عیڕاق كویر
  • سه‌ره‌كی

​دووبارە پێناسەکردنەوەی واتای کۆمەڵگە و چۆنیەتی دروستبوونی داکۆکیکاری

6/11/2026

0 Comments

 
Picture

​"ڕقم لێیە دانی پێدا بنێم، بەڵام مرۆڤ بە ڕاستی پێویستی بە گوندێکی تەواو هەیە. ناسنامەی کویر لە جیهانێکدا کە هەوڵی پانکردنەوەی دەدات، پێویستی بە پاڵپشت هەیە. پێویستی بە کۆمەڵگەیەک لە کەسانی بەپەرۆش هەیە، و شوێنێک کە تێیدا بتوانرێت دەمامکەکان فڕێ بدرێن و  فشاری چاوەڕوانییەکان سووکتر ببن. ئەم تێکەڵاوە دەوڵەمەندە لەو کەسانەی کە بێ شەرمکردن دەژین و خۆشەویستی دەکەن و پێدەکەکن، دەیسەلمێنێت کە تەنها بوونمان خۆی لە خۆیدا شێوازێکە لە بەرگری، بۆیە شایەنی ئەوەیە بە شانازییەوە پێشوازی لێ بکەین." ئەندامێکی کۆمەڵگەکەمان

​بۆ ماوەیەک، چالاکوانانی باشووری کوردستان و عێراق لە هەوڵەکانیاندا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە و داکۆکیکاری، پشتیان بە مۆدێلی ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs) بەستبوو. ڕێکخراو دروست دەکەین، کەمپین و پڕۆژەی بەرفراوان پێشکەش دەکەین، بودجه بەدەست دەهێنین، و پاشان جێبەجێی دەکەین. ئەم مۆدێلە بەشدار بوو لە ڕاگەیاندنی هەندێک لە دیارترین کەمپینەکان لە ناوچەکەدا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا. لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین کێشە هەن.
​کاتێک چالاکییە مافخوازییەکان و داکۆکیکاری پشت بە بودجە دەبەستن، بە تەواوبوونی پارەکە ئەوانیش دەوەستن. ئەگەر لە چالاکی 
مافخوازی تەنها وەک کەمپینی هۆشیاریی بەرفراوان، وۆرکشۆپ و کۆبوونەوە هەرێمییەکان بگەین، ئەوا پێویستمان بە ڕۆیشتنی بەردەوامی بودجە دەبێت بۆ هێشتنەوەی بە زیندوویی. ئەم ڕۆیشتنە بەردەوامەش بەندە بە گۆڕینی چالاکییە مافخوازییەکان بۆ کاری دامەزراوەیی، ڕەفتارکردن وەک ڕێکخراوێکی ناحکومی، و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی بەخشەرە ڕۆژئاواییەکان.

​بودجە بە سروشتی خۆی دوورخەرەوەیە (باوەش بۆ هەمووان ناکاتەوە). هیچ کاتێک بە شێوەیەکی یەکسان یان دادپەروەرانە دابەش 
نەکراوە، و زۆرجار ڕێگرە پێکهاتەییەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی بەوانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی. گەیشتن پێی بەندە بە زمان، کات، پەیوەندییەکان و شارەزایی تەکنیکی، کە ئەمانەش سەرچاوەن گەلێک لە بزووتنەوە جەماوەرییە بنەڕەتییەکان (لۆکاڵییەکان) نایانەوێت. لە ئەنجامدا، سیستەمەکانی دابینکردنی بودجە لەپێشینەیی دەدەن بەوانەی کە خۆیان لە بنەڕەتدا توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵیدا هەیە، ئەمەش هەمان داینامیکی هێزی داگیرکاری بەرهەم دەهێنێتەوە کە ئەم سیستەمانە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەیانەوێت ڕووبەڕووی ببنەوە.

​ئەوان قورسایی کارەکانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ سەر ئێمە، دەستکەوتەکان بۆ خۆیان دەنووسن، و خۆیان بەدوور دەگرن لە گرتنەئەستۆی هەر بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بە سەلامەتی یان خۆشگوزەرانیمان. لە کاتێکدا ئێمە، ژیانی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ئەوان بە مووچەیەک کە لە کەمترین ئاست کەمترە، و پاشان بۆ هەر فلسێک کە خەرجی دەکەین دەکەوینە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

