هەنگاوی یەکەمم مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ خولیای منن، هەروەک خۆشنووسی، بەتایبەتی خۆشنووسی عەرەبی، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کە ئەم دووانە بهێنم بەرەو یەکتر و بە شێوازێکی جیاواز بە خەڵکیان بناسێنم. ئەو بیرۆکەیەیەی خەڵک هەیانە دەربارەی خۆشنووسی عەرەبی ئەوەیە کە بەکاردێت بۆ نووسینی وتەکانی پێغەمبەران، نووسینی قورئان، یان شیعری دڵداری. بیرۆکەکەی من ئەوە بوو کە خۆشنووسی عەرەبی تێکەڵبکەم لەگەڵ بیرۆکەی تازەی وەک هاوڕەگەزخوازی، فێمینیزم، و تەنانەت مافەکانی ئاژەڵ. بەڕای من، تێکەڵکردنی خۆشنووسی لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارانە لەوانەیە وا لە خەڵکی بکات بەشێوازێکی تازە لەم بابەتانە بڕوانن و لێیان تێبگەن. بیرۆکەکەم ماوەیەک پێش چوونە زانکۆ بۆ هات و پێویستی کرد کە هەر زوو وازی لێبهێنم بەهۆی ئەو ناپەسەندکردن و حوکمانەی ڕووبەڕووم دەهاتن. لەو کاتەدا، پیروڕاو و تێڕوانینی خەڵکی دەربارەی من زۆر بەهایان هەبوو لای من بووبوون بە بەربەستێکی گەورە لە بەردەممدا، بۆیە پێویستیکرد واز لە بیرۆکەکەم بهێنم. دوای دوو ساڵ، دووبارە هەوڵمدایەوە، بۆیە کاتم دانا بۆ پەرەپێدان بە تواناکانم. وردوردە هەستم بە بەرەوپێشچوون دەکرد و بیرۆکەی باشترم دەبوو کە بیانخەمەڕوو. ئەوە منیش ئێستا لێرەدام، ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەرم هەیە کە پاڵپشتیم لێدەکەن و هونەرەکەم بڵاودەکەنەوە و پەیامی پڕ لە خۆشەویستیم بۆ دەنێرن. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕق و کینەیان یەکەمین جار کە دووچاری ڕەخنە و هەڕەشە بوومەوە ئەو کاتە بوو کە پۆستێکی ئینستاگرامم بڵاوکردەوە لەسەر هاوڕەگەزخوازی. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی منیان بلۆک کرد، لە کاتێکدا کەسانی تر هەڕەشەیان بۆ دەناردم لە هەژماری ساختە و هەژماری ڕاستیشەوە. تەنانەت هەندێک لەو کەسانەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەمناسین پەیوەندییان لەگەڵ من کۆتایی پێهێنا دوای بینینی ئەو پۆستە. ئەندامەکانی خێزانەکەشـم بێگومان منیان فۆڵۆو کردبوو بێگومان! زۆریان لەسەر ئەو بابەتە وت دوای بینینی پۆستەکە. بەڵام هەرچۆنێک بێت من وازم نەهێنا. لەو ڕۆژەوەی ئەو پۆستەم بڵاوکردەوە، شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ڕۆشتن و ڕووبەڕووەی ڕق و کینەیەکی ئێجگار زۆر دەبوومەوە لەچاو ئەوەی لەگەڵی ڕاهاتبووم. وە دوای چەند پۆستێکی پاڵپشتیکار لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، هەڕەشەم بۆ دەهات لەلایەن چەن میلیشیایەکەوە. ناوەستم سەرەڕای هەموو ئەوەی پێیدا ڕۆیشتم، هێشتا من خولیای ئەوەم هەیە بەردەوامبم ئەم جارە. چەندین کەسی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نامەی دورودرێژی جوانم بۆ دەنێرن کە پڕیانە لە خۆشەویستی چونکە دڵیانخۆشە و سوپاسگوزارن بە پاڵپشتکردنی من لە ئەوان. زۆریان هەست دەکەن ئەوان لەیادکراون لەلایەن کەسانی دەوروبەریانەوە. بۆیە من جەختم خستۆتە سەر دروستکردنی هونەرەکەم بە زمانی عەرەبی و کەمتر جەخت دەجەمە سەر پۆست بە زمانی ئینگلیزی. ئەوەی من دەیکەم ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بە هەموویان بڵێم کە هاوڕەگەزخوازی بەشێکە لە کۆمەڵگای عەرەبی و شتێکی بێگانە نییە کە پێویستبکات پێی شەرمەزاربین. چەندین کەس لە کۆمەڵگاکەوە باسی چەند بابەتێک دەکەن کە کەسیان نییە باسی ئەم بابەتانەیان لەگەڵ بکەن. ئەو هەستکردن بە ئارامییەی کە من پێیاندەدەم وایان لێدەکات دڵیان بۆ من بکەنەوە بەبێ ئەوەی من بە باشی بناسن، و هەندێک جار بە هیچ جۆرێک نامناسن. من بوومەتە هاوڕێ لەگەڵ چەندین کەسی قەشەنگ کە سەر بە شار و تەمەن و ڕەگەزی جیان و ئەوەش هەمیشە وزەی بەردەوامبوونم پێدەبەخشێت. گۆڕینی هزریان لەڕێگەی هونەرەکەمەوە، توانیومە تێروانینی خەڵكی بگۆڕم لەسەر هاوڕەگەزخوازی وە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێستاش ئارەزووی بەردەوامبوونم هەیە. لە ڕابردوودا، زۆرێک لە هاوڕێکانم ڕەتیان دەکردەوەوە قسەر لەگەڵ یەکێک بکەن یاخود گوێ لە یەکێک بگرن کە باسی هاوڕەگەزخوازی بکات. هەندێکیان وشەی ناشرین و بێڕێزیکاریان بەکاردەهێنا بۆ وەسفکردنی هاوڕەگەزخوازان، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورە دەبینم لەو کاتەوە. کاتێکی زۆری ویست تا توانیم تێڕوانینیان بگۆڕم، بەڵام لە کۆتاییدا کردم. گفتوگۆ دوای گفتوگۆ، هاوڕێکانم بابەتەکەیان وەرگرت، خۆیان ڕۆشنبیرکرد لە بارەیەوە، وە ئێستا لە چاو جاراندا زۆر باشترن. لە ڕاستیدا، هەندێکیان تەنانەت بوون بە پاڵپشتیکار و هەندێکیان خۆیان بۆیان دەرکەوت کە هاوڕەگەزخوازن. هونەر چەند هەنگاوێک بەرەوپێشمان دەبات من باوەڕم وایە کە هونەر دەتوانێت زۆر یارمەتیمان بدەت لە گەشتی پەرەپێدان بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و تواناکانیان و لە شیکردنەوەی واتای ڕاستەقینەی هاوڕەگەزخوازی لەڕێگەی ڕاستی و بەڵگەوە. چاوەکانمان ڕانەهاتوون بە بینینی ئاڵای پەلکەزێڕینە! بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەندێکمان تووشی شۆک دەبین کاتێک ئاڵای پەلکەزێڕینە دەبینی لە ڕاستیدا یان لە وێنەیەکدا وە یان لە کارێکی هونەریدا. بەڵام ئەوە نابێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت چونکە دەتوانین گۆڕانکاری بەدیبهێنین بەوەی کە زیاتر باسی هاوڕەگەزخوازی بکەین تا ڕۆژێک، باسکردنی هاوڕەگەخوازی ببێتە شتێکی زۆر ئاسایی. بەڕای من هونەر ئاسانترین ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. دەتوانم ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان ببمەوە ئێمە یەکەمین نەوەی عێراقین کە کار بۆ مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز بکات و ئەوەش بێگومان کۆمەڵێک دەرەنجامی دەبێت، بەڵام بەوە دەزانم و شتەکەم پێ قبوڵە. دەرخستنی ناسنامەم لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆم لە هەژماری ئینستاگرامم و ئەوەی لە بایۆکەمدا نووسیومە کە من موسوڵـمانم ئاسان نییە و بگرە سەلامەتیش نییە، بەڵام من هۆکاری خۆمم هەیە بۆ ئەمانە. جێهێشتنی ئەم وردەکارییە گرنگانە بە واتای ئەوەدێت کە بەجۆرێک کە جۆرەکان من بەشێکی لە هێزی خۆم لەدەست دەدەم. دانانی زانیاری کەسیی لەسەر هەژمارەکەم بۆ ئەوەیە کە من ترسی پاڵپشتیکارانی تری کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بشکێنم. زۆرێک لێیان ئەمە هانیان دەدات و ئەوەی من دەیکەم هێزیان دەداتێ کە ئەوانیش پۆست لەسەر هاوڕەگەزخوازی بکەن و خەڵکانی تر ڕۆشنبیر بکەن. من گۆڕانکاری ئەرێنی زۆرم بینیوە تەنانەت لە هاوڕێ جیاڕەگەزخوازەکانیشمدا! زۆرێکیان پۆستەکانی من بڵاودەکەنوە لە هەژمارەکانی خۆیاندا و هەستێکی زۆر خۆشم دەداتێ کە ئەمە دەبینم. ڕاستە هەندێکیان دوای چەند کاتژمێرێک ئەوەی بڵاوی دەکەنەوە دەیسڕنەوە، بەڵام ئەمەوە لەبەر ئەو ناپەسەندکردنەیە کە بۆیان دەچێت لەلایەن فۆڵۆوەرەکانی خۆیانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەمە گۆڕانکارییەکی ئەرێننیە هەرچەندە بچووکیش بێت. هەرگیز لە جەنگین مەوەستە پەیامی من بۆ پاڵپشتیکارانی عێراقی و ئەندامانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازی عێراقی ئەوەیە کە لە جەنگین بەردەوامبن تا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی ڕوودەدات. بارودۆخەکان ئاسان نین چونکە هەر وتم، ئێمە نەوەی یەکەمین کە ئەم جەنگە دەکەین. بەڵام پێکەوە دەتوانینی داهاتوویەکی باشتر دروستبکەین بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو. بۆ بینینی کارەکانی سەیف و پاڵپشتی کردن، لەسەر ئینستاگرام فۆڵۆوی بکەن: saif0_0ali رەند عیڕاق کویر
0 Comments
خوێندن بۆچی گرنگە؟
