟" منیش ووتم نەخێر!! منیش هەستەکانی خۆمم بۆ درکاند. لەو کاتەوە بە یەکەوە بووین بەبێ ئەوەی بە کەس بڵێین. تەنانەت بە دایک و باوکیشـم نەووت. ڕۆژێک چووینەوە بۆ ماڵی ئەوان و سەیری فیلمێکمان کرد لەسەر لاپتۆپەکەی لە ژووری نووستنەکەی و ماچی کردم. لە کاتی ماچ کردندا، براکەی هاتە ژوورەوە. بە قژ ئەوی ڕاکێشا و لێیدا. منیان دەکرد و داوایان لێکردم هەرگیز نەگەڕێمەوە بۆ ماڵیان ئەگەر نا تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەن. دوای چەند ڕۆژێک، هەواڵم پێگەیشت کە کوژراوە. ماڵەوەیان بە خەڵکیان دەووت کە لەحەمام بەسەر سەریدا کەوتووە. هەر بەو جۆرە! کەس پرسیاری زیاتری لێنەکردن. کچێکی گەنجی جوان کوژرا لەبەر خۆشویستنی یەکێک، وە بە خێرایی کوژراو لەبیرکرا لەلایەن کۆمەڵگا و خێزانەکەیەوە وەک ئەوەی ئەو کچە هەرگیز بوونی نەبووبێت!" خەولە دەڵێت، "چوار ساڵ لەمەو بەر تەڵاقم وەرگرت دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری. هاوسەرگیریان پێکردبووم لەگەڵ یەکێک لە ئامۆزاکانم. هاوسەرگیری دارێژڕاو لە کەربەال، کە منی لێ دەژیم، زۆر باوە. کچێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە هاوسەرگیری نەکردبێت قبوڵنەکراوە. لە خێزانێکی وەک خێزانی مندا، كچان دەبێت لە تەمەنێكی دیاریکراودا شووبکەن، ئەرکەکانی ژیانی هاوسەرگیری جێبەجێ بکەن، منداڵیان ببێت، منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و ژنێکی باش بن. بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ، من شوێن هەموو ئەو ڕێسایانە دەکەوتم کە بۆم دانرابوو لەلایەن خێزانی خۆمەوە، تایەفەکەمەوە، ئاین و کۆمەڵگاوە. من تەنها کەس بووم کە هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو بەسەر ژیانی خۆمدا. هەستەکانی خۆم، بیرو فیکرەکانم و شووناس و ناسنامەی خۆمم پشتگوێ خستبوو. لەو کاتەوەی تەڵاقم وەرگرت ئینجا دەستم کرد بە بیرکردنەوە لەوەی من کێم و چیم لە ژیان دەوێت. دوای تەڵاقەکەم، کاتیکی زۆرم لە ژوورەکەی خۆم بەسەربرد. هەمیشە دەمویست تەنیا بم، دوور لە خیزانەکەم و هەموو کەس. ئەو کاتە بوو کە بەڕاستی دەستم کرد بە گوێگرتن لە خۆم و بیرکردنەوە بۆ خم. وردە وردە گەیشتم بەو باوەڕەی هەموو ئەو هەستە "سەیر"انەی بۆ ژنی تر هەمبوون، سەیر نەبوون. ئەوە هەستی ڕاستەقینەی من بوو. من ئاڕاستەی سێکسی و هەست و سۆزم بۆ ئافرەت بوو. بەڵام بەوەم نەزانیبوو، چونکە چۆن پێی بزانم کاتێک من هەموو ژیانم پێم وتراوە کە دەبێت پێاوێکی باش بدۆزمەوە! هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ئەوە هەڵبژاردەیە هەبێت کە لەگەڵ ژنێکدا بم. سێ ساڵ لەمەوپێش بوو کاتێک خۆشەویستی ژیانم ناسی. من دەچووم هەندێک پێداویستی ماڵ لە دووکانێک بکڕم کاتێک دراوسێکەمانم بینی. بلوزێکی شینی لەبەردا بوو کە چاوەشینەکانی دەردەخست. ئەو جوانترین کەسە کە تا ئێستا بینیبێتم. دەستمان کرد بە نووسین بۆ یەکتر. باسی هەموو شتێکمان دەکرد. دەمتوانی هەموو شتە گرنگەکان و شتە کەسییەکانی ژیانی خۆمی بۆ باس بکەم. پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەهێزتر دەبوو. لەبەر ئەوەی دراوسێ بووین، سەیر نەبوو کە کاتێکی زۆر بە یەکەوە بەسەر بەرین. دایکمان پەیوەندییان لەگەڵ یەک باش بوو وە دەیانهێشت کە لەماڵەوە سەردانی یەکتری بکەین. ڕۆژێکیان، لەسەر جێگا پاڵکەوتبووین و گوێمان لە گۆرانی "انکتبلي العمر"ی گۆرانیبێژ شیرین دەگرت، دەستمان بەر دەستی یەک دەکەوت. باسی خۆشەویستیمان دەکرد، پاشان بۆ یەکەمین جار ماچی یەکمان کرد. ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانمدا کە لە هەمان کاتدا هەست بە ئارامی و هەست بە ترسیش بکەم. لەو کاتەوە ئێمە بە یەکەوەین. هەموو کاتێک یەک دەبینین و قسە دەکەین. خێزانەکانمان هێشتا نازانن. وا دەزانن تەڵاقەکەم خەمباری کردووم. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کات لە ئێستا دڵخۆشتر نەبووم." رەند عیڕاق کویر ئەگەر زۆرە کە هەمووتان بیستبێتتان دەربارەی نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگەی سێکسەرە. بەڵام ئایا دەزانیت جیاوازییان چییە لەگەڵ هەوکردنە گواستراوەکان لەڕێگەی سێکسەوە؟