​لەبەر ئەوەی حکومەت ڕێگری لە ڕێکخراوە کویر و فێمینیستەکان کردووە لە تۆمارکردنی فەرمی، بزووتنەوەی کویر زیاتر ناڵاندوویەتی. بەخشەرەکان پاڵپشتی ئەو قەوارانە ناکەن کە بە "نافەرمی"یان دەزانن. پێوەری شەرعییەت لای ئەوان ڕەزامەندی دەوڵەتە، و ئامادە نین هیچ لایەنێک جیا بکەنەوە تەنانەت کاتێک دەوڵەت خۆی بە ئاشکرا دژایەتی مافەکانی مرۆڤ دەکات.
​تەنانەت کاتێک پابەندی یاساکان دەبین و وتاری داواکراو بەکاردەهێنین، دابینکردنی بودجە بە نادامەزراوەیی و ناوبەناو دەمێنێتەوە. ڕەنگە بەهۆی توندکردنەوەی یاساکان لە ناوخۆی وڵاتدا بوەستێت، یان بەهۆی کەمپینەکانی گوشار خستنە سەر ئەو ڕێکخراوانەی لەگەڵ ژنان و کەسانی کویردا کار دەکەن، یان لە ئەنجامی گۆڕانی لەپێشینەییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا.

​چالاکوانانی کویر لە باشووری کوردستان پێشتر بەدەست لێکەوتەکانی ئەم پشتبەستنە بە بەخشەرانەوە ناڵاندوویانە. کارەکانمان وەستان، و ناسکترین و لاوازترینەکان لە ناوماندا زۆرترین زیانیان بەرکەوت. لەگەڵ ئەوەشدا، و خۆشبەختانە، ڕێگەیەکی ترمان دۆزییەوە بۆ بەردەوامبوون.

​لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵگەکە ڕووی لە گرتنەبەری مۆدێلێکی تری داکۆکیکاری کردووە کە لەسەر ئاستێکی بەرزتر پشت بە پەیوەندییە مرۆییە ڕاستەوخۆکان دەبەستێت و لەسەر بنەمای متمانە بنیات دەنرێت. لەسەر شوێنپێی بزووتنەوە جەماوەرییە هاوشێوەکانی ئەودیو سنوورەکان، چەمکی سەرکردایەتی بەکۆمەڵمان گرتەبەر بۆ ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم هەمواندا بۆ دەربڕینی ڕاکانیان و بیستنی دەنگیان.

​ئەمە چیرۆکی ئێمە بوو وەک کۆمەڵگەیەک، و تا ئەمڕۆش شانازی پێوە دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە لەسەر ئەرزی واقیع ئاسان نەبوو، شتێک هەبوو کەم بوو.

​سەرکردایەتی نا-هەرەمی (نا-پله‌بەندی) پێویستی بە بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لەناو کۆمەڵگەکەدا دەربارەی هۆکاری دوورکەوتنەوەمان لە هەرەمییەت لە بنەڕەتدا. بە دەربڕینێکی تر، ئێمە پێویستمان بە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هەیە لەناو کۆمەڵگەکەدا.

​تەنانەت کاتێک دەستمان کرد بەوەی بڵێین ئێمە هەرەمی نین، وازمان لە ڕەفتارکردن نەهێنا وەک ئەوەی کە وابین. ناوی هەموو بەشەکانی پێکهاتەی ڕێکخراوەکەمان گۆڕی، بەڵام هێشتا سەیری هەندێک کەسمان دەکرد وەک سوودمەند و هەندێکی تریش وەک سەرکردە. هەندێکمان بەرپرس بوون لەوانی تر، بەڵام ئەوان بەرپرس نەبوون لە ئێمە. کەسانێک هەبوون کە پارەیان پێدەدرا لەبەرامبەر ئامادەبوونیان، و کەسانی تریش ئەو پارەیان دەدا. ئێمە سەرنەکەوتین لە درککردن بەوەی کە گۆڕینی ناوەکان پێکهاتەکەی نەگۆڕی.

​پێم وایە بۆ چەندین ساڵ هەستم دەکرد کە کۆمەڵگەی ناوخۆیی ئێمە بەهۆی پشتبەستنی یەکترییەوە یەکگرتووە. ئێمە پێکەوە دەمێنینەوە چونکە بۆ مانەوەمان پێویستمان بە یەکدی هەیە. کۆمەڵگە بوو بە ئیمتیازێک، قەڵغانێک، و شێوازێک لە پاراستن کە دەتوانیت بیپارێزیت لەبەرامبەر بەرگەگرتنی ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەدا.

​ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی سەردانی شوێنە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، لە کۆتاییدا ئەوانەن کە لەپێشینەیی وەردەگرن کاتێک پێویستی بە خزمەتگوزارییە ڕزگارکەرەکانی ژیان، یان دەرفەتی کار، یان هاوکاری دارایی دەبێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا داینامیکییەکی هێزی نایەکسان و پله‌بەندییەکی هەرەمی دروست دەکات.