کاتێک بیر لە خوێندن دەکەینەوە، نابێت تەنها بیر لە بابەتەکانی وەک بیرکاری و مێژوو بکەینەوە، خوێندنی ئەمانە چەندە گرنگ بێت، هەموو خوێندنگەیەک دەبێت زیاتر ببەخشێت بە خوێندکاران کە زیاتر لە دە ساڵی تەمەنیان دەبەخشن بە خوێندن تا لە جیهان تێبگەن. خوێندگە دەبێت بەشداری بکات لە پەرەدان بە کەسایەتی خوێندکاران و هانی داهێنان بدات. لەبەرئەوەی خوێندکاران هەست دەکەن دەبێت پەرە بە بیروڕایان بدەن بەرامبەر بە شتەکانی دەوروبەریان لە کاتێکی کەمدا، ئەوان زۆربەی کات بیرکردنەوەیان و بیروڕایان ڕەنگدانەوەی بیروڕا و کردادەکانی هاوپۆل یان مامۆستاکانیان دەبێت و ئەمەش هەستی ئەوەیان پێدەبەخشێت کە بەشێکن لە کۆمەڵ. بەداخەوە، عێراق شوێنێک نییە کە باشترین پەروەردە ببەخشێت بە فێرخوازان. کتێبەکانی خوێندنگاکانمان بە دەگمەن بابەتێکیان تێدادەبێت کە بیری خوێندکاران بووروژێنێت یان هانیان بدات جیاوازبن. سیستەمی خوێندنمان پشتی بەستووە بە لەبەرکردن، کە ئەمەش هانی خوێندکاران دەدات دوای پیروڕای کەسانی تر بکەون- وەک مامۆستا، دایباب، تەنانەت کەسانی نەناسراویش تا ڕێیان نیشانبدەن دەربارەی تێڕوانینان دەربارەی بابەتە جیاوازەکان. ئەمەش یەک شت فێری فێرخوازان دەکات! کە بریتیە لەوەی کە هیچ تیڕوانینێکی خۆیان پەسەند نییە تەنها کاتێک نەبێت کە کەسانی تر پەسەندی بکەن. پێویستمان بەوەیە لێرەدا گۆڕانێک بەدیبهێنین. پێویستمان بە کتێب و مامۆستایە کە پەرە بە تواناکانی خوێنکار بدەن بۆ بونیادنانی دەهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان، بەبێ گوێدانە سنوورەکانی کۆمەڵگا. خوێندکاران لەکوێوە دەربارەی ئاڕاستەی سێکسییان فێردەبن؟ بابەتەکانی وەک فرەچەشنەیی سێکسی و جێندەری هەنگیز لە هیچ پۆلێکی عێراقیدا باس ناکرێت. تەنانەت کتێبەکانی بابەتە زانستییەکانیش، کە دەبێت ڕاستی و زانیاری بەنرخ لەسەر فرەچەشنەیی و سەرسوڕهێنەری دەنیا باس بکەن، خۆیان لادەدەن لە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە بە بیانووی ئەوەی مێشکی خوێندکاران دەشێوێنن. لە لایەنەکەی ترەوە، دایبابانی عێراقیش بژاردەیەکی باش نین بۆ باسکردن بابەتەکانی پەیوەند بە سێکس و سێکسخوازی. لەبەرئەوەی دایبابان لە ماڵەوە ئەم بابەتانە باس ناکەن و هیچ ڕێوشوێنییەکیش نییە لەلایەن خوێندگاوە، خوێندکاران زۆر جار ترسیان لا دروست دەبێت بەرامبەر بە پرسیارکردن دەربارەی ئاڕاستەی سێکسی و سێکسخوازی، سێکس، پاراستن و پەیوەندییە سۆزدارییەکان بە شێوەیەکی گشتی. گەورە دەبن لەگەڵ ئەو بیرەی کە تەنها یەک شێواز هەیە بۆ ژیان ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگا بۆیان هەڵدەبژێرێت. ڕۆڵەکانیان دیاریدەکرێت بەگوێرەی ڕەگەزیان و ئاڕاستەی سێکسییان هەرگیز پرسیاری لێوەناکرێت. تەنانەت ئەگەر بەخت یاوەریشیان بێت لە دۆزینەوەی خۆیان، هەلی ئەوەیان نابێت کە شووناسی خۆیان دەرببڕن. ئینتەرنێت لەوانەیە باشترین بژاردەبێت بۆیان بۆ فێربوون و دۆزینەوەی شتەکان! بەڵام ئایا ئینتەرنێت سەرچاوەیەکی سەلامەتە بۆ فێربوون! ئایا مامۆستایانی عێراق هانی فێرخوازان دەدەن مێشکیان بەکاربهێنن؟ سیستەمەکەمان هانی مامۆستایان نادات کە شێوازی وانەوتنەویان باشتر بکەن. ڕێژەیەکی زۆری مامۆستایان دەست دەکەن بە وانە وتنەوە لە ساڵەکانی یەکەمی ٢٠ ساڵییاندا و خانەنشین دەبن لە تەمەنی نزیک ٦٠ ساڵیدا بە هەمان کەرەستەوە، بە هەمان شێوازی وانە وتنەوەوە، وە بەهەمان بیروڕاو هزرەوە. هەندێکیان لەوانەیە بەلاشیانەوە مایەی تووڕەبوون یان شەرمەزاری بێت ئەگەر لە خوێندکارانی تەمەن گەنجترەوە فێر ببن ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت مایەی بەرەنگاری بێت. "تۆ ئەم پرسیارە و وەڵامەکەی لەبەر بکە وەک خۆی، وە لە تاقیکردنەوەشدا هەمان شت بنووسە. دوای ئەوە ئەگەر حەزت کرد دەتوانیت هەمووی لەبیربکەیت. بەڵام دڵنیا بە لەوەی کە زانیارییەکەت تا کاتی تاقیکردنەوە لە مێشکتدا بهێڵیتەوە." ئەمە قسەی یەکێك لە مامۆستاکانی وانەی بیرکاریم بوو. دەتوانین بڵێین کە زۆربەیان خۆیان چەقبەستوو دەکەن بە یەک شێوازی وانە وتنەوەو بۆ ساڵانێکی دورودرێژ. ئەگەر بمانەوێت داهاتوومان لە ئێستا و ڕابردوومان ڕوناکتربێت، دەبێت لەوە تێبگەین کە مامۆستایان پێویستیان بە ڕاهێنان و ڕێشوێنییە بە هێندەی خوێندکارانیان. مامۆستایان زۆریان لەسەرە فێر ببن، لەناویشیاندا قبوڵکردنی خوێندکارەکانیانە کە جیاوازن. ئایا عێراق هانی مامۆستایان دەدات هانی ڕق و توندوتیژی بدەن؟ بنیامن کەسێکی سێکسنەخوازی دووڕۆمانسیخوازی جووت ڕەگەزە کە تەمەنی ١٨ ساڵە. بێن باسی ئەزموونە نەرێنییەکانی دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕوویان دا و وتی" وەک هەر خوێندکارێکی تری خوێندنگە، وانەی فیزیام دەخوێند کاتێک تێبینیم کرد مامۆستا بەشێوەیەکی سەیر سەیری دەکردم. یەکسەر زانیم کە منی بەدڵ نییە چونکە بە وشە ئازاربەخشەکانی ئازاری دەدام لە یەکەمین و دووەم وانەدا. لە وانەی سێیەمدا، مامۆستا پرسیارێکی زۆر ڕەگەزپەرستییانەی لە خوێندکاران کرد کە هیچ پەیوەندی نەبوو بەو وانەیەی دەبوو بیڵێتەوە. پاشان پرسیاری لە من کرد دەربارەی لووت، فێمینیزم و مەیک ئەپەوە. مامۆستاکە هەموو وانەکەی بەسەربرد بە باسکردنی ئەوەی کە چۆن کەسانی وەک من دەبێت بسوتێنرێن یان لە باڵەخانەو بەرزەوە فڕێبدرێنە خوارەوە. وشەکانی پڕیانبوو لە ڕق و کینە و لە کۆتاییدا هەڕەشەی کرد کە لە پۆل دەرمبکات. لە ڕاستیدا ئەو هەوڵی دەرکردنی منی دا بەڵام خۆشبەختانە باوکم هات و کێشەکەی چارەسەر کرد دوای شەڕێکی درێژخایەن. ئەو مامۆستایە هەرگیز لەوە نەوەستا ڕقی لێمبێت، هەروەها گێچەڵ و هەراسانکردنی خوێندکارانی تر بۆمن هەرگیز نەوەستان. ئەگەر دادپەروەرانە قسە بکەم، هەندێک لە خوێندکاران پشتگیریان دەکردم بەڵام خوێندکارانی تر ڕقیان دەردەبڕی و تۆمەتباریان دەکردن بەوەی کە من پارە وەردەگرم بەرامبەر بە سێکس کردن. لە ڕاستیدا، یەکێک کە خوێنکارەکان داوای کرد سێکسی لەگەڵ بکەم بە پارە. وەکو کەسێک کە بەم ئەزموونەدا تێپەڕێوە و لە گرانی بارودۆخەکە تێدەگەم، هانی مامۆستایان دەدەم کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەکاریبهێنن بۆ بنبڕکردنی ڕق و پاڵپشتی لەو کەسانە بکەن کە وەک من وان. باوەڕم وایە کە پاڵپشتی ئەوان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر کۆمەڵگا." ئەمڕۆ ئێمە یادی چی دەکەینەوە؟ ئەمڕۆ، ٢٣ی کانوونی دووەم، ڕۆژی جیهاننی پەروەردەیەکە کە یادی دەکرێتەوە بە داننان بە گرنگیی خوێندن و پەروەردە و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی. ئەمڕۆ باس دەکەن لەوەی کە چۆن ستراتیژیای باش بەرنامەبۆداڕێژراوی وانە وتنەوە کاری ئەو ڕێکراوە عێراقییانە ئاسان بکات کە کار دەکەن بۆ نەهێشنی، جیاکاری جێندەری، توندوتیژی، هۆمۆفۆبیا و جۆرەکانی تری جیاکاری. ئێستا کاتێکی باشە تا بە مامۆستایانمان بڵێین لە هەموو شوێنێکی عێراق کە ئەو شتانەی هانی خوێندکارانیان دەدەن بۆ قبوڵکردن یان پەسەندنەکردنی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەمووان دەبێت جا چێستا بێت یان دواتر، لە نێوانیشیاندا ژیان مامۆستایان خۆیان. مامۆستایەک دەتوانێت پۆلێکی تەواو بگۆڕێت بە هەڵبژاردنی شێوازێکی کاریگەری فێرکردن کە هانی خوێندکاران بدات پرسیار لەسەر هەموو شتێک بکەن و باوەڕ بەوە بکەن کە بیرۆکەیەکی ناو هزری هەر یەکێکیان دەکرێت وەڵامی پرسیارێک بێت کە تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. بۆ هەموو ئەو مامۆستا عێراقییانەی پەرە بە خوێندکارەکانیان دەدەن، کە هێوایان پێدەدەن، وە کە بواری ئەوە بە خوێندکاران دەدەن خۆیان وەڵامەکان بدۆزنەوە، عێراق کویر باشترین هیواتان بۆ دەنێرێت ڕۆژی جیهانیی پەروەردەتان پیرۆز. رەند عیڕاق کویر تێڕامان و تێنەگەیشتنێک هەیە دەربارەی چەمکی سێکسنەخوازی (ئەسێکشواڵیتی) کە وا لە خەڵک دەکات زۆر حوکمی هەڵە بڵێن. کەسانی سێکسنەخواز کەمی باوەڕبەخۆبوونیان نییە بۆ ئەنجامدانی سێکس، وە ئەوەش نییە بڵێیت ئەوان خۆشەویستی ڕاستەقینەی ژیانیان نەدۆزیوەتەوە. وە سێکسنەخوازبوون بە هیچ جۆرێک کارناکەتە سەر ئەوەی ئایا کەسێک تا چ ڕادەیەک هەستیارن. هەر سێکسنەخوازێک کەسایەتییەکی تایبەتی هەیە و خاوەنی بژاردەی ژیانی تایبەتی خۆیانن کە بەهایان لە هی کەسانی تر کەمتر نییە.