بە سادەیی، هەوکردنە گواستراوەکان لەڕێگەی سێکسەوە ئەو هەوکردنانەن کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێنەوە لەڕێگەی بەکتریا، پێشەنگی و ڤایرۆسەکانەوە کە دەچنە ناو لەشەوە بە چالاکی سێکسی یاخود ناسێکسی. کاتێک ئەوە ڕوودەدات، دەووترێت کە ئەو کەسە هەوکردنێکی سێکسی هەیە. بەپێی زانکۆی تولاین، ئەو کەسانەی هەوکردنی سێکسییان هەیە دەکرێت بۆ کەسێکی تری بگوازنەوە لەڕێگەی ئەنجامدانی سێکسەوە یاخود گۆڕینەوەی شلەکەن لەشی وەک خوێن، میز، دەرداوی ژێ، و هی تر. ڕێگایەکی تر ئەوەیە کە بەرکەوتنی پێست هەبێت لەگەڵ ئەو کەسەی کە هەوکردنێکی پێستی هەیە لەو شوێنەدا کە هەوکردنەکە چالاکە. هەبوونی هاوبەشی زۆر وە/یان بەکارنەهێنانی بەرگری ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنە سێکسییەکان زیاد دەکات بۆیە لە یادت بێت وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری یارمەتی خۆت و هاوبەشەکانت دەدات خۆتان لە چەندین گرفتی تەندروستی بەدووربگرن. جگە کەوەش، وەرگرتنی یارمەتی پزیشکیی باش یارمەتیت دەدات، ئەگەر خۆت هەوکردنێکت هەبێت، کە خوت بپارێزیت لە کێشەی تەندروستی لە داهاتوودا. ئێچ ئای ڤی، هەوکردنی جگەر، زوهری و سیفلس و کڵامیدیا هەموویان نموونەی هەوکردنی سێکسین. هەندێک لەم هەوکردنانە دەگوازرێنەوە تەنها لەڕووی سێکسەوە وە هەنێکی تریان دەگوازرێنەوە بە چالاکی سێکسی و ناسێکسیش. زۆر جار هەوکردنە سێکسییەکیان هیچ نیشانەیەکییان نییە، بۆیە هەڵگرەکەیان دەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەیبێت و پێی نەزانێت. هێشتا کەسانێک هەن کە نیشانەیان دەبێت. پێویستە بزانیت کە لەبەر ئەوەی یەکێک هەوکردنی سێکسی هەیە و جەستەی بە باشی ئیشدەکات واتای ئەوە نییە کە هیچ کێشەیەکییان نابێت لە داهاتوودا. هەوکردنە سێکسییەکان دەبێت بە هەند وەربگیرێن چونکە لەوانەیە ببنە نەخۆشیی گواستراوە لەڕووی سێکسەوە. دەتوانین بڵێین کە نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگەی سێکسەوە قۆناغێکی دواتری هەوکردنە سێکسییەکانن کە دەردەکەوێت کاتێک کە هەوکردنی سێکسی هەیە چارەسەری تەواو وەرناگرێت لە کاتی خۆیدا. لەوانەیە کە گوێت لێ بووبێت خەڵکی وتبێتیان یاخوس خوێندبێتتەوە کە دوو دەستەواژەی "هەوکردنی گواستراوە لەڕێگەی سێکسەوە" لەگەڵ "نەخۆشی گواستراوە لەڕێگەی سێکسەوە" وەک هەمان شت بەکارهێنرابێتن. بەکارهێنانی ئەم دوو دەستەواژەیە وەک ئەوەی یەک شت بن لەوانەیە ببێتە هۆی سەرلێتێکچوون چونکە هەوکردن مەرج نییە ببێتە هۆی نەخۆشی. وەک عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، لەوانەیە مەترسیدار بێت وە هەندێک جار مەحاڵ بێت سەردانی نۆڕینگە بکەین بۆ پشکنین. بۆیە پێویستە بەدوای زانیاریدا بگەڕێیت و خۆت فێربکەیت دەربارەی ئەم هەوکردنانە و چۆنییەتی خۆپاراستن لێیان. وە ئەگەر پێویستت بە پشکنینە، پرسیار بکە لەوانەی دەیانناسیت و متمانەیان پێدەکەیت. ڕێدین کە پیاوێکی هاوڕەگەزخوازە لە سلێمەنەوە باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات لەگەڵ هەوکردنە سێکسییەکان و دەڵێت، "من تووشی زوهری بووم نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش پێش کاتی کەرەنتین. بەپێی نیشانەکان بە نەخۆشییەکەم زانی کە بریتی بوو لە ئازار لە گونەکانمدا. بارێکی زۆر ناخۆش بوو چونکە دڵنیا نەبووم لە چوون بۆ پشکنین. بۆیە قسەم کرد لەگەڵ هاوڕێیەکی هاوڕەگەزخوازم کە خۆشی پزیشکە. ئەو زۆر بە جوانی قسەی لەگەڵ کردم و یارمەتی دام بێ هەوەی هەراسانم بکات. جگە لەم هاوڕێیەم تەنها بەو کەسەم ووت کە هاوبەشی سێکسم بوو وە بە کەسی ترم نەووت. هاوڕیکەم تەنها لەڕێگەی نیشانەکانەوە نەخۆشییەکەی دەستنیشان کردم و وتی بە ئەگەری زۆرەوە ئەو نەخۆشییەت هەیە. پێی ووتم بچم چ دەرمانێک بکڕم بێ ئەوەی بچم بۆلای