مەبەست چییە لە ئاپلیکەیشنی ژوانکردن؟
ئاپلیکەیشنی ژوانکردن ئامرازێکی بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزوویان بە ژوان و پەیوەندی خۆشەویستی هەیە، ئەم ئاپلیکەیشنانە پڕۆسەی دۆزینەوەی هاوبەش ئاسان دەکات، بە تایبەتی بۆ کەسانی شەرمن بەسوودە وە شێوازێکی خێرایە بۆ خەڵک ناسین و بڕیاردان کە ئایا کاتێکی زیاتریان لەگەڵ بەسەر ببەن یان نا. تیندەر یەکێکە لە بەناوبانگترین ئاپلیکەیشنی ژوانکردن هەرچەنە ئاپی تر زۆرهەیە وەکو بەمبڵ، هێر، و گرایندەر...هتد ئەم ئاپانە بەردەستن بۆ جیاڕەگەزخوازان و کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، بەڵام هەندێکیان بە تایبەتی بەکاردێت بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە وە بە شوێنی تایبەتی خۆیان دادەنرێن مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە عێراقدا چین؟ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەشێت زیاتر تووشی مەترسی ببێت بە بەکارهێنانی ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بەراورد بە جیاڕەگەزخوازان، ئەگەر ئاڕاستەی سێکسخوازی کەسەکە لە پرۆفایلەکەیدا نوسرابێت وە یەکێک لە هاوڕێ یان خزمەکانی بیبینێت، دەبێتە كێشەیەکی گەورە. زۆرینەی گەنجان لە عێڕاقدا کە ئاپی ژوانکردن بەکاردێنن هەست بە ئاسوودەیی ناکەن وە ئەم ترسە زیاد دەکات ئەگەر کەسەکە بەشێک بێت لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەس ڕەسم و ناوی ڕاستی خۆیان بەکارنەهێنن و تا متمانە بە کەسەکەی بەرامبەریان نەکەن زانیاری دەربارەی خۆیان نادەن. کەریم یەکێکە لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە و ئەزموونی کەسی خۆی باس دەکات لەسەر ئاپلیکەیشنەکانی ژوانکردن، سەیف دەڵێت ۱٠ ساڵ لەمەوپێش دەستیکرد بە بەکارهێنانی ئاپلیکەیشنی ژوانکردن وە زۆربەی ئاپەکان بەکاردێنێت وەک تیندەر، گرایندەر و هۆرنێت. "لە ڕوانگەی منەوە هەست دەکەم کە ئەم ئاپانە سوودیان هەیە، بۆیە کە بێزار دەبم بەکاریان دەهێنم بۆ ناسینی خەڵکی تازە، هەندێک جار هاوڕێی باش دەدۆزمەوە لە ڕیگەی ئەم ئاپانەوە و لە ڕێگەی ئینستەگرامەوە لە پەیوەندیدا دەمێنینەوە وەک کەسێک کە لە عێراق دەژیم دەتوانم بڵێم مەترسیدارە کە بە تەواوی لەسەر ئەم ئاپانە خۆت پیشان بدەیت، دەبێت هەمیشە خۆت بپارێزیت هەتا بە تەواوی متمانە بە کەسەکەی بەرامبەر دەکەیت. ئەمۆژگاری من ئەوەیە کە هەموو کەس دووربکەوێتەوە لە گرایندەر لەبەر ئەوەی ژینگەیەکی زۆر زیانبەخشە، زۆرینەی بەکارهێنەرەکانی ئەم ئاپە خولیای ڕەخنەگرتنن لە یەکتر، بیستنی ڕەخنەی بەردەوام بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لە تەندروستی دەروونیت دەکات، وات لێ دەکات کە رقت لە ڕوخسار و وێنەی خۆت بێت. بەبۆچوونی من تیندەر یەکێکە لە باشترین ئاپەکان بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، هەرچەندە ئاپێک نییە کە تایبەت بێت بە کۆمەڵگاکە، بەڵام دەتوانیت بە ئاڕاستەی سێکسخوازی خۆت بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی بەرکەوتەت نەبێت لەگەڵ جیاڕەگەزخوازاندا. ئامۆژگاری من بۆ هەمووان ئەوەیە کە گرنگ نییە دانیشتوانی کام شارێکی، ژوان لەگەڵ کەسێک مەکە کە زۆر دەربارەی نازانیت، سەرەتا پێویستە هەندێک کات بەسەربەریت بۆ تێگەیشتنی بیروبۆچوون و تێڕوانینی کەسی بەرامبەر لەسەر کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، تەنها لەو کاتەدا دەتوانیت بیر لە هەنگاوی داهاتوو بکەیتەوە. تەنها لەبەر ئەوەی ئەکاونتی ئینستاگرام و فەیسبووکتان گۆڕیوەتەوە یان بۆ ماوەیەک قسەتان کردووە مانای ئەوە نییە کە دەتوانیت