با بە شیکردنەوەی سێکسنەخوازی دەستپێبکەین. ئەسێکشواڵیتی/ سێکسنەخوازی کە پێشی دەوترێت "ئەیس"، ئەوەیە کە ئارەزووی سێکست نەبێت یاخود ئارەزووێکی زۆر کەمت هەبێت. واتا، کەسەکە توانای هەیە سێکس ئەنجام بدات یاخود دەستپەڕ بکات یاخود ئەنانەت هاوسەرگیری بکات و ببێت بە دایباب. بیرۆکەکە ئەوەیە کە کەسانی سێکسنەخواز هەست بە پێویستییەکی بەهێز ناکەن بۆ ئەنجامدانی سێکس یاخود هەست بە هیچ پێویستییەک ناکەن، بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەم شتانە بەبەراورد لەگەڵ کەسانی تری خاوەن ئاڕاستە سێکسییە جیاوازەکان. لە هەمووی گرنگتر، سێکسنەخوازی نەبەستراوەتەوە بە پێناسەیەکی جێگیری سنووردارەوە چونکە سێکسنەخوازی شەبەنگێکی فراوانە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ناتوانی هەموو سێکسنەخوازان لە یەک کۆمەڵەدا کۆبکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە هەموویان وەک یەک ڕەفتار بکەن و ڕەگەزخوازیان وەک یەک دەرببڕن. هەندێکیان هەڵدەبژێرن کە لە پەیوەندیدا بن و هەندێکی تریان هەوڵی پێکهێنانی هاوڕێیەتی بەهێز دەدەن کە خۆشەویستییەکی زۆریان پێدەبەخشێت. هەڵەتێگەیشتنێکی باو ئەوەیە کە دەتوانین ناڕەگەزخوان بە هاوڕەگەزخواز یان جیاڕەگەزخواز پۆلێن بکەین بەپێی ڕەگەزی ئەو کەسەی دەیانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵدا ببەستن. کەسانی سێکسنەخواز نە هاوڕەگەزخوازن نە جیاڕەگەزخواز. بە واتای ئەوەی کە ئەوان دەتوان پەیوەندی ڕۆمانسی لەگەڵ کەسانی هەمان ڕەگەز یاخود ڕەگەزی بەرامبەر ببەستن، بەڵام ئەمە نایان کات بە هاوڕەگەزخواز یاخود جیا ڕەگەزخواز. لە سێکسنەخوازیدا، دوو ئاڕاستە هەیە کە بریتیە لە ئاڕاستەی سێکسی و ئاڕاستەی ڕۆمانسی و هەریەکێک لەمان چەند ئاڕاستەیەکی جیاواز لەخۆدەگرن. کەسانی سێکسنەخواز شەرت نییە ژیانیان بەبێ هاوژین بەسەربەرن یاخود بەتەنیا بمرن. ئەوان هەستیان هەیە و پێویستی هەستییان هەیە کە بەشێوەی خۆیان بەدەستیاندەهێنن. دەربارەی ئاڕاستەی ڕۆمانسی، کەسانی سێکسنەخواز دەکرێت هاوڕۆمانسیخوز یان جیاڕۆمانسیخواز بن. هاوڕۆمانسیخوازی ئەوەیە کە کەسێکی سێکسنەخواز پەیوەندییەکی ڕۆمانسی دەبەستێت لەگەڵ کەسێکی سەر بە هەمان ڕەگەز لەکاتێکدا جیاڕۆمانسیخوازی ئەوەیە کە کەسێکی سێکسنەخواز پەیوەندییەکی ڕۆمانسی لەگەڵ کەسێکی سەر بە ڕەگەزێکی تر ببەستێت. بەغداد، محەممەد و بەسسام سێ سێکسنەخوازی عێراقین کە لە پێشینەی جیاوازەوە هاتوون و بۆمان ڕوون دەکەنەوە هەر یەکێکیان چۆن پێناسەی سێکسنەخوازی دەکەن: "بیرم دێت کاتێک کوڕەهاوڕێکەم بۆ یەکەمین جار لێم نزیک بووەوە ماچم بکات، ماچەکە هیچ هەستێكی خۆشی نەدامێ. لە ڕاستیدا، من هەستم بە ناڕەحەتی کرد" بەغداد کە کچێكی عێراقی سێکسنەخوازە باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات. ئەو دەڵێت "کاتێک تەمەن ٢٢ ساڵ بوو، لە پەیوەندییەکدا بووم لەگەڵ کوڕێکدا کە وام دەزانی خۆشمدەوێت. کاتێک بۆ یەکەمین جار ماچی یەکترمان کرد، ماچەکە هیچ هەستێكی خۆشی نەدامێ و لەمەش سەرم سوڕما بەڵام هیچ بیرۆکەیەکم لە مێشکمدا پەسەند نەکرد. من بەلامەوە ئاسایی بوو پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی تردا ببەستم، من ڕقم لەوە نەبوو کە دەوردرابم بە خەڵکی. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە ئەگەر کەسێک لێم نزیک بایاتەوە کە باوەش یاخود ماچم بکات، یەکسەر هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد. ئێستاش هەمان هەستم هەیە، جا کەسەکە نێر یاخود مێ بووایە. لەبەرئەوەی ئەم هەستانە نەڕۆیشتم، پرسیارم بۆ دروست بوو لەسەر ڕەگەزخوازی خۆم. وەک سێکسنەخوازێک، توانجی زۆرم بۆ دێت کە پێم دەڵێن ماچی کوڕی ڕاستم نەکردووە، یاخود کە لە داهاتوودا تێڕوانینم دەگۆڕم کاتێک کوڕی ڕاستم دۆزییەوە، یاخود من هێشتا ئامادە نیم بۆ ئەوە و لەداهاتوودا شتەکان دەگۆڕێن. من دڵنیا نیم لەوەی کە ئایا شتەکان لە داهاتوودا دەگۆڕێن یان نا، تەنانەت ئەگەر بگۆڕێن و من بڕیارمدا لە پەیوەندییەکی سێکسیدا بم لەگەڵ کەسێکدا، هێشتا ئەمە مافی ئەوەم لێناسەنێتەوە بەخۆم بڵێم سێکسنەخواز. لە کۆتاییدا، ئەمە خۆمم، تەنانەت ئەگەر کەسانی تریش پرسیاریان لەسەرم هەبێت. بەداخەوە، زۆربەی توانجەکان و حوکمە هەڵەکان لەلایەن ئەندامەکانی خێزانەکەمەوە دێن چونکە ئەوان نایانەوێت بابەتەکە قبوڵ بکەن. خۆشبەختانە من دوور لە خێزانم دەژیم و ئەوەش بە مانای ئەوەدێت کە دەمەقاڵێکان زۆر کەمترن دەربارەی بابەتەکە. لەگەڵ پەستانی کەمتری خێزانەکەم و پاڵپشتیی بەردەوامی یەکێک لە خزمەکانم، باری من زۆر باشە. من کاتم داوە بە خۆم و پەلەم نییە پەیوەندیی نوێ ببەستم. لەوانەیە، ئەگەر بابەتەکە بە سووکی بگرم، شتی زۆرتر دەربارەی خۆم بدۆزمەوە کە تا ئێستا لێیان بە ئاگا نیم. هەرچەندە پرسیار لەسەر ئاڕاستەی سێکسیم زۆرە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هێشتا لەو باوەڕەدام کە کۆمەڵگای عێراقی من و کەسانی ناڕەگەزخوای تر بە ڕادەیەکی زۆرتر قبوڵدەکانت بەبەراورد بە کەسانی تری سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. ئەمەش شتێکی ڕاست و دادپەروەر نییە، بەڵام کۆمەڵگای عێراقی بەو جۆرە بیردەکاتەوە کە ئەنجامنەدانی سێکس باشترە لە ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ هەمان ڕەگەز. بەداخەوە، کۆمەڵگاکەمان تەنها لە دیدی سێکسەوە سەیری پەیوەندییەکان دەکات. گرنگی نەدراوە بە لایەنی ڕؤمانسی و پەیوەندی نزیک. کۆمەڵگاکەمان هێشتا جەخت ناکاتەوە لەوەی کە هاوژینێت دەتوانێت چیم پێ ببەخشێت تا لە ناخەوە هەست بە باشتر بکەم بەبێ بیرکردنەوە لە سێکس و جووتبوونی سێکسی." "ڕقم لەوەیە کە چۆن زۆرینەی خەڵک وا دەزانن کەسانی سێکسنەخواز ناتوانن هەستیار بن" چیرۆکی محەممەد لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە دوو سال لەمەوپێش بە بابەتی سێکسنەخوازی ئاشنا بوو کاتێک لاپەڕەیەکی (پەیجێکی) عەرەبیی بینی کە باسی سێکسنەخوازی دەکرد. "پێش دۆزینەوەی ئەو پەیجە، بە خۆمم دەووت بێ سێکس، چونکە ئەوە تەنها چەمک بوو کە لە کۆمەڵگای عێراقیدا باوە. گرانە بڵێم کە یەک ئەزموونی دیاریکراو هەبووبێت وام لێبکات پرسیار دەربارەی ئاڕاستەی سێکیی خۆم بکەم و دیاری بکەم، بۆیە بیرمەندترە بڵێم کە من دەربارەی ئاڕاستەی سێکسی خۆم فێربووم دوای چەند ئەزموونێک کە بۆ چەند ساڵێك بەردەوام بوون. دیارترینیان ئەوە بوو کاتێک هەلم بۆ ڕەخسا سێکس لەگەڵ کەسێکدا ئەنجام بدەم. هەرچەندا من سەرم سووڕما بە جەوانی جەستەیان، ئەوە بەس نەبوو بۆ من کە وام لێبکات بمەوێت سێکسیان لەگەڵدا ئەنجام بدەم. بۆ من، باوەڕم وایە کە پەیوەندییەکان دەربارەی خۆشەویستی و سۆزی ڕاستەقینەن و ئەوەش واکی کرد لەوە بگەم کە من جیاوازم لە زۆرینەی کەسانی تر لە ساڵانی هەرزەکاریمەوە. هەندێك جار، هەست بەو پێویستییە دەکەم کە هاوژێنێک بدۆزمەوە و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵیان پێکبهێنم. بەڵام زۆر جاری تر، من لەم پیویستییە ڕادەکەم. دەتوانم بڵێـم کە ٪٨٠ من دژی بوونی منداڵەوەم وەلێ زۆر باش دەزانم کە کۆمەڵگا هەمووان پاڵدەنێت بۆ دروستکردنی منداڵ. بۆیە باوەڕم وایە کە پشتگیری ناکرێم شتێکی جیا لەوە ئەنجام بدەم تەنانەت گەر بەخۆشم بڵێم سێکسنەخواز. بەڵام من بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم کە بۆ خۆم باشە نەک ئەوەی کە کۆمەڵگا دەیەوێت چۆن بم. "سێکسنەخوازان نەخۆشی دەروونی نین. هەرچەندا خەڵکی پێچەوانەی ئەمە دەڵێن هەمیشە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نییە. نزیکەی هەموویان تەنانەت نازانن کەی کەسێک بە نەخۆشی دەروونی لە قەڵەم بدەن. باوەڕم وایە زۆربەی خەڵکی حەز ناکەن پاڵپشتی یەکتری بکەن، بەڵکو چێژ دەبینن لە تێکدانی ژیانی یەکتری و هەراسانکردن. لە کۆتاییدا، تەنانەت ئەگەر نەخۆشییەکی دەروونیشـ هەبێت، من بەلامەوە خۆش نابێت ئەگەر کەسێک بێت و بۆم ڕوون بکاتەوە من نەخۆشم وەک ئەوەی جوێنم پێبدەن" بەسسام، کە سێکسنەخوازێکی تری عێراقییە دەڵێت، "کاتێک تەمەنم شازدە ساڵ بوو، بۆم دەرکەوت من لە هاوڕێکانم جیاوازم کە لە تەمەنی مندان یاخود چەند ساڵێک گەورەتر بوون. حەز دەکەن بە شێوازێكی سێکسی باسی کچان بکەن لە کاتێکدا من نەمدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قسانەدا بکەم چونکە بابەتەکە بەلای منەوە سەرنجڕاکێش نەبوو. لە سەرەتادا، وامدەزانی کە من تەمەنم زۆر گەنجە تا بابەتەکە بەلامەوە سەرنجڕاکێش بێت. دوای سالێک، کاتێک تەمەنم ١٧ ساڵ بوو، بۆم دەرکەوت من سێکسنەخوازم لەڕێگەی خوێندنەوەی وتارێكەوە دەربارەی سێکسنەخوازی کە لەسەر لاپەڕەیەکی زانستیی لەسەر فەیسبووک دۆزیمەوە. پاش ماوەیەکی کەم، لاپەڕەی سێکسنەخوازیم دۆزییەوە کە لەلایەن عەلاء یاسین و نەبیل عەلالەوە بەڕێوەدەبرا، کە منیان ناساند بە کۆمەڵێک کەسەی سێکسنەخواز لەسەر فەیسبووک. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە شتەکان بۆمن ڕوونتر بوونەوە. زۆربەی کات، من بەلامەوە گرنگ نییە کەسانی تر چۆن لە من دەڕوانن کاتێک دەزانن من سێکسنەخوازم. بەڵام هێشتا کاتێک کەسێک پرسیارم لێدەکات دەربارەی بابەتەکە، باشترین هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ڕوونکردنەوەی واتای سێکسنەخوازی بە ڕوونی تا کەسەکە بە هەڵە لە بابەتەکە نەگات. سەبارەت بە خێزانەکەم، ئەوان باوەڕیان بەوە نییە کە شتێک هەبێت ناوی سێکسنەخوازی بێت، بۆیە هەوڵ دەدەین تا دەتوانین بابەتەکە باس نەکەین. وەک پیاوێکی سێکسنەخواز، توانجی وەکو "تۆ پیاو نیت" دەبیستم و باوەڕم وایە ئەوانەی تریش کە وەک من وان هەمان توانج یاخود بگرە ناشرینتریش دەبیستن. هەرچەندا من دژی زاووزێم و هەرگیز بەرنامەی ئەوە دانانێم وەچە بخەمەوە، هێشتا ڕێگە بەکەس نادەم ڕێگریم بکات ئەگەر ویستم ببم بە باوک. کۆمەڵگا نابێت ئەو مافەی خۆمم لێ بسەنێتەوە. من سێکسنەخوازی بەو جۆرە پێناسە دەکەم کە چەندین واتای هەبێت، ناڕەگەزخواز هەن نە هەستی سێکسی و نە هەستی ڕۆمانسییان هەیە بۆ کەسانی تر، هی تر هەیە هەستی ڕۆمانسییان هەیە بەڵام هەستی سێکسییان نییە بەجۆرێک ئەنجامدانی سێکس ڕەت دەکەنەوە. سێکسنەخواز هەیە کە هەستی سێکسی ئێجگار کەمییان هەیە، کە ئەمەش پێی دەوترێت "سێکسنەخوازی خۆڵەمێشی". هەروەها سێکسنەخوازی تر هەیە، وەک خۆم، کە هەستی سێکسییان دەبێت تەنها لە کاتێکدا کە لە پەیوەندییەکی زۆت بەهێزدا بن و خۆشەویستی نێوان دوو کەسەکە زۆر بەهێز بێت. سێکسنەخوازی بەشێوەی جیاواز دەربڕینی لێوە دەکرێت لەلایەن کەسانی سێکسنەخوازی جیاوازەوە. من خۆم دەستپەڕ دەکەم و باوەڕم وایە هەموو کەس دەیکات. من ئارەزووم نییە لە پەیوەندییەکدا بم چونکە ئەوە سەرنجم ڕاناکێشێت. لەوانەیە ئارەزوو بکەم سەگێکم هەبێت و بە تەنها لە شوێنێکی ئارامدا بژیم. من دەمەوێت ژیانی خۆم بەو جۆرە بژیم لە کاتێکدا سێکسنەخوازی تر بەرنامەی دیکەیان هەیە بۆ ژیان. من باوەڕم وایە هەریەکێک لە ئێمە مافی ئەوەی هەیە چۆنییەتی ژیانی خۆی هەڵببژێرێت. دەبینم کە زۆربەی عێراقییان لەوانەیە ئاسانتر سێکسنەخوازت قبوڵ بکەن وەک لە هاوڕەگەزخوازی، ئەوەش لەبەرئەوەی عێراق وڵاتێکی ئیسلامییە. عێراقییان کێشەیان نابێت ئەگەر بڕیار بدەیت سێکس نەکەیت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەگەر بڕیار بدەیت بیکەیت. هەر بۆیە هاوڕەگەزخوازبوون بۆ نموونە زۆر زیاتر ڕەت دەکرێتەوە بە بەراورد بە سێکسنەخوازی. بە ڕای من، هاوڕەگەزخوازی و سێکسنەخوازی دوو شتی جیاوازن و نامەوێت بەراوردیان بکەم. باڵام باوەڕم وایە کە هەمووی لە پەروەردەی منداڵەوە دەستپێدەکات لە عێراق. مێشکی منداڵان پڕ دەکرێت لە بیری ئاینی کۆن کە ڕق دروستدەکات لە مێشکیاندا بەرامبەر بەو کەسانەی کە بڕیاردەدەن جیاواز بژین. ئەمەش وا لە هەندێکیان دەکات کە ڕقیان لە هاوڕەگەزخوازان بێت ئەنانەت ئەگەر نەشزانن هاوڕەگەزخوازی بە واتای چی دێت. لە کۆتاییدا، کێشەی کۆمەڵە عەرەبییەکانی ئێمە بریتیە لە نەبوونی زانیاری کە ئەمەش ڕق و هەڵەتێگەیشتن دروستدەکات." وەک خوێنەرێک، دەربارەی گەشتی دوزینەوەی ڕەگەزخوازی خۆت بۆمان بدوێ. کامانە گەورەترین بەرەنگاری بوون بۆ تۆ لەو کاتانەدا؟ وە لە هەمووی گرنگتر، کێ یارمەتی دایت لە قۆناغەی ژیانتدا؟ عیڕاق کویر حەز دەکات زیاتر دەبارەی چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانتان بزانێت. چ ئەوەی یارییەکت شكاندبێت یان لەلایەن منداڵانی تری گەڕەکەوە لێت درابێت، وەک کوڕێک بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەسێک پێی گوتوویت کە نەگریت. نەک لەبەرئەوەی بەسەرهاتەکە شایەنی گریان نەبووبێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی کوڕان نابێت بگرین. نابێت لاواز دەربکەون ئەگەرنا کەس بە هەندیان وەرناگرێت. پیاوان و کوڕان هەمیشە پێیان دەوترێت کە هەستەکانیان بنێژن و بەتەنها مامەڵە لەگەڵ ئازاری جەستەیی وئازاری ناخدا بکەن.
شتەکان زۆر باشتر نابن لە کاتی گەورەبووندا، لە ڕاستیدا، ئەگەر زۆرە تووشی پەستانی زیاتر ببیت لە دەوروبەرەوە. "ئەگەر دەتەوێت بگریت، بڕۆ لە شوێنێکدا خۆت بشارەوە، هەرگیز مەگری لەبەردەم هاوژین، خێزان، یان هاوڕێکانتدا دەنا لەدوای ئەوەوە بەهەند وەرتناگرن." لەوانەیە لەساتێكی ژیانتدا ئەم ئامۆژگارییەت وەرگرتبێت. پیاوەتی ژەهراوی پەستان دەخاتە سەر پیاوان و هەندێک لەم پیاوانە هەوڵ دەدەن ئەم پەستانە دەرببڕن لەڕێی توندوتژی و مامەڵەی ڕەقەوە دژی منداڵ یان خێزانەکانییانەوە. توێژینەوەیەک کراوە لەلایەن سەرۆکی بەشی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی گرەیتەر گود، "داکەر کێلتنەر"، و توێژینەوەکە دەری دەخات کە مرۆڤ توانای هەیە نەک تەنها شەش هەست هەست پێبکات، بەڵکو توانای هەستکردنی هەیە بە بیست و حەوت هەست. ئایا بە ڕای تۆ پیاوانی ئێـمە توانای دەربڕینی چەندێک لەم هەستانەیان هەیە؟ هەستەکانی وەک ترس، ڕۆمانس، و خەمباری قورسترە لەسەر پیاوان دەری ببڕن بە بەراورد بە ژنان، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە دروستدەکات لەنێوان ژن و پیاواندا لەڕووی ئەوەی کە دەبێت چۆن بن. وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، ئەگەر زۆرە هەست بە هەمان پەستان بکەیت لەلایەن کەسانی دەوروەرتەوە و ئەمەش توانای هەیە کە وردەوردە باوەڕبەخۆبوونت کەم بکاتەوە و گرانتری بکات لەسەرت کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکانتدا بکەیت. هەست دەکەیت کە دەبێت بەگوێرەی کەسانی دەوروبەرت گۆڕانکاری لەخۆتدا بکەیت. بۆیە هەندێک لە پیاوان تەنیایی هەڵدەبژێرن. تەنهایی لەوانەیە ئارامترو سەلامەتترین شوێن بێت. پیاوەتی ژەراوی هەمیشە هەستەکانی وەکو شەرمەزاری و تاوانباری دەداتە پاڵ ئەو پیاوانەی کە ناتوانن هەستەکانیان بەڕێوەبەرن. جگەلە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن لەوانەیە یەکێک بێت لەو شتانەی کە پیاوان بیری لێدەکەنەوە کاتێک لەوە دەگەن کە لە زۆربەی بارەکاندا، بەتەنیا دەمێننەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ هەستکردنیان بە کەمی و گرانی. یوسف کە پیاوێکی عێراقی هاوڕەگەزخوازە، دەڵێت، "کۆمەلگای عێراقیمان پیوەتی پێناسە دەکات بەوەی پیاو دەبێت شێوە و ڕووکەشی چۆن بێت و چۆن ڕەفتار بکات. پیاوەتی پێناسەدەکرێت بە سمێڵ، ماسولکە، مووی لەش، توڕەیی و هەستکردن بە پاراستن. کۆمەڵگاکەمان دەڵێت کە پیاوی ڕاستەقینە دەبێت توند و ڕەق بێت و دەبێت زۆر بە ڕوونی ئەوە دەربخات لەڕێگەی جووڵە و ڕەفتار و بیرکردنەوەیەوە." "من ئەگەر خۆم پێناسەی پیاوەتی بکەم، لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگادا هاوڕا نابم. بە تێڕوانینی م، پیاوەتی ئەوە بە شێوازێكی زانایانە بیربکەیتەوە و ڕەفتار بکەیت، جا ئەوە توند بێت یان نەرم. بریتیە لە کردەوەکانی پیاو بۆ سوودی گشتی کۆمەڵگاکەی بەبێ گوێدانە شێوەی و ڕووکەشی. ئەوە گرنگە کە کردەوەکانی سوود بە کۆمەڵگاکەی بگەیەنێت." یوسف دەشلێت کە کۆمەڵگاکەمان چەند سنوورێکی بۆ پیاوان داناوە بەوە کە پێیان دەڵێت مایەی شەرمەزارییە فرمێسکێک بڕێژیت و کە پیاو نابێت لایەنە لاوازەکانی بۆ هیچ کەس دەربخات چونکە کە ئەوە نیشانەی پیاوەتی نییە. "پیاو نابێت هەستەکانی بۆ هاوژینەکەی دەرببڕێت لە شوێنی گشتیدا چونکە ئەوە شتێک نییە کە پیاو بیکات! نابێت ڕێگەی پێبدات کە شتێک لەبەربکات شوێنێکی جەستەی دەربخات چونکە لە مێشکی ئەودا خێزانەکەی بووکەڵەیەکە و دەست گرتن بەسەر جلوبەرگیدا شێوازێکی دەربڕینی پیاوەتییەتی." "ئەگەر بمانەوێت دەربارەی زیانی پیاوەتی ژەهراوی قسە بکەین بۆ پیاوان بە تایبەتی، ئەوا یەک وشە دەتوانێت وەسفی ئەوە بکات کە بریتیە لە وشەی "مردن". هاوڕەگەزخواز لەلایەن کۆمەڵگا و ئاینیشەوە قەدەغەکراوە. تەنانەت پیاوانی ڕەگەزگۆڕێش لە دیدی عیراقییەوە وەک پیاوی تەواو نابینرێن، بەڵکو وەک پیاوانێک کە هیچ پیاوەتییان تێدا نییە." "وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز، کەسایەتییەکی بەهێزم بۆ خۆم دروستکردووە کە ڕێگەم پێدەدات کە خۆم بەدووربگرم لەو پیاوانەی کە بیر لە ئازاردانم یان گێچەل پێکردنم دەکەنەوە یاخود بیانوەستێنم. من بەو ڕێگەیە سەلامەتی خۆم دەپارێزم لە شوێنە گشتییەکاندا." "سەبارەت بە ماڵەوە، من هەست دەکەم بەوەی ماڵەوە پێشوازیم لێدەکەن و بۆ من ماڵەوە شوێنی ئارامیمە چونکە دەزانم جیهانی دەرەوە چەند گرانە بۆ من و کەسانی وەک من." "بۆ من پیاوەتی بە واتای ئەوەدێت کە کەسانی تر بتوانن پشتت پێببەستن، ئەوەی کە چاودێری کەسانی تر بکەیت، جێگای متمانە بیت و کەسێک بیت کە هێز ببەخشت بە کەسانی تر کاتێک لە بارودۆخی دژواردا بن، وە هەستت هەبێت. من هاوڕا نیم لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵگای عێراقیمان بۆ پیاوەتی. بۆمن ئەو پێناسەیە هیچ واتایەکی نییە. بۆ ئەوان، پیاوەتی واتا توندوتیژی، زاڵی، شێوە و ڕووکەشی پیس و ناڕێکخراو"، جەیک پێمان دەڵێت. جەیک پیاوێکی هاوڕەگەزخوازە. چیرۆکی خۆی بۆ گێڕاینەوە کە چۆن پیاوەتی ژەهراوی کاری کردووەتە سەر ژیانی. دەڵێت کە پەستانی بەردەوامی خێزانەکەی لەسەری کە کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ بەسەربەرێت بووەتە خوێک بۆی. هەرچەندە ئێستا بەتەنها دەژی، هێشتا ناتوانێت واز لەو خووە بهێنێت و زۆربەی کاتەکانی لەدەرەوەی ماڵ دەباتە