پزیشک. پێی ووتم کە هەرچەندە پشکنینی تاقیگە زۆر سەرەکییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی، لەوانەیە ئەزموونێکی ناخۆش بێت کاتێک کارمەندانی تاقیگە بەجۆرێک سەیرت بکەن. بۆیە ئەو چارەسەرێکی گشتی دا بە من. ئەو چارەسەرە نیشانەکانمی نەهێشت و لە نەخۆشییەکە ڕزگارم بوو. هەرچەندە حەزم دەکرد لە تاقیگەیەک پشکنین بکەم بەڵام لەبەر ترس نەچووم بۆ تاگیکە. هاوڕێم هەبووە، بە جیاڕەگەزخوازیشەوە ، کە ئەزموونی خراپییان هەبووە لای پزیشک و تاقیگە کاتێک بۆ چارەسەر سەردانییان کردوون. من زوو زوو پشکنینی ڤایرۆسی دەکەم ، وەک ڤایرۆسی کەمی بەرگری، هەوکردنی جگەر جۆری بی و سی چونکە ئەمانە گشتی ترن. بەڵام حەز ناکەم پشکنینی کڵامیدیا یان زوهری ئەنجام بدەم چونکە ئەوانە زۆر دیارن. ئامۆژگاری من بۆ کەسانی سەر بە پەلکەزێڕینە لە عێراق ئەوەیە کە تا دەتوانن بە ڕەفتارە سەلامەتەکانەوە سێکس ئەنجام بدەن، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێکیشدا بێت کە بە متمانەی پێدەکەن. هەڵەتێگەیشنێکی باوە لەنێوان پەلکەزێڕینەییەکانی عێراقدا کە دەڵێن کەسێک پاکە تەنها لەڕووی ڕووکەش و شکڵەوە. لەبیرتان بێت هەوکردنە سێکسییەکان باون لەنێوان هەموو جۆرە کەسێکدا و پەیوەندی نییە بە ڕێکوپێکی ڕووکەشەوە، خەڵکی کوێن، یان ئاستی ڕۆشنبیرییان. هەروەها ئەگەر کەسێک ئێچ ئای ڤی نەبێت مانای ئەوە نییە کە هیچ نەخۆشییەکی تریان نییە. نەخۆشی سێکسی پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئایا تۆ کەسێکی باشی یان خراپ. بۆیە پێشنیار دەکەم تا چەندێک دەتوانن هەوڵ بدەن پشکنینی نەخۆشییە سێکسییەکان ئەنجامبدەن. لەوانەیە گران بێت، بەڵام تا زووتر بزانی باشترە. لە کۆتاییدا پێشنیار دەکەم کە پەیوەندی بکەن بە ڕێکخراوەکانی وەک عیڕاق کویرەوە بۆ ئامۆژگاری دەربارەی سێکس. ئەمانە لەوانەیە ئەگەری تووشبوونت کەم بکەنەوە." هەرچەندە هەست بە چەقبەستوویی بکەیت، بیرت بێت کە یارمەتی هەیە. عیڕاق کویر پێشنیار دەکات کە خۆپاراستن بەکاربهێنیت لە کاتی سێکسدا و هاوبەشەکانت بە وریایی دیاری بکەیت. هەوکردنەکان لەوانەیە تووشی هەر کەسێک ببن جا تەمەنیان چەند بێت و چ ئاڕاستەیەکی سێکسییان هەبێت. بۆیە گرنگی بە خۆت بدە. وە لە بیرت بێت بێیت بۆلای ئێمە یاخود ڕێکخراوی تر کە پاڵپشتی لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەکات ئەگەر پێویستت بە ئامۆژگاری بوو لەسەر خۆپاراستن. ئێمە بە یاریمەتیدانت شادمان دەبین. لێدوانی عیڕاق کویر لەسەر هەڵمەتی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ سەر کۆمەڵگای_هاوڕەگەزخواز+4/1/2021 عیڕاق کویر ئیدانەی ئەو کردارە ڕەشبگیریانە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە عێراق پێی هەڵدەستن. گرتنی بەکۆمەڵ پیشێلکردنی ڕاستەوخۆی مافەکانی مرۆڤە بۆ ئەو کەسانەی کە بە ڕووکەش وا دادەنرێت کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بن. ئەم ڕاگرتنانە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییەو بانگەوازی ئەوەی کە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ هەڕەشەیەک بن بۆ سەر سەقامگیری بریتیە لە بەهەڵەبردن و چەواشەکردنی ڕای گشتی. ئەم هەڵمەتە هاوڵاتییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە سلێمانی و لە عێراق دەخاتە بارێکی تەنانەت هەستیارترەوە. بانگەوازی بەرنامە بۆ"پشکنینی ئەم کەسانە" بەشێوەیەکی سەرەکی پیشێلکردنی مافەکان و شکۆی ئەم کەسانەیە. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەستن بە کرداری دەستبەجێ بۆ وەستاندنی ئەم پیشێلکارییانەو لێپرسینەوەی ئەوانەی سەرکردایەتی ئەم هەڵمەتە دەکەن لەسەر شکاندنی یاسا.
لەبەرئەوەی تا ئەمڕۆش ڕەگەزگۆڕان (ترانسجێندەر، ترانس) لە جیهاندا بەرزترین ڕێژەی مردنیان هەیە لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە جیهاندا، گۆڕانێکی ئەرێنی لە نەخشاندنی وێنەیەکی ڕوون دەربارەی ئەوەی ئایا ڕەگەزگۆڕان لە ڕاستیدا کێن زۆر گرنگە.