متمانەیان پێ بکەیت. خەڵک لە ژیانی ڕاستیدا دەتوانن بە شیوازێکی زۆر جیاواز هەڵسوکەوت بکەن بە بەراورد بە ئۆنلاین. من هەڵەیەکی گەورەم کرد کە ماوەیەک لەمەوپێش لەگەڵ کوڕێک هاوچەشنبووم لە ئاپی ژوانکردندا، وە لە ئینستاگرام بۆ ماوەی مانگێک قسەمان کرد، پێموابوو کە مانگێک ماوەیەکی باشە بۆ ناسینی کەسێک بۆیە لەگەڵیدا چوومە دەرەوە بۆ ژوانێک. سەرم سوڕما چونکە ئەو کەسەی کە بینیم زۆر جیاواز بوو لەو کەسەی لەسەر ئاپەکە ناسیبووم، دەرکەوت ئەو هەرچەنە یەکێکە لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە هێشتا دژی کۆمەڵگاکەیە، هەر پێی دەگووتم تۆ شایەنی ئەوەی کە بکوژرێیت. ئەو ئەزموونە زۆر ترسناک بوو بەڵام یارمەتیدام وانەیەکی لێوە فێربم، بۆیە ئامۆژگاری ئێوە دەکەم کە ئاگادار بن چونکە ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بۆ هەموو کەسێک بەردەستە و تەنها لەم ئاپانەوە ناتوانیت ڕاستی کەسەکەت بۆ دەرکەوێت." عێراق باوەڕی بە ئاپلیکەیشنی ژوانکردن نییە عێراق هێشتا بە کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێز دادەنرێت بۆیە دانیشتوانەکەی هێشتا ناتوانن بە شێوەیەکی ئازاد خۆیان دەربڕن، ئەوان هێشتا بە بنەماڵە و خێڵ و ئایینەکەیانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، ئەمانە دەتوانن لە هەر ساتێکدا کۆتایی بە ژیانی کەسێک بهێنن. تا ئێستاش تەنانەت جیاڕەگەزخوازن ناتوانن بە ئاشکرا ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بەکاربێنن، تەنانەت پشتگیری لە خێزنەکانیانەوە وەرناگرن ئەگەر توشی کێشە ببن لەگەڵ کەسێک کە لەسەر ئاپەکە ناسیبێتیان. تەنانەت قورسترە بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک پەیویست بە ئاپی ژوانکردن و بۆیە دەبێت زۆر ئاگادار بیت. کەسانی جیاواز بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە ئاپلیکەیشنی ژوانکردنەوە، هەندێکیان پێیان وایە کە زۆر تەندروست و یارمەتیدەرن لە دۆزینەوەی هاوبەشێکی باش لە کاتێکدا ئەوانەی تر بە ڕێگایەکی ڕابواردن و ڕاخنەگرتن دەیبینن. ئاپلیکەیشنی ژوانکردن هەندێک مەترسی لەگەڵدایە كه حەزدەکات ئاماژەی پێ بدات لە پێناو پەروەردەکردنی خەڵک. هەندێک کەس حەز دەکەن ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بەکاربێنن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بەکارهێنەرەکانی ئاپەکە و پاشان هەڕەشەیان لێدەکەن، ئەمە بەتەنیا دەتوانێت ژیانی زۆر کەس بخاتە مەترسییەکی گەورەوە، هەروەها ئاپلیکەیشنی ژوانکردن یەکێکە لەو هۆکارانەی کە فێری خەڵک دەکات ڕەخنە لە ڕوخساری کەسی بەرامبەر بگرن، یەکێکی تر لە مەترسییەکانی ئاپلیکەیشنی ژوانکردن ئەوەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوونی خەمۆکی و بڕوا بە خۆنەبوون بە هۆی بیستنی ڕەخنە لەلایەن بێگانەوە. لە کۆتایدا ئەکەوێتەوە سەر کەسەکە، هەمووان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی ئاپلیکەیشنی ژوانکردن بەکاربێنن یان خۆیان دوور بگرن لێی. گرنگی بە سەلامەتی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە دەدات و بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەین کە بە وریاییەوە بیر بکەنەوە پێش ئەوەی ئاڕاستەی سێکسخوازی خۆت ئاشکرا بکەیت لای ئەو کەسانەی لە ئاپلیکەیشنی ژوانکردنەوە دەیانناسیت. خۆت بەدوور بگرە لە متمانەکردنی تەواو بە کەس و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس مەکە تا زانیاری تەواوت نەبێت و تێنەگەیت کە ئەوان کێن.
0 Comments
Leave a Reply. |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |