وەک خانمێک، چاوەکان هەمیشە لەسەرتن. جا چ ئەوە لەبەربکەیت کە پێی دەوترێت "جلی کچانە" یان نا، هێشتا هەر گرانە بە ناو کۆمەڵێک کەسدا تێپەڕیت بەبێ ئەوەی ئەوان لەسەرتەوە تا پەنجەکانی پێ لێت بڕوانن. ئەگەر زۆر کچانە بیت لە قسەکردنت، ڕۆشتنت، ڕەفتارت لەگەڵ جلەکانت لەوانەیە ببێتە هۆی گێچەڵ و تەنانەت زیاتریش، وە ئەگەر کەمتر کچانە بیت لەوانەیە پرسیار لەمێشکی خەڵکیدا دروستبکات. لە ساڵانی منداڵیمدا، لەکاتی گەورەبوونمدا لە براکەمەوە نزیک بووم، زیاتر لە هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەمان. تۆپ تۆپێن، بەسەربردنی کات لەگەڵ یاری ئەلیکترۆنی، لێخوڕینی پاسکیل و بوونی قژی کورت هەمووی شتانێک بوون کە خۆشی و باوەڕبەخۆبوونیان پێدەبەخشیم. ئەو کاتە نەمدەزانی کە پێویستیم بەم شتانە لەگەڵمدا گەورەدەبن. شتەکان ئاڵۆزتربوون کە بووم بە کەسێکی باڵغ چونکە خەڵکی حوکمی زیاتریان هەبوو بەسەر جلوبەرگم و قژی کورتم. هەندێک جار، من دەبینم کە ئەوان حوکمم بەسەردا دەکەن تەنها بە بینینی ڕوخساریان. کەسانی دەوروبەرم بەلایەنەوە گرانە ئەوە قبوڵ بکەن کە کچێک ئارەزوو دەکات تیشێرت و بلووزی گەورە لەبەربکات لەجیاتی تەنوورە و عەزی. کاتێک بەسەر جادەتا تێدەپەڕم، هەست بە تێڕوانینی ئەو کەسانە دەکەم کە بۆ یەکتری دەچرپێنن، "ئەمە کچە یان کوڕە؟" باوەڕم وایە کە ئاڕاستەی سێکسیم دەبێتە جێی پرسیار لەلایەن زۆرینەی ئەو کەسانەی کە دەمبینن و لێم تێناگەن و ئەوەش تووشی دڵەڕاوکێم دەکات. هەندێک ڕۆژ ئەم دڵەڕاوکێییە وام لێدەکات کە جلەکانم بگۆڕم یان دووبارە بیربکەمەوە پێش سەردانکردنی دووکانێک یان کافێیەکی دیاریکراو.
ئێستا، کە لە هەموو کات باشتر لە ئاڕاستەی سێکسیم تێگەیشتووم، دەزانم کە هیچ کێشەیەک یان نەخۆشییەکم نییە. هەندێك ڕۆژ لە خەو هەڵدەستم و هەست بە پێویستییەکی زۆر دەکەم کە عەزییەک لەبەر بکەم و قژم خاو بکەمەوە. لەکاتێکدا هەندێک ڕۆژی تر، دەمەوێت بلووزە گەورەکەم لەبەر بکەم و های فایڤ لەگەڵ هەموو هاوڕێکانم بکەم کە دەیانبینم. من دان بەوەدا دەنێم کە من کاتێك بە کەمترین ڕادە کچانە بم هەمیشە وام لێدەکات هەست بە باوەڕبەخۆبوون و ئازادی بکەم. بەڵام ئەوە مافی ئەوەم لێناسەنێتەوە کە تەنوورە و عەزی لەبەر بکەم. من چیتر دوودڵ نیم دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم، بەڵام دوودڵدم دەربارەی ئەوەی چۆن بتوانم دەری ببڕم لەڕێگەی ستایلی خۆمەوە بەبێ ئەوەی خۆم تووشی کێشە بکەم. ئەمەش بریتیە لە فێربوونی ئەوەی چۆن هێڵە کێشراوەکان ببەزێنم بەبێ ئەوەی بکەومە کێشەوە لەگەل هیچ کەسێكی تردا. ستایلی تۆش وەک ستایلی من و هەموو کەسانی تر بەپێی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانە هەڵدەبژێردرێت کە دەستیان بەسەر ڕەفتاری کۆمەڵگا عیڕاقییەکەماندا گرتووە. هەندێك جلوبەرگ بۆ کوڕان ڕێگاپێدراون و هەندێکییان بۆ کچان. ئەم سنووردارییەش لەو باوەڕەوە هاتووە کە هێشتنەوەی کەلتوورەکەمان بە زیندویی لەڕێگەی هەڵبژاردنی هەندێک جلوبەرگ و هەندێک ڕەنگی دیاریکراو کە هەر ڕەگەزێك بۆی هەیە لەبەریان بکات بە ئەنجامدێت. دڵنیام کە تێبینیت کردووە کە هەندێک پیاو خۆیان بە دوور دەگرن لە لەبەرکردنی ڕەنگی پەمەیی یان سوور و ڕەنگی تاریک هەڵدەبژێرن وەک ڕێگایەک بۆ دەربڕینی پیاوەتییان. لەبەرامبەر ئەوەشدا ژنان چاوەڕوان