​گرووپی "هێم" (Hem)، کە گرووپێکە کار بۆ ڕزگارکردنی کوییرەکان لە باشووری کوردستان دەکات، لە سۆنگەی ئارەزووی کارکردنی نزیکتر لەگەڵ کۆمەڵگە فراوانەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوپشتی دوای هەندێک ناڕوونی و ناکۆکی کە پێشتر ڕوویاندابوو، دامەزرا.

​بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگەکەدا، بە خێرایی بۆمان دەرکەوت کە بۆشاییەکی گەورە لەو پڕۆژانەدا هەیە کە بە تایبەتی پەیوەندییان بە ژنانی کویرەوە هەیە، بۆیە بڕیارماندا ڕێڕەوی کارەکانمان بگۆڕین.
​ناڵاندنی ژنانی کویر دوو هێندە دەبێت بەهۆی بەردەوامی سیستەمی باوکسالارییەوە تەنانەت لەناو خودی کۆمەڵگەی کویریشدا. کاتێک ئێمە بەردەوام دەبین لە داڕشتنی چالاکییەک کە پێویستی بە گەشتکردن لە نێوان شارەکان، یان مانەوە لە دەرەوەی ماڵ، یان ئاستێکی بەرزی نهێنیپارێزی هەبێت، سروشتییە کە زۆرێک لە ژنان نەتوانن بەشداری بکەن.

​تەنانەت لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی، زۆربەی ژنان لە ناوچەکەماندا خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نین بەسەر ژیانیاندا بەهۆی نەریتە باوکسالارییەکانەوە. بە دەربڕینێکی تر، خێزانەکانیان بڕیار دەدەن کێ بۆی هەیە بۆ کوێ بڕوات و بۆ کوێ نەچێت.

​من دەزانم کە هاوڕێیانی تێکۆشان کە پلانی ئەو چالاکییانەیان داناوە بە مەبەست ژنانیان دوور نەخستووەتەوە، و پێدەچێت لە بنەڕەتدا درکیان بەوە نەکردبێت کە وایان کردووە. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە بابەتەکە هەر بە مێشکماندا نەهاتبوو لە بنەڕەتدا. کێشەکە ئەوەیە ژنان وەک بیرۆکەیەکی پاشکۆ دەمێننەوە لەناو سیستەمگەلێکدا کە بۆ ئەوان و لەلایەن ژنانەوە دانەڕێژراون.

​دوای درککردنمان بەمە، ئەو پارەیەی کە بۆمان مابووەوە وەبەرهێنانمان تێدا کرد بۆ ڕێکخستنی دوو چالاکی تایبەت بە ژنانی کویر بۆ کۆبوونەوە، ناسینی یەکتر و بەسەربردنی کات پێکەوە. پێمان وابوو باشترە دوور بکەوینەوە لەو چالاکییانەی کە پێویستیان بە هەوڵی هزری یان جەستەیی هەیە لەلایەن بەشداربووانەوە، وەک وۆرکشۆپ یان گفتوگۆ یان چالاکییە سیاسی و پەروەردەییەکان، و تەنها بۆشاییەکیان بۆ بڕەخسێنین بۆ بوون بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک.

​دوو چالاکییەکە تەوەرەکەیان هونەر بوو؛ تەختەی وێنەکێشان (کانڤاس) و ڕەنگمان کڕی و چەند کاتژمێرێکمان بە وێنەکێشان پێکەوە بەسەربرد. لە یەکەم هەوڵدا تەنها دوو کەس ئامادە بوون، لە دووەمدا دە کەس ئامادە بوون. ئەمەش نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بوو.

​لەو کاتەوە قەبارەی گرووپەکە دوو هێندە بووە. شەش چالاکی ترمان لە ماوەی هاویندا ڕێکخست، و کاتێک دواتر چالاکییەکمان بۆ کۆمەڵگە فراوانەکە ڕێکخست، ژمارەی ژنانی بەشداربوو دوو هێندەی ژمارەیان بوو لە یەکەم چالاکیدا.

​ئەم گرووپە هێشتا لە گەشەکردندایە، و گرووپی "هێم" بانگەشەی خاوەندارێتی ناکات. ئێمە سەرکردایەتی ناکەین و بەڕێوەی نابەین، بەڵکو وەک تاکەکانی کۆمەڵگەکە تێیدا بەشدارین.

​پێم وایە گرنگترین گفتوگۆ کە دەربارەی ئەم گرووپە کرا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانمان بوو لە "هێم" کاتێک گوتی:
​"دراوسێکانمان خواردنمان بۆ دەهێنن کاتێک دایکم نەخۆش دەکەوێت، ئەمەیە واتای کۆمەڵگە."
​لەکۆمەڵگەدا هیچ دەرماڵەیەکی ڕۆژانە، گرێبەست، پسوڵە یان لیستی ئامادەبوون نییە. بەس نییە تەنها لەم پێکهاتە ڕێکخراوەییە ڕزگارمان بێت، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە لەو ڕۆڵانە ڕزگارمان بێت کە وێنای دەکەین لەناویدا دەیگێڕین.