سەر یان لەگەڵ هاوڕێکانی. "بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە چەوتەی پیاوەتی لایەنی نەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە بووەتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و توندوتیژی خێزانی. پیاوانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەبێت مامەڵە لەگەڵ پێوەر و ستانداردەکانی کۆمەڵگا بۆ پیاوەتی بکەن و ئەمەش پێویستی دەکات لەسەریان کە بەشێوازێک بژین دژی سرووشتی ڕاستەقینەی خۆیان و ویستی خۆیان بێت. ئەم ستانداردانە هۆمۆفۆبیای خودی دروستدەکەن (واتا کە هاوڕەگەزخوازان ڕقیان لە شووناسی خۆیان بێت یان لێی بترسن) و دەبێتە هۆئ جیاکاری بەرامبەر بەو کوڕانەی کە "نەرم"ن یان "کچانە"ن، کە هەندێک جار لەوانەیە جیاڕەگەزخوازیش بن بەڵام هەر هەراسان دەکرێن و گێچەڵیان لەگەڵدا دەکرێت." "هەرگیز نەمتوانیوە بە ئازادانە هەستەکانی خۆم دەرببڕم نە لە دەوروبەری خێزانەکەم و نە لە دەوروبەری هاوڕێکان یان تەنانەت کەسانی نەناسراو. کە منداڵ بووم، بە ترسناکترین شیوە کە بتوانیت بیری لێبکەیتەوە تێهەڵدانم خواردووە. هەر کاتێک گریابام یان باوکم منی بینیبا لەکاتی گریاندا، تەنانەت لەکاتی نووستنیشدا، تێگەڵدانم دەخوارد. ئەم ئەزموونە ناشرینە هەسێکی نەرێنی لە ناخمدا دروستکرد و ئێستا تەنها لە کاتێکدا بەتەنیابم دەتوانم بگریم یان هەستەکانم دەرببرم." "وەک کەسێکی باڵغ، ئەم سنوورانە بە چەندین شێوە منیان گرتووەتەوە و هەلەکانی بەردەمی منیان سنووردار کردووە. بۆنموونە ناتوانم ئاوازی ڕاستەقینەی دەنگی خۆم بەکاربهێنم یاخود بەو شێوازەی دەیخوازم بڕۆم، قسەبکەم، و نان بخۆم یان بەو شێوازەی دەمەوێت دەستەکانم بجوڵێنم. ناتوانم ئازادانە تێڕوانینی خۆم دەرببڕم دەربارەی زۆرینەی بابەتەکان و هەرکاتێک ئەوە بکەم دەبێت ئاگام لە شێوازی دەربڕینی خۆم بێت." جەیک باوەڕی وایە کە ڕاگەیاندن، کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر کاردەکەنە سەر کۆمەڵها. بۆیە پێویستە ئەمانە بەشێوازێک بەکاربهێنرێن کە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت. ئەو دەڵێت ئەگەر پێناسەی پیاوەتی وردەوردە بگۆڕدرێت لە پیاوی ڕەفی پیسی ڕیشنی توندوتیژەوە بۆ پیاوی نەرمونیانی مامناوەند کە جێگای متمانەبێت و جلوبەرگی ئازادبێت، چەندین شتی باش ڕوودەدەن." "هەروەها بەکارهێنانی نموونەی پیاوانێک کە بەشێوازێکی ژەهراوی پیاوانە نین لە سەرچاوە ئاینییەکاندا، وەک یوسفی کوری یەعقوب یان یەسوعی مەسیح، ئەمە لەوانەیە پێناسەی پیاوەتی لە مێشکی خەڵکیدا بگۆڕێت." جا تۆ وەک خوێنەرێک، بەڕای تۆ چۆن دەکرێت پێناسەی پیاوەی لە گۆمەڵگادا گۆڕانکاری لەسەر بکرێت؟ پێویستە ڕێکخراوەکان و حکومەت جەخت لەسەر چ شتێک بکەنەوە تا چەند هەنگاوێك لە کۆمەڵگایەکی نەرمونیان نزیک ببینەوە؟ وە لە کۆتاییدا، ئایا تۆ وەک هاوڵاتییەکی عێراقی، دەتوانیت چی ببەخشیت بەو کەسانەی کە بەدەست پیاوەتی ژەهراوییەوە دەناڵێنن تا باشتر ببن؟ بۆ دەیان ساڵ و بەهۆی تابووی کەلتوررییەوە کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگای عیڕاقیدا گرتووە، ڕۆڵی ژنان و کچانی عیڕاقی لە کۆمەڵگادا ئێجگار سنووردار بووە. بە بەراورد بە پیاوان و کوڕان، کچانی عیڕاق هەلی یەکسانیان پێنەبەخشراوە تا هانینان بدات سەربەخۆبن و پاڵپشتی خێزانەکانییان بکەن.
دوای شەری سالێ ٢٠٠٣، گۆڕانکاریی زۆر لە وڵاتەکەدا هاتنە کایەوە کە دەرگای بۆ ژنان کردەوە بەشداری لە دەستی کاردا بکەن. یارمەتی ژنان پێویست بوو چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان یان لە شەڕی ٢٠٠٣دا یان دواتر لە ٢٠١٤دا کوژران کاتێک داعش سەری هەڵدا و دەستی بەسەر چەند شارێکی عیراقیدا گرت. ژنان بو کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵیش خۆیان گونجاندووە، بەڵام هێشتا یەکسان نین لەگەڵ پیاواندا لە ڕووی ماف و یاداشتی کارکردنەوە. کۆمەڵگا چەند بوارێکی دیاریکردووە بۆ ژنان کە کاری تێدابکەن، لەوانەش مامۆستایی و پەرستاری کە ئەمەش بۆشاییەکی دروستکرد و پیاوان پڕیانکردەوە. تا ئەمڕۆش، نەبوونی ژنان لە چەند بوارێکدا دەبینین، وەک سیاسەت، بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیا. لە جیهاندا ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەری تووشبوونیان بە جیاکاری زیاترە و لە عیڕاقیشدا بەهەمان شێوەیە. بەهۆی بوونی سنوور و کۆتی کۆمەڵایەتی کە ژنان و كچانی عیڕاقی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوانەی خاون پێداویستی تایبەتن بەربەستی زیاتر لە بەردەمیاندایە. لەبەر ئەوەش کۆمەڵگای عیڕاقی پێویستی بە چالاکوانی كچ و ژنە کە پێگەی ژنان بەهێزبکەن تا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بکەن بەشێوەک کە بەهێزتریان بکات. ئایە ئەلقەیسی، کە میدیاکار و چالاکوانێکی عیڕاقییە، میوانی ڕێزداری ئەمڕۆمانە تا باسی خولیا و ئازایەتی خۆی بکات کە هانی دا دوای خەونەکانی بکەوێت. لەگەڵ ئەوەی ئایە لە تەمەنێکی کەمی ژیانیدا جەنگی لەگەڵ نەخۆشی شیرپەنجەدا کرد، ئایە گەورەبوو وە بوو بە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگای عیڕاقی کە هانی ژنانی تر دەدات سەرکردایەتی ژیانی خۆیان بکەن و و گۆڕانکاری ئەرێنی بەدیبهێنن. دەتوانیت کورتەیەکمان بدەیتێ دەربارەی خۆت و کارەکەت؟ من ئایە ئەلقەیسیم و بنەچەم شاری بەغدادە. لە زانکۆی بەغداد ئەدەبی ئینگلیزیم خوێندووە. ئێستا وەک پێشکەشکار کار دەکەم لە کەناڵی تەلەفزیۆنی UTV، کە کەناڵێکی ناوداری عیڕاقییە. چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ شێرپەنجەی مۆخی ئێسک. چ وانەیەک فێربوویت لەو ئەزموونە بەئازارەوە؟ چیرۆکی من لەگەڵ شێرپەنجەدا لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی پێکرد. تەمەنم تەنها شەش ساڵ بوو کە دەرکەوت نەخۆشی شێرپەنجەی مۆخی ئێسکم هەیە لە قاچی ڕاستمدا ئەوەش بووە هۆی بڕینەوەی قاچم و وەرگرتنی چارەسەری تیشکیی شێرپەنجە. باشترین شێواز بۆ وەسفکردنی ئەزموونەکە، ئەوەیە کە بڵێم ئەزموونێکی "بێ تاوان و پاک" بوو، چونکە من منداڵ بووم کە ئەمە ڕوویدا. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە قۆناغێکی پڕ لە دوودڵی و نادڵنیایی بوو. چیرۆکی خۆتمان بۆ باس بکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن. چۆن خولیای ئەو کارە بوویت و چۆن دەستت بە کارکردن کرد لەم بوارەدا؟ هەرچەندە ئەزموونی من تەنها دوو ساڵە، خولیای من بۆ ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی خوێندنی ئامادەیی. ماوەی ساڵێک گەڕام و زانیاری و کارامەیی خۆمم پەرەپێدا لە بوارەکەدا. دواتر هەلم بۆ ڕەخسا کار بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بکەم لەسەر ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لەماوەی ساڵانی کارکردنت لە ڕاگەیاندندا، هیچ جیاکارییەکەت بەرامبەر کراوە بەهۆی ژنبوونتەوە یان بەهۆی قاچە دەستکردەکەتەوە؟ لە ڕاستیدا تووشی چەند بەربەستێک بووم بەهۆی چەند هۆکارێکەوە. یەکەمیان بریتیبوو لە تەمەنی کەمم، چونکە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا هاتمە ڕاگەیاندنەوە. دووەم هۆکار ئەوە بوو کە من کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم کە لەم بوارەدا کار دەکات لەسەر شاشەی عیڕاقی. هەوڵدانم و کارکردنی زۆر و بەسۆزم و کۆڵنەدانم یارمەتییان دام بە ئامانجەکانم بگەم و تەنانەت زیاتریش هەوڵبدەم و کار بکەم. جگەلە پەسەندکردنی کۆمەڵگا، کاردانەوەی خێزانەکەت چۆن بوو بەرامبەر بە کارەکەت؟ کاردانەوەی خێزانەکەم توند بوو کاتێک دەستم کرد بە کارکردن، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم پێچەوانەی جارانە. بەگوێرەی ئەزموونی تۆ، هاتنە ناوەوەی ژنانی عێڕاقی بۆ ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێت گاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگا؟ بەشداربوونی ژنان لە هەموو بوارەکاندا و چوونە ناو هێزی کارەوە گۆڕانکارییەکی گەورە بەدیدێنێت چونکە ژنان بە تایبەتی خاوەنی بیروڕا و هزر و دیدی خۆیانن دەربارەی هەندێک بابەت. بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی بەتایبەتی پێویستی دەکات کەسەریان ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزبێت و کەسانی دیار و بێوێنەبن تا ببنە پێشکەشکاری سەرکەوتوو. پەیامی تۆ بۆ چالاکوانانی ئازای عیڕاقیی وەک خۆت چییە؟ پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە کۆڵنەدەن و هەمیشە بەرەنگاری بکەن لەگەڵ خۆیان و کۆمەڵگا و تەنانەت خێزانەکانییان تا بگەنە سەرکەوتن، چونکە لەوانەیە هەر ژنێک ببێتە هۆکاری ئەوەی ژنێکی تر بەرەو باشتر بگۆڕێت. ١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری هەڵمەتێکی ساڵانەی جیهاننیە کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم تا ١٠ی کانوونی یەکەم دەخایەنێت. لەم هەڵمەتە جیهانییەدا، چالاکی جیاواز بەڕێوەدەچێت لە جیهاندا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێوان خەڵکیدا لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی جێندەری.
وەک ڕێکخراوێک کە پاڵپشتی لە یەکسانی دەکات، عیڕاق کویر لەگەڵ هەموو فێمینیستاندا ڕادەوەستێت کە ڕۆژانە دەجەنگن بۆ شکاندنی بازنەی بێدەنگی. ئامانجەکەش بریتیە لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە زیان، بەهەموو شێوە و جۆرەکانییەوە جا چ جەستەیی، دەروونی، سێکسی بێت، نابێت بە هیچ جۆرێک بە هیچ کەسێک بگەینرێت، بەبێ گوێدانە شووناسی جێندەری و ئاڕاستەی سێکسی کەسەکە. هەرچەندە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژ چالاکوانی دژی توندوتیژی جێندەری لە هەموو جیهان یادی دەکرێتەوە، کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) لە گفتوگۆکە دەرکراون. توندوتیژی جێندەر تەنها توندوتیژی دژی ژنانی جیاڕەگەزخواز نییە، بەڵکو هەر توندوتیژییەکە کە لەسەر بنەمای شووناسی جێندەری یان ئاڕاستەی سێکسی بێت. گرنگیی ئەم هەڵمەتە ساڵانەیە خۆی دەبینێتەوە لە پاڵپشتیمان بۆ کۆمەڵگاکەمان بۆ شکاندنی نەریتە کۆمەڵایەتییە بەزیانەکان و کۆتیان دەکات و ڕەفتاریان دەبەستێتەوە. بۆ هەڵمەتی ئەم ساڵ، عیڕاق کویر تیشک دەخاتە سەر ئەو کار ژیانڕزگارکەرەی کە هەندێک لە فێمینیستانی عیڕاق پێی هەڵدەستن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری. بۆ ئەم چاوپێکەوتنەمان، عیڕاق کویر دەنگی شۆخان حەمەڕەشید هاوبەشی پێدەکات، کە چالاکوانێکی کوردی عیڕاقییە و کار بۆ رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان دەکات. خاتو شۆخان ئەزموونی خۆی و ڕێنماییمان لەگەڵ هاوبەشی پێدەکات: دەتوانیت کورتەیەکمان لەسەر خۆت بدەیتێ؟ شوخان حمه رشيد احمد، پارێزەری ڕاوێژكار و ماوەی ١٥ سالە كاری پارێزەری دەكەم راھێنەر لە بواری جەندەری و ئەدڤۆكەسی داكۆكیكار لە مافەكانی ژنان . ماوەی چەنێکە کار لەسەر توندوتیژی جێندەری دەکەیت؟ ماوەی ١٥ سالە و خاوەنی چەندین بروانامەی نێەودەولەتی و اقلیمی لە بواری راھێنان و بەرێوبردنی كەیس و یاسا نێودەولەتیەكان . چی هانی دایت ببیتە چالاکوان؟ نەبوونی یەكسانی ودادپەروەری و پێشێلكردنی مافی ژنان و نەبونی ھۆشیاری لەناو كۆمەڵگا یارمەتی کێ دەدەیت؟ تەنها ژیان یاخود ئەو کەسانەش کە سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ن؟ یارمەتی ژنانی كۆمەلگا و چینە پەراوێزخراوەكان و خاوەن پێداویستی تایبەت . بەڕای تۆ بارودۆخەکە بەرەو باشتر یان خراپتر دەچێت؟ هیوات هەیە؟ بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخ خراپتر دەبێت و بەلام ئەمە بێھیوامان ناكات و بەردەوام دەبین تا بتوانین گۆرانكاری دروست بكەین. ئایا بەهۆی کارەکەتەوە تووشی هەڕەشە یاخود مەترسی بوویت؟ ئەگەر بەڵێ دەتوانیت بۆمان باس بکەیت؟ بەڵێ بێگومان ڕۆژانە روبەرووی ھەرەشە دەبینەوە چ رووبەروو یان لە رێی نامەو تەلەفون -زۆرجار لەبەردەم دادوەر ھەرەشەم لێكراوە كە بۆچی ھاوكاری ژنەكەی دەكەین وە ھەرەشەی كوشتنمان لێكراوە. پەیامی تۆ بۆ چالاکوانانی عیڕاق چییە؟ پەیامی من بەردەوام لە كاری داكۆكیكردن لە ھەموو چینە پپەراوێزخراوەكانی كۆمەلگا بلاوكردنەوەی ھۆشیاری و پاراستنی ژنان . وە ھیچ رێگریەك نەیان وەستێنێت چونكە كۆمەلێكی زۆر پێویستی بە ھاوكاری ئێمەیە. رەند عیڕاق کویر ڕۆژی جیهانیی ڕەگەزکۆڕان کە ساڵانە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمدا یادی دەکرێتەوە، هەلێکە بۆ یادهێنانەوەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ کە لەلایەن کەسانی دژ بە ڕەگەزگۆڕانەوە کوژراون. ڕۆژی جیهانیی ڕەگەزگۆڕان یەکەمین جار ساڵی ١٩٩٩ یادی کرایەوە لەلایەن گوێندۆلین ئان سمیث بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕیتا هێستەر کە لە ساڵی ١٩٩٨دا کوژرا. لەوکاتەوە کەسانی ڕەگەزگۆڕ یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە لە جیهاندا بۆ یادکردنەوەی گشت قوربانییان. عیڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هیچ جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ناکات. ڕاپۆرتێکی ئامادەکراو لەلایەن عیڕاق کویرەوە زانیاری تێدایە دەربارەی ئەو مەترسییانەی تووشی کۆمەڵگای ترانسی عیڕاقی دەبنەوە. عیڕاق یەکێکە لەو لە وڵاتانەی کە چارەسەری هۆرمۆنی یاخود نەشتەرگەری ڕاستکردنەوەی ڕەگەز تیایدە بە یاسایی نەکراوە، کە ئەمەش ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە ئەو چارەسەرییانە وەردەگرن. ئەگەر کەسێک بڕیار بدات لە دەرەوەی عیڕاق نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدات، ئەوا تووشی کێشە دەبێت لە بەدەستهێانی بەڵگەنامەی یاسایی کە ڕەنگدانەوەی شووناسی جێندەرییان بێت. لەم بڵۆگەدا باسی چیرۆکی خەمناکی ژنێکی ڕەگەزگۆڕی عیراقی دەکەین کە ناوی ورودە.
" من چیرۆکەکەم گەلێک خەمناکە چونکە بەدرێژایی ساڵان ئەشکەنجە دراوم و خراپ بەکارهێنراوم. لەسەر جادە دەنووستم لە پارکەکاندا کاتێک شوێنم نەبوو لێی بمێنمەوە، خواردنم لە تەنەکەی زبڵ دەردەهێنایەوە تا لە ژیاندا بمێنمەوە، لەلایەن خزمانمەوە لەڕووی جەستەیی و سێکسییەوە خراپ مامەڵەم لەگەڵدا کراوە، پێویستی دەکرد سێکس لەگەڵ هەندێک کەسدا بکەم تا کەمێک خواردن یان پارەم دەستبکەوێت. هەندێک جار دەموت نەخێر و زۆر جار دەبوو بڵێـم بەڵی تا خۆم لە ژیاندا بهێڵمەوە و شوێنێکم هەبێت لێی بنووم. هەرچەندە من لە وڵاتی خۆمدام، بەڵام هەمیشە لە کەسانی دەوروبەرم دەترسم چونکە ئەوان من و کەسانی وەک بە تاوانبار و نامۆ دەبینن کە شایەنی ژیان نین. خەڵکی مافی ئەوە دەدەن بە خۆیان کە ئازاری ئێمە بدەن بەدڵی خۆیان. دەیانەوێت سەرمان ببڕن، بمانسوتێنن، ئەشکەنجەمان بدەن تا دەمرین. من لە هەردوولاوە دایک و باوکمم لەدەستداوە وە دوو خوشکەکەشم کە هانی چەند کەسێکی تێرەکەمانیاندا بمکوژن وازیان لێهێناوم. بەگوێرەی نەریتەکانی عەشیرەتەکەم، کوشتنی من بە کوشتنی شەرەف لە قەڵەم دەدرێت کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئەوان ئازادی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی هەر ڕێگەیەک بمکوژن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن. لە تەمەنی ١٠ ساڵیمەوە، دایک و باوکم هەمیشە بەشێوازی جیاواز ئەشکەنجەیان دەدام. بیرم دێت دایکم قوڕگی دەگرتم و کەوچکی گەرم یان چەقۆی دەخستە سەر پێستم تا بمسوتێنێت. ئەگەر باوکم لە ژیاندا بمایە، دەمێک بوو مردبووم چونکە باوەڕی وا دەبوو کە من مایەی شەرمەزاری خۆی و هەموو خێزانەکەم تەنها لەبەر ئەوەی من خۆمم. هەرچەندە چەندین جار ئەشکەنجە دراوم و دەستدرێژی سێکسیم کراوەتە سەر لەلایەنی کەسانی جیاوازەوە، هێشتا من خۆم وەک خۆم قبوڵدەکەم و باوەڕم وایە شووناسی من نەخۆشی دەروونی نییە. وەک کەسێکی ڕەگەزگۆڕ، نەدۆزینەوەی کار یەکێکە لە چەندین ئاستەنگەکانی بەردەمم. من کارم نەکردووەو و زۆر گرانە بۆ من هاوڕێیەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خەڵک دروستبکەم. هەندێک لەو کەسانەی دەیانناسم لەقۆناغێکدا وازملێدەهێنن لەکاتێکدا کەسانی تر جوێن و قسە و وشەی ناشرین بەرامبەرم دەڵێن کاتێک دەزانن من ڕەگەزگۆڕم. ئێستاش بیرمە کە مامەڵەی پورم لەگەڵم چەند خراپ بوو کاتێک لەگەڵ ئەو دەژیام. ئەو بە زۆر ناچاری دەکردم چێشت لێبنێم و ماڵەکەی پاک بکەمەوە و هەرچیەک ئەو دەیویست بکیەم دەنا ئەو ڕۆژە نانی نەدەدامێ. لەکۆتاییدا وەک کۆیلەیەک مامەڵەم لەگەڵدا دەکرا، وە پێی وتم ئەگەر گورچیلەم نەفرۆشـم بە دکتۆرێک کە لەگەڵیدا ڕێکەوتبوو، ئەوا لە ماڵ دەرم دەکات. لە سەرەتادا وتم نەخێر، بەڵام ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە دووبارە بێ ماڵ دەبوومەوە. بۆیە سەردانی دکتۆرەکەم کرد کە پورم پێی وتم و کاغەزێکی دامێ کە چەند پارچەیەکی جەستەم بفرۆشم، هەر یەکەی بە ١٢ ملیۆن دیناری عیڕاقی. نەمتوانی کاغەزەکە واژۆ بکەم چونکە گەر بمکردایە دەمردم. بۆیە گەڕامەوە ماڵی پورم و پەیوەندیم بە هەموو ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤەوە کرد کە کار بۆ مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن تا داوای یارمەتی بکەم. خۆشبەختانە کەسێک کە ئێستا من بە فریشتەی ڕزگارکەری خۆمی دەزانم یارمەتی دام. هەرچەندە ئێستا لە ماڵێكی ئارامم، بەڵام ناتوانم لە عیڕاق هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەم، وە هەست دەکەم کەسێکی بەندکراوم کە دەیەوێت ڕابکات. دەمەوێت بڕۆمە جێگەیەک کە بتوانم خۆم بم و ئەوە بڵێم کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە ناخمدا هەڵمگرتووە. بەلاشمەوە گرنگ نییە تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ ماوەی یەک ساڵ لێرە بڕۆم و دوای ئەوە بمرم چونکە دەمەوێت پشوویەک لەم ئازارە وەربگرم. سەرەڕای ئەو هەموو ڕق و حوکمە خراپەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ تووشی دەبن، ماوەڕم وایە کە پێویستە توانای ئەوەیان هەبێت کە بڕیار بدەن خۆیان بن. هەر کەسێک بەرپرسیارە بەرامبەر بە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری خۆی و نابێت دەسەڵات بدات بە کەسێکی تر تا بڕیاری بۆ بدات چونکە لەکۆتاییدا خۆمان بەرپرسیارین بەرامبەر بە خۆمان. لەم ڕۆژە تایبەتەدا، حەز دەکەم پەیامی خۆم بگەیەنم بە هەموو کەسانی ڕەگەزگۆڕ لە عێراق و بە هەموو کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+. داوایان لێدەکەم باوەڕ بە خودا بکەن و گەردوون هێزی ئەوەیان دەداتێ بەردەوام بن ژیاندا بە ڕۆحی جوان و پاکیانەوە. ڕۆژێك دێت کە لە ئاشتیدا دەژین و ئەو ژیانەیان دەبێت کە خەونی پێوە دەبینن، دوور لە کوشتار و توندوتیژی. خەمبار مەبە، چونکە بەختەوەری دەدۆزیتەوە، کۆمەڵێک ڕێکخراوی زۆر هەیە کە دەیانەوێت هاوکاری تۆ بکەن. خۆتت خۆش بوێت، یەکتریتان خۆش بوێتم وە هەوڵ بدە کە یەکتری بپارێزن و بەیەکەوە بەردەوامبن. خۆت مەکوژە و خۆت ئازار مەدە، دزی مەکەو کەس ئازار مەدە. تو ئەو کەسە خراپە نیت کە خەڵکی وا دەزانن و هیوای بەختەوەری و ئارامیم هەیە بۆت. ئێوە، کەسانی ڕەگەزگۆڕ، ئەو کەسانەن لە خاوەنی پاکترین دڵن، بۆیە بە بەهێزی بمێننەوە و ڕۆژێک دوژمنانت دەبینیت دەکەون لەکاتێکدا خۆت بەختەوەری و ئارامیت دۆزیوەتەوە. " رەند عیڕاق کویر هونەر ئامرازێکی پەیوەندیکردنە کە پشت بە وشە نابەستێت. بەڵکو هونەر بیرۆکەکان بەشێوازی پڕواتا دەنوێنێت کە لە هزری خەڵکیدا دەمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر و وایان لێدەکات پرسیاریان لەسەر هەندێک بابەت بۆ دروستببێت. خاتو باخان کە ئەندامێکی ئاڕت ١٥یە (Art15 Project) دەربارەی ئەم دەستپێشخەرییە و ئەو بیرۆکانەی تیشکیان دەخەنە سەر بۆمان دەدوێت.