دەکرێت لێیان کە لایەنە ژنانەکەیان لەئامێزبگرن و و دەری ببڕن لەڕێگەی هێشتنەوەی قژی درێژ و لەبەرکردنی جلوبەرگی کچانە کە بە ئاسانی لە پیاوان جیایان بکاتەوە. من لێرەوە پێت دەڵێم کە نابێت هیچ ڕێسایەک هەبێت کۆنترۆڵی ئەوە بکات کە کەسێک بۆی هەیە چی لەبەربکات. ئەم سنوورانە یاسای گەردوون نین، چونکە ئێمە بەو باوەڕەوە لەدایکنابین کە پەمەیی بۆ كچانە و شین بۆ کوڕانە. ئێمە ئەم ڕێسایانە فێردەبین لە دەوروبەرمانەوە کە بریتین لە دراوسێ، خوێندنگا، قوتابخانە، خێزان و تەنانەت تەلەفزیۆن و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیش. بوونی مامۆستا و هاوڕێ کە من قەبوڵدەکەم وەک ئەوەی هەم و پاڵپشتیم لێدەکەن یارمەتیمدەدات کە هەستم دەربارەی خۆم باشتربێت. هەندێك لەو حوکم و پەسەندنەکردنانەی لەلایەن خەڵکەوە بەرەو ئاڕاستەم دێت هێشتا هەر ئازارم دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە خێزانەکەمەوە دێن. بەڵام هەمیشە ئەوە لە بیرمدا دەهێڵمەوە کە کێشە ڕاستەقینەکە بریتیە لە ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە خەڵکی پشتیان پێدەبەستن کە وایان لێدەکان بڕیاربدەن چەندێک ڕێز لە کەسەکان بگرن بەپێی ستایلی جلوبەرگیان. شتێكی تریش کە یارمەتی هەستم دەدات باشتر بێت ئەوەیە کە من هەوڵم داوە لە هەردوو لایەنەکدا ببم. هەوڵمدا کە زۆر کچانە بم لە جلوبەرگ و ڕەفتارمدا و هەوڵمدا کەمترین کچانە بم. هیچ کام لە لایەنەکان نەبوونە هۆی ئەوەی کە توانج و ڕەخنەکان بە تەواوی بووەستن لە لایەن خێزان، هاوڕێ و تەنانەت کەسانی نەناسراویشەوە. ئەوەش خاڵەکەی من دەسەلمێنێت کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە توانج و ڕەخنە ڕابکات بەڵام ئەوەی دەیتوانیت بیکەیت بریتیە لە هێشتنەوەی خۆت بە سەلامەتی بە لەبەرکردن و ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی کەمترین ئازار و زیان. لەیادتبێت کە هەموو عیڕاقییانی سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ وەک یەک نین، چونکە هەندێكیان سنووردارتن و ترسیان لە کەسانی تر زیاترە. فێری ئەوە ببە چۆن ڕەفتار بکەیت بەپێی بارودۆخی خۆت بە لەچاوگرتنی سەلامەتیت و ژیانت پێش هەموو شتێکی تر. لەبیرت بێت کە شتێک لەبەر نەکەیت یان شتێک نەکەیت کە ژیانت بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر چانسی ئەوەت هەیە ئاڕاستەی سێکسیت لەڕێگەی ستایلەکەتەوە دەرببڕێت، بکیە بەبێ هەسترکردن بە هیچ شەرم یان شەرمەزارییەک. رەند عیڕاق کویر
1 Comment
وەک عێراقییەک، ئەگەر زۆرە کە تۆ دەربارەی ئەم ڕۆژە نەتبیستبێت یان بیستووتە بەڵام ناتوانیت یادی بکەیتەوە، نە لە لەگەڵ خێزانت، نە لەگەڵ هاوڕێکانت یان کچەهاوڕێکەت، وە نە لەسەر جادە لەگەڵ کەسانێک نەیانناسیت. لەگەڵ ئەوەشدا، عیڕاق کویر هەوڵ دەدات کە شتەکان بگۆڕدرێن و عێراقییەکانیش زیاتر پاڵپشتی لە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەکەن. تا ئەو ڕۆژە دێتە دی، عیڕاق کویر دەیەوێت بزانیت کە تۆ وەک ژنێكی هاوڕەگەزخواز بەهێزیت، بوونت پەسەندە و بۆ ئێمە گرنگیت. شانازی بەخۆتەوە بکە کە دەتوانیت ڕۆژەکانت بەڕێ بکەیت بەبێ هەبوونی ئەو پڵپشتییەی کە شایەنیت. گۆڕانکاری باش ڕوو دەدەن چونکە ئێمە باوەڕمان وایە ماحاڵ نین. بە بەهێزی بمێنەرەو و شانازی بە خۆتەوە بکە.