​بەردەوامی کۆمەڵگە پێویستی بە پەیوەندیگەلێک هەیە کە لەسەر بنەمای متمانە، چاودێری و بەرپرسیارێتی هاوبەش لە نێوان ئەندامانیدا بنیات نرابێت. کاتێک کەسێک خۆی لە سەرووی کەسانی ترەوە دەبینێت یان بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەریان، ئەوا لە ئەندامێکی کۆمەڵگەوە دەگۆڕێت بۆ ڕۆڵێک لە دەرەوەی ئەو. تۆ دەبێت لە گوندەکەدا تەنها وەک یەکێک لە دانیشتووانەکەی بژیت.

​بوونم لەناو ئەم گرووپەدا هەستێکی گەورەی شانازی و دڵخۆشیم پێ دەبەخشێت. ئەم کەسانە چەندین جار تەحەدای چەمکەکانی منیان کردووە دەربارەی کۆمەڵگە، داکۆکیکاری و تەنانەت خودی کویربوونیش.
​تێپەڕین بە چەندین ناکۆکیدا، هەندێکیان چارەسەر بوون و هەندێکیشیان تا ئێستا بەردەوامن. لە بەڕێوەبردنی زۆر شتدا هەڵەمان کرد، هەڵەمان ئەنجامدا، و تەنانەت هەندێک جار ئازاری یەکدییشمان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، خۆشەویستی هێشتا هەیە، ئەمەش متمانەم پێ دەبەخشێت کە فێری ئەوە دەبین چۆن ببینە کەسی باشتر.

​ئێمە هەموومان، بێ مەبەست، خۆمان لە ڕۆڵی "چالاکوان"دا دۆزییەوە چونکە ناسنامە کوییرەکانمان بە سروشتی خۆیان بەسیاسی کراون. ئەگەر کویربوون بە هۆکارێکی پێویست دابنرێت بۆ سزادان و ئازاردانمان لەلایەن دەوڵەتی باوکسالارییەوە، ئەوا دڵخۆشی، خۆشەویستی و کۆمەڵگەکەمان دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی بنەڕەتی (ڕادیکاڵ) لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتدا، و تەنانەت ڕەنگە گەورەترین شێوازی داکۆکیکاری بێت لە بنەڕەتدا.

​کاتێک کەسانی کویر وەک تاک لە یەک کۆمەڵگەدا کۆدەبنەوە، شتێک دروست دەکەن کە بە ئاسانی هەڵناوەشێتەوە بەهۆی خولەکانی دابینکردنی بودجە یان بەربەستە سیاسییەکانەوە.

​لە ژینگەی ئێمەدا، کە دەوڵەت و کۆمەڵگە پێکەوە هەوڵی دابڕان و پەراوێزخستنی ژیانی کویر دەدەن، بنیاتنانی کۆمەڵگە و پاراستنی خۆی لە خۆیدا دەبێتە شێوازێک لە بەرگری.

​من پێم وایە چیرۆکی هاوبەشی ڕاستەقینەی ئێمە، لەناو بزووتنەوەی کویر لە باشووری کوردستان بە گشتی، چیرۆکی خۆڕاگرییە.

​کاتێک پۆلیس هەڵدەکوتێتە سەر ئۆفیسەکانمان، فێری ئەوە دەبین چۆن بێ ئۆفیس کار بکەین. کاتێک حکومەت توندوتۆڵییەکەی زیاتر دەکات، ئێمە کەلێنی یاسایی دەدۆزینەوە. کاتێک بەخشەرەکان پشتمان تێدەکەن، ئێمە ڕوو لە یەکدی دەکەین.

​ئەگەر هیچ شتێکی تریشمان نەبێت، ئێمە ئەمەمان هەیە: خۆڕاگریمان.

0 Comments



Leave a Reply.

    ARCHIVE

    .

    March 2025
    February 2025
    October 2024
    July 2024
    June 2024
    May 2024
    April 2024
    February 2024
    January 2024
    May 2023
    February 2023
    November 2022
    August 2022
    July 2022
    May 2022
    March 2022
    February 2022
    December 2021
    September 2021
    August 2021
    July 2021
    June 2021
    May 2021
    April 2021
    March 2021
    February 2021
    January 2021
    December 2020
    November 2020
    October 2020
    September 2020
    October 2018

    المدونة باللغة العربية
    Blog in English
  • سه‌ره‌كی