ئاڕت ١٥ چییەو گرنگترین ئەو وردەکارییانە چین کە خەڵکی بیزانن دەربارەی ئەو هونەرەی ئاڕت ١٥ دەینوێنێت؟ پڕۆژەی ئاڕت ١٥ (Art15 project) دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتییە کە ئاماجی نزیک کردنەوەی خەڵکییە لە یەکتر لەڕێگەی هاوبەشی پێکردنی ئەزموونەکانی کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان لەڕێگەی هونەرەوە. ئەم دەسپێشخەرییە دامەزراوە بۆ شکاندنی بیرۆکە نەریتییەکان و نەریتە کەلتورییەکان، بۆ دروستکدرنی جێگایەک یاخود فەزایەکی لەخۆگر بۆ فرەچەشنی و دەربڕین. دەستپێشخەرییەکە تیشک دەخاتە سەر دۆزەکانی وەک مافی ژنان، کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+، وە ئازادییە کەسییەکان کە لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا تابوون. کۆمەڵەیەک هونەرمەندی گەنج کۆدەبنەوە بۆ دروستکردنی بەرهەمی هونەریی وەک شێوازێکی بەرهەمی پەروەردەیی بۆ هاندانی قەبوڵکردن و پێکەوەژیان. ئاڕت ١٥ کەی دامەزرا؟ لە سەرەتای ٢٠٢٠دا، وە بە فەرمی دەستمان کرد بە کارکردن لە مارسی ٢٠٢٠ەوە. ئامانجی ئەو هونەرە چییە کە ئاڕت ١٥ دەینوێنێت؟ ئامانجی بەکارهێنانی دیزاین و هونەر بریتیە لە کارکردنە سەر خەڵکی و کارلێک کردن لەگەڵیان لە ڕێگای بەرهەمی بینراوەوە. لە ڕۆژگاری ئێمەدا، خەڵکی زۆر حەز ناکەن نووسینی زۆر بخوێننەوە بەڵام کاتێک بەرهێمێکی بینراوی سەرنجڕاکێش دەبینن دەوەستن و سەیری دەکەن. هەروەها ئەمەش ڕێگایەکە بۆ کردنەوەی بابەتی هەستیار و هێنانیان بۆ سەر ڕووکەش و بوونە مایەی گفتوگۆ بەشێوازێکی هونەری. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە گەلێک هونەرمەندی بەهرەدارمان هەیە لە کۆمەڵگەکانماندا کە خەڵکی دەربارەی ئەوان نەیانبیستووە، ئەمەش سەکۆیەکە بۆ کۆکردنەوەیان تا کاری دیزاین بکەن و بەشێوازێکی داهێنەرانە داکۆکی بکەن بۆ ئەو دۆزانەی باوەڕیان پێیانە. کێ کارە هونەرییەکانی ئاڕت ١٥ دروست دەکات؟ هونەرمەندانی کۆمەڵگا خۆجێیەکەمان وێنە دەکێشن و دیزاینەکان دروست دەکەن. ئەو پەیامە سەرەکییە چییە کە ئاڕت ١٥ بەزۆری تیشک دەخاتە سەر گەیاندنی؟ تیشکی سەرەکی بریتیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ئەم بابەتە هەستیارانە. باوەڕم وایە کە کاتی ئەوە هاتووە باس لەو بابەتانە بکەین کە لە لەڕووی کلتوورییەوە قبوڵنەکراون. گەنجانمان هەمیشە بەدوای بیرو زانینی زیاترەوەن، وە فێری ئەوە دەبن کە فرەچەشنی زیاتر قبوڵبکەن، بۆیە کاتێکی باشە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری. پڕۆژەی ئاڕت ١٥ ئامانجی دابینکردنی سەکۆیەکە کە لەسەری کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و کەمایەتییەکانی تر هەست بە ئارامی و ئازادی بکەن بۆ دەربڕینی خۆیان بەبێ ترس لەوەی کە جیاکارییان بەرامبەر ئەنجامبدرێت. هەروەها، زیادکردنی ڕادەی بینراویی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عیڕاق لەڕێگەی سەکۆیەکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە هیوادارین ببێتە هۆی کردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و پاڵپشتیکاران بۆ باسکردن لە دۆخی ئێستا و پێویستییەکانی کۆمەڵگاکە لەگەڵ پلانەکانی داهاتوو. بۆمان بدوێ لەسەر کاردانەوەی کۆمەڵگا. ئایا سەکۆکە پاڵپشتی لێدەکرێت یاخود ڕەخنەی لێدەگیرێت؟ سەکۆکە گەلێک نوێیە. پاڵپیشتیمان پێگەیشتووە لەلایەن پاڵپشتیکارانەوە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی کاردانەوەی جیاوازیش دەکەین. بەڕای تۆ هونەر چۆن تێڕوانەنی کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+؟ ئێمە خۆشەویستی و قبوڵکردن بڵاودەکەینەوە، ئایا چ ڕێگەیەکی تر هەیە بۆ گەیشتن بەوە بەبێ سیمایەکی هونەری؟ وابزانم بیرۆکەکە لە ئەزموونێکی کەسییەوە سەریهەڵدا کە خۆم کارێکی هونەری زیاتر کاریتێکردم بە بەراورد لەگەڵ ڕاهێنان و وتاری درێژ کە خوێندبێتمەوە. دیزاینی داهێنەرانە، تابلۆ، فیلم و شانۆ ڕەنگدانەوەی ڕاستین و بەیەکمان دەگەینن بەبێ وشە. ئەم چیرۆکانە بەئەزموون کراون و دەگێڕدرێنەوە لەڕێگەی کاری هونەرییەوە؛ بەڕای من ئەمە ڕێگایەکە بۆ هونەرمەندانی کویر بۆ دەربڕینی خۆیان بەشێوازێكی بوێرانە بەبێ بوونی ترس لە بوونی دەرەنجام. لە هەمان کاتدا، ڕێگایەکیشە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگا بەبێ ئەوەی بە بیرۆکەی نوێ بیانلەرزێنیت. خەڵکی چۆن کارە هونەرییەکانتان بدۆزنەوە یان چۆن پەیوەندیتان پێوەبکەن؟ لە ئێستادا ئێمە لەسەر تویتەر و ئینستاگرامین، لەوێوە دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن یاخود لەڕێگەی ئەم ئیمەیڵەوە: art15project.info@gmail.com ئارت ١٥ فۆڵۆو بکەن لەسەر تویتەر و ئینستاگرام. رەند عیڕاق کویر هەمیشە جێی سەرسوڕمان و تێڕامانە کە ببینین ئایا چۆن بیانییەک کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کار دەکات لە ژیانی کۆمەڵگای عیڕاقی و گۆڕانکارییەکانی ڕوودەدەن دەڕوانێت. ئەم جارەیان چاوپێکەوتنم لەگەڵ د. لین ڕۆز ئەنجامدا کە جێگری بەڕێوبەری سەنتەری پەرەسەندن و توێژینەوەی جێندەرە لە زانکۆی ئەمەریکی عێراقە لە سلێمانی، وە پڕۆفیسۆری بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو ماوەی پێنج ساڵە لە سلێمانی دەژی و پێشتریش لە چەند شارێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا ومەکسیک ژیاوە. لەم چاوپێکەوتنەدا د.لین وەسفی بارودۆخەکە دەکات لە عیڕاق، بەتایبەتی بارودۆخی کۆمەڵگای هاوڕەگەخواز+و ئەو نەبوونی پاڵپشتییەی لەمێژەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
ماوەی چەندە بۆ مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ کار دەکەیت؟ من دەیان ساڵە چالاکوانی مافەکانی مرۆڤم، کە مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یش لەخۆدەگرێت. چالاکوانیی من ئەو جۆرە نییە کە ببمباتە سەر جادە، هەرچەندە بەشداریم لە ڕێپێوان و خۆپیشاندندا کردووە لە ساڵانی ڕابردووی گەنجیمدا. لە ئێستادا، چالاکوانیی من لە ئەکادیمیا و کاری توێژینەوەدا خۆی دەبینێتەوە. چ جۆرە هاوکەرییەک پێشکەشی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەن وەک ئەندامانی سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری؟ هەرچەندە سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری ڕێکخراوێک نییە کە خزمەتگوزاری پێشکەشبکات، ئێمە بە چەند ڕێگایەک پاڵپشتی لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ دەکەین. لە وۆرکشۆپەکانماندا هەمیشە باس لە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی جێندەری دەکەین وەک مەودایەکی بەردەوام کە جیاڕەگەزخوازی و هاوڕەگەزخوازی دوو کۆتاییەکەی مەوداکەن، نەک تەنها دوو پژاردە. لەو کورتەفیلمانەی بەرهەممان هێناون وەک بەشێک لەو پڕۆژەیەمان کە لەلایەنی یەکێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکراوە، یەکێکیان، "شەبەنگی جێندەر" بە تایبەتی باسی شووناسی جێندەری دەکات. یەکێکە لە پۆدکاستەکانمان (بەرنامەی تۆماری دەنگی) بۆ هەمان پڕۆژە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ دەروونناسێک، کە هەڵەتێگەیشتنەکان دەربارەی کەسانی ڕەگەزگۆڕ ڕوون دەکاتەوە. ئێمە کاردەکەین بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی ئەکادیمی لە بواری توێژینەوەی جێندەری، کە گفتوگۆی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+یش لەخۆدەگرێت. زۆرینەکی کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ چ داواکارییەکیان لە سەنتەری پەرەپێدان و توێژینەوەی جێندەری هەیە؟ کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نایەنە لای ئێمە داوای هیچمان لێبکەن، چونکە ئێمە خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەین. بۆیە داواکارییەکانی بە ئێمە دەگەن، بۆ نموونە داواکارییمان لە ڕێکخراوی ترەوە یاخود کەسانی ترەوە پێدەگات کە پرسیار دەکەن کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ئاڕاستەی کێ بکەن. ئێمە ئاڕاستەیان دەکەین بەروە ئەو ڕێکخراوانەی پاڵپشتی و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن. بە گوێرەی ئەوەی ئێوە دەیبینن چ ئاستەنگێک گرانترین ئاستەنگە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای هاوڕەگەخواز+ی عیڕاقیی دەبێتەوە؟ بینی هۆمۆفۆبیا (ترس و ڕق دژ بە هاوڕەگەزخوازان)ی بەردەوام زۆر قورسە. زۆر لە کەسانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ ڕووبەڕووی ترسی ڕەتکردنەوە لەلایەن خێزانەوە دەبنەوە، کە تەنها ناڕەحەتییەکی دەروونی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت ژیان-و-مردنیشکی هەیە. بەگوێرەی ئەو ئەزموونە زۆر سنووردارەی لە سلێـمانی هەمبووە، ژمارەیەکی ئێجگار کەمم لە کەسان بینیوە کە ئاڕاستەی سێکسی خۆیان قەبوڵ دەکەن بەو ئاستەی کە بۆ کەسانی تری ئاشکرا بکەن. زۆربەیان خەم دەخۆن لەوەی ببنە مایەی شەرمەزاری خێزانەکانیان و دووبارە لەلایەن خێزانەوە ڕەت بکرێنەوە. بەڕای ئێوە کێ زیاتر پیشێلکاری بەرامبەر دەکرێت، پیاوان یاخود ژنانی کویر؟ وە بەڕای ئێوە هۆکاری ئەوە چییە؟ بەڕاستی من ناتوانم لەسەر ئەوە بدوێم، بەگوێرەی ئەوەی من بێگانەم. بەڵام بە تێگەیشتنی من بارودۆخەکە وەک هەموو جیهان وایە: ژنانی هاوڕەگەزخواز بەشێوەیەکی جددی سەیرناکرێن، بەڵکو تەنانەت وەک خۆشی دەبینرێن بۆ نیگای پیاوان، بۆیە ئەوان بەو ڕادەیە وەک هەڕەشەیەک نابینرێن، جا ئەمە باش بێت یان خراپ. پیاوان، وەک بەردەوامی پێدەرانی پیاوسالاری، وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر دەبینرێن کاتێک بناغەی پیاوسالاری ڕەتدەکەنەوە. بەڕای تۆ بارودۆخەکە بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات دەربارەی مافەکانی کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ لە عیڕاق؟ ئایا کۆمەڵگا پاڵپشتیی بەرەو زیادبوون دەڕوات؟ وەک بێگانەیەک کە وا دەست بە ساڵی پێنجەمی دەکات لە شاری سلێمانی، بەڕای من لەوانەیە گۆڕانکاریی ئەرێنی هەبن، بەڵام لەوانەیە هۆکارەکەشی تەنها ئەوە بێت کە لە ئیستادا وردتر لە وردەکارییەکان دەڕوانم بەبراورد لەگەڵ ئەو کاتەی تازە هاتبووم. من دیدی دوورمەودای کەسێکم نییە کە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لێرە ژیابێت. بەڕای تۆ ئەگەری ئەوە هەیە شتەکان بەرەو خراپی بڕۆن؟ بەبێ گوێدانە ئەوەی کە شتەکان باشتربوون یان نەخێر، بەڵی- ئەگەری ئەوە هەیە شتەکان خراپتر ببن- وەک لە هەر شوێنێکی تری جیهان. هەرکاتێک بەرەوپێشچوون هەبێت، ڕەتکردنەوەو کاردانەوەی نەرێنی هەیە. دوو هەنگاو بەرەوپێش هەنگاوێک بەرەودوامان دەبات، بەڵام هەندێک جار هەنگاوێکی بەرەوپێش دوو هەنگاو (یان زیاتر) بەرەودوامان دەبات. چ جۆرە گۆڕانکارییەک باشە بکرێت تا کۆمەڵگای عیڕاقی پاڵپشتییەکەی زیاد بکات؟ لەوانەیە لایەنگیری من بێت، وەک فێرکارێک، بەڵام من زۆر باروەڕم بەوە هەیە کە پەروەردە و فێرکردن بەهێزترین ئامڕازن. پەروەردە و فێرکردن لەوانەیە چەندین شێوە وەربگرن- مەرج نییە فێربوونی ناو پۆل بێت، هەرچەندە ئەوەش پایەیەکی گرنگە. یەکێک لە گرنگترین ئەزموونە فێرکارییەکان بریتیە لە بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەو کەسانەی ترس یاخود قێزمان لێیان دەبێتەوە. ئەوەی زۆرینەکی کات بۆمەن دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئێمە هەموومان مرۆڤی فرەڕەهەندین. باشترین بەشی کارەکەت چییە؟ ئێمە کارێكی زۆر هێواش دەکەین لە هەوڵی کۆڕینی کەشی تێڕوانین لەڕێگای پەروەردەو فێرکردنەوە تا ڕۆژێک کەسەکان دووچاری ناڕەحەتی زۆر نەبنەوە. باشترین بەشی کارەکەم بریتیە لە بینینی ئەوەی کە لەوانەیە ئێمە گۆڕانکارییەکی بچووکیشمان بەدیهێنابێت لە تێڕوانینی تەنانەت کەسێکدا کە لەوانەیە بەدەر لەو گۆڕانکارییە ترس و کینەی زۆری هەبێت دژ بە هاوڕەگەزخوازی. گۆڕانی پێکهاتەیی گەورە بە هێواشی ڕوودەدات، هەروەک پێشتر وتم، زۆربەی کات بە شێوەی "دوو هەنگاو بەرەوپێش و هەنگاوێك بەرەو دواوە." رەند عیڕاق کویر وەک خانمێک، چاوەکان هەمیشە لەسەرتن. جا چ ئەوە لەبەربکەیت کە پێی دەوترێت "جلی کچانە" یان نا، هێشتا هەر گرانە بە ناو کۆمەڵێک کەسدا تێپەڕیت بەبێ ئەوەی ئەوان لەسەرتەوە تا پەنجەکانی پێ لێت بڕوانن. ئەگەر زۆر کچانە بیت لە قسەکردنت، ڕۆشتنت، ڕەفتارت لەگەڵ جلەکانت لەوانەیە ببێتە هۆی گێچەڵ و تەنانەت زیاتریش، وە ئەگەر کەمتر کچانە بیت لەوانەیە پرسیار لەمێشکی خەڵکیدا دروستبکات. لە ساڵانی منداڵیمدا، لەکاتی گەورەبوونمدا لە براکەمەوە نزیک بووم، زیاتر لە هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەمان. تۆپ تۆپێن، بەسەربردنی کات لەگەڵ یاری ئەلیکترۆنی، لێخوڕینی پاسکیل و بوونی قژی کورت هەمووی شتانێک بوون کە خۆشی و باوەڕبەخۆبوونیان پێدەبەخشیم. ئەو کاتە نەمدەزانی کە پێویستیم بەم شتانە لەگەڵمدا گەورەدەبن. شتەکان ئاڵۆزتربوون کە بووم بە کەسێکی باڵغ چونکە خەڵکی حوکمی زیاتریان هەبوو بەسەر جلوبەرگم و قژی کورتم. هەندێک جار، من دەبینم کە ئەوان حوکمم بەسەردا دەکەن تەنها بە بینینی ڕوخساریان. کەسانی دەوروبەرم بەلایەنەوە گرانە ئەوە قبوڵ بکەن کە کچێک ئارەزوو دەکات تیشێرت و بلووزی گەورە لەبەربکات لەجیاتی تەنوورە و عەزی. کاتێک بەسەر جادەتا تێدەپەڕم، هەست بە تێڕوانینی ئەو کەسانە دەکەم کە بۆ یەکتری دەچرپێنن، "ئەمە کچە یان کوڕە؟" باوەڕم وایە کە ئاڕاستەی سێکسیم دەبێتە جێی پرسیار لەلایەن زۆرینەی ئەو کەسانەی کە دەمبینن و لێم تێناگەن و ئەوەش تووشی دڵەڕاوکێم دەکات. هەندێک ڕۆژ ئەم دڵەڕاوکێییە وام لێدەکات کە جلەکانم بگۆڕم یان دووبارە بیربکەمەوە پێش سەردانکردنی دووکانێک یان کافێیەکی دیاریکراو.
ئێستا، کە لە هەموو کات باشتر لە ئاڕاستەی سێکسیم تێگەیشتووم، دەزانم کە هیچ کێشەیەک یان نەخۆشییەکم نییە. هەندێك ڕۆژ لە خەو هەڵدەستم و هەست بە پێویستییەکی زۆر دەکەم کە عەزییەک لەبەر بکەم و قژم خاو بکەمەوە. لەکاتێکدا هەندێک ڕۆژی تر، دەمەوێت بلووزە گەورەکەم لەبەر بکەم و های فایڤ لەگەڵ هەموو هاوڕێکانم بکەم کە دەیانبینم. من دان بەوەدا دەنێم کە من کاتێك بە کەمترین ڕادە کچانە بم هەمیشە وام لێدەکات هەست بە باوەڕبەخۆبوون و ئازادی بکەم. بەڵام ئەوە مافی ئەوەم لێناسەنێتەوە کە تەنوورە و عەزی لەبەر بکەم. من چیتر دوودڵ نیم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم، بەڵام دوودڵدم دەربارەی ئەوەی چۆن بتوانم دەری ببڕم لەڕێگەی ستایلی خۆمەوە بەبێ ئەوەی خۆم تووشی کێشە بکەم. ئەمەش بریتیە لە فێربوونی ئەوەی چۆن هێڵە کێشراوەکان ببەزێنم بەبێ ئەوەی بکەومە کێشەوە لەگەل هیچ کەسێكی تردا. ستایلی تۆش وەک ستایلی من و هەموو کەسانی تر بەپێی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانە هەڵدەبژێردرێت کە دەستیان بەسەر ڕەفتاری کۆمەڵگا عیڕاقییەکەماندا گرتووە. هەندێك جلوبەرگ بۆ کوڕان ڕێگاپێدراون و هەندێکییان بۆ کچان. ئەم سنووردارییەش لەو باوەڕەوە هاتووە کە هێشتنەوەی کەلتوورەکەمان بە زیندویی لەڕێگەی هەڵبژاردنی هەندێک جلوبەرگ و هەندێک ڕەنگی دیاریکراو کە هەر ڕەگەزێك بۆی هەیە لەبەریان بکات بە ئەنجامدێت. دڵنیام کە تێبینیت کردووە کە هەندێک پیاو خۆیان بە دوور دەگرن لە لەبەرکردنی ڕەنگی پەمەیی یان سوور و ڕەنگی تاریک هەڵدەبژێرن وەک ڕێگایەک بۆ دەربڕینی پیاوەتییان. لەبەرامبەر ئەوەشدا ژنان چاوەڕوان دەکرێت لێیان کە لایەنە ژنانەکەیان لەئامێزبگرن و و دەری ببڕن لەڕێگەی هێشتنەوەی قژی درێژ و لەبەرکردنی جلوبەرگی کچانە کە بە ئاسانی لە پیاوان جیایان بکاتەوە. من لێرەوە پێت دەڵێم کە نابێت هیچ ڕێسایەک هەبێت کۆنترۆڵی ئەوە بکات کە کەسێک بۆی هەیە چی لەبەربکات. ئەم سنوورانە یاسای گەردوون نین، چونکە ئێمە بەو باوەڕەوە لەدایکنابین کە پەمەیی بۆ كچانە و شین بۆ کوڕانە. ئێمە ئەم ڕێسایانە فێردەبین لە دەوروبەرمانەوە کە بریتین لە دراوسێ، خوێندنگا، قوتابخانە، خێزان و تەنانەت تەلەفزیۆن و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیش. بوونی مامۆستا و هاوڕێ کە من قەبوڵدەکەم وەک ئەوەی هەم و پاڵپشتیم لێدەکەن یارمەتیمدەدات کە هەستم دەربارەی خۆم باشتربێت. هەندێك لەو حوکم و پەسەندنەکردنانەی لەلایەن خەڵکەوە بەرەو ئاڕاستەم دێت هێشتا هەر ئازارم دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە خێزانەکەمەوە دێن. بەڵام هەمیشە ئەوە لە بیرمدا دەهێڵمەوە کە کێشە ڕاستەقینەکە بریتیە لە ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە خەڵکی پشتیان پێدەبەستن کە وایان لێدەکان بڕیاربدەن چەندێک ڕێز لە کەسەکان بگرن بەپێی ستایلی جلوبەرگیان. شتێكی تریش کە یارمەتی هەستم دەدات باشتر بێت ئەوەیە کە من هەوڵم داوە لە هەردوو لایەنەکدا ببم. هەوڵمدا کە زۆر کچانە بم لە جلوبەرگ و ڕەفتارمدا و هەوڵمدا کەمترین کچانە بم. هیچ کام لە لایەنەکان نەبوونە هۆی ئەوەی کە توانج و ڕەخنەکان بە تەواوی بووەستن لە لایەن خێزان، هاوڕێ و تەنانەت کەسانی نەناسراویشەوە. ئەوەش خاڵەکەی من دەسەلمێنێت کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە توانج و ڕەخنە ڕابکات بەڵام ئەوەی دەیتوانیت بیکەیت بریتیە لە هێشتنەوەی خۆت بە سەلامەتی بە لەبەرکردن و ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی کەمترین ئازار و زیان. لەیادتبێت کە هەموو عیڕاقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ وەک یەک نین، چونکە هەندێكیان سنووردارتن و ترسیان لە کەسانی تر زیاترە. فێری ئەوە ببە چۆن ڕەفتار بکەیت بەپێی بارودۆخی خۆت بە لەچاوگرتنی سەلامەتیت و ژیانت پێش هەموو شتێکی تر. لەبیرت بێت کە شتێک لەبەر نەکەیت یان شتێک نەکەیت کە ژیانت بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر چانسی ئەوەت هەیە ئاڕاستەی سێکسیت لەڕێگەی ستایلەکەتەوە دەرببڕێت، بکیە بەبێ هەسترکردن بە هیچ شەرم یان شەرمەزارییەک. رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
January 2024
Categories |