لەم ڕۆژە تایبەتەدا، دەمانەوێت چیرۆکی خۆشەویستی ژنانی هاوڕەگەزخواز بگێڕینەوە کە ئەوانیش وەک تۆ و چەندین کەسی تر لە شارەکانی عێراق دووچاری بارودۆخی گران دەبنەوە. سارا کە ژنێكی هاوڕەگەزخوازی ٢٩ ساڵە لە بەسرە، باسی خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا ترس دەکات کە لەگەڵ کچە هاوڕێکەیدا ئەزموونی دەکەن، سارا دەڵێت، "کچە هاوڕێکەم دوو ساڵ لەمەوپێش باسی لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئینتەرنێتەوە." ئەو باسی ئەوە دەکات چەند گرانە ژن و هاوڕەگەزخواز بیت لە شارێکی وەک بەسرە. دەڵێت، " دەرفەتی ئەوەمان نییە کە هیچ کام لە شووناسیەکانی خۆمان دەرببڕین. لەبەر ئەوە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کە کەسێک بناسم کە بە هەردوو شووناسەکام ئاشنا بێت وقبووڵیان بکات و بەهۆی ئەوانەشەوە منی خۆشبوێت." سارا باسی ئەوە دەکات کە کاتێک لەگەڵ کچەهاوڕێکەی دەبێت هەست بە خۆشی و ئارامی دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا هەمیشە ترس هەیە لە خێزانەکەی خۆی یان خۆشەویستەکەی. ترسی ئەوەی کەسێک بیانگرێت کاتێک ماچی یەک دەکەن یان کەسێکی بزانێت ئەوان لە هاوڕێ زیاترن. ترس لەوەی بکوژرێن یان هەتا هەتایە لە یەک داببڕێن. وەک کچ لە شاری بەسڕە، ئەوان ڕێگەی ئەوەیان پێنەدراوە کە کاتێکی زۆر لەسەر جادە یان کافتریا بەسەر بەرن یان زووزوو سەردانی یەکتر بکەن. ئەوەش ئەو کاتەیە کە دەرفەتیان دەبێت بە یەکەوە سەیری فیلم بکەن یان باسی مۆسیقا و شیعر و خۆشەویستی بکەن. خەولە دەڵێت کە تەنها دوای ئەزموونی پڕ لە ئازاری پڕۆسەی جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی ئەو لە ئاڕاستەی سێکسی خۆی تێگەیشت و بۆی دەرکەوت خۆی چ کەسێکە. دەڵێت، "چوار ساڵ لەمەو بەر تەڵاقم وەرگرت دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری. هاوسەرگیریان پێکردبووم لەگەڵ یەکێک لە ئامۆزاکانم. هاوسەرگیری دارێژڕاو لە کەربەلا، کە منی لێ دەژیم، زۆر باوە. کچێکی تەمەن ٣٠ساڵ کە هاوسەرگیری نەکردبێت قبوڵنەکراوە. لە خێزانێکی وەک خێزانی مندا، كچان دەبێت لە تەمەنێكی دیاریکراودا شووبکەن، ئەرکەکانی ژیانی هاوسەرگیری جێبەجێ بکەن، منداڵیان ببێت، منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و ژنێکی باش بن." دوای جیابوونەوەی، خەولە خۆی لە خێزانەکەی و هەموو کەس دوورەپەرێز گرت. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە دەستی کرد بە تێڕامان لە ئاڕاستەی سێکیسیی خۆی و بۆی دەرکەوت کە ئەو جیاڕەگەزخواز نییە. کاتێک ئەو چاوی بە دراوسێکەی کەوت، دەستبەجێ کەوتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵیدا. هەردووکیان هەستیان بۆ یەکتری هەبوو، بۆیە بەردەوام بوون لە قسەکردن لەگەڵ یەکتر دەربارەی ژیانیان. خێزانەکانیان هەستیان بە هیچ نەکرد چونکە دایکیان هاوڕێ بوون و سەردان لەنێوان دوو خێزانەکەدا ئاسایی بوو. خەولە لە سەرەتادا ئازایی هەوەی نەبوو کە هەستەکانی دەرببڕێت بەڵام کە زیاتر لە یەک نزیک بوونەوە بڕیاری دا ئەو هەنگاوە بنێت. "ڕۆژێکیان، لەسەر جێگا پاڵکەوتبووین و گوێمان لە گۆرانی "انکتبلي العمر"ی گۆرانیبێژ شیرین دەگرت، دەستمان بەر دەستی یەک دەکەوت. باسی خۆشەویستیمان دەکرد، پاشان بۆ یەکەمین جار ماچی یەکمان کرد. ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانمدا کە لە هەمان کاتدا هەست بە ئارامی و هەست بە ترسیش بکەم. لەو کاتەوە ئێمە بە یەکەوەین." ئەم دوو چیرۆکە نموونەی چەندەها چیرۆکی ترن. وەک کچێکی هاوڕەگەزخواز، لەبیرت بێت کە تۆ بەتەنها ناجەنگیت و لەوانەیە شتەکان ڕۆژێک باشتر ببن. تا توانای بڕیاردانت هەبێت، هەرگیز ڕێگا مەدە کەسانی تر بڕیارت بۆ بدەن و لەبیرت بێت کە شتێکی ئاساییە بۆ ماوەیەک ون بیت. گەشبین بە بەوەی کە قۆناغێکی باشتر دێت و دەگەیتە خاڵێک کە تۆ لە ئاڕاستەی سێکسی و شووناسی خۆت دڵنیا دەبیت. لە کۆتاییدا، لەیادت بێت کە هاوڕەگەزخوازبوون بە مانای ئەوە نایەت خۆشەویستی نادۆزیتەوە. چەندین کەسی هاوڕەگەزخواز هەیە لە دەوروبەرت کە دەترسن شووناسی خۆیان دەرببڕن. بەوردی سەیری دەوروبەرت بکە و لەوانەیە خۆشەویستی بدۆزیتەوە. لەمڕۆدا، عیڕاق کویر دەیەوێت بزانیت کە تۆ بینراو وە بیستراویت. هەرگیز دوودڵ مەبە لە پەیوەندیکردن پێمانەوە ئەگەر پێویستت بە ڕێنمایی یاخود پاڵپشتی بوو. رەند عیڕاق کویر عێراقییانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) تووشی فشار و سترێس دەبنەوە لە چەندین لایەنەوە، وە تەنها بریتی نیە لە ترس لە کاردانەوە و حوکمی خەڵکی دەربارەی ئاڕاستەی سێکسییان. عێراقییانی کویر وەک عێراقییان تر هەمان فشارەکانی ڕؤژانەیان هەیە. نەبوونی کار، کێشەی سیاسی، وە شەڕ هەموویان هۆکاری دڵەڕاوکێن و هیوا لە دڵدا دەکوژن. عێراقییانی کویر ناچارکراون کە لەگەڵ ئەم ژینگەیەدا ڕابێن، سەڕەڕای ڕاهاتن لەگەڵ بیرکردنەوەی خەڵکی کە ڕەتیان دەکاتەوە وەک کویر. کاسانی کویر وەک هەموو کەسانی تر، پێویستیان بە یەکێکە کە گوێیان لێبگرێت و ڕێنماییان بکەن، بەڵام ئەمە بۆ زۆرینەیان بەردەست نییە. نەبوونی پاڵپشتی دەبێتە هۆی خەمۆکی کە لەوانەیە پاڵیانەریان بێت بەرەوە خۆکوشتن.
یەکەمین کەس کە چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد لیزوی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، کە کیژێکی هاوڕەگەزخوازە. لیزو دەڵێت، "بیرکردنەوەکانم دەربارەی خۆکوشتن لە قەبوڵنەکردنی خۆم وەک هاوڕەگەزخوازێکەوە سەرهەڵنادەن، بەڵکو لەو ڕەت کردنەوەی کۆمەڵگاوە بۆ من سەرهەڵدەدەن. منم دژی کۆمەڵگا و ئاین و کەلتورم." لیزو ڕوونی دەکاتەوە کە فشارەکان بەنزیکەیی لە هەموو لایەنەکانەوە دێن. خێزان، خزم و کەسان، کۆمەڵگا و ئاین هەموویان فشار دەخەنە ساری، سەرەڕای ترس لە نازانراو وە ترس لەوەی کە کەسێک بە ئاڕاستەی سێکسیی بزانێت کە لەوانەیە ببێتە سەرچاوەی چەندین کێشە. هەواڵە باشەکە ئەوە کە لیزو بەسەر بیرکردنەوە لەخۆکوشتندا زاڵ بووە لەڕێگەی خوێندنەوە لەسەر بابەتەکە و بونیادنانی چەند خویەکی تەندروست، وەک هەبوونی کای دیاریکراو بۆ خەوتن و خواردن. سەرەڕای ئەمانەش، ئەو دەڵێت کە هاوڕێکانی پاڵپشتییەکی زۆری پێدەبەخشن و هانی دەدەن کە بەردەوامبێت. ئەیمەن کە کوڕێکی ٢٢ ساڵی هاوڕەگەزخوازە پێم دەڵێت کە بیرکردنەوەی لە خۆکوشتن لەو کاتەوە سەریان هەڵداوە کە ئەو کەسێکی دیندار بووە، چونکە ئاین دەڵێت کە کەسانی کویر دەبێت لە جەهەننەمدا بسووتێن. سەرەڕای ئەو فشارەی کە لە ئایینەوە سەریانهەڵداوە، ترس لەوەی کە خێزانەکەی بە ئاڕاستەی سێکسیی بزانن و ترس لە نەزانراو فشارێکی ئێجگار گەورەی خستووەتە سەر ئەیمەن. سوپاس بۆ هاوڕێکانی ئەیمەن، کە بەهۆیانەوە ئەیمەن زاڵبووە بەسەر بیرکرنەوە لە خۆکوشتنەوە و ئێستا بیرکردنەوەیەکی ئارامتری هەیە. ئەو دەڵێت کە هەبوونی کەسێک قسەت لەگەڵدا بکات یارمەتییەکی زۆرت دەدات کە بەسەر فشاردا زاڵبیت و ئەو پێشنیار دەکات کە هەمووان کەسێکی وایان هەبێت. ئیثەن کە پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٩ ساڵە چیرۆکی خۆیم بۆ دەگێڕتەوە دەربارەی زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوە لە خۆکوشتندا. دەڵێت، "بیرکرنەوەم لە خۆکوشتن پاش ماوەیەکی کەم لەوەوە سەریان هەڵدا کە هاوپیشەکانم بەڵگەیەکیان لەسەر ئاڕاستەی سێکسیم دۆزییەوە کاتێک تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. ئەوان منیان لە خوێندکارانی تر دابڕان و بەهەموو کەسێکیان دەوتی بەهیچ جۆرێک قسە لەگەڵ من نەکەن، تەنانەت باشترین هاوڕێشم کە هەمیشە متمانەی پێمبوو دەبوو خۆی لەمن بەدوربگرێت تا خۆی و ناوبانگی خۆی بپارێزێت. هەروەها هەرکاتێک ڕووبەڕووی هۆمۆفۆبیا (گوتار و ڕەفتاری دژ بە هاوڕەگەزخوازان) دەبوومەوە لەلایەن خێزانەکەم، هاوڕێیان و هاوپیشەکانمەوە یاخود کاتێک لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەمخوێندەوە، هەستم بە بێگانەیی دەکرد، وەک بوونەوەرێک کە لەم جیهانەدا شوێنی نەبێتەوە و مافی هەبوونی نەبێت. کاتێک تەمەنم ٢٢-٢٣ ساڵ بوو، یارمەتیم وەرگرت لەلایەن پزیشکێکی دەروونییەوە و ئەوەش یارمەتی دام لە دژوارترین قۆناغی بیرکرندەوە لە خۆکوشتنمدا. هێشتە ئەو بیرکردنەوانەم بۆدێت، بەڵام بە ڕادەیەکی کەمتر." ئەو پێم دەڵێت بیرکردنەوەی لە خۆکوشت دەگەڕێتەوە کاتێک تووشی فشار دەبێتەوە لەلایەن خێزان، هاوڕێیان یاخود خزمانەوە و ئەم بیرکردنەوان ماوە ماوە دێن و دەڕۆن. هاوڕێ هاوڕەگەزخوازەکانی و هیوای ئەو بۆ داهاتوویەکی باشتر هۆکاری مانەوەی ئەون و هیوای پێدەبەخشن. ئەو دەڵێت کە هەبوونی ڕێنماییکارێک یاخود هێڵێکی تەلەفۆنیی خۆکوشتن کە بەردەوام کراوەبێت یارمەتیەکی زۆر دەدات بۆ کەمکردنەوەی خۆکوشتنی کەسانی کویر. ئەحمەد کە پیاوێکی ٢٥ ساڵی هاوڕەگەزخوازە دەڵێت کە ئەو تەمەنی ١٦ ساڵ بوو کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو هاوڕەگەزخوازە. ئەوکاتەش بۆی دەرکەوت کە پاڵپشتی بۆ کەسانی وەک ئەو چەند کەمە. ترسی ئەحمەد لە کۆمەڵگا، خزمان، و کەسانی ئاینی دەوروبەری هۆکاری فشاری ڕۆژانەن بۆ سەر ئەو. لەبەر ئەوە، هێشتا بیرکرنەوەی لە خۆکوشتن هەر ماوە کە دێت و دەڕوات. ئەو پێمدەڵێت کە هەبوونی پاڵپشتی لەلایەن ئەندامێکی خێزان، هاوڕێ، یاخود ڕێکخراوەوە یارمەتییەکی عێراقییانی کویر دەدات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتدا. زۆرینەی عێراقییانی کویر خۆیان دەدۆزنەوە لەنێوان ڕق و کینەیەکی زۆردا، تەنانەت ئەگەر خۆشیان جیابکەنەوە هێشتا ناتوانن بە تەواوی لە کێشە بەدووربن. کەسانی کویر تووشی ڕق و کینە دەبنەوە بەهۆی سرووشتی خۆیانەوە و ئەمەش کێشەکان بەرەو خراپتر دەبات. وشەیەیەک یاخو کردەوەیەکی دیاریکراو نییە خۆتی لێبەدروبگریت یان بیکەیت تا شتەکان بەرەو باشتر بڕۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕقبوون لە خود و ئەمەش خەمۆکی دێنێت. وە کەسێکی کویر، دەبێت هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت کە ژیان هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو فشارەی ئێستا تووشی دەبین لەکۆتاییدا نامێنێت. بەهێزبە و لەبیرت بێت کە ئەگەر چی شتەکان بۆ نەوەی تۆ لەوانەیە گرانبن، پێویستە کاربکەریت تا نەوەی داهاتوو تێگەیشتووتر و پاڵپشتیکارتربن. رەند عیڕاق کویر وەک هەموومان دەزانین، هەموو کەسێک تووشی گیروگرفت و گرانی دەبێتەوە لە کاتی گەڕان بەدوای کاردا بەهۆی بارودۆخی ئابووری و ئەو گرژی و فشارانەی تووشی وڵات بوونەتەوە چەندین ساڵە. سەرەڕای ئەو گرانییانەی بەگشتی تووشی هەموو کەس دەبێت، گرانی و گرفتی زیاتر هەیە کە کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) دووچاری دەبنەوە. زۆربەی کەسانی کویر لە عێراق ئاڕاستەی سێکسیی خۆیان دەشارنەوە و خۆیان بە دووردەگرن لە پێکهێنانی هاوڕییەتی نزیک لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا تا بەدووربن لە پرسیاری کەسی کە زانیاری بدات دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیان. کەسانی کویر دەردەکرێن یان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەلایەن سەرپەرشتیار و هاوپیشەکانیانەوە ئەگەر هەر کاتێک هەوڵ بدەن خۆیان بن لە شوێنی کاردا. هەر بۆیە کەسانی کویر ئەو چارەسەرە هەڵدەبژیرن کە بەدوریان دەگرێت لە تێڕوانینی نەرێنی و گاڵتەپێکردن. لەم ماوەیەدا، چاوپێکەوتنم کرد لەگەڵ سێ کەسی کویردا لە سێ شاری جیاوازی وڵاتەکەوە تا بزانم کە ئایا شوێنکارەکانیان سەلامەتە بەو ڕادەیەی ڕێگەیان پێبدات خۆیان بن، یان ئەوان ناچارن کە وەک کەسێکی تر خۆیان نیشانبدەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە گرفت و کێشە.
نیاز، کە کەسێکی فرەڕەگەزخوازە (پانسێکشوەڵ)، لە کەرتی ئابووری و بەبانکردندا کاردەکات لە شاری هەولێر. پرسیاری لێدەکەم کە ئایا ئاڕاستەی سیکسیی بۆتە هۆی گرفت و کێشە لە کاتی چاوپێکەوتنی کاردا یان بووەتە ڕێگر لەبەردەم دەستکەوتنی کارەکەدا. لەوەڵامدا پێی ووتم کە هەرگیز دووچاری ئەم کێشانە نەبووەتەوە تەنها لەبەرئەوەی ئەو بەهیچ جۆرێک ئاڕاستەی سێکسیی خۆی دەرناخات و بە نهێنی هێشتوویەتییەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کاری لەگەڵدا دەکەن. لەبەرئەوەی هەمووان لە شوێنکارەکەیدا باوەڕیان وایە کە نیاز جیاڕەگەزخوازە (واتا سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ نییە)، نیاز پێم دەڵێت کە نازانێت کاردانەوەی کەسانی شوێنکارەکەی چۆن دەبێت ئەگەر نیاز خۆی بێت و بە ڕاستگۆیی دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیی قسە بکات. دەڵێت، "لەبەر هەبوونی جەستەیەکی ئافرەتانە، باوەڕم وایە کە کۆمەڵگا گرنگیی بە ئاڕاستەی سێکسییم نادات وەک ئەوەی ئەگەر جەستەیەکی پیاوم هەبووایە. بەڵام هێشتا باوەڕم وایە کە بەهەمان شێوە مامەڵەم لەگەڵدا ناکرێت وەک ئێستا ئەگەر کەسانی شوێنکارەکەم بە ئاڕاستەی سێکسیم بزانن. لەوانەیە دەربکرێم یان بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت و خەڵک خۆیان دوورەپەرێز بگرن لە من." نیاز دەڵێت کە تەنها یەک کەس هەیە لە شوێنکارەکەی کە با ئاڕاستەی سێکسیی دەزانێت. ئەو کەسە هاوڕێیەکی نزیکییەتی کە بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات هەر وەک کەسە جیاڕەگەزخوزەکان لە کۆمپانیاکەدا. جگە لەوە، باوەڕی وایە کە بەنهێنی هێشتنەوەی ئاڕاستەی سێکسیی بۆ ئەو ئارامتر و بێکێشەترە. روخێر کە لە بەغداد دەژی و کاردەکات چیرۆکی خۆیم بۆ باسدەکات. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە پێشتر تووشی کێشە بووە لە شوێنکارەکەیدا، کە هاوپیشەکان و سەرپەرشتیارەکەی بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کەردووە چەندجارێک. ئەمەش ناچاری کرد کە خۆی دوورەپەرێز بگرێت و خۆی جیابکاتەوە، بەڵام ئەمەش نەبووە هۆی کۆتایی هاتنی کێشەکان. ڕۆژێک، گوێی لە سەرپەرشتیارەکەی بووە کە بە یەکێک لە هاوپیشەکانی وتووە دەربارەی روخێر و بە ڕەفتار ژنانە وەسفی کردووە. لەبەرئەوە، بڕیاری دا کە دەست لەو کارە بکێشێتەوە سەرەڕای ئەوەی شوێنکارەکە باش بووە و لە ڕێکخراوێکی حکومیدا بووە. ئەو دەڵێت، "هەموو کەس دەزانێت دەستکەوتنی کار لە عێراق چەندە گرانە، بەڵام هەستکردن بەوەی کە من کەسێکی سەیرم و ئەوەی قەبوڵ نەکراوم لەلایەن کەسانی ترەوە وای لێکردم کە کارەکەم وازلێبێنم." ئەو ئەزموونە خراپە وای لێکرد کە ئەو زیاتر ئاگای لەخۆی بێت باسی ئاڕاستەی سێکسی نەکات لەبەردەم هەر کەسێکدا، چونکە باسکردنی ئەو بابەتە دەبێتە هۆی کێشە بۆ خۆی و خێزانەکەوەی و نازناویان دەزڕێنێت. ڕۆزا، کە کچێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٢ ساڵە لە دهۆکەوە، دەربارەی کارەکەی بۆم دەدوێت. ئەو ڕێکخراوەی کاری لێدەکات هاوڕێیانەیە بۆ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ و ئەو بابەتە قەبوڵ دەکات. لەبەرئەوە، دەڵێت بەهیچ شێوەیەک ئەگەری ئەوە نییە کە سەرپەرشتیارەکەی دەری بکات لەبەر ئاڕاستەی سێکسی، یان هاوپیشەکانی خۆیانی لێ بەدوربگرن ئەگەر بە ئاڕاستەی سێکسییان زانی. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕۆزا هەوڵدەدات کە کوڕانە ڕەفتار نەکات و هیچ وشەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+ بەکارنەهێنێت و ئاڕاستەی سێکسیی بە نهێنی دەهێڵێتەوە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەوەی شوێنکارەکەی هاوڕێیانەیە بۆ کۆمەڵگای هاورەگەزخواز+، ژینگەی دەرەوەی ڕێکخراوەکە وا نییە، بۆیە ئەو بەلایەوە باشترە کە ئاڕاستەی سێکسیی نهێنی بێت. ئەو گرانییەی ڕووبەڕووی کەسانی عێراقیی کویر دەبێتەوە ئەوەیە کە دەبێت چەند لایەنێکی کەسایەتییان بشارنەوە بەپێی ئەو شوێنەی بۆی دەچن. تا ئەمڕۆش، عێراقییانی کویر ناتوانن خۆیان بن بەهۆی حوکم و تێڕوانینی خراپ و ڕق و کینە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەلایەن زۆرینەی کەسانی دەوروبەرییانەوە. بۆ خۆیان و خێزانەکانیشیان ئەوە سەلامەتترە کە وەک کەسێکی تر ڕەفتار بکەن تا دەرنەکرێن لە کار و تا نەکوژرێن. گۆڕانکاری زۆر بەخاوی ڕوودەدات و ئێمە هیوادارین کە ڕۆژێک کەسانی کویر چیتر لەسەریان نەبێت کە خۆیان بشارنەوە و ماسک لەدەموچاو بکەن لەبەر کەسانی دەوروبەریان. تا ئەو ڕۆژە دێت، عیڕاق کویر هانی عێراقییانی کویر دەدات کە سەلامەتی و ئارامی خۆیان بە هەند وەربگرن تا بەدوربن لە دەمەقاڵێ لەگەڵ کەسانی تردا کە ببێتە هۆی کێشەو ئازاری خۆیان و خێزانەکانییان بدات. رەند عیڕاق کویر ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی جووتڕەگەزخوازانە کە لە هەندێک وڵات ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت و لە هەندێک وڵاتی تردا تەنانەت ناویشی ناهێنرێت. وەک زانراوە، عیڕاق وڵاتک نییە کە پێشوازی یاخود پاڵپشتی لە کەسانی کویر (سەر بە کۆمەڵگای هاوڕەگەزخواز+) بکات بە شێوەیەکی گشتی. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان، تەنانەت دووچاری فشاری زۆرتر دەبینەوە لە کاتی هەوڵدان بۆ قەبوڵکردنی خۆمان و و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەی سێکسیمان بۆ کەسانی دەوروبەرمان. ئێمە وەک کەسانێکی سەرلێشێواو لەقەڵەم دەدرێین وەک ئەوەی کە ئێمە نازانین یاخود ئێمە دڵنیا نین لەوەی چیمان دەوێت. بەردەوام ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێت کە ئایا ئێمە چ ڕەگەزێکمان زیاتر بەلاوە پەسەندە لەگەڵیدا بین و پێمان دەووترێت کە ئەوەی ئێمە پێیدا تێدەپەڕین تەنها قۆناغێکە.
من ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵم کە لەم ماوەیەدا بووم بە ئەندامێک لە عیڕاق کویر. خۆم وەک کەسێکی جووتڕەگەزخواز، پێویستم بە ساڵانێک بوو بۆ دۆزینەوەی ئاڕاستەی سێکسیم لەبەرئەوەی لەو کۆمەڵگایەدا کە منی تێدام، کەسانی ئاسایی تەنها دەبێت خەڵکانی ڕەگەزی بەرامبەریان خۆشبوێت وە ئەگەر وا نەبێت، ئەوا ئەو کەسە نەخۆشی دەروونییە. لە کاتی منداڵیم و هەرزەکاریمدا، باسکردنی بابەتی هاوڕەگەزخوازی ڕێگەپێنەدراوبوو. تەنها کاتێک خەڵکی چەپڵەیان بۆ لێدەدام لەکاتی باسکردنی ئەم بابەتەدا کاتێک دەبوو ئەگەر گاڵتەم بە بابەتەکە کردبا یان نوکتەم لەسەر کردبایە. لەبەر ئەو هۆکارە پرسیارم زۆر نەکرد، نە لە خۆم و نە لە کەسانی تر. یەکەم جار کە هەستم بۆ کچی تر هەبوو ئەو کاتە بوو کە لە ئامادەیی بووم، بەڵام بە خۆیم و نەووتوو و پرسیارم لەخۆم نەکرد دەربارەی ئاڕاستەی سێکسیم. زۆری نەبرد و چەند کەسێکم ناسی کە تەمەنی خۆم یان گەورەتربوون و بە شێوەیەکی جوان و مەدەنییانە باسی هاوڕەگەزخوازییان لەگەڵ کردم. لەگەڵ ئەو هەموو پاڵپشتییەی پێم بەخشرابوو، وێنەی هاوڕەگەزخوازی ڕوونتربوو لەلام و ئەوەش دەرفەتی دامێ کە لەخۆم باشتر تێبگەم و خۆم خۆشبوێت وەک ئەوەی کە هەم. جگە لە چیرۆکی خۆم، پرسیارم کرد لە جووتڕەگەزخوازان کرد لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە دەربارەی ئەزموونەکانی خۆیان، تا باشتر تێبگەم کە ئەوان چۆن لە خۆیان دەڕوانن و ئەو ئاستەنگانە چین کە دووچاری دەبنەوە. سالیی تەمەن ٢٨ ساڵ، کە ئافرەتێکی جووتڕەگەزخوازە لە کەربەلاوە یەکێک بوو لەوانەی پرسیارم لێکردن. سالی تەنها جووتڕەگەزخواز نییە، بەڵام ڕەگەزگۆڕیشە. پێش گۆڕینی ڕەگەزی، ئەو هەستی بۆ پیاو وە بۆ ژنیش هەبوو. ئەمەش دوای گۆڕینی ڕەگەزی نەگۆڕاو و ئێستاش هەستی بۆ هەر دوو ڕەگەزەگە هەیە. سالی دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازی زۆربەی کات لەبیردەکرێت، وە وەک ژنێکی ڕەگەزگۆڕ، ئاڕاستەی سێکسیی منیش زۆربەی کات لەبیرکراوە. بواری ئەوەم نییە شووناسەکانم دەرببڕم. نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو بە گشتی هەر سەرچاوەیەک کە خوێندبێتمەوە دەربارەی ژنانی ڕەگەزگۆڕ، هەرگیز باسی ئاڕاستەی سێکسی و ڕەگەزخوازیمانیان نەکردووە." فەرەح کە ژنێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٧ ساڵە لە کەرکووکەوە دەڵێت ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵە کردووە. فەرەح دەڵێت، "من هاوسەرەکەم لا ئازیزە. پیاوێکی باشە. بەڵام ئەو خۆشەویستی ژیانم نییە." ئەو ڕوونی دەکاتەوە، "لەوانەیە بیربکەیتەوە و بڵێیت تۆ پیاوانیشت بە دڵە، بۆچی لەگەڵ مێردەکەت دڵخۆش نیت؟ من دەڵێم، دڵ ئەوەی دەوێت کە دەیخوازێت، وە دڵی من بۆ یەکێک لە هاوڕێکانمە کە کچە. بەدەست من نییە کێم خۆشدەوێت." شڤان کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی تەمەن ٢٢ ساڵە لە هەولێرەوە، بۆم باس دەکات کە جووتڕەگەزخوازبوون لە عێراق چەند گرانە. شڤان دەڵێت، "جووتڕەگەزخوازبوون وەک ئەوە وایە کە دوو کەس لە ناختدا هەبێت، هەندێک جار وام لێدەکات کە هەستبکەم شێتم. كاتێک منداڵ بووم، وام دەزانی کە نەفرەتم لێکراوە یان کە شەیتانێک لەناومدایە. بۆیە ڕقم لەخۆم بوو، باوەڕبەخۆبوونم لەدەستدا، لە پێکهێنانی هاوڕێ خۆم بەدوورگرت، وە وا هەستم دەکرد کە من شایەنی خۆشەویستی و گرنگیپێدان نیم." شڤان پێم دەڵێت کە لەو کاتەوەی دەستی کرد بە سەیرکدرنی فیلمی سینەمایی و خوێندنەوەی چیرۆک دەربارەی جووتڕەگەزخوازان، زیاتر لەخۆی تێگەیشت. دوای ماوەیەک، دەستی کرد بەوەی کە خۆی قەبوڵ بکات، بەڵام ئەو ئاڕاستەی سێکسیی خۆی بە نهێنی دەهێڵێتەوە لە خێزانەکەی و زۆربەی هاوڕێکانی، چونکە هەستدەکات کە ئەوان بە هیچ جۆرێک پاڵپشتی نابن. سارا کە کچێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٣ ساڵە لە بەغداوە بۆم ڕووندەکاتەوە کە ترسی ئەو لە توندی کۆمەڵگا وای لێدەکات بەزۆر خۆی وەک کەسێکی دیکە پیشان بدات کە خۆی نییە. ڕوونی دەکاتەوە کە ژن بوون و جووتڕەگەزخوازبوون فشارێکی زۆر دەخاتە سەری، چونکە ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو نەک تەنها دژی کەلتووری کۆمەڵگا وەستاوەتەوە، بەڵکو ئەوەی کە دژی بیروباوەڕە ئاینییەکانیش وەستاوەتەوە. "هەست بە ئارامی ناکەم کە لە پەیوەندییەکدا بم لەگەڵ کچێکدا، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەوە چەندین کێشە بەدوای خۆیدا بهێنێت و لەوانەشە بکوژرێم، لەبەرئەوەش ئەوەم بەلاوە باشترە کە ئاڕاستەی سێکسیم بە نهێنی بهێڵمەوە." ئەمە وەڵامی سارا بوو بۆ پرسیاری ئەوەی بۆ چی بیر لەوە ناکاتەوە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا بێت لەگەڵ کچێکدا. ئارام کە کوڕێکی جووتڕەگەزخوازی ٢٤ ساڵە لە هەولێرەوە پێم دەڵێت کە ئەو کەسانەی بە ئاڕاستەی سێکسی ئارام دەزانن پێی دەڵێن جووتڕەگەزخوازی ڕێگەی پێدەدات باشترینی هەردوو جیهانەکە بەدەستبهێنێت، بە واتای ئەوەی کە ئارام خۆشبەختە چونکە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ کوڕ و لەگەڵ کچیشدا ببەستێ، کە ئەمەش بە شتێکی باش دادەنرێت بە پێی ئەوان. بەڵام ئارام ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت کە جووتڕەگەزخوازی دەرفەتی باشترت ناداتێ، چونکە ئەو لە کۆمەڵگایەکدا دەژی ڕێگەی پێنادات پەیوەندی لەگەڵ کوڕدا ببەستێت و خۆی بە ئازادی دەرببڕێت، تەنانەت لەگەڵ کچەهاوڕێکەشیدا. دەڵێت، "توانجی زۆر دەبیستم دەربارەی ئەوەی کە من باوەڕم بەخۆم نییە یاخود کە نازانم چیم دەوێی." کچەهاوڕێی پێشووی ئارام ئەوەی پشتگوێ دەخست و لەبیرخۆی دەبردەوە کە ئارام جووتڕەگەزخوازە و وای دەزانی کە تەنها ئەوە قۆناغێکە و لە کۆتاییدا تێیدەپەڕێنێت. دەربارەی تێڕوانین و هەستی ئێستای، ئەو پێم دەڵێت کە سەرەڕای نەبوونی پاڵپشتی و سەرەڕای ئەو تەنیاییەی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو خۆی قەبوڵکردوە و خۆی بە بەختەوەر دەزانێت کە خۆی دۆزیوەتەوە. ئەو خۆی خوشدەوێت و بۆ ئەوەش پێویستی بە پەسەندکردنی هیچ کەسێکی تر نییە. ئێمەی جووتڕەگەزخوازان بەردەوام هیوامان وایە کە شتەکان لە کۆتاییدا باشترببن. هیوامان وایە کە ڕۆژێک لە کۆمەڵگەکەماندا قەبوڵبکرێین و ئەو دڵەڕاوکێ و فشارانە نەمێنن کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین خۆمان بین. هیوامان وایە کە کۆمەڵگاکەمان ئێمە پەسەند بکات و ئێمەی خۆشبوێت هەر وەک ئەوەی چۆن خۆمان خۆمان خوشدەوێت و خۆمان قەبوڵ دەکەین. رەند عیڕاق کویر |
AuthorWrite something about yourself. No need to be fancy, just an overview. Archives
April 2024
Categories |