پێویستە یەکتر فێری ئەوە بکەین کە چۆن ڕێز لە جیاوازییەکان بگرین کە هەریەکێکمان دەکەن بە تاکێکی تایبەت و ناوازە. بۆ ئەوەش پێویستە هەمیشە لەیادمان بێت کە جیاوازبوون هەمیشە بە مانای خراپ یاخود سەیروسەمەرە نایەت، تەنها بە مانای ئەوە دێت کە پێویستە کەسەکان خۆیان بەو جۆرە بناسێنن کە ئاشتی ناخیان دەداتێ. ئەمڕۆ یادی ڕۆژی جیهانیی بینراویی ڕەگەزگۆڕان دەکەینەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر تاوانەکانی ڕق و جیاکاری دژ بە کەسانی ڕەگەزگۆڕ کە لە جیهاندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبەوە. لە عێراقدا، وەک زۆرێک لە وڵاتانی تر، ڕەگەزگۆڕان ئەوانەن کە لەبیر دەکرێن و قبوڵ ناکرێن، لەبەر ئەوەی زۆر لە عێراقییان، لە نێوانیشیاندا ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، ڕەگەزگۆڕان قبوڵ ناکەن. لەبەرئەوە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری هێشتا پێویستە و هەر پێویست دەبێت هەتا ڕەگەزگۆڕان مافی یەکسانیان پێدەدرێت وەک کەسانی تر. بۆ ئەم ڕۆژە تایبەتە، عێراق کویر دەخوازێت پەیامی خۆشەویستی و پاڵپشتی بڵاو بکاتەوە کە لەلایەن ڕەگەزگۆڕانی عێراقی و پاڵپشتیکارانی عێراق کویرەوە بۆ هەموو ڕەگەزگۆڕانی عێراق نووسراون. ئەو پەیامانە لەلایەن کەسانێکەوەن کە لە پێشینە و باوەڕ و ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری جیاوازەوە هاتوون بەڵام هەموویان خاوەنی هەمان خولیای گۆڕینی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەن کە دەیانەوێت دەنگی ئێوەی ڕەگەزگۆڕان نزم بکەنەوە: " ڕۆژی جیهانیی بینراویی ڕەگەزگۆڕاندا، ئێمە ئاهەنگ بە ئێوەوە دەگێڕین، هاوڕێیانی ڕەگەزگۆڕمان و هەرکەسێک کە بکەوێتە ژێر چەتری ڕەگەزگۆڕییەوە. ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین بەوانەوە کە هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە دەست بکەن بە گەشتی ڕۆشتن بەرەو ئەو ژیانەی خۆیان دەیخوازن، وە ئەوانەش ئە جارێک دەستییان بەو گەشتە نەکردووە. هەر وەک لاڤێرن کۆکس دەڵێت "ئێمە لە شوێنێکداین کە زیاتر و زیاتر کەسانی ڕەگەزگۆڕ دەیانەوێت بێنە پێشەوە و بڵێن ئەوە منم." بە هەموو هاوڕێیانی ڕەگەزگۆڕمان دەڵێین، ئێوە بینراون. بۆ هەموو ئەوانەی کە هەموو ڕۆژێك بە دژواریدا تێدەپەڕن، ئێوە خۆشەویستن. ئێمە ئەوە نین کە کەسانی تر بەناوی ئێمەوە دەیڵێن، ئێمە ئەوەین کە خۆمان بۆخۆمانی دەخوازین و دەیزانین، وە ئێمە ئەوەین کە خۆشمان دەوێت. ئێمە لێرەین بۆ پاڵپشتیکردن لەوەی تۆیت وە لەوەش کە خۆت هەڵیدەبژێریت. بۆ هەمووتان، ڕۆژی بینراوی ڕەگەزگۆڕان پیرۆزبێت." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: رەفیف، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە بەغدادەوە. "من وەکو خۆم پاڵپشتی لە کەسانی ڕەگەزگۆڕ و مافەکانییان دەکەم. باوەڕم وایە کە شتێکی زۆر سەرەکی و گرنگە کە پاڵپشتیی خۆمان ببەخشین بە یەکێک لەو کۆمەڵانەی کە بە زۆرترین ڕادە پەراوێزخراون و بەهەڵە لێیان تێگەیشتراوە لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و لە جیهاندا بە گشتی. کەسانی ڕەگەزگۆڕ دووچاری هەموو جۆڕێک جیاکاری دەبنەوە و بوونیان بە هەڕەشەیەک دادەنرێت بۆ سەر بەهاکانی پیاوسالاری و سەرمایەداری، کە چەقیان بەستووە لە ڕۆڵە جێندەرییە سەرکوتکارەکان و دەبنە هۆی توندوتیژی جێندەری کاتێک کەسەکان بەشداری لەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە جێندەرییانەدا ناکەن کە بەپێی ڕەگەزی بایۆلۆجی بۆیان دیاریکراوە. کەسانی ڕەگەزگۆڕ بەرەنگاری دیدی دوانەیی جیاکاری جیهان دەکەن. بوونیان بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەم نەریتە کۆمەڵایەتییە پشتگوێخەرانە ڕاست نین. ئێمە وەک فێمینیست، چالاکوان و داکۆکیکاران پێویستە بجەنگین بۆ مافەکانی هاوڕێکان و خێزانەکانمان کە ڕەگەزگۆڕن. هەروەها کۆمەڵگایەکی پاڵپشتیکار زۆر سەرەکی و بە بەهایە بۆ هەر تاکێک کە بەرەنگارییەکانی ژیاندا تێدەپەڕێت، وە ئەمەش زۆڕ ڕاستە بۆ کەسانی ڕەگەزگۆڕ." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: ژیر بەزاز، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە سلێـمانییەوە. “دەزانم چەند گرانە کە تاکێکی کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتیی وەک ئێمە بیت و دەتوانم بیر لە ڕادەی ئەو ووزە نەرێنی و وشە ناشرینانە بکەمەوە کە ڕۆژانە دەیانبیستیت و کە لە زاری نەک تەنها کەسانی نەناسراوەو بەڵکو لە زاری کەسانی نزیک لە خۆشتەوە دێن کە لە ڕاستیدا دەبوو ئە کەسانەبوونایە کە پاڵپشتییان لێدەکردیت و لە هەمووان زیاتر تۆیان قبوڵبکردایە. بەڵام پێویستە تۆ ئەوەش بزانیت کە من و چەندین کەسانی تری وەک من هەمیشە پاڵپشتیکاری تۆ دەبین و ئەموومان ئامادەین کە ئەو خۆشەویستی و ئاشتی و پاڵپشتییەت پێببەخشین کە پێویستت پێیەتی. لە هەمووشی گرنگتر، ئێمە ناوەستین تا تۆ دەبیتە خاوەنی هەموو ئە ئازادییەی شایەنی تۆیە. ئامۆژگاری من بۆ تۆ ئەوەیە کە نەهێڵیت هیچ کەسێک ئازارت بدات و بە کەمت بزانێت، جا ئەو کەسە هەر کێیەک بێت. لەم ژیانەداو دژ بەم کۆمەڵگایە بجەنگە کە برسییەتی تۆ لەناوبەرێت و لەیادت بێت کە هیچ شتێک بە ئاسانی نایەت. هیوادارم ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بهێنیت. خۆشەویستی و پاڵپشتی و ڕێز بۆ تۆ دەنێرم جا لە هەرکوێیەک بیت." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: کەوسەر، پاڵپشتیکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە تورکیاوە. "من کوڕێکم لە جەستەی کچێکدا لەدایکبووم. پەیامی من بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە بارودۆخێکی وەک ئەوەی مندان. دەزانم دەربارەی هەموو ئەو دژواری و شەڕە ناوکییانەی تۆ پێیدا تێدەپەڕیت، بەڵام پێویستە لە یادت بێت کە ئێمە تایبەتین بۆیە تکایە ڕقت لە خۆت نەبێت یان خەفەت لە بارودۆخت بخۆیت. ئەزموونی ئێمە تایبەتییە، بەهەموو ئەو باشی و خراپییەی پێیدا تێدەپەڕین. بەڵام دەبێت بزانیت کە هیچی خەتای خۆت نییە چونە ئێمە وەک کەسانی ڕەگەزگۆڕ ئاسایین وەک هەموو کەسانی تر. ئەوەی لێت داوا دەکەم بریتییە لەوەی گرنگییەکی باش بەخۆت بدەیت. خۆزگە دەمتوانی هەریەکێک لە ئێوە ببینم کە ئێستا ئەم پەیامە دەخوێنێتەوە. ناتوانم دەری ببڕم خۆشەویستیم بۆ هەمووتان چەند زۆرە و ناتوانم وەسفی هەستەکانم بکەم چونکە دەزانم کەسانی وەک من زۆرن. خۆتت خۆش بوێت و بەهای خۆت بزانە. هیوادارم بە هەموو خواست و ئاواتەکانت بگەیت و سوپاس بۆ بەخشینی کاتی خۆت بۆ خوێندنەوەی ئەم پەیامە." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: هانا، ڕەگەزگۆڕێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە کەربەلاوە. بۆ ئەوانەی ئەم بڵۆگە و ئەم نامەیە دەخوێننەوە، ئەزانم بارودۆخەکە خراپە و کاتێکی سەختە بۆ تۆ. دەزانم کە زۆرێک لە خەڵکی مامەڵەیان جوان و هاوڕێیانە نییە، دەزانم کە تۆ گوێت لە زۆر لە کەسانی گێچەڵکار بووە و بە زۆر کێشەدا تێپەڕیویت کە هیچ مانایەکییان نەبووە، بەڵام دەمەوێت بزانیت کە تۆ لەمەدا بەتەنها نیت. پێویستە خۆشی ببینیت لەو سەرکەوتنە بچووکانەی پێیان گەیشتوویت و ئەو هەنگاوە بچووکانەی ناوتن بەرەو گەیشتن بە جێندەری ڕاستەقینەی خۆت. دەمەوێت بزانیت کە ئێمە تۆمان خۆشدەوێت و دەزانین بە چ ناڕەحەتییەکدا تێدەپەڕیت. دەنگت بیستراوە، وە ئێمە ئامادەین یارمەتیت بدەین. هیوای ڕۆژانێکی جوانتر و کاتی خۆشبەختی زیاتر و داڕمانی دەروونی کەمترت بۆ دەخوازم و هیوادارم هەرگیز بە شتێکدا تێنەپەڕێت کە تووشی داڕووخانت بکات. هەمیشە لەبیرت بێت کە زەردەخەنەیەک لەسەر دەمت بێت و لە جەنگین بەردەوامبە چۆنکە ڕۆژێک دێت هەموو شتەکان باشتر دەبن." - پەیامێکی خۆشەویستی و پاڵپشتی لەلایەن: نورا، ڕەگەزگۆڕێک لە بەغدادەوە. رەند عیڕاق کویر تەندروستی و ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی عێراقییانی کویر بەدوایدا دەگەڕێن: لە دیدی پزیشکەوە3/24/2021 بەگشتی کەرتی تەندروستی لە عێراق باشترین نییە ئەگەر بەراوردی بکەین بە وڵاتانی تر. وە لەگەڵ بەربڵاوی هۆمۆفۆبیا (ڕق و کینە دژ بە هاوڕەگەزخوازان) لە نێوان پزیشکان و پەرستاران و دەرمانسازانەوە کە لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن، پێویستییە تەندروستییەکانی عێراقییانی وەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەدەگمەن دابین دەکرێت.
کاتێک باس لە گرفتەکانی تەندروستی دەکەین، مەبەستمان لە دان ئێشە و هەڵامەتی ئاسایی نییە. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پێویستیان بە نەشتەرگەری و پشکنینی نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگای سێکسەوە و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی هەیە کە لە هیچ جێگایەکی وڵاتەکەدا بەردەست نین. لەبەرئەوەش زۆربەی هاوڕەگەزخوازان خۆیان بەدووردەگرن لە سەردانکردنی پزیشكان وە یاخود کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن، باسی ئاڕاستەی سێكسییان ناکەن لای پزیشکان چونکە هەندێک لە پزیشکان تەنها یارمەتیدان ڕەتناکەنەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا دەبنە مایەی کێشە و گرفتی زیاتر بۆ نەخۆشەکان و دەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و سترێس سەرەنجامی تانە و هەڕەشە. عیڕاق کویر چیرۆکی دوو پزیشکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە ئامادەن یارمەتییە تەندروستییەکانیان پێشکەشی هەموو عێراقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز بکەن و هیوایان وایە کە یارمەتی ئەوان ببێتە مایەی چارەسەرکردنی هەنێک لە کێشەکان و هانی پزیشکانی تر بدات کە هەمان جۆری یارمەتی پێشکەش بکەن. د. ئەنجێلۆ (ناوی خوازراو) کە خوێندکارێکی پزیشکیی عێراقییە و پزیشكی گشتی و نەشتەرگەری دەخوێنێت لە زانکۆی بەغداد چیرۆکی خۆیمان بۆ باس دەکات کە چۆن دەستی کرد بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. "نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوپێش، دەستمکرد بە ڕێچکەی داکۆکی کردن لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا وەک "وۆرڵد مێریت". لەو کاتەدا، ڕاوێژم پێشکەش دەکرد و هۆشیاریم بڵاودەکردەوە لەنێوان کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە زۆربەیان خزم بوون. ئەو پاڵپشتییە مەعنەوییە گەشەی کرد و بوو بە شتێکی جیاواز کاتێک بووم بە خوێندکارێکی پزیشكی پێنج ساڵ لەمەوپێش. پاش بەدەستهێنانی ئەزموون، دەستمکرد بە پێشکەشکردنی ڕاوێژی پزیشکیم بۆ ئەوانەی پێویستییانە بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسییان. وەک پزیشکێک کە لە وڵاتێکدا دەژی و کاردەکات کە تیایدا هاوڕەگەزخوازی بەنایاسایی دادەنرێت، چەند کاتێک هەبووە کە بینیومە پیاوانی ڕەگەزگۆڕ چ ترسێکیان هەیە کاتێک دەهاتن بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هەندێکیان تایبەتمەندی مێینەیان هەموو کە وایکردبوو کەسانی دیکە بە ئاسانی سەرنجیان بدەن و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن لەبەر ئەو هۆکارە. جگەلە ترس، ئەوان شەرمەزار بوون لە ڕەگەزگۆڕی خۆیان و زۆر شەرمیان دەکرد تا مامەڵە لەگەڵ کەسانی دیکەدا بکەن لەکاتێکدا هەندێک ڕەتیان دەکردەوە کە ڕەگەزگۆڕن کاتێک نەخۆشی ئایدزییان تێدا دەستنیشان دەکرا. وەک پزیشکێکی هاوڕەگەزخواز، بەتەواوەتی تێدەگەم بۆچی ئەوان ئەم جۆرە هەستانەیان هەبووە. هەروەها من ناشتوانم لە شوێنی کارکردنمدا باسی ئاڕاستەی سێکسی خۆم بکەم چونکە زۆر باش دەزانم کە کۆمەڵێک کێشەی زۆر بەدوایدا دێت ئەگەر ڕاستگۆبم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. ڕێگایەک بۆ ئەوەی من بەردەوام بم لە بەخشینی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بریتیە لە بەخشینی ئەو خزمەتگوزاییانە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە. لەم ڕێگەیەوە دەتوانم لەوە دڵنیابم کە هەموومان سەلامەتین. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ داوای هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی تایبەتی ناکەن! هەموو ئەوەی پێویستیانە بریتیە لەوەی کە ئەوان بتوانن ئەو خزمەتگوزارییانە بەدەسبهێنن کە عێراقییانی دیکە هەیانە. خەڵکی لە کۆمەڵگادە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ چەندین جۆری هەوکردن و نەخۆشیی گواستراوە لەڕێگەی سێکسەوە، بۆیە پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی یەکەمییان دەستبکەوێت کە ئەمە مافی هەموو هاوڵاتییەکە. من داوا دەکەم لە ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازی عێراقی کە گرنگی بەخۆیان بدەن. تەندروستیی جەستەییان کاردەکاتە سەر نەک تەنها تەمەنیان بەڵکو کاردەکاتە سەر هەموو لایەنێکی تری ژیانیشیان. هەروەها کاردەکاتە سەر ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێن. بۆیە تکایە ئەگەر هەستتکرد نەخۆشیت دوودڵ مەبە لە بەدەستهێنانی ئەو یارمەتییە تەندروستییەی پێویستت پێتەتی. وە ئەگەر زۆر دەترسیت لە سەردانی کردنی نەخۆشخانە، هیوامان وایە گروپێکی پزیشکان دروست بکەین کە خۆمان سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بین یان ئەوانەی پاڵپشتیکاری کۆمەڵگاکەن تا بتوانین ئەو یارمەتییەت پێببەخشین کە پێویستت پێیەتی یان بتگەیەنین بە پزیشک و دەرمانساز و نەخۆشخانەی دیکە کە بەخێرهاتنت بکەن. دووبارە دەیڵێمەوە، تەندروستیت گرنگە. پاش دەرچوونم لە زانکۆ، وە چ لە عێراق بم یان لە دەرەوەی عێراق، من ئامادەم هەموو زانستی خۆم و کاتم پێشکەش بکەم بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ چونکە لەوە تێدەگەم چەندگرانە خزمەتگوزاری تەواو بەدەستبهێنیت. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی خزمەتگوزاری پزیشکی بە ئێوە بۆیە ئەگەر هیچ پرسیارێک یان گرفتێکتان هەیە دەربارەی تەندروستیت، پەیوەندی بکە بە عیڕاق کویرەوە تا بە منت بگەیەنن." داڤید (ناوی خوازراو) پزیشکێکی گشتیی عێراقییە و هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی داڤیدا دەستپێدەکات کاتێک چەند کەسێکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ پەیوەندییان پێوەکرد تا بپرسن دەربارەی کێشەی تەندروستییان کە پەیوەندی هەموو بە ئاڕاستەی یاخود ڕەفتاری سێکسییانەوە. داڤید دەڵێت کە ئەوانەی پەیوەندییان پێوەکردبوو بۆ یارمەتی زۆر دەترسان لەوەی بڕۆنە لای پزیشکێکی تر لەترسی ئەوەی دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بن. "سەرنجی ئەوەم دا کە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خزمەتگوزاری تەندروستیی ڕێک و پێکییان نییە، لە نێوانە ئەوانەشدا خزمەتگوزاری سادە و سەرەتایی. ئەوەش دەستپێکردنی ئەزموونی من بوو تا ببمە پزیشکێک ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات. بەدرێژایی ئەزموونم، سەرنجی ئەوەم دا کە ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشیکییەکان دەگۆڕێت بەپێی ئاڕاستەی سێکسیی نەخۆشەکە. جۆری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکە، چۆنییەتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکە، وە ئەو چارەسەرەی کە دەدرێت بە نەخۆش هەمووی زۆر دەگۆڕێت بەگوێرەی ئاڕاستەی سێکسی نەخۆشەکان. بەداخەوە، هۆمۆفۆبیا (ترس و ڕق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) زۆر بەربڵاوە لەنێوان کارمەندادنی تەندروستیدا هەر لە پزیشکەوە تا دەرمانساز و پەرستیار و ئەوانەی تریش. ئەو هۆمۆفۆبیایەش وا لە هەندێک لە پێشكەشکارانی تەندروستی دەکات کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەکاری بهێنن بۆ هەڕەشە کردن لە کەسانەی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یان بەکارهێنانی وشەی ناشرین بەرامبەریان. پێشنیاری من ئەوەیە کە ئەگەر سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یت ئەوا پزیشكەکەت بە ئاگاوە هەڵببژێرە، ئەگەر دەتوانیت بگەیت بە پزیشکێک کە خۆی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت یان مێشك کراوە بێت، ئەوە باشترین بژاردە دەبێت. ئەگەر نا، هەتا دەتوانیت خۆت بەدوور بگرە لە باسکردنی ئاڕاستەی سێکسی یان شووناسی جێندەریت و ئەگەر پرسیارت دەربارەی ئەوانە لێکرا، ئەوا ڕەتی بکەرەوە کە تۆ کویریت یان ڕەتی بکەرەوە کە تۆ سێکست کردووە چونکە لە زۆربەی بارەکاندا ئەم وردەکارییانە پەوەندییان نییە بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانەوە، بۆیە زیاتر جەخت بکەرە سەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە و بە ووردی باسییان بکە و شتەکانی تر باس مەکە. من خۆشحاڵ دەبم بە بەخشینی یارمەتیی پزیشکی بۆ هەر کەرسێک کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بێت لە چوارچێوەی دەسەڵات و توانای خۆمدا وەک پزیشکێکی گشتی وە بۆ گرفتە تەندروستییەکانی پەیوەندیدار بە جەستە و تەندروستیی دەروونیشەوە." چۆنیەتی داواکردنی یارمەتی تەندروستیی لە عیڕاق کویر عیڕاق کویر هیوای وایە کە گشت ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ تەندروست و سەلامەت بن. ئاسان نییە کە سەر بە کۆمەڵگاکە بیت لە عێراق و بۆیە عیڕاق کویر لە هەوڵی ئەوەدایە کە جێگای ئارام دروست بکات. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدانی هەریەکێکی لە ئێوە کە پێویستی بە خزمەتگوزاری تەندروستیی کتوپڕ هەیە کە لەوانەیە لە نەخۆشخانە بەردەست نەبێت. بۆ ئەوەی ئێـمە یارمەتیت بدەین، ئیمەیڵێک یان نامەیەکمان بۆ بنێرە بۆ هەژمارە فەرمییەکانمان لەسەر سوشیاڵ میدیا و و پێمان بڵێ گرفتەکەت چییە و ئێمە چۆن بتوانین یارمەتیت بدەین. رەند عیڕاق کویر ئەمڕۆ، ڕێکخراوی عیڕاق_کویر یادی شەشەمین ساڵی دامەزراندنی دەکاتەوە. دەمانەوێت سوپاسی هەر تاکێکی عێراقی سەر بە کۆمەڵگای_هاوڕەگەزخواز+ بکەین کە باوەڕی پێمانە، لایەنە هاوبەشەکان، لایەنە هاوکارەکان و پاڵپشتیکاران بکەین بۆ یارمەتیدانمان لە گەورەبوون و خزمەتکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە عێراقییانی کویر. سۆز و دڵسۆزی ئێـمە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەر عێراقییەکی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز سەلامەت و ئارام دەبێت و وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراقی دانی پێدا دەنرێت.
پاڵپشتیکاران ئەو کەسانەن کە خۆیان شووناسی خۆیان نادەنە پاش کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، واتا سەر بە کۆمەڵگاکە نین بەڵام پاڵپشتی لە مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن. ئەوان دەجەنگن بۆ بنبڕکردنی هۆمۆفۆبیا، ترانس فۆبیا و بایفۆبیا واتە ترس و رق دژ بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز، وە دەجەنگن تا کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز مافی مەدەنی یەکسان بەدەستبهێنن وەک هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا.
پاڵپشتیکار دەکرێت کێ بیت؟ دەکرێت هەر کەسێک بێت کە بیەوێت ببێت بە پاڵپشتیکار. وەک ئەندامێکی سەر بە کۆمەڵگاکە، دەکرێت خوشکوبراکانت، مامۆستاکانت، هاوڕێکانت، وە تەنانەت باپیر و داپیرەت دەکرێت پاڵپشتیکارت بن! تەنها شت کە داواکراوە لەوان ئەوەیە کە تۆ قبوڵبکەن، لێت تێبگەن، وە پاڵپشتیت بکەن بەبێ گوێدانە ئاڕاستەی سێکسیت. ئەوەش دەبێت شێوازی مامەڵەکردنیان بێت نەک تەنها لەگەڵ تۆ، بەڵکو لەگەڵ هەموو کەسانی دیکەی دەوروبەرییان. بۆچی پاڵپشتیکاران گرنگن بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی؟ تا ئەمڕۆش کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کەمایەتییە. ئەمەش واتا دەرەنجام و کاریگەریی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە یەکسانی تا ڕادەیەکی زۆر بشت دەبەستێت بە هەموو کەسانی تر کە سەر بە زۆرینەن. لەبەر ئەوە، هەبوونی پاڵپشتیکار لە پەناماندا دەنگێکمان دەداتێ بگەین بە ژمارەیەکی زۆتر لە خەڵکی لە کۆمەڵگادا. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لەم کۆمەڵە جیاوازانەی عێراقدا یارمەتیمان دەدات پاڵپشتیکاری زیاتر بەدەستبهێنین. پاڵپشتیکاران یارمەتیمان دەدەن خۆشەویستی بڵاو بکەینەوە. دەجەنگن بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگا هەیەتی لەسەر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، ئەنانەت لە کاتە سەختەکانیشدا کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ خۆیان ناتوانن بجەنگن. وەک پاڵپشتیکارێک، کامانەن ئەو ڕێگایانەی کە بتوانم پاڵپشتیی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ی عێراقی بکەم؟ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عێراق لەوانەیە زۆر مەترسیدار بێت بەهۆی ئەو هۆمۆفۆبیایەی لە گشتی وڵات باوە. بەڵام هێشتا پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگاکە مەحاڵ نییە. ئەگەر دایک و باوکت ڕقیان لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نییە یاخود لێیان ناترسن، لەوانەوە دەستپێبکە. لێیان بپرسە ئایا چی دەزانن دەربارەی هاوڕەگەزخوازی و زانیارییەکانییان ڕاست بکەرەوە ئەگەر هەڵەن. خوشک و براکانت ڕۆشنبیر بکە. لەوانەیە بۆت دەربکەوێت کە خۆت برا یاخود خوشکێکی کویرت هەبێت! ئەگەر وابوو، ئەوا ڕۆشنبیرکردنی خۆت لەوانە باشتر و خۆشتریش بێت. نیشاندانی پاڵپشتیت دەکرێت خۆی ببینێتەوە کە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لەبیرت بێت کە سەلامەتی خۆت پێش هەموو شتێکە، بۆیە زانیاری تەنها لەنێوان ئەو کەسانەدا بڵاو بکەرەوە کە لێت نزیکن و متمانەیان پێدەکەیت و دەزانیت نابنە مایەی کێشە بۆت. زانیاری دەربارەی هاوڕەگەزخواز شەیر بکەو بڵاوی بکەرەوە، ڤیدیۆی یوتیوب پۆست بکە کە تیایدا کەسانی ڕەگەزگۆڕ (ترانس) باسی چیرۆکی ئاشكراکردنی خۆیان دەکەن، یان کاری هونەری شەیر بکە کە باس لە سەختییەکانی هاوڕەگەزخوازبوون بکات. هەزاران سەرچاوە هەیە لەسەر ئینتەرنێت کە دەتوانیت کەسانی دیکە هان بدەیت سەیریان بکەن. بۆت دەردەکەوێت پاش ماوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەن کە ئارەزووی زانینی زیاتریان هەیە دەربارەی بابەتەکە. ڕێگایەکی دیکە بریتیە لە کاریج خۆبەخشی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کار لەسەر مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوز+ دەکەن. کاری خۆبەخشی نزیکترت دەکاتەوە لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کە بە چەندین دژواری و سەختیدا تێپەڕیون بەهۆی شووناسییانەوە. فێربوون دەربارەی ئەم ئەزموونانە لەوانەیە چاوت بکاتەوە و هانت بدات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەک. کاری خۆبەخشتی هەلت پێدەبەخشێت کە تۆڕێک پێکبهێنیت لەگەڵ پاڵپشتیکارانی تر لە وڵاتدا. عێراق کویر بەخێرهاتنی پاڵپشتیکاران دەکات کە دەیانەوێت پاڵپشتی لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بکەن. لەگەڵ ئەمانە هەموویدا، ئاسانترین ڕێگا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکار وەک پاڵپشتیکارێک ئەوەیە کە کەسێکی میهرەبان بیت. کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز لە عێراق بەردەوام دووچاری گێچەڵ و بێڕێزی دەبنەوە کە لەوانەیە وایان لێبکات هەموو کەسان لەخۆیان دووربخەنەوە، بۆیە میهرەبانی لەگەڵ ئەماندا بەهایەکی ئێجگار گەورەی دەبێت. ئەگەر هەلی ئەوەت هەبوو هاوڕێیەتی کەسێکی سەر بە کۆمەڵگاکە بکەیت، هەوڵبدە گوێیان لێبگریت، نیشانیان بدە کە ئەوان بەبەهان، وە کاتی ئەوەیان پێ ببەخشە تا لەخۆیان و پێویستییەکانیان تێبگەن. پاڵپشتیکاران سەرەکین بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە عێراق ئەگەر بیان ناسیت یاخود نا، پاڵپشتیکاران ڕۆڵێکی بنچیەیی دەبینن لە ڕاستکردنەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانمان و بەخشینی هێز و توانا بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. بە هەر جۆرێك لە جۆرەکان پاڵپشتیکاران پاڵپشتی خۆیان پیشان بدە، هەوڵەکەکانیان جێگای پێزانینە و ڕۆژێک دەمانگەیەنێتە کۆمەڵگایەک کە زیاتر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ قبوڵبکات. رەند عیڕاق کویر عیڕاق کویر ئیدانەی ئەو هێرشە توندانە دەکات کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانی کوردستان عومەر گوڵپییەوە دژ بە هاوڵاتییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ سەرکردایەتی دەکرێن. ئەو داوا یاساییەی کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکەوە تۆمار کراوە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی ئازادی دەربڕین، ئازادی بیروڕا و مافەکانی مرۆڤی دیکەی دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە فەراهەم کراون.
بانگەشەی ئەو دژ بە هاوڕەگەزخوازی و فرەچەشنەیی سێکسی بێ بنەمان و ئامانجیان چەواشەکردنی ڕای گشتییە و بڵاوکردنەوەی ترسە لەڕێگەی بەکارهێنانی زانیاری ناڕاستی کۆن کە چیتر پشتییان پێنابەسترێت. بانگەشەی ئەوەی کە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونیە لەلایەن ڕێکخراوە سەرکردەکانی تەندروسی لە جیهاندا ڕەتکراوەتەوە، لە نێوان ئەوانەشدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە لە ساڵی ١٩٩٠دا ڕایگەیاند هاوڕەگەزخوازی بارێکی سرووشتی بوونە، هەروەک جیاڕەگەزخوازی، وە نەخۆشی دەروونی نییە. بە هەمان شێوە، بانگەشەی ئەوەی کە هاوڕەگەزخوازی دژی یاسای ناوخۆیە نادروستە، چونکە نە یاساکانی هەرێمی کوردستان و نە یاسا فیدڕاڵییەکانی عێراق، وە نە ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی عێراق پشتڕاستی کردوونەتەوە ئیدانەی هاوڕەگەزخوازی دەکەن. بگرە زۆرێک لە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەریانە لەسەریان بڕۆن فەراهەمی مافەکانی مرۆڤ دەکەن بۆ هەمووان، بەبێ گوێدانە شووناس و پێناسی کەسەکان. وەک ئەندامێکی پەرلەمان، گوڵپی دەبێت پشت بە ڕاستییەکان ببەستێت کاتێک بۆ ڕای گشتی قسە دەکات. وەک نوێنەرێکی دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان و ئەفسەرێکی یاسا، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکار خیانەتکردنە لە متمانەی گشتی کە خەڵکی بە پەرلەمانتارەکە و سیستەمی سیاسییان بەخشیوە. ئێمە داوا دەکەین لە دادگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەستبەجێ داوا یاساییەکە ڕەت بکەنەوە و پارێزەری مافەکانی هەموو دانیشتوانان بن بەبێ گوێدانە شووناس و پێناسیان. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
January 2